کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە گرینگەکانی لە ئێراندا (٣٧)

04:04 - 17 رێبەندان 2717

کاردانەوەکانی هێرش بە باڵوێزخانەی ئەمریکا و بارمتەگری     دوکتور عەبباس میلانی‌ دەڵێ: زۆربەی ئۆپۆزیسیون چ چەپەکان و چ جەبهەی میللی، گەرەکیان بوو لە ئا. خومەینی ڕێبەرێکی ڕواڵەتی دروست بکەن! وەک؛ کێرێنسکی لە ڕووسیەی پێش شۆڕشدا. ئەوان هەوڵیان دا، یەکیەتییەک لە دەوری ئەو دروست بکەن و بە چوماغی وی لە شای بدەن. دوایی پێی بە جێی بێڵن. ئەوان لەوەی غافڵ بوون کە، ئا. خومەینی لە هەمووان زیرەکترە و بەرنامەی بۆ هەمووانیش هەبوو. ئەو بەهیچ جۆر تەمای بە لای ڕێبەرێکی ڕواڵەتیدا، نەبوو. (١) دکتور فەرهەنگ هولاکوویی دەڵێ: ئەوە خەڵک نەبوو کە باڵوێزخانەیان داگیر کرد. ڕادەیەکی زۆری خەڵک نیگەران بوون کە چی لێدێتەوە. ئەمریکاییەکان زۆریان هەوڵ دا، وەزعەکە بەو جۆرەی لێ ‌نەیە. ئەمریکا دوو بۆمبی هەستەیی لە ژاپون دا و ٢٠٠ هەزار کەسی کردە تۆز. بەڵام ژاپۆنییەکان ئەو کاریان نەکرد. ئیستا ژاپۆنییەکان دوژمنی ئەمریکا نین و ١٠ ساڵی دوای بۆمبارانەکەش نەبوون. دەخاڵەت و کارتێکەری دوو لایەنەیە. ئەگەر پێش نوامبری ١٩٨٠ بارمتەکانی ئەمریکایی ئازاد کرابان، لەوانە بوو کارتێر براوەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری بایە. ئەو کات دونیا بەو جۆرەی ئێستا نەدەبوو. بێ‌شک ڕووداوی داگیرکردنی باڵوێزخانە و ڕاگرتنی بارمتەکان سیمای هەڵبژاردنی ئەمریکای گۆڕی. کەوابوو ئێران هەڵبژاردنی لەدەست دێموکراتەکان دەرهێنا و دایە دەست کۆماریخوازەکان. نەخشە ڕێگەی ئابووری «کینز» کە دوولایەنی داوا و خستنەڕوو (عرضە و تقاضا) کە لە ئەمریکادا، جێی گرتبوو، گۆڕا. پاشان ئەو سیاسەتە بە جۆرێک لە هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەتیی پێشوودا، کاریگەری تایبەتی هەبوو، کە بزووتنەوەی مارکسیستیشی لە جیهاندا، ئاڵوگۆر کرد. (٢) ئاماژەکردن بە دوو ڕووداوی دیکە کە لە ماوەی سێ حەوتوو، دوای هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا ڕوویان دا، پتر دەتوانێ لەگەڵ بۆچوونەکانی د. هولاکوویی بەجۆرێک هاوتەریب بن. یەکەم، هێرشی ژمارەیەک خوێندکار بە باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران، کە ئیزن بە داگیرکردنی پتر لە ٦ کاتژمێر نەدرا. ئەو هێرشە لە ڕۆژی ١٤ ی گەڵاڕێزانی ١٣٥٨ (١٩79)  ئەنجام درا. ئەو خوێندکارە هێرشبەرانە بە هۆی سپای پاسداران دەرکران. فەخرئاور هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا بە جۆرێک بە پیلانی ڕێکخراوی ئەمنییەتی سوڤیەتیی و تیمی عەلیی خامنەیی دەزانێ.(٣) دوویەم، ژمارەیەک لە خوێندکارە ئیسلامییە توندئاژۆکان لە بەشێک لە زانکۆکان، پێیان وابوو کێشەی سەرەکی گرووپەکانی چەپ و مارکسیستین. مەحموود ئەحمەدی‌نیژاد و ژمارەیەک لە حیزبوڵڵاهییەکانی زانکۆی «علم و صنعت» لەوبەشە بوون کە بەتەمای هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی شووڕەوی بوون. بۆ ئەو کردەوەیە لەگەڵ «بیت امام» یش پێوەندیان گرتبوو. دەفتەری ئا. خومەینی بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی خۆی لەو تەمایە دەربڕێ، ٣ حەوتوو دواتر لە ٢ی سەرماوەزی ١٣٥٨ دا، ئاگادارییەکی بڵاوکردوە. لە بەشێکیدا نووسرابوو: خەڵکی شەریفی ئێران! سیخوڕەکانی ئەمریکا بۆ بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی جیهان لە هەڵوێستی لێبڕاوی ئێوە، خەریکی پیلانێکی نوێن. ئەو جار بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوگەلێک خەڵک هان دەدەن بۆ داگیرکردنی باڵوێزخانەی شووڕەوی. ئەوە لە حالێکدا بوو کە، خوێندکارانی هێلی «ئیمام» هەموو ڕۆژێ کۆنفڕانسێکی هەواڵ یان دادەنا و هەڕەشەیان دەکرد کە بارمتەکان دەکوژن!؟ لەو سەروبەندەدا، موحسین میردامادی هوشداری دا کە: بە دەوڵەتی ئەمریکامان گوتوە، ئەگەر بیر لە ڕێگەی بەربەرەکانی نیزامی بکاتەوە، هەموو بارمتەکان دەکوژین.(٤) یەکێک لە کاردانەوە نەرێنییەکانی ئەو ڕووداوە داگیرکارانەیە، دەست لەکار کێشانەوەی دەوڵەتی کاتیی موهەندیس بازرگان بوو. کابینەی دەوڵەت لەو کارە زۆر نارەحەت بوو. بەڵام میردامادی پاساوەکەی ئەوە بوو کە: «امام و امت» لە بەرانبەر ئامریکا دا، هەڵویستێکی توند و نا ئاشتییانەی هەبوو و ئەوە شەپۆلێکی توندی لە کۆمەڵگەدا، دروست کرد کە دەوڵەت ئەو زەرفیەتەی نەبوو و نەیدەتوانی لەگەڵ خەڵک هاوهەنگاو بێ.(٥) بەڵام عەلیڕەزا ناموری حەقیقی لە  دوو گۆشە نیگای دیکەوە بۆ ئەو بابەتە دەڕوانێ. یەکەم: ئەو سیاسەتەی خوێندکاران لەبواری دەرەوییدا بوو بە هۆی ئەوە کە، ڕەوتەکانی دژی شەڕ و ئاشتیخواز، دوای شکستی ئەمریکا لە ڤیتنام، هێزێکی نوێیان لەو وڵاتە دروست کردبوو کە بەرهەمەکەی هاتنە سەرکاری جیمی کارتێر بوو. دوای ئەو کارە ئەو ڕەوتە لاواز بوو، و دەستکەوتەکانی ١٠_ ١٥ ساڵەی ئەوان لەدەست چوون. ڕەوتێکی ڕاست و ترسناکی وەک ڕەیگان_ کە لە راستیدا شێوەیەکی نوێ و وچە و نەسلێکی نوێ لە پاوانخوازی و توندئاژۆیی بوون_ بە دەسەڵات گەیشتن. دوویەم: لە بواری نێوخۆییشدا، گرینگترین مەسەلە ئەوە بوو کە بارمتەگری سیاسەتی هێنا سەر شەقامەکان. یانی شەقامەکان بوون بە شوێنی سیاسەت. ئەو جۆرە سیاسەتە پۆپۆلیستی و بەسیجییە بوو بە هۆی ئەوە کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو‌دا، قوربانیەکی زۆری هەبوو. بەشێکی هەمان خویندکارانی هێڵی «ئیمام» بوون. (٦) ئەو ڕووداوە تاڵە سەناریۆ گەلێکی لی درووست بوو، کە بۆ یەکدەستکردنی دەسەڵات و جێ خستنی ئیسلامی سیاسی لە زانکۆکان و کۆمەڵگە ڕا بگرە، هەتا یاسای بنەڕەتی کە ویلایەتیی فەقیه و دەسەڵاتەکانی زاڵ کرد و داسەپاندن.  بەشی جمهووریەتی نیزام لاواز کرا، و بەشی ویلایەت بەهێزتر و زۆربەی جومگەکانی دەسەڵات بە پێچەوانەی پەسندکراوی پێشووی شووڕای شۆڕش، هێزی نیزامی و نا ئەرتەشی بڕەویان پێدرا، وەک کۆمیتەکانی شۆڕش و سپا کە دواتر هەوڵدان، بۆ ئاژاوەگێری لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بە ناوی نیهزەتەکانی ئازادیخوازی ئیسلامی کە دواتر ناوی «صدور انقلاب» ی لەسەر دانرا و...   سەرچاوەکان 1_ اورونیوز، ٣٦ سال پس از اشغال سفارت آمریکا، چرا دیوار اعتمادی  بین دو کشور فرو نمی‌ریزد؟ 2_ یوتییوب، اشغال سفارت آمریکا- دێموکڕاسی در خاورمیانە، دکتر هولاکویی. 3_ یوتیوب، اشغال سفارت آمریکا در تهران، فصل ششم کتاب رفیق آیت‌اللە، ص ٦٢. ٤ و ٥_ یوتیوب، صفحەی آخر، مهدی فلاحتی، محسن میردامادی از گروگانگیری تا زندان. 6_ یوتیوب، علیرضا نامور حقیقی، تحلیلگر مسایل سیاسی، ایران از نگاە دوم. ( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)