کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە (مامۆستا شێخ جەلال)

01:57 - 2 رێبەندان 2717

لە ساڵی ١٣٠٧ی هەتاویدا و لە بنەماڵەی کەسایەتی و دادوەرێکی دادپەروەر و سەربەرزی بناری ئاڕبابا منداڵێکی چاوگەش، چاوی بە ژیان هەڵێنا. باوکی ئەو منداڵە، قازی شێخ ساڵح مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، خوێندەوارێکی ئاستبەرز، کوردێکی به‌ بیروباوه‌ڕ و وانەبێژێکی ناوداری شاری بانە بوو. ئه‌و له‌ کۆڕێکی شیاودا کۆرپه‌که‌ی ناو نا جه‌لال. جه‌لال و عیزه‌دینی براگه‌وره‌ی دواتر له‌ بزووتنه‌وه‌ی کورددا ده‌ور و نه‌خشێکی زۆریان بینی. جەلال هێشتا منداڵ بوو کە لە خزمەتی باوکیدا دەستی بە خوێندنی زانسته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی شه‌ڕع و خواناسی کرد و هەر لە خزمەتی ئەویشدا یەکەم ترووسکەکانی بیری نەتەوایەتی لە هزریدا جەخماخە لێ دا. جەلال دوای ئه‌وه‌ی بوو به‌ فه‌قێ دەستی کرد به‌ گەڕان بە حوجرەی شار و گوندەکانی کوردستان بە تایبەت له‌ ناوچەی لاجان و موکریان. شێخ جەلال، لە پاڵ درێژەدان بە فێربوونی زانست لە خزمەتی مامۆستا نیشتمانپەرورەکانی کوردستاندا، وانەکانی نەتەوە و نیشتمان و شۆڕشێش فێر دەبوو و لە کۆڕە نهێنییەکانی شۆڕشگێڕەکاندا بەشدار دەبوو. ئه‌و دواتر له‌گه‌ڵ کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ئاشنا بوو و به‌ ئەندامه‌تیی ژێکاف وه‌رگیرا. مامۆستا شێخ جەلال، هەتا دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مهاباد، بێ پسانەوە درێژە بە چالاکیەکانی دەدا و لە حوجرەش دانابڕێ و به‌رده‌وام پلەکانی زانستی ئایینیش دەبڕێ. مامۆستا لە ڕێوڕەسمی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە چوارچرای مهاباددا بەشدار بووه‌ و شانازی واژۆکردنی ئەو ناسنامە نەتەوەییەی پێ بڕاوه‌. دوای ڕووخانی کۆمار ڕووی کردۆته‌ ناوچەی مەریوان و لە حوجرە نامییەکەی بالک و لە خزمەتی بلیمەتی ناوداری کورد مامۆستا مەلا باقر، درێژەی بە خوێندن داوه‌ و هه‌ر له‌ خزمه‌ت ئه‌ویشدا ئیزنی مه‌لایه‌تیی وه‌رگرتوه‌. مامۆستا شێخ جەلال دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری بانە له‌ مزگەوتی «شێخ ساڵح» ده‌بێته‌ وانه‌بێژ و له‌گه‌ڵ ڕێنوێنی کردنی خەڵک، هاوکات وانەی نیشتمانپه‌روه‌ری و نەتەوە خۆسه‌ویستی و شۆڕشگێڕیی لە حوجرە و مزگەوت و ماڵه‌کاندا به‌ خه‌ڵکانی جێی متمانەی خۆی گوتۆته‌وه‌. مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، لە تەواوی ئەو ساڵانەدا لەگەڵ ئەوەی بۆخۆی ڕاستەوخۆ پێوەندی بە حیزبی دیموکرات و کاری حیزبیه‌ەوە نەبوو، بەڵام حوجرەی مزگەوتەکەی بە تایبەت لە ساڵەکانی دەیەی چلی هەتاوی و سەرەتای پەنجاکاندا بەردەوام جێگەی داڵده‌دان و حەوانەوەی کادرە نهێنیەکانی حیزبی دیموکرات بوو. لە تەوای ئەو ساڵانەدا نە تەنیا قەت دەستی بە ڕوویانەوە نەنا بەڵکوو لە پشتیوانی و یارمەتیی فکری و ماڵی بێبەشی نەکردن. ئەم هەڵسوکەوتەی مامۆستا لە باوەڕی قووڵی ئەو بۆ خەبات لە دژی ڕێژێمی پاشایەتی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردەوە سەرچاوەی دەگرت. مامۆستا شێخ جەلال، لە شێعر و ئەدەبیاتی کوردیدا دەستێکی باڵای هەبووە و لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سروشت و شۆڕشگێڕیدا کۆمه‌ڵێک شێعری پڕ هەست و سۆزی هه‌ن. لە بەرەبەری دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، مامۆستا خەڵکی بە دژی ڕێژێمی دیکتاتۆری پاشایەتی هان داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش هەمیشە وەک نەیارێکی ئەو ڕژێمە چاوی لێ کراوه‌ و بە بەردەوامی لە ژێر چاوەدێریی ساواکدا بووه‌، ئه‌وه‌ش مامۆستای کردووه‌ته‌ که‌سایه‌تییه‌کی جێی ڕێز و خۆشه‌ویستی ناوچه‌ی بانه‌. لەگەڵ هه‌ڵایسانی شۆڕشی گەلانی ئێران، مامۆستاش وەک هەر نیشتمانپەروەرێکی کورد تێکه‌ڵ به‌ شۆڕش و خه‌باتی نوێی نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو و لە شاری بانە پێشڕەوایەتیی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی دژ به‌ حکومه‌تی پاشایه‌تیی خستە سەرشان. مامۆستا شێخ جەلال نە تەنیا لە بانە بەڵکوو لە هەموو کوردستان وەک کەسایەتییەکی ئایینی نیشتمانپەروەر ڕێزی لێ دەگیرا. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاوه‌ڵاتربوونی مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشان له‌ کوردستان، کە مامۆستا بە هەموو هێز و توانایەوە شانی دایە ژێر جێبه‌جێکردنی ئەرکه‌ نەتەوەیی و نیشتمانییه‌کان. سەرەتا وەکوو کەسایەتییەکی  لێهاتوو لە دەفتەری براگه‌وره‌ی، مامۆستا شێخ عێزەدین ده‌ستی به‌کاری سیاسی کرد و لە زۆربەی ڕووداوەکانی سەردەمدا هەڵویستی سەربەخۆی هەبوو. مامۆستا شێخ جه‌لال یەکێک بوو لەو کەسانەی کە هەر سەرەتای دامەزرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە دژی فەرمان و کار و چالاکی و بڕیارەکانی خومەینی وەستایەوە و بوێرانە هەڵوێستی هەبوو. دوای سه‌پاندنی شه‌ڕ به‌سه‌ر کوردستان و ڕاگه‌یاندنی جیهاد دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد،  مامۆستا شێخ جه‌لال وەکوو کەسایەتییەکی ئایینی شۆڕشگێر، دامەزرانی سوپایەکی لە چوارچێوەی بیروهزری خۆیدا بە پێویست زانی و لەگەڵ هاوبیر و هاوڕێکانی و بە ڕێبەرایەتیی خۆی، لە ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا سازمانی خەباتی ئیسلامیی کوردستانیان دامەزراند. ئه‌و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌ شانبەشانی حیزبەکانی دیکه‌ی کوردستان و بە پێی توانای خۆی دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران خه‌باتی کرد و هەر لەو ڕێگایەشدا کوڕێکی مامۆستا بەناوی عەبدولکەریم حوسەینی، وەک یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو حیزبە شه‌هید بوو. مامۆستا ڕاستە کەسایەتییەکی ئایینی بوو، بەڵام باوەڕی بە ئازادی و دیموکراسی و جیاوزی بیروباوەڕ هەبوو و هەروەها هەموو چین و توێژ و باوەڕەکانی بە خاوەنی کوردستان دەزانی. مامۆستا هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی مکووڕ و سووربوو لە سەر بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و چۆکی دا نەدا بۆ داگیرکەرانی کوردستان وەفادار به‌ ئامانج و ئازادیخوازییه‌که‌ی مایەوە. مامۆستا شێخ جه‌لال لە ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی و لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ( لە ژمارەی ٧١٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)