کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەپەراوێزی دێکۆمێنتارەکەی «کویسنجق»دا

04:20 - 17 رێبەندان 2717

دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسڵامی لە (شبکە مستند)ی خۆیدا فیلمێکی لە ژێر ناوی «کۆیسنجق»دا بڵاو کردەوە. فیلمەکە باس لە سنووربەزاندنی کۆماری ئیسلامی و هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکا. وەک لە فیلمەکەشدا هاتووە ئامانج لەو هێرشە زەبرلێدان لە حیزبی دێموکرات و ڕێگرتن لە چالاکییەکانی ئەو حیزبە لە نێوخۆی وڵات و خۆیان گوتەنی سەقامگیرکردنی هێمنی لە کوردستان بووە. لە کەس شاراواوە نیە کە کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا ئیستاش ماکەی سەرەکیی هەموو نائارامییەکە لە کوردستان. کوشتوبڕی خەڵکی شارەکانی سەقز، سنە، بانە و نەغەدە و کۆمەڵکوژییەکان لە چەندین گوندی وەک قاڕنێ، قەڵاتان، سەرووکانی، سۆفیان، حەسەن‌لۆلان و هتد، ئاوارەکرانی هەزاران بنەماڵە و دوور خستنەوەیان لە کوردستان و، وێرانکردن و سووتاندنی دەیان گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا گۆشەیەکی بچووک لە جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمەن کە تا ئێستاش لە شێوەی نەرم و زبری خۆی لە کوردستان درێژەی هەیە. دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەو دێکۆمێنتەدا دەیەوێ هێزی شان و باهۆی بە ڕووی دژبەرانیدا پیشان بدا و بڵێ لە قووڵایی وڵاتێکی دی ئۆپەڕاسیۆنێکی ئاوا دەکا، بەڵام هەر لەو کاتەدا سەدان و بگرە زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵاتدا بوون، کەچی ڕێژیم نەیدەوێرا خۆ لە قەرەیان بدا. چونکی دیبوویان کە چۆن لە شەڕگەی شەڕە نابەرامبەرەکاندا لمبۆزی فەرماندە پڕ ئەستێرەکانیان لە عەرزی دەدرێ و چۆن گوردان و گروهان و گرووپە زەربەتەکانیان زەبوون و چووک لەبەردەم هێزی پێشمەرگەدا بەچۆک دادێن. باسەکە چیە؟ باس ئەوەیە کە ڕووداوەکانی کوردستان و حەماسەخوڵقێنیی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکان لە دوای کۆتایی شەری ئێران و عێڕاق لە کوردستان وادەکا سپای پاسداران لەلایەن ناوەندە دەسەڵاتەوە فشاری زیاتریان بخرێتە سەر. شوڕای نیزامیی سپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیار دەدا فەرماندەیەکی نوێ بنێرێتە کوردستان هەتا جێی عەلی قومی، چەمران، لاجوەردی و مەحموود کاوە بگرێتەوە کە بەدەستی ڕۆڵەکانی کورد بەسزای تاوانەکانیان گەیشتبوون. ئەو بڕیارە لە کاتێکدا درا کە ڕێژیم لە نێوخۆ دەیان و سەدان تەرحی عەمەلیاتیی بە دژی حیزب دادەڕشت و هەموو جارێ زەبری گورچکبڕی لێ دەکەوت؛ بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسار و زیانەکانیشیان ئەوەی لە دەستیان دەهات و پەنایان بۆی دەبرد تێرۆری کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو لە باشووری کوردستان. لەو نێوەشدا ناسەقامگیریی باشووری کوردستان هەل و بەستێنێکی لەباری بۆ تۆڕە سیخوڕی و تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەخساندبوو. بەڵگە نهێنییەکان دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی فشارخستنەسەر هێزەکانی باشووری کوردستانی وەک تاکەڕێگەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبەر دەم خۆی داناوە، بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە شەڕی نێوخۆیی لە باشووری کوردستان دەرفەتی لەبارتری بۆ دەستدرێژی و تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامی لە خاکی هەرێمدا بۆ ڕێژیم ڕەخساندبوو. عەمەلیاتی هێرش بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی 250 کیلۆمیتریی خاکی باشووری کوردستان بە جوڵاندنی زیاتر لە دوو هەزار هێزی چەکداری تەیار بە ١٥ قەبزە تۆپی ١٣٠، ١٠ قەبزە کاتیوشا و موشەکی ٢٤٠ دەستی پێکرد. ڕێژیم ڕۆژی ٥ی گەڵاویژی ١٣٧٥ هێزەکەی بەرەو بنکەکانی حیزب خستەڕێ و وەک لە دێکۆمێنتارەکەشدا دەردەکەوێ لە هەموو ماوەی ئەو ڕێ بڕینەدا لە ترسی پەلاماری هێزەکانی حیزبی دێموکرات هەدایان نەداوە. سەرەنجام لەکاتژمێری 6ی بەیانی ڕۆژی 7ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی تۆپخانەی  سپای پاسداران کە لە گوندی سماقوڵی داندرابوو، یەکەم تۆپ و کاتیوشاکانی بەڕێ کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات. لە ئاوایی «کامووسەک»یش ڕا دوو موشەک ڕوو بە بنکەکانی حیزب گەرابەندی کران و فەرماندەی هێزەکانی ڕێژیم لە سەر چیای هەیبەت سوڵتان بەدووربینەوە شەڕگەیان خستە بەرچاو. ئاگربارانی بنکەکانی حیزب بۆ ماوەی ١٢ سەعات بە بەردەوامی درێژەی هەبوو، بەڵام بەهۆی ژێری و لێهاتوویی حیزب لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە کەلەلایەن ستادێکی فەرماندەیی پێنج کەسییەوە ئیدارە دەکرا، تاکە یەک پێشمەرگە خوێنی لە لووت نەهات و کەس شەهید و بریندار نەبوو. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو عەمەلیاتە ناچاربوو سنووری وڵاتێکی دی ببەزێنێ، پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان نادیدە بگرێ و لەشکەرکێشییەکی گەورە وەڕێ بخا، بەڵام ئەوەی دەستی کەوت سەرشۆڕی و شکست بەولاوەتر نەبوو. لەو فیلمەدا ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەیانەوێ بڵێن کە گرێبەستێکیان لە نێوان خۆیان و حیزبی دێموکراتدا ئیمزا کردوە، چەواشەکارییەک کە تەنیا خۆیان دەزانن چەندەی فڕ بە ڕاستییەوە هەیە. بەتایبەت کە دوای ئەو دەستدرێژییەش نە کوردستان هێزی پێشمەرگەی لێ بڕا، نە کوورەی خەباتی حیزبی دێموکرات ساردی و سڕیی تێکەوت،  نە کوردستان بووە ئەو پارووەی بە گەروویانیدا بکەن. ڕێژیم دەیەوێ بڵێ مەبەست لە عەمەلیاتەکەی «کویسنجق» جێگیرکردن و سەقامگیرکردنی ئەمنیەتیە لە کوردستان، بەڵام کێ هەیە نەزانێ دوای زیاتر لە 20 ساڵ لەو ڕووداوەش تەنیا هۆکاری نائەمنی لە کوردستان هەر خودی کۆماری ئیسلامییە. کێ هەیە نەزانێ ئێستاش ئەو بەناو ئەمنیەتە لە کوردستان بە پۆستاڵ و زەبروزەنگ و سەرکوتە کە ڕاگیراوە و ئەمنیەت لە کوردستان بۆ ڕێژیم  تەنیا مانای زەوتکردنی ماف و ئازادییەکان، کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و بەگژداچوونەوەی شوناس و مافخوازیی خەڵکی کورد دەدا کەس سەرەڕای تێچووی زۆری بۆ ڕێژیم قەت نەیتوانیوە تێیدا سەرکەوتوو بێ. وەک باس کرا ئامانجەکانی ڕێژیم لە دەستدرێژییەکەی ڕۆژی ٧ی گەلاوێژ بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات زۆر و فرەڕەهەند بوون کە یەک لەو ئامانجانە بەرەوڕووکردنەوەی هێزەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بوو. کە دیارە بە خۆشییەوە بەهۆی وردبینیی و ئاسۆی فراوانی بیرکردنەوەی ڕێبەرانی کورد ئەو پیلانەش بۆ ڕێژیم سەری نەگرت. ٢١ ساڵ دوای ئەو هێرش و پەلامارە و بڵاوبوونەوەی دێکۆمێنتارەکەی سپای پاسداران لە 21 ساڵەی ئەو شکانەدا پێمان دەڵێ: حیزبی دێموکرات و خەباتی کورد لە ئێران قەڵایەکی لەشکان نەهاتوویە.... ( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)