کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوابوونی خۆری بەختی کوردان (باشووری کوردستان)

04:24 - 17 رێبەندان 2717

فارین پاڵیسی – جوست هیلتەرمەن و: کەماڵ حەسەنپوور تەنیا چەند مانگ پێش ئێستا، وێدەچوو کوردەکانی عێراق و سورییە گەورەترین براوەی شەڕ لە دژی داعش بن. بەهێز لە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە خۆرئاواییەکان، کە سەردەمێک خیانەتیان پێکردبوون و لێکیان جیا کردبوونەوە، وێرایان خەونی قەرەبووکردنەوەی ئەوشتەی کە لە ڕوانگەی ئەمانەوە هەڵەیەکی مێژوویی لە کاتێکدا کە مانۆڕە ژێئۆپۆلیتییەکان، دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، پێشیان بە دروستبوونی کیانی سەربەخۆی خۆیان گرت، ببینن. بەڵام لەجیات ئەوەی کە شاهیدی دروستبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ بن، کوردەکان تووشی نسکۆیەکی مەزن بوون. لە کاتێکدا کە هەڵمەتە سەربازییەکەی دژی داعش بەرەو کۆتایی دەچێ، حەزی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بۆ بەکارهێنانی کوردان وەک نوێنەری ئەوان دژی ڕێکخراوە جیهادییەکان نەبۆتە هۆی پشتیوانیی درێژخایەنی سەربازیی و سیاسی و بێگومان نەشبۆتە پشتیوانیی لە کیانی سەربەخۆ. ڕێبەرانی کورد هەمیشە ئاگاداری ئەم مەترسییانە بوون بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییە، بە هیوای دەستخۆشانەی  قوربانیدانییەکانیان، ڕەزامەندییان دەربڕیوە: گیانی هەزاران کەس و تێچوویەکی بەرچاو کە لە جیات ئەوەی کە خەرجی گەشەکردنی کوردستان بکرێ سەرفی گرتنەوەی ئەم شوێنانە کرا کە ڕەنگبێ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی زۆر گرینگ بن بەڵام بۆ خودی کوردەکان گرینگ نەبن. ئەم مەئمورییەتانە بوونە هۆی ناڕەزایەتیی قووڵی شەقامی کوردی. پارێزەرێکی کورد لە شاری قامیشلو دەڵێ هێزە کوردییەکان خەریکی ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە شارە عەڕەبەکانن لە کاتێکدا کە ناوچە کوردییەکان بە دەست نەبوونی ژێرخانی ئابووری وەک قوتابخانە و کارەباوە دەناڵێنن. ئەوەی کە دۆخەکەی هێندەی تر خراپ کردووە، تێکەڵاوێک لە دەستلێبەردانی وڵاتە خۆرئاواییەکان و ناکارامەیی سیاسەتی نێوخۆیە کە کوردەکانی تووشی خراپترین دۆخی تا ئێستا کردووە. لە ساڵی ڕابردوو دا، کاربەدەستانی کورد لە عێراق وازیان لە ستراتێژییە هۆشیارانەکەیان هێنا تا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە ڕێگەی هیوادارابوون بە پشتیوانیی ئامریکا بۆ ئەوەی کە ڕێگایان بدا بەرەو هێڵی کۆتایی بەسەر تەنگوچەڵەمەکاندا بازدەن و ئەمە دەرکەوت کە هەڵە بوو. بڕیاری ئەوان بۆ بەڕیوەبردنی گشتپرسی سەربەخۆیی کە دەمەقاڵەی لەسەر بوو و پێچەوانەی ویستی دەوڵەتانی بەهێزتر بوو، نسکۆیەکی مێژوویی لێ کەوتەوە. گشتپرسی سێپتامبری ٢٠١٧ قەرار بوو دەستپێکی چنینەوەی دەستخۆشانە لەلایەن کوردانی عێراق بۆ ڕۆڵی ئەوان لە شەڕ دژی داعش بێ. مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پانتایی ناوچەی گشتپرسی بۆ ئەم شوێنانە زیاد کرد کە بە ناوچە جێناکۆکەکان، لە سنووری نێوان بەشە کوردی و عەڕەبییەکانی عێراق، کە هەردوو لا ئیددیعای خاوەندارێتی دەکەن هەڵکەوتوە و پڕە لە سەرچاوەی نەوت. دەوڵەتی بەغدا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران حەیدەر ئەلعەبادی بەتایبەتی دژی ئەم بڕیارە بوو، کە وەک یەکەم هەنگاوی هەرێمی کوردستان بۆ دەستبەسەر داگرتنی ئەم ناوچەیانە سەیری دەکرد. کاردانەوەی عێراق خێرا و بێبەزەییانە بوو: دوای گشتپرسییەکە، عەبادی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بەغدا، هێزی سەربازیی فێدڕاڵی نارد بۆ ناوچە جێناکۆکەکان. ئەم ناوچانە پتر لە سێ ساڵ پێشتر کەوتبوونە دەست هێزی پێشمەرگە، کاتێک کە سوپای عێراق لە بەرامبەر هێرشی سەرەتایی داعش شکستی هێنا. لە ئۆکتۆبر، دوای گرتنەوەی چاڵە نەوتەکانی کەرکوک هێزە ئەمنییەکانی عێراق دڕیژەیان بە مارشەکەیان دا و پانتاییەکی بەربڵاویان لە ناوچە جێناکۆکەکان لە باکوور و خۆرهەڵاتی عێراق گرتەوە کە لەو ناوچانەی کە ساڵی ٢٠١٤ کوردەکان دەستیان بەسەردا گرتبوون زۆرتر بوو. بارزانی زوو تێگەیشت کە هاوپەیمانەکانی پشتیان تێکردووە و دوژمنەکانی دژی ئەو یەکتریان گرتووە. ئێران، کە ماوەیەکی دوورودرێژ بوو دژایەتیی خۆی بەرامبەر بە گشت هەوڵێک بۆ پارچەپارچە کردنی عێراق دەربڕیبوو، کەڵکی لە تاقمێک شیعە کە بۆخۆی ڕاهێنانی پێکردبوون و بەچەک پۆشتەی کردبوون، دژی هێزە کوردییەکان کە دوای سوپای هێرشبەری عەبادی پاشەکشەیان کردبوو وەرگرت. تورکیە، هاوپەیمانی بارزانی، نیگەرانی تەشەنەکردنی خولیای جیاییخوازیی لە نێو کوردەکانی خۆی بوو. تورکیە هەڕەشەی کرد کە سنوورە هەستیارەکانی بەرەوڕووی هەرێمی کوردستان دابخا و چاوی لە بەرامبەر ئەو مامەڵەیەی ئێران نووقاند کە ئیزنی پاشەکشەکردن بە کوردەکان لە لایەن بەغداوە دەدا. لە پەیوەندی لەگەڵ کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوان دەمێک بوو دژی هەرچەشنە ئاڵوگۆڕ لە سنوورەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لە ترسی ئەوەی کە ئەمکارە ببێتە هۆی کاردانەوەی دۆمینەیی کە نەکرێ پێشی پێ بگیرێ و دژی هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی لاواز کردنی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، بوون و بە ئاشکرا چەند حەوتوو پێشتر بە بارزانییان گوت کە گشتپرسییەکە نەکا. کاتێک کە واشینگتۆن بۆی دەرکەوت کە عەبادی لە گەڵ یەکێک لە گروپە کوردییەکان، لایەنی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان سەر بە تاڵەبانی، ساغ بۆتەوە کە بێ خوێنڕێژیی کەرکوک بگرێتەوە، هیچ کارێکی نەکرد. وێدەچی کە ئێران دەڵاڵی ئەم مامەڵەیە بووبێ. دەستبەسەرداگرتنی چاڵە نەوتییەکانی کەرکوک لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە وێدەچێ شکستێکی مەزنتر لە لەکیس چوونی خودی شارەکە بۆ ئاواتەکانی کوردان بێ. نەوت بۆ خەونی سەربەخۆیی ئەوان یەکلاکەرەوەیە: نەوت دەبێتە سەرچاوەی داهات و وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بە جیرانەکانیان. لەکیس چوونی کۆنترۆڵ بەسەر ئەم چاڵە نەوتانە، بە مانای گەڕانەوە بۆ سەردەمێکە کە ئەوان بەستراوەی عێراق و داهاتی چاڵە نەوتەکانی باشوور کە گەلێک مزنترن بوون. هەڵسوکەوتی بەغدا پاش گرتنەوەی کەرکوک لە نێوەڕاستەکانی ئۆکتۆبر نیشاندەری ئەمەیە کە ئەوان دەقاودەق مەبەستیان گەڕانەوە بۆ ئەم دۆخەیە: بەستراوەیی تەواوی هەرێمی کوردستان بە بەغدا. سەرۆکایەتیی کورد دوو هەڵەی لێکدانەوەی کردن کە بووە هۆی دۆخی ترسناکی ئێستا. یەکەمیان چاوڕوانیی بارزانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانیی لە هەوڵەکانی ناوبراو بۆ سەربەخۆیی، کە بناخەکەی لەسەر ئەم شتەی کە لە ڕوانگەی ئەوەوە پێویستیی خۆرئاوا بە کوردان و هاوسۆزی خۆرئاواییەکان بۆ کوردان دامەزرابوو. ڕێبەرانی کورد لەسەر ئەم بڕوایەن کە ئەوان جار لە دوای جار سەلماندوویانە کە شایانی هاوپەیمانیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانن و باسی ئەمەیان کردووە کە کوردستان هاوبەشێکی جێگای مەتمانە بۆ بەرپەرچدانەوەی خولیاکانی ئێران لە ناوچەیە. بەهەمان شێوە ڕێبەرانی کورد دەمێکە پشتیوانییان لە پرەنسیپە دێموکڕاتیکەکان کردووە و ئیددیعا دەکەن کە ئەوان مودێلێکی نموونەیین بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دوای ٢٠٠٣. ئەوان قەت لەبیر ناکەن کە باسی پاراستنی گروپە کەمینەنەتەوەکان بکەن و کە ئەوان پتر لە میلیۆنێک ئاوارەی عێراقییان لە هەرێمی کوردستان حاواندۆتەوە. ئەوان هەروەها باس لەوە دەکەن کە ڕەوایی هەوڵەکانیان بۆ سەربەخۆیی لە شەڕی ئامریکا بۆ سەربەخۆیی کەمتر نیە و کە پرەنسیپەکانی سەربەخۆیی لە یاسای نێونەتەوەییدا پشتیوانییان لێدەکرێ. ئەوەی کە ئەم هەڵمەتە دڵڕفێنانە سەرکەوتوو نەبوون دەگەڕێتەوە بۆ بەشی دووهەمی هەڵەی لێکدانەوە لە لای بارزانی، کە گەلێک لەماڵەوە نزیکترە. بەڵگە ناخۆشەکە ئەمەیە کە ڕێبەرانی کورد بانگەشەی ئەمە دەکەن کە ئەوان خەریکی دامەزراندنی قەڵایەکی دێموکراسی لە خۆرهەڵاتێکی نێوەڕاستن کە بەدەست دەسەڵاتی ئایینییەوە دەناڵێ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەوان قەت ئەم کارەیان نەکرد. دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەددام حوسێن، دوو حیزبی سەرەکیی کوردیی، پارتی دێموکراتی کوردستان (پدک) سەر بە بارزانی و یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان (ینک) سەر بە جەلال تاڵەبانی وزەی خۆیان بۆ دامەزراندنی پێکهاتەی یاسایی و فرەلایەن کردنی ئابووری تەرخان نەکرد. لە جیاتان، ئەوان پارەی نەوتیان بۆ دەوڵەمەندترکردنی خۆیان، بنەماڵەکانیان و کادرەکانی حیزبەکانیان تەرخان کرد. هێرشە بێبەزییانەکەی داعش لە باکووری عێراق لە ٢٠١٤ دۆخەکەی خراپتر کرد. خەبات دژی دوژمنی هاوبەش مەیدانی بۆ بارزانی چۆل کرد تا ڕەوایی بە داخستنی پارلمان و درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بدا. دەسەڵاتی حیزبی جێگای دەسەڵاتی لێهاتووی گرتەوە. سەرۆکایەتیی بەرەکانی شەڕ دژی داعش هەم لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و هەمیش لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکیەتی، درایە دەست ڕایەڵەیەک لە خەڵکی سیاسی، سەربازی و بازرگان کە بەشی سەرەکییان پەیوەندیی کەسیی و خزمایەتییان بە ڕیبەرانی حیزبەکانەوە هەبوو. دەستبەسەر داگرتنی خێروبێری شەڕ لە لایەن چەند ڕێبەرێک کە دەسەڵاتیان هەر لە زیادبوون بوو، بنکۆڵ کرانی سیستەمی سیاسی لێکەوتەوە. وەزیرانی دەوڵەت کە سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بوون دەسەڵاتیان لە کارمەندەکەنیان  لە هەمان وەزارەتخانانەدا کە سەر بە پارتی یا یەکیەتی بوون کەمتر بوو و ئەمە بووە سەرچاوەی سەرەکیی خزمخزمێنە لە هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانی، کوڕی مەسعود، دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەزگای ئەمنییەتی پارتییەوە، لە کێبڕکێ لەگەڵ ئامۆزاکەی نێچیرڤان بارزانی، کە سەرۆک وەزیرانی هەرێمە و پراگماتیستێکە کە جەخت لەسەر بەهێز کردنی ئابووری دەکا، بەهێز کرد. پشتیوانیی بێمەرجی سەربازیی لە لایەن خۆرئاواوە ئەم ڕەوتەی بەهێزتر کرد. ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا ڕێژەیەکی بەرچاو چەکوچۆڵیان دایە هێزە کوردەکان، لە قسان بۆ حکومەتی هەرێم بەڵام بە کردوە بەشی سەرەکیی کەوتە دەست پارتی. هێزە ئەمنیەتییەکانی پارتی و یەکیەتی چوونە قووڵایی ناوچە جێناکۆکەکان و هەندێک ناوچەی غەیرە کوردییان لە پرۆسەی شەڕ دژی داعش وێران کردوە و پێشیان بە خەڵکی مەدەنیی گرتوە کە بگەڕێنەوە مەگەر ئەوەی کە بەڵێنی وەفاداریی بە حیزبە کوردییەکان بدەن. لە شەڕی ئازاد کردنی موسڵ لە دەستی داعش لە کۆتاییەکانی ٢٠١٦، تێکەڵاوێک لە دەوڵەتداریی خراپ، نایەکگرتوویی سیاسی و ناڕەزایەتیی جەماوەیی سەری هەڵدا. هەندێک کەس لەسەر ئەم بڕوایە بوون کە شەڕ دژی داعش لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان لە لایەن ڕێبەرانی کورد وەک ئامرازێک بۆ دەوڵەمەند کردنی خۆیانەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ کە هیچ قازانجێکی بۆ کوردی ئاسایی نیە. لە سەرەتای هەڵمەتی شەڕی موسڵ پێشمەرگەیەک پرسیاری دەکرد، « بۆچی ئێمە بۆ چینی سیاسەتمەدار بجەنگێین؟ بۆچی ئێمە بۆ شەڕ بچینە موسڵ کاتێک کە موسڵ بەشیک لە کوردستان نیە؟» لێکترازانی نێوان پارتی و یەکیەتی قووڵتر بۆتەوە و بۆتە هۆی کەلێنی ناوچەیی لە کوردستان، چوون لە سلێمانی کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکیەتییە بۆ هەولێر کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتییە وەک تێپەڕ بوون لە سنوور دەچێ. بە شێوەیەک، گشتپرسی و نسکۆیەکەی هەردووکیان ئاکامی هەوڵی ئەم دوو حیزبە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەویتر دابوو: بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی جەماوەری بۆ گشتپرسی، پارتی دێموکڕاتی مەسعود بارزانی ئاشتییەکی لەرزۆکی لەگەڵ ئەو ڕێبەرانەی نێو یەکیەتی کە لە تەریکخرانەوە لەلایەن فراکسیۆنی تاڵەبانی دەترسان، پێکهێنا. ئەم هەنگاوە تاقمی تاڵەبانی، بە نێوەندگیریی ئێران، هان دا کە لەگەڵ بەغدا بۆ کشاندنەوەی ‌هێزەکانیان لە کەرکوک ڕێکبکەوێ. دەوری تاڵەبانییەکان هەستیار بوو. ئەوان تەنیا پشتیوانیی شلوێ و درەنگ وەختیان لە نەخشەکانی گشتپرسی بارزانی کردبوو. کاتێک کە دیتیان سەرۆک بەرەوڕووی ڕەخنەی بەربڵاوی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە بەر پێداگریی لەسەر گشتپرسی بۆتەوە، هەلێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی ناوبراو بەدیکرد. لە ئەنجامی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە کەرکوک، سوپای عێراق، بە پشتیوانیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە کاتی بەرەوپێشچوونیان بەرەوڕووی نزیکەی هیچ بەرهەڵستکارییەک نەبوونەوە. وێدەچوو بارزانی بەم ڕووداوانە تووشی شۆک بووبێ، ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە پێی وابووە کە پشتیوانیی خۆرئاوا و داهاتی نەوت ئەمی دژی پێویستیی سازش واکسینە کردووە. حیزبەکەی بە شێوەیەکی پەرەئەستێن تووشی هەڵوێستی یەکلایەنە ببوو: پێش ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بە ئاماژە کردن بەم ناوچانەی کە پارتی لەوێ دەسەڵاتی تاقانەی هەیە، بازرگانێک کە بۆتە پێشمەرگە گوتی « ئەگەر سلێمانی لەگەڵ ئێمە نەبێ، ئێمە کوردستان لە دهۆک، هەولێر و دەشتی نەینەوا دروست دەکەین.» لە ئاکامی ئەم غرورەوە، ئێستا جێگای گومانە کە بتوانن کوردستان لە هیچ شوێنێک دروست بکەن. ( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)