کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆسەر عەفرین و دەرهاویشتەکانی!

15:55 - 2 رێبەندان 2717

سەرەنجام پاش چەند ڕۆژ ئاگربارانی پارێزگای عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن ئەرتەشی تورکیەوە، هێزەکانی بەناو سپای سووریەی ئازاد کە پێکهاتوو لە دەستە و تاقمە ڕەگەزپەرستە عەڕەب و تورکەمەنەکانن و لە لایەن تورکیەوە پشتیوانییان لێدەکرێ هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی شەڕوانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"، هەر ئێستا شەڕ و پێکدادان بە خەستی بەردەوامە. ئەو پارێزگایە کە لە سەرەتای قەیرانی سووریەوە لەدەست یەپەگە" دابووە، یەکێک لە ئارامترین پارێزگاکانی ئەو وڵاتە بووە و کەمترین زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووە و خەڵکەکەی کە زۆرینەی کوردن لەگەڵ کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبووە. دیارە هیچکات تورکیە نەیشاردۆتەوە کە دژی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی کوردییە لە هەموو بەشەکانی کوردستان و نەک هەر لە باکووری کوردستان، بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، هاوشێوەی ڕێژیمە سەرەڕۆکانی ئێران و عیڕاق و سووریە، هەر گۆڕانکارییەک لە سنوورە سیاسییە دەسکردەکان لەڕوانگەی ئەوانەوە "هێڵیی سوورە"؛ هەربۆیەش دەبینین لە دوای ڕاپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و لە گەلەکۆمەگیی بۆ تێکدانی هەوڵی سەربەخۆیی ئەو بەشە لە وڵاتەکەمان، سەرەڕای پێوەندیی ئابووریی بەهێز و  بوونی دەیان و سەدان کۆمپانیای تورکی لە باشووری کوردستان، ئەو ڕێژیمە بەهانای دەوڵەتی بەغداوە چوو و وێرای ڕێژیمی دژی کوردیی کۆماری ئیسلامی، بەگژ هەرێمی کوردستاندا هاتنەوە. ئێستاش تورکیە هێرشی کردۆتە سەر عەفرین و بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان هەتا ئێستا بە سەدان جار فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو حکوومەتە، عەفرین و گوندەکانی ئەو دەڤەرەیان بۆردومان کردووە. دیارە هەرچەند ئەمریکا چەند جاران  ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئەو هێرشە نییە و نیگەرانە ئەو کێشەیە کاریگەری هەبێ لەسەر شەڕ بەدژی داعش و ڕووسەکانیش بەشێوەی سەرزارەکی ناڕەزایەتییان لەو هێرشە ڕاگەیاندووە و بڕیاریان داوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا باسی لێبکەن، بەڵام بە ڕوونی دیارە نەرمیی نواندنی ئەمریکا و ڕووسیە، بەشێوەیەک هاندەربوو بۆ هێرشی لەناکاوی تورکیە و زۆر وێدەچێ دیسان چیرۆکی تاڵیی پشت لە کورد کردن دووپات بێتەوە. تورکیە لەکاتێکدا هێرشی کردۆتە سەر عەفرین کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر یەکێک لە کاربەدەستە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەنیازن هێزێکی ٣٠ هەزار کەسیی سنوورپارێز لە شەڕکەرە کوردو عەڕەبەکانی هێزەکانی سوریەی دێموکرات "هەسەدە" پێکبێنن بۆ بەرگری کردن لە ڕاکردن و گەڕانەوەی تێرۆڕیستەکانی داعش بۆ درەوەی سووریە. ئەو هەواڵە هەرچەند دواتر لەلایەن رێکس تیلێرسۆن، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاست نەکرایەوە، بەڵام بوو بە هاندەرو مەترسییەک بۆ تورکەکان کە بۆ پێشگیری لە ئەگەری بەکردەکردنی ئەو گەڵاڵەیە، پێشدەستی بکەن و لانیکەم ئەو بەشە لە ڕۆژاوای کردستان داگیر بکەن. هەرچەند ئەردۆغان لە قسەکانی ڕۆژی شەممەی بەڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە دوای عەفرین هێرش دەکەنە سەر شاری "منبج" و پاشان هەموو ئەو شارو ناوچانە کە لەدەست کوردان دایە بە ئیدعای خۆی ئازادی دەکەن. بێگومان هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین، قەیرانی سووریە قوولتر دەکاتەوە و جگەلە کارەساتی کوژران و ئاوارەبون و ماڵوێرانی خەڵکی بێتاوان کورد، تورکیە تووشیی شەڕێک دەکا کە ئەگەر هاتنە نێوەکەی ئاسان بێ، چوونەدەری گران لەسەر ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی دەکەوێتەوە. چونکە لەلایەک شەڕوانانی یەپەگە هێزێکی کۆک‌وپوشتەن و ئەزموونی شەڕیان هەیە و لەشەڕ لەگەڵ داعش توانیان ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە تێکبشکێنن و تەنانەت شاری ڕەققەش وەک پێتەختی خیلافەتەکەی ئەبووبەکر بەغدادی رزگار بکەن، لەلایەکی دیکەش هەر لە ئێستاوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئورووپا، ناڕەزایەتیی خۆیانیان لە هێرش بۆ عەفرین دەربڕێوەو تورکیەیان لە دەرهاویشتەکانی ئاگادار کردۆتەوە. لە نێوخۆی تورکیەشدا جگەلە کۆڕ و کۆمەڵە ڕەگەزپەرستە تورکەکان نەبێ، ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان پێشوازی لێنەکراوەو چاوەڕوان دەکرێ لە باکووری کوردستانیش دەنگی ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کورد لەئاست ئەو لەشکرکێشییە بەرز بێتەوە. ئەوە لەحاڵێکدایە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان و سەرکۆماری و هەروەها هەڵبژاردنی پارلەمانی لە سالی داهاتووی زایینی لە تورکیە بەڕێوەدەچێت و هێرش بۆ عەفرین و تێوەگلانی تورکیە لە شەڕێکی درێژخایەن، دەتوانێ دەنگی پارتەکەی ئەردۆغان، پارتی داد و گەشەپێدان لە ئاستی تورکیە و بەتایبەت لە باکووری کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێنێ. دەکرێ بڵێین بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئەمریکاییەکان کە نایانهەوێ سووریە بۆ ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشار ئەسەد و ڕووسەکان چۆل بکەن و بوونیی خۆیان لەو ماەیەدا لەو وڵاتە بەهێزتر کردووە، لەهەموو حاڵەتێکدا، ئەوەی دیارو ئاشکرایە ئەوەیە گێژاوی سووریە لە تەواویەتی‌ خۆیدا بە کاناڵی هاوکێشەکانی نێوان ڕووسیەو ئەمریکادا تێدەپەڕی و ئەوەی لەو بەینەدا دۆڕاوی سەرەکیی دەبێ، لەلایەک تورکیەیە کە دەبێ بەهەر نرخێک بێ باجی دژایەتی نەتەوەی کورد لە باکوور و ڕۆژوای کوردستان بدات ولەلایەکی دیکەش کۆماری ئیسلامییە کە لەو حەوت ساڵەدا لەهیچ جینایەتێک بۆ لەسەرپێڕاگرتنی رێژیمی دژی گەلی و مرۆڤکوژیی بەشار ئەسەد درێغی نەکردووە، رێژیمێک کە لە داهاتوو و لەپاش کۆتایی شەڕ، لە هەڵبژاردنێک‌دا کە لە ژێر چاوەدێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەکرێ، دەبێ دەسەڵات ڕادەستی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی سووریە بکات. گەڵاڵەیەک کە ئەمریکاو ڕووسیەو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەری کۆکن. لەکاتێکدا کە بۆ جارێکی دیکە کورد کەوتۆتە بەر هێرشی دوژمنانی، جێی خۆیەتی خەڵکی هەموو بەشەکانی کوردستان لە نێوخۆ و لە دەرەوە و لە وڵاتانی ئورووپایی بە هاتنەسەر شەقامەکان و کۆبوونەوە لە بەردەم باڵوێزخانەکانی تورکیەو ئامریکاو ڕووسیەو بنکە و بارەگاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆیان لە هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین نیشان بدەن و بێدەنگیی زلهێزەکان لەقاو بدەن.