کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جا چۆن شێت نەبن، نەدەن بە خۆدا؟

01:45 - 2 رێبەندان 2717

شکی تێدا نیە ناڕەزایەتیدەربڕین بە بارودۆخی خراپی ئابووری، بیکاری و هەژاری و گرانی یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنەسەرشەقامی خەڵک و دەنگ بەرزکردنەوەیان لە دژی کۆماری ئیسلامی بوو. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کەمیان لە سیاسەتی چەوتی ئابووریی ڕێژیم نەچێشتوە کە لە ژێر باندۆڕی سیاسەتی دەرەوەی وڵات دایە کە ئەوەیش پەرەپێدان بە هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و تێچووی ئەو پڕۆژانە هەموو لەسەر حسێبی سامانی گشتیی وڵات و قووتی خەڵک بووە. ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەی خەڵکی ئێران کە نیزیک 100 شاری گرتەوە و بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەردەوام بوو، چەند ڕۆژ پاش ناردنی لایحەی بودجەی ساڵی 97 بۆ مەجلیس و گرانبوونی یەکجێی هێلکە لە بازاڕ بوو. پرسیار ئەوەیە کە لایحەی بودجەی ساڵی 97 کە هێشتا بە تەواوی لە مەجلیس پەسند نەکراوە چۆن ڕێک خراوە کە ئاوا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و لە زۆر دروشم و باسەکاندا ڕەنگی دایەوە. هەندێ وردبوونەوەی لە چەند خاڵ و بڕگەیەکی ئەو لایحەیە بەرچاوڕوونیی زیاترمان دەداتێ: لە بودجەی ئەمساڵدا بەشی ڕێکخراوی میراتی کلتووری، پیشەسازییە دەستییەکان و کەرتی گەشتیاریی وڵای 260 میلیارد تمەنە،  بەڵام شورای بەرزی حەوزە عیلمییەکان 440 میلیارد تمەنی بۆ لەبەرچاو گیراوە. هەموو پشکی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ 167 میلیارد تمەنە، بەڵام «جامعه المصطفی العالمیه»، یەک لە ناوەندە پەروەردەییە ئیدۆلۆژیکییەکانی نیزام بە تەنێ 300 میلیارد تمەنی دراوەتێ. بۆ وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتی 162 میلیارد تمەن لەبەرچاو گیراوە، بەڵام مافی بیمەی مەلا و فەقێ بێکارەکان 296 میلیارد تمەنە. لەو بودجەیەدا بەشی ڕێکخراوی ئۆرژانسی وڵات 150 میلیارد تمەن، پشکی ڕێکخراوی بازڕەسیی وڵات 128 میلیارد، هیلال ئەحمەر 125 میلیارد تمەن و وەزارەتی سەنعەت و کانزاکان 97 میلیارد تمەن لەبەرچاو گیراوە، کەچی شوڕای سیاسەتدانانی حەوزەی عیلمییەی ژنان 258 میلیارد تمەن، شوڕای هەماهەنگیی تەبلیغاتی ئیسلامی 184 میلیارد، کۆڕی جیهانیی ئەهلی بەیت 47 میلیارد و سندووقی پەرەپێدانی فەرهەنگی قورئانی 40 میلیارد تمەنیان دراوەتێ. پشکی وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی لە بودجەی ساڵی داهاتوو 81 میلیارد تمەن، ڕێکخراوی ژینگەپارێزی 57 میلیارد، ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان 33 میلیارد، ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاغی کاڵا و دراو 42 میلیارد، شارەداری و دیهیارییەکان 21 میلیارد، بەرنامەی دابینکردنی دەرمان 16 میلیارد، ڕێکخراوی کاروباری خوێندکاران 11 میلیارد و بەشی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی قوتابخانەکانی وڵات 11 میلیارد تمەنە؛ کەچی بودجەی بەشی خزمەتکردن و پێڕاگەیشتن بە مەلا و فەقێکانی حەوزە عیلمییەکان 600 میلیارد تمەن، کۆڕی جیهانیی نیزیکردنەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان 37 میلیارد، ناوەندی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خومەینی 26 میلیارد، ڕاهیانی نور 22 میلیارد، پێڕاگەیشتن بە گۆڕی خومەینی 18 میلیارد، ستادی نوێژی هەینی 18 میلیارد، ناوەندی توێژینەوە زانستە ئیسلامییەکان 16 میلیارد و بەڕێوەبردنی ساڵڕۆژی مردنی خومەینی 9 میلیارد تمەنە... ئێستا ئەو وڵاتە چۆن پێش دەکەوێ کاتێک بودجەی خزمەتکردن بە مەلا و فەقێی حەوزە عیلمییەکان بەرامبەرە لەگەڵ بودجەی چوار وەزارەتخانە و سێ ڕێکخراوی هەرە گەورە و بەڕێوەبەریی وڵات (وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵ+ وەزارەتی کار و خۆشبژیوی+ وەزارەتی سەنعەت و کانزاکان+ وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی+ ڕێکخراوی ژینگەپارێزی+ ڕێکخراوی شارەوانی و دێهیارییەکانی سەرجەم وڵات+ رێکخراوی کاروباری خوێندکاران)؟ ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ کرێکارێک مووچه‌ و حه‌قده‌سته‌که‌ی خۆی که‌ خوارتر له‌ هیڵی هه‌ژارییه‌ له‌ کاتی خۆیدا پێی نادرێ و بووه‌ که‌ هه‌تا شه‌ش مانگان وه‌دوا که‌وتوه‌. خەڵکی ئێران چۆن دەتوانن دڵیان بە ژیان و داهاتوویەک خۆش بێ کە هەر هەموو پشکی ڕێکخراوی جۆراک و دەرمان لە بودجەی وڵات 33 میلیارد تمەن، بەڵام بەشی بیمەی فەقێ و مەلا دانەمەزراوەکان 296 میلیارد تمەن و 9 هیندەی ئەوە؟ ئەو خەڵکە چۆن هانا بۆ شەقام نابەن و نایکەنە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی و بەربەرەکانی، کاتێک دەبینن کە «جامعه المصطفی العالمیه» کە کەس نازانێ کاری چیە و خێر و بێری بۆ کۆمەڵگەی ئێران لە چی دایە بە پێدانی 300 میلیارد تمەن، 24 میلیارد تمەن لە سەرجەم بودجەی سێ وەزارەتخانەی دەدرێتێ؟ بۆیە پێچەوانەی ئیدیعای حەسەن رووحانی و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم باسەکە نەبڕاوەتەوە و تازە لە دەسپێک و هەڵکشان دایە. ڕەنگبێ وەک هەمیشە سیاسەتی سەرکوت، کوشتن، گرتنی هەزاران کەس و فیلترینگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیبێتی بارستایی ناڕەزایەتییەکان لەسەر شەقام سووک بکا، بەڵام کێشەکان هەر لەجێی خۆیانن و خەڵکەکەش هەروەها. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو هەمووە قەیرانەی بۆ کۆمەڵگەی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دروست کردوە، ئێستا کێشەیەکە لەبەردەم ئەمنیەتی جیهانیدا. ئەو ڕێژیمە دوای 4 دەیە دەسەڵاتی ڕەها نەیتوانیوە ڕەوتی پەرەپێدانی وڵات بەرەو پێش ببا و وەڵامدەری و ماف و داخوازە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی خەڵک بە تایبەت لاوان نیە. لەلایەکی دیکەوە لە نێوخۆی حاکمییەتیشدا کێشە لەسەر دەسەڵاتی زیاتر و بەرزەفڕی و هێژمونیخوازیی باڵەکانی ڕێژیم قووڵتر بۆتەوە و گەندەڵیی سیستماتیک و ناکارامەیی دەوڵەت و حاکمییەت ئیدارەکردنی وڵاتی گەیاندۆتە بنبەست کە هەردەم چاوەروانیی تەقینەوە گەورەکەی لێ دەکرێ. لە ئاستی ناوچەییشدا ئیدی بڕیار و ئیرادەکان بۆ سنووردانان بۆ کۆماری ئیسلامی خەریکە جیدیتر و تۆکمەتر دەبێتەوە و ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێ لەسەر کڵپەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات. ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار دەریان خست کە ڕێژیم نە مەشڕوعییەت و ڕەوایی لای خەڵک هەیە و نە خەڵک چیدی هیوایان بە چاکسازی و گۆڕینی دەوڵەت و کاربەدەستان بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان هەیە؛ لە دەرەوەی وڵاتیش خۆ ئەگەر ڕێژیم مەیلی زیاتری بۆ پەرەپێدان بە چالاکییەکانی هەبێ، بەڵام بەهۆی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لە بواری لەوەندە زیاتری دەدرێتێ و نە ئەوەندە سەرچاوەیەشی بە دەستەوەیە کە بیهەوێ لەو بەرنامانەی بەردەوام بێ. کۆی ئەوانە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا بەرەوڕووی قەیرانێکی گەورەتر دەکاتەوە، ئەویش یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خۆی لەگەڵ خەڵکی ناڕازی، کە بێگومان لە هەموو ململانێکاندا براوەی دواجار هەر خەڵک دەبن. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)