کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژووی کۆماری کوردستان و چەند تایبەتمەندییەکی مێژوویی

04:12 - 17 رێبەندان 2717

دوای ئەوەی لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا، دەسەڵاتی بەرێوەبەریی ناوچەکە کەوتە بەر دەستی بەڕێوەبەرانی کۆمار. لە هەلومەرجی ئەو کاتدا کە حکومەتی تاران بە کردەوە ناوچەکەی چۆل کردبوو، هەموو ئەرکێکی بەرێوەبەریی ئەم ناوچەیە لە کاروباری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی  و هەڵسوڕاندنی ژیانی رۆژانەی خەڵک کەوتبووە سەر شانی دامەزرێنەرانی کۆمار و بۆ ئەو مەبەستە دەبوایە دامودەزگای ئیداری پێک بێنن.

کۆماری کوردستان لە سەدەی بیستەمدا و لە دوای حکومەتی شێخ مەحموود دووهەمین ئەزموونی حوکمرانیی کوردە  و لە مێژووی کورددا یەکەم حکومەتی کۆمارییە و لەو سەردەمدا ڕەمز و نوێنگەی یەکیەتی و یەکپارچەیی نەتەوەی کورد بووە. لەهەمان حاڵدا دەتوانین بڵێن ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار، کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کورد بوو بەگشتی؛ چونکە نوینەرانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تیدا بەشدار بوون و تەنانەت هیندێکیان هەتا ڕووخانی کۆمار لە نێو دامودەزگای کۆماری کوردستاندا مانەوە و جێپەنجەی خۆیان لە بەرێوەبردنی کۆماردا بە جێ هێشت. بێگومان هەتا ئیستا لە سەر کۆماری کوردستان زۆر وتار و کتێب لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە نوسراون، بەڵام ئەو بابەتە هەڵدەگرێ کە لێکۆڵێنەوەی زیاتری لەسەر بکرێ و لە سەر تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان بنووسرێ.

ئەوەی لەو نوسینەدا بە کورتی دەخرێتە بەرچاو، چەند تایبەتمەندییەکی کۆماری کوردستانە کە هەرکام لەوانە دەکرێ بە جیا هەڵسەنگاندن ولێکۆلینەوەیان بۆ بکرێ.

تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان:

کۆمار لە هەنگاوی یەکەمدا لە سەر بنچینەی کوردستانی بوون دامەزرا و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی باوەڕی بە دێموکراسی هەبوو. لە هەمان کاتدا لە نێو خۆیدا هەوڵی یەکڕیزیی نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی خۆی دەدا و لە دەرەوی سنوورەکانی بەشوێن برایەتیی گەڵان بە تایبەت گەڵانی دراوسی لەگەڵ خۆی بوو. کۆماری کوردستان پێشکەوتنخوازبوو و هەموو هەوڵ و تەقەلای بۆ ئەوە بوو کوردستان لە قافڵەی پێشکەوتن دوا نەکەوێ و لە هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکی خۆی و تەنانەت دوژمنانی خاوەنی گیانی لێبوردەیی هەبوو.

 

کوردستانیبوونی کۆمار  

بۆ کوردستانیبوونی کۆمار دەتوانین بە کورتی تیشک بخەینە سەر چەند خاڵ:

ا. وتاری پێشەوا لە ڕۆژی راگەیاندنی کۆماری کوردستان کە تیدا باسی مێژووی کورد دەکا و هیوای ئەوە دەدا بە خەڵکی ئامادەبوو کە ئیدی سەردەمی شکان تەواو بووە و کورد ئێستا ئازادە و خاوەنی خاک ونیشتمانی خۆیەتی.

ب. لە دیواردان و هەڵاواسینی نەخشەی کوردستانی گەورە لە ژووری کاری پێشەوا.

ج. بە کردەوە بەشدارکردنی کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ئیدارەدانی کۆماری کوردستان.

د. پەرەستاندن و گەشەکردنی بیر و هۆشی تاکی کورد لە خۆناسینەوەی وەک نەتەوەیەک.

ه. هێنانەخوارێی ئاڵای ئێران و هەڵدان و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان.

و. پێشەوا و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان نەچوونە ژێر ئەو فشار و زۆرییانەی تەورێز و باکوو کە کۆماری کوردستان بەشێک بێت لە کۆماری دێموکراتیکی ئازربایجان.

ز. ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا بەو شێوەیە باس لە هەڵویستی کوردستانیبوونی پێشەوا دەکا: «وادەردەکەوێ هەتا ئەو دەمەی کە بارودۆخ لە ئیران قائیم دەبێ دژ بە ئاڵۆزی و هەرای ئەو دیو سنوورە، بەڵام بە لاینگرانی خۆی گوتوە لە دوارۆژدا دەبێ پشتگیری لە مەلا مستەفا  بکرێ و دەگوترێ لە تورکیە و سووریە پێوەندی بە ڕێبەرانی خویبوونەوە هەیە.»

باوەڕهەبوون بە دێموکراسی  و مافی شارۆمەندی:

ا. بە قسەی دۆست و دوژمن پاراستنی دێموکراسی وای لە کۆماری کوردستان کردبوو کە لە ناوچەکەدا تاقانە خۆ بنوێنێ.

ب. پاراستنی مافی تاکەکان یەک لە بەهاکانی کۆمار بوو. بۆ نموونە هەموو کەس لە خۆی ڕادیوە کە لە هەموو ئۆرگان و دامودەزگای حکومەتی بەدوای مافی خۆیدا بڕوا و تەنانەت ئەگەر پێویست بووبێ توانیویەتی چاوت بە خودی پێشەوا بکەوێ.

ج. ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی کەمینەکان چ نەتەوەیی و چ ئایینی، بۆ نموونە خویندن بە زمانی زگماکیی خۆیان، بەشداربوون لە دەسەڵات و بەرێوەبەریی وڵات و پەرەپێدانی کولتوور و فەرهەنگی خۆیان. بۆ نمونە: «ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٧٥، گەلاوێژی ١٣٢٥ باس لە کردەنەوەی قوتابخانە بۆ هاونیشتیمانانی کەلیمی دەکا کە دەبێ بە زمانی کوردی و عیبری وانەی تیدا بگوترێتەوە و لە هەمان حاڵدا خوێندن بۆ کچ وکوریان ئیجباری بووە.»

د. بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بە ڕاوێژ بووە؛ بۆ نمونە پێشەوا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسی لەگەڵ ڕۆژنامەی «کوردستان» لەبارەی بریاردان بەم شێوەیە دەدوێ: «ئەمن بەبێ تەسویبی کومیتەی مەرکەزی هیچ کارێک ناکەم، چونکە دێموکرات ئەوەیە کە شخص نەتوانێ مەسڵەحەتی میللی بێ موشاویرە بگرێتە دەستی خۆی.» ئەو بۆچوونەی پێشەوا سەرچاوەگرتوو لە باوەڕی قوول بە دیموکراسییە.

یەکیەتیخوازی و باوەرمەندبوون بە برایەتیی گەلانی ئازادیخواز و ئازاد

ا. کۆماری کوردستان ئەو یەکیەتییەی بە کردەوە لە نێوخۆیدا دروست کردووە. بۆ نموونە: لابردنی دووبەرەکی لە نێوان خێڵ و عەشیرەتەکان، هاوپێوەندیی نەتەوەیی لە نێوان شار و دی و هەموو بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ جیاوازی، لە هەمان کاتدا دامەزراندنی هاوپێوەندیی نەتەوەیی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.

ب. هاوپێوەندی و هاوکاری لە نێوان کۆماری کوردستان و جمهوری دێموکراتیکی ئازەربایجان.

ج. پێوەندی لەگەڵ جمهوریی باکۆ و ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە.

د. پێکهێنانی ئەو هاوپێوەندییە لە ڕاپۆرتی بێگانەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە لە ڕاپۆرتی کونسولی بریتانیا لە تەورێزدا هاتووە: « ... لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕزگاربوون لە زۆرداریی ڕەزاشادا پیاوانی وەک قازی محەممەد هەوڵیان داوە کوردەکان یەکگرتوو بکەن...»

ه. پێشوازیکردن لە بارزانییەکان و تەنانەت بەشدارکردنیان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی کۆمار خۆی باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو هەوڵەی پێشەوا و بەڕێوەبەرانی کۆمارە بۆ یەکیەتی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان لە هەر چوارپارچەی کوردستان داویانە.

 پێشکەوتنخوازی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا

ا. هەولدان بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو.

ب. بایخدان بە بواری فەرهەنگی و لەشساغی.

ج. دەستەبەرکردنی بەستێنی ئەوە کە ژنان و لاوان بێنە نێو گۆرەپانی سیاسی و لەو پێناوەشدا دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوان و حیزبی یایان کە لە دوایەدا بوو بە یەکیەتیی ژنان.

د. بەربەرەکانی لەگەڵ گەندەڵی و فسادی ئیداری.

ه. هاوڕەنگکردنی جلوبەرگی منداڵانەی قوتابخانەکان لە بەر ئەوەی هیچ منداڵیک هەست بە جیاوازیی چینایەتی نەکا.

و. کردنەوەی نەخۆشخانە بەناوی گوڵی سوور.

ز. هەڵمەتی کوتانی منداڵان بۆ پاراستنیان لە نەخۆشی.

ح. خوێندنەوەی خوتبەی نوێژی جومعە بەکوردی و کەلکوەرگرتن لە خوتبە بۆ بەئاگاکردنەوەی خەڵک و دورکەوتنەوە لە خورافات و لە هەمان حاڵدا پەرەپێدانی هەستی نیشتمانپەروەری لە نێو خەڵکدا.

ط. دامەزراندنی ڕادیۆ و سینەمای گەڕۆک.

ی. دامەزراندنی چاپخانە و دەرکردنی ڕۆژنامەی «کوردستان» و بڵاوکراوەی دی.

بایخدان بە پەروەردە و بواری خویندن

ا. بەڕەسمی کردنی زمانی کوردی.

ب. بە ئیجبارکردنی خویندن بۆ منداڵان بەبێ فەڕق و جیاوازیدانانی ڕەگەزی.

ج. کردنەوەی قوتابخانەی شەوانە بۆ گەورەساڵان.

د. کردەنەوەی قوتابخانەی زمانە بێگانەکان.

بایخدان بە قانوون و قانوون پارێزی

ا. دەرکردنی قانوون بۆ هەموو ئەو بابەتانەی کە کاروباری کۆمەڵگەیان پێ ڕێک دەخرێ .

ب. دەرکردنی قانوونی سزادانی گشتی.

ج. دانانی وەزارەت  یا ئیدارەیەک بە ناوی وەزارەتی داد.

گیانی لێبوردەیی و پێکەوە سازان

کۆماری کوردستان لەوسەردەمدا نموونەیەکی شازە لە پێکەوە ژیان. ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵ له‌و پێوه‌ندییه‌دا جێی خۆیه‌تی:

ا. کردنەوەی قوتابخانە بە زمانەکانی بێگانە (ڕووسی، فەرەنسی و ئینگلسی)

ب. ئازادبوونی ئایینە ئاسمانییەکان لە بەڕێوەبردنی هەموو بۆنەکانی خۆیاندا.

ج. ئەو پێکەوەسازان وگیانی لێبووردەیە بەڕادەیەک کاریگەری هەبووە کە کونسوولخانەی بریتانیا لە تەورێز لە ڕاپۆرتێکدا بەو شێوەیە باسی ئەو بابەتە دەکا: «ڕاپۆرتی زۆر سەبارەت بەکاری بەڕێ و جێ و دادپەروەرانەی کوردان دەگاتە دستمان... ئەو مەسەلەیە بە ڕادەیەک بۆ خەڵکی ورمێ گرینگە کە تەنانەت گوتراوە بازرگانە عەجەمەکانی نێوشار حکومەتی کوردییان دەوێ، هەروەها خاوە موڵکەکانی ورمێش وا خۆ نیشان دەدەن کە لاینگری کوردانن...»

د. هەلسوکەوتی باش لەگەڵ دیلەکانی شەر. (تیمارکردنی بریندارەکان، پێدانی خواردنی باش، پێدانی ڕۆژانە ١٠ قڕان.)

ه. پێکهینانی ئەمنیەتێکی بەهێز بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵک. بۆ نموونە: لە حاڵێکدا هەموو یا زۆربەی خەڵک چەکدار بوون، بەڵام کەس هەڕەشەی لێ نەکرا. لە حاڵێکدا لە ئیران تیرۆر و ڕەشەکوژی هەرای نابۆوە و نائەمنی لە ئیراندا دروست کردبوو، خەڵک لە کۆماری کوردستاندا بە ئازادانە بیروڕای خۆیان دەردەبری و ئازادانە هاتووچۆیان دەکرد. خەلک ئازادانە گوییان لە ڕادیو ئەستامبول و لەندەن دەگرت، لە حالێکدا  هەر لە تەورێزی دراوسێ خەڵک تەنیا مافی ئەوەیان هەبوو گویی لە ڕادیۆ مسکۆ بگرن.

( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)