کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە (مەلا عەبدوڕەحمان لاهیجانی)

04:38 - 17 رێبەندان 2717

لەساڵی ١٢٩٩ی هەتاوی، لە گوندی عەلیاوای سەربە شاری مەهاباد، منداڵێک لە بنەماڵەیەکی ڕەنجکێش و نیشتمانپەروەر یەکەم هەناسەکانی ژیانی هەڵمژی و لەسەر نەریتی کوردەواری دوای حەوتوویەک لە کۆڕێکی هەژارانەدا ناویان نایە ڕەحمان. مام ئەحمەد دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر بەدنیاهاتنی منداڵەکەیان، ماڵی گواستەوە شاری شنۆ. مام ئەحمەد وەک هەموو باوکە ڕەنجکێشەکانی گەلی چەوساوەی کورد، ئاواتی ئەوە بوو کە منداڵەکەی لانیکەم لەخۆی باشتر بژی و بە خوێندن و زانیاری خزمەت بە خۆی و گەل و نیشتمانەکەی بکا، بەڵام تاکە ڕێگەی فێربوونی زانست لەو سەردەمەدا بۆ چینی هەژاری وڵاتێکی داگیرکراوی وەک کوردستان تەنیا حوجرە و مزگەوتەکان بوون کە زۆربەی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی ئەم گەلە چەوساوەیە لە حوجرەکان و لە خزمەتی مامۆستایانی ئایینیدا پێدەگەیشتن و دەبوون بە ئەفسانەی جەنگاوەرانی خۆرەتاوێکی پارچەپارچەکراو. ڕەحمان، دوای تەمەنی ٦_٧ ساڵی نرایە بەر خوێندن و خرایە حوجرەی فەقێکان لە مزگەوتی جامیعەی شاری شنۆ و بە رەسمی بووبە فەقێ. فەقێ ڕەحمان پلە سەرەتاییەکانی مەلایی هەر لەو حوجرەیەدا دەبڕێ و دواتر وەک نەریتی مامۆستایان بە حوجرەی زۆرێک لە شار و گوندەکانی‌ دیکەی کوردستاندا دەگەڕێ و درێژە بە خوێندنەکەی دەدا. لە ئاکامدا لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا لە حوجرەکەی مامۆستا مەلا محەممەد ماوەرانی لە مهاباد، دوایین پلەکانی مەلایی دەبڕێ و هەر لە خزمەتی ئەویشدا بڕوانامەی مەلایەتی وەردەگرێ و بە ڕەسمی دەبێتە مامۆستای ئایینی. مامۆستا مەلا ڕەحمان لاجانی، ناسراو بە مەلا ڕەحمان (کاڕەش)، دوای ئەوەی کە بڕوانامەی مەلایەتی وەرگرت لەگەڵ کیژۆڵە کوردێک بە ناوی سەیزادە زوڵەیخا ژیانی هاوبەش پێک دێنێ و بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشە، کچ و کوڕێک دەبن، کە کوڕەکەی بەناوی موراد دوای ٥ساڵ لە شانکردنی چەکی شەرەف، لە سەنگەری پارێزگاری کردن لە گەل و نیشتمانەکەی شەهید دەبێ و دەچێتە ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەوە. مامۆستا، وەک کوڕە هەژاری کۆمەڵگەیەکی سەرکوتکراوی ژێرچەپۆک، لەمێژ بوو کە ژانی گەلەکەی وەک زامێکی بەسۆ ئازاری ناخی دەدا و ئوقرەی لێبڕیبو، هەتا ئەوکاتەی کە ک_ژکاف دامەزرا و پەرەی سەند. مامۆستا لە تەمەنی ٢٢ساڵیدا بە ڕەسمی بوو بە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و بە نازناوی «زرێ» و هەر لەو سەرەتاوە شانازیی پلەی کادری ئەو کۆمەڵەیەی پێ‌بڕا و وەک ئەندامێکی چالاکی ئەو کۆمەڵەیە قۆڵی لێ هەڵماڵی و بە ئەوپەڕی توانا و لێهاتووییەوە شانی دایە ژێر ئەو ئەرکانەی کە پێی دەسپێردران.  بە گۆڕینی ناوی ئەو کۆمەڵەیە بە حیزبی دیموکرات، بەبێ هیچ دوودڵییەک و گۆڕانێک لە بیروباوەڕیدا درێژەیان بە خەبات دا. کۆماری کوردستان بەرهەمی ڕاستبێژی و پتەوی ئەو بیروباوەڕانە بوو، کە گیان لەسەردەست و پێشمەرگەی بەرژەوەندییەکانی گەل بوون. دوای ئەوەش کە کۆماری کوردستان لە مهاباد، کرایە قوربانی بازرگانە زلهێزەکان و جوانەمەرگ کرا و هیوای گەلێک لە سێدارەی تاریک‌پەرەستەکان درا، هەرچەند کە بێ هیواییەک باڵی کێشابوو بەسەر ورەی نیشتمانپەروەراندا، بەڵام مامۆستا یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ورەی زۆر لەوە بەهێزتر و پۆڵایینتر بوو کە کۆڵ بدا و دەستەوئەژنۆ ڕاوەستێ، بەڵکوو مامۆستا هەر درێژەی بە خەباتی نهێنی و تەشکیلاتی خۆی دا، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە، هەر لە ژێر چاوەدێری بەکرێگیراوەکانی ساواک دا بوو، هەتا ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لەلایەن ئەو هێزانەوە قۆڵبەست کراو خرایە بەندیخانەی ڕژێمی پاشیەتییەوە و تا ساڵی ١٣٤٠ لە زیندان دەسبەسەر بوو. مامۆستا دوای ئازادبوونی لە زیندان بەردەوام لەژێر چاوەدێریدا مایەوە، بەڵام بیروباوەڕی ئەو زۆر لەوە پتەوتر بوو کە بە زیندان و ئەشکەنجە چاوترسێن بکرێ و وازبهێنێ، بەڵکوو مکووڕتر لە جاران درێژە بە خەبات دەدا و وەک کادێریکی لێهاتوو لە چەندین پۆستی جیاوازدا ئەرکی نیشتمانی و حیزبیی خۆی بە سەرکەوتوویی ڕادەپەڕێنێ. ناوبراو ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی بۆ جاری دووهەم دەسبەسەر دەکرێ و ڕەوانەی زیندانەکانی ئەو ڕێژیمە دەکرێتەوە و بۆ ماوەی 9 ساڵی دیکە لە چەندین بەندیخانەی جۆراوجۆری ئەو ڕێژیمەدا بەسەر دەبا، مامۆستا تەنانەت لە زیندانیش دا هەر درێژە بە خەبات و چالاکیەکانی دەدا، هەتا ساڵی ١٣٥٣ لە زیندان ئازاد دەبێ و بە گشتی مامۆستا نزیکەی ١٢ساڵ و نیو، لە تەمەنی خۆی لە زیندانەکانی داگیرکەراندا بەسەر دەبا. مامۆستا، دوای ئەوەی کە لە زیندان ئازاد دەبێ، ڕێژیمی پاشایەتی لە بارودۆخێکی ئاڵۆز دا دەبێ کە بەرەبەری دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران دەبێ و ئەو هەلومەرجەش بۆ شۆڕشگێڕێکی وەک مامۆستا گەورەترین خەڵاتی خوایی دەبێ و بەبێ هیچ ڕامانێک دیسان دێتەوە مەیدانی خەبات و دەست بە کار و چالاکی و هوشیارکردنەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکاتەوە و لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرێ بۆ هاندانی خەڵک دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پاشایەتی حەمەڕەزاشا. مامۆستا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، وەک کەسایەتییەکی خاوەن ڕابردووی سیاسی، لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی پیرانشار ڕێز و متمانە و پلەوپایەیەکی تایبەتی دەبێت و خەڵکی ئەو ناوچەیە بە هێمای خۆڕاگری و قەڵای ورە دەیناسن و وەک بەرپرسی شۆڕای ئەو شارە هەڵی دەبژێرن. دوای ئەوەیکە حیزبی دێموکرات شار و گوندەکانی بەرەو چیا سەربەرزەکان بەجێهێشت و دواتریش بە ناچاری بەرەو دەشتی کۆیە بنکە و بارەگاکانی گواستەوە، زۆرێک لە هاوسەنگەرەکانی مامۆستا ڕوویان کردە تاراوگە یان ژیانێکی ئاسایی، بەڵام مامۆستا، هەر بەو گەرموگوڕییەی جاران درێژەی بە ڕێگا پڕ لە هەوراز و نشێوەکەی خەبات دا و هەتا دوایین هەناسەکانی ژیانی پێبەندی ئەو سوێندە بوو کە لەیەکەم ڕۆژی بوون بە ئەمدامی کومەڵەی ژ.ک وە خواردبووی و ئەو سەنگەرەی چۆڵ نەکرد. لە ئاکام دا مامۆستا مەلا عەبدوڕەحمانی لاهیجانی، لە ڕۆژی ٦ ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨١ هەتاوی لە تەمەنی  ٨٢ساڵیدا لە بارەگاکانی حیزب لە شاری کۆیە بە ویژدانێکی ئاسوودەوە ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد و قەڵایەک لەورە و دنیایەک لە باوەڕی بۆ هاوسەنگەرەکانی بەجێ هێشت و لە کۆڕێکی بەشکۆ و ئاپۆڕای هاو خەباتەکانیدا ئەسپەردەی خاک کرا. ( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)