کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حدک بە بۆنەی ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان

17:40 - 4 رێبەندان 2717

پەیامی دەفتەری سیاسیی حدک بە بۆنەی یادی 72 ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان هاونیشتمانانی بەڕێز! هاوڕێیانی خۆشەویست! پێشمەرگە قارەمانەکان! 72 ساڵ لەمەوبەر لە هەلومەرجێکدا ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان هەنگاویان بۆ دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستان هەڵێنایەوە کە، بە دوای تێکشکانی فاشیزمی هیتلێری و دەوڵەتە بە هێزەکانی هاوتەریبی لە لایەن هاوپەیمانییەتی جیهانییەوە، گۆڕانێکی زۆر لە سیستمی دەسەڵاتداری لە زۆر وڵاتانی ئورووپا و ئاسیادا پێکهات. ئەم گۆڕانکاریانە زۆر لەو وڵاتانە و دواتریش زۆر وڵاتی دیکەی جیهانی لە ژێر چنگی دەسەڵاتی سەرمایەداری کۆن ڕزگار کرد و هێوای ڕزگاری مرۆڤایەتی لە چنگ زوڵم و زۆرداری و گەیشتنی بە ئازادی و دنیایەکی دێموکراتی لە هەموو شوێنێک بڵاو کردەوە. ڕیبەرانی نەتەوەی کورد کە هەتا ئێستاش گەورەترین نەتەوەی بندەست و بێ دەوڵەتی جیهانە، بە سەرکردەیی پێشەوای نەمر قازی محمد بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دروست و بەجێی ئەو باروودۆخە سیاسییە، لە حاڵێکدا کە ئێران بە هۆی پێخوست بوونی لەژێر باری قورسی هێزەکانی سۆڤییەت، ئینگلیس و ئەمریکا، کە هەر کام لە لایەکەوە بەشێک لە خاکەکەیان خستبوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ و تەنیا چەند مانگ دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد و لە نێو ئاپۆرای جەماوەری دەیان هەزارکەس لە هاونیشتمانیانی کوردستان کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە ڕوویان لەو شارە کردبوو، دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند و بەمجۆرە خەونی لە مێژینەی ئەو نەتەوەیان کردە ڕاستی، کە لە پێناویدا بە هەزاران قوربانییان بۆ دابوو. ئەم هەنگاوە بوێرانەی پێشەوای نەمری کورد، دوای ئەوەی کە زانیان حکوومەتی حەمەڕەزاشا و پشتیوانە دەرەکییەکانی ئەمریکا و ئینگلیس ئامادە نابن دان بە مافە ڕەوا نەتەوەیی و ئینسانییەکانی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران بە تایبەتی کورددا بنێن، نە تەنیا تاکە ڕێگەیەک بوو کە لەبەر دەمیاندا مابوو، بەڵکوو کارێک بوو کە غورووری نەتەوەیی کوردی بەرز ڕاگرت و ئەگەر هەموو دەسەڵاتی خۆیان بەکار هێنا و هەوڵیان دەدا دەنگی کوردان کپ بکەن، پێشەوا و هاوڕێیانی کردیانە سەرەتایەکی نوێی مێژوویی حاشاهەڵنەگر بۆ نەتەوەی کورد. هەر بۆیە لە دوای تێپەڕینی ٧٢ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە گرینگە مێژووییەدا، نە تەنیا حیزبەکەی پێشەوا حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یادی ئەم ڕۆژ و ڕووداوە مەزنە دەکەنەوە، بەڵکوو لە تەواوی نیشتمانی کوردستان و هەموو کوردێک لە پانتایی جیهاندا، بەڕێزەوە دەڕواننە ئەم ڕووداوە و بە سەربەرزییەوە یادی دەکەنەوە. بەداخەوە بە هۆی ناهاوسەنگی هێزوگۆڕانکارییە سیاسییە چاوەڕواننەکراوەکان و پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی شا لە دوای ١١ مانگ کۆتایی بە تەمەنی ئەم کۆمارە هات. ٧٢ ساڵ تێدەپەڕێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان، داڕێژەرو پشتیوانی سەرەکی ئەم پڕۆژە نەتەوەییە هەتا ئێستاش بە بەردەوامی لە سەنگەری خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و ئاواتەکانی پێشەوا قازی تێدەکۆشێ. لەم ماوەدا چەندین قۆناغی بە سەرکەوتن و پاشەکشە تێپەڕاندوە، بەڵام هەمیشە بە چاوی ئومێدەوە ڕوانیویەتیە داهاتوو و ڕێبەری خەباتی کردوە. ئازادی و دێموکراسی و دابینکردنی مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەو دروشمانە بوون کە لە نێوەرۆکی بەرنامەکەی کۆماردا هاتبوون و ئێستاش داوای سەرەکی هەموو خەڵکی کوردستانە. داوایەک کە ئەم ڕۆژانە بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە داخوازەکانی خەڵکی کوردستان و لە هەر فرسەتێکدا و بە هەر شێوازێک کە بۆیان کرابێ، ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان کردوونەتەوە. ئەمانە لە هەلوومەرجێکدا بوون کە ٣٨ ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران نە تەنیا وڵامێکی بۆ ئەم خەڵکە ستەملێکراوە و داخوازییەکانیان نەبوە، بەلکوو لە هەر شێوە و لە هەموو ئیمکاناتێکی لەبەر دەستیدا بوە بۆ کپکردنی دەنگی ئەوان لە ڕێگەی سەرکوتەوە کەڵکی وەرگرتووە، بەڵام نەیانتوانیوە پێش بە بەرەوپێشچوونی کاروانی پێشکەوتن و هەڵبڕینی دەنگی مافخوازانە و هەنگاونان بەرەو سەرکەوتن بگرن. بەڕێزان: لە ٣٨ ساڵی ڕابردوودا خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانیان، لە دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە خەباتی سەختی بەرەنگاری لە دژی کۆماری ئیسلامیدا بەشدارییان کردوە و لەو ڕێگەدا ئەم گەلە سەربەرزە قوربانی زۆری داوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەش هیچ هەلێکی لەدەست نەداوە کە لە شار و گوندەکانی کوردستان لە دژی سیاسەتە دژی گەلییەکانی ئەم ڕێژیمە دەنگ هەڵبڕێ و دەنگی ئازادی و مافخوازانەی خۆی بە گوێی هەموو لایەک بگەیەنێ. بەڵام وڵامی هەمیشەیی ڕێژیم بەم ناڕەزایی دەربڕینانە بەکارهێنانی هێز و سەرکوت بوە. سیاسەتێک کە نە تەنیا نەیتوانیوە مەبەستەکانی ڕێژیم وەدی بێنێ بەڵکوو ڕۆژبەڕۆژ بوەتە هۆی زیادبوونی ڕق و تووڕەیی خەڵک لەوان. لە درێژەی ئەم سیاسەتانەدا و گوێ نەدان بە داخوازییە بنەڕەتییەکانی خەڵک و گرینگی نەدان بە ژیان و داهاتووی خەڵکی ئێران بە گشتی، کە نە تەنیا کوردستان بەڵکوو هەموو وڵاتی ئێران و نەتەوە ژێردەستەکانی ئەو وڵاتەی گرتبوەوە، نزیک بە مانگێک لەمەوبەر ڕق و تووڕەیی پەنگخواردووی چەندین ساڵەی چین و توێژی هەژار و وەزاڵەهاتو لە دەست ڕێژیم، خۆپیشاندانی هەزاران کەسی لە شارو شارۆچکە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی لێکەوتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا و لە هێندێک لە دەورەکانی هەڵبژاردنی مەجلیس و سەرۆک کۆماریدا، بەشێک لە خەڵکی ئێران بە ئومێدی ڕاست دەرچوونی وادە و بەڵێنەکانی ئەم یا ئەو کاندید، لەم یا ئەو جێناحی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، و لە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەک کە بتوانێ لە جیاتی گرتن و زیندان و کوشتن لانیکەمی ئازادی و بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکا، هەوڵیان دەدا بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانیان ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لەو هەموو نەهامەتییەی بەسەریاندا هێناون ببیننەوە. بەڵام کاتێ کە دەرکیان بەوە کرد کە دەنگی ئەوان لە پشت سەری هەر کاندیدێک تەنیا بۆ فریودان و ڕاگرتنییان لە ژێر باری قورسی زوڵم و ستەمی هەر ئەو ڕێژیمەدایە، و زانیان سات و سەوداکانی جێناحەکانی ڕێژیم بۆ قایم ڕاگرتنی بناخەکانی زوڵم و بێدادی و گرینگی نەدانە بە ژیان و داهاتووی ئەوان، هاتنە مەیدان و دروشمی دژی دەوڵەتی ڕۆحانیان گوڕی بۆ دروشمە ڕاستەقینەکان و، دامەزرێنەر و ڕێبەر و نیزامی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج. ئەوان بە دروشمەکانیان پەیامی زۆر ڕوونی بێزارییان لە درێژەکێشانی تەمەنی ئەو ڕێژیمە بە گوێی هەموو دنیادا دا. ئەو خەڵکە لە نەبوونی ئازادی و بە زانیاری لەسەر بەهەدەردانی زۆرترین سەرمایەکانی وڵات لە لایەن ڕێژیم لە دەرەوە، ئەویش بۆ شەر بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتە دژی گەلی و کۆنەپەرستەکانی هاوچەشنی خۆی و پەرەپێدان بە نفووزی ئیدئۆلۆژییە ئایینییەکەی خۆیان لە ناوچەدا لە ڕێگەی گرووپ و شەبەکە تێرۆریستییەکانیەوە، گەندەڵی ئیداری و دزینی پووڵی خەڵک لە لایەن کاربەدەست و دەست و پێوەندەکانیانەوە، کە ئەمڕۆژانە بەشێک لە نوێنەران و کاربەدەستانی دەوڵەت ئێعترافی پێدەکەن، گوێ نەدانی بە بەرنامە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەوان و پلانی زۆر بۆ بێبەشکردنی ئەو خەڵکە لە بەشداریکردنیان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، ڕێگەی شەقامیان گرتەبەر. ئەو خەڵکە کە نیزام و لەسەرووی هەموانەوە دەزگای ڕێبەری بە هۆکاری ئەو ستەم و نەهامەتییانە دەزانی، گۆڕانی نیزامیان وەک تاکە ڕێگەی بەردەمیان دەدیت. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ڕێبەرانی نیزام سەرمەست لە پێداهەڵگوتنەکانیان بە سەرکەوتنەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکان و بێ ئاگا لە دەروونی پڕ خرۆشی خەڵک، تەنیا چاویان بڕیبوە توانای هێزە ئینتیزامییەکان و هێزی سپای پاسداران. ئەو هێزانەی کە دەرکەوت لە ڕۆژانی هاتنە سەر شەقامی خەڵک چەندە بەرامبەر، بە هێزی خرۆشاوی خەڵک دەستەوەستانە. هاونیشتمانانی بەڕێز ساڵانێک بوو کە ڕێبەری نیزام دەیەویست بە بەهانەی دوژمنکارییەکانی خەیاڵیی دنیای دەرەوە چاوبەستی خەڵک بکا و لەو بەربەرەکانێدا کە هیچ بەرژەوەندییەکی گەلانی ئێرانی تێدا نەبوو، ئیدعای دەکرد کە خەڵک لە پشت سەری نیزامە و هیچ لایەنێک بە بوونی ئەو خەڵکە ناتوانی چاو لە ئێران بکا. ئەوان کە بە هۆی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی خۆیان و تەنیا بۆ پاراستن و پەرەپێدانی دەسەڵاتی نیزامەکەیان ببوونە هۆکاری دروستبوونی فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران کە هیچ خێرێکی بۆ خەڵک جگە لە چوونەسەری ڕێژەی بێکاری، فەقر ، پەرەسەندنی فەزای نائەمنی و بێ باوەڕی و لێکترازانی شیرازەی ژیانی کۆمەڵایەتی نەبوو، بە بەرەوپێش بردن و درێژەپێدان بەم سیاسەتانە، بە ڕوونی ئەو ڕاستییەیان دەردەخست کە ڕێبەرانی جۆراوجۆری نیزام هەست بە هیچ بەرپرسایەتییەک بەرامبەر بە ژیان و داهاتووی خەڵک ناکەن. پەسەندکردنی بوودجەی ساڵی ١٣٩٧ بە پێچەوانەی ئیدعا و بەڵێنەکانی سەرۆککۆمار لە کاتی هەڵبژاردنیدا لە لایەن دەوڵەتەکەیەوە، کە بەشە خزمەتگوزارییەکان و بە تایبەت بەشەکانی پەروەردە و لەشساغی کەمترین پشکیان بۆ دیاریکراوە لە حاڵێکدا لە وڵاتێکی قەیراناویی ئابووری وەک ئەمڕۆی ئێراندا دیسان بوودجەی دیفاع و سپای پاسداران زیاتر لە سی دەرسەد زیاد دەکرێ، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ گوێ نەدانی ئەوان بە چاوەڕوانی و ویست و داخوازەکانی خەڵک تەنانەت ئەوانەش کە لە گەڵیانن. هاووڵاتیانی خۆشەویست گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە و بەر لە هەموو خەڵکی ئێران، هەستی بە بێ کیفایەتی ئەو ڕێژیمە کردوە و بە بەشداری نەکردن لە ڕێفراندۆمدا لە بناغەدا ڕەوابوونی ڕەت کردوەتەوە و ئیستاش بەشێکن لەو لەشکرە میلیۆنییەی خەڵکی ئێران کە لەگەڵ ئەوەی بە زیادەوە باری قورسی ئەو زۆڵم و بێدادییەیان لەسەر شان ڕاگرتوون، بە درێژایی ٣٨ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی خەبات دەکا. ئەم گەڵە لەو ماوەدا هەوڵی داوە بە خەباتی خۆڕاگرانەی لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم، بوون و مانی خۆی بە ئیسپات بگەیەنێ و ئەگەر لە بەرەنگاری پێشمەرگانەدا مێژوویەکی سەربەرزانەی بۆ خۆی تۆمار کردووە، لە بوارەکانی دیکەشدا چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لە بواری تێکۆشانی مەدەنیدا کارنامەیەکی پڕشنگداریان بۆ گەلەکەیان نەخشاندووە. ئەگەر دەوڵەت تا ئێستاش ئامادە نەبوە تەنانەت مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی نیزامەکەیان بۆ خوێندن بە زمانی زگماکی لە ئێراندا جێبەجێ بکا، مامۆستایان و کوردی زانانی کوردستان، بە ماندووبوون و هەزینەی خۆیان هەوڵی فێرکاری زمانی کوردییان داوە و بە هەزاران منداڵ و لاوی کوردیان بە خوێندنەوە و نووسینی زمانی شیرینی خۆیان ئاشنا کردوە. شاعێران و ئەدیبان بە بەردەوامی چرای کۆڕە ئەدەبییەکانیان ڕۆشن ڕاگرتووە و هەڕەشەکان نەیانتوانیوە پێش بە دەربڕینی هەستی ناسکی کوردانەیان بگرێ. ژینگەپارێزان، مامۆستایانی ئایینی نیشتمانپەروەر و تەنانەت ئەوانەش لە کاری خزمەتگوزاریدا بە یارمەتیدان بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەک یا بنکەیەکی پزیشکی بۆ شار و گوندەکەیان، بە تێکڕا نیشانیان داوە کورد نەتەوەیەکی خۆڕاگر و ئەرک وەخۆگرە و هیچ ڕێژیم و سیاسەتێک ناتوانێ بیری ئازادیخوازانە و مافخوازانەی ئەوان کە هەڵقوڵاو لە بیری نیشتمانپەروەرانانەیانە لە بن بێنێ. لەم ڕێگەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆی بە پاڵپشت و یارمەتیدەری هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەزانێ و هیواخوازین درێژەی ئەم تێکۆشانە لە بەرەبەیانی ئازادیدا یارمەتیدەر بێ بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ئازاد و دێموکراتیک، ئەوەی لە کۆماری کوردستاندا هەوڵی بۆ دەدرا. خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ئیستا بە ڕوونی و بۆ هەموو لایەک دەرکەوتوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگەیەکی لە بەر دەمدا نەماوە بۆ چارەسەری و خۆڕزگارکردن لە چنگ ئەو هەموو قەیرانەی کە خۆی و بەرنامەکانی خوڵقێنەری بوون. ئەو ڕێژیمە یا دەبێ تەسلیمی ئیرادەی بە هێزی خەڵک بۆ گۆڕانێک بێ کە هەموو ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران و سەرجەم خەڵکی ئێران دابین بکا کە شتێکی چاوەڕواننەکراوە، یا جارێکی دیکە دەکەوێتە بەر ڕقی پڕ خرۆشی خەڵک و ئاواتی کۆتایی تەمەنی وەدی دێ. بۆیە پێویستە هەموو لایەک بە هەست بە بەرپرسایەتی زیاترەوە، لە هەر بوار و لە هەر فرسەتێک بۆ خەباتی یەکگرتوانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئینسانی و نەتەوەییەکانمان کەڵک وەرگرین. دیارە لێرەدا بە گرینگییەوە دەبێ بڕوانینە ئەرکی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ یارمەتیدان بەم یەکگرتووییە. ئەرکێک کە هەموو خەڵکی کوردستان چاوی لێیەتی. بەڕێزان ! ئێمە لە بیرەوەری ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، بە هیوا و گەشبینییەوە دەڕوانینە داهاتووی خەباتی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران بە گشتی. ئێمە ئیستا لە هەمووکات زیاتر بێزراویی کۆماری ئیسلامی لە نێو خەڵکی ئێران و لێبڕاویی گەلانی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی زۆرداری و دیکتاتۆری ئەو ڕێژیمە دەبینین. هەر بۆیە پەیاممان لەم ڕۆژەدا بۆ ئێوە ئەندامانی حیزب، هۆگرانی ڕێگە و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە، پێویستە یەکگرتوانە و شێلگیرانە لە قۆناغی ئیستای خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامیدا حوزوورمان هەبێ. جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەتان لێدەکەین، بە هیوای وەدیهێنانی ئامانجە لە مێژیینەکانتان حیزبی دێموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی ١/١١ /١٣٩٦