کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هیچیان ناچێت...

07:40 - 17 رێبەندان 2717

ئەو لە هیچیان نەدەچوو! بەژنی پڕ بو لە یاقوتی ژیان، چاوەکانی لە خەیاڵی ئەرخەوانی، وشەکانی لە نەبات، هەنگاوەکانی لە بەفرێکی گەرم گەرم! سپێدەی لە مەستی خۆرەتاو ئیوارەی لە یاسەمین ئەو لە هیچیان نەدەچوو، نا... هات سێبەری هەر هەموو سەوزاییەکانی ڕاو کرد بۆنی عەتری باخەڵی هەر هەموو ئێوارەکانی ئەم شارەی خستە فەقیانەکەی چرپە چرپی باخچەی کۆکردەوە ژێر چەترەکەی بێزاری بەسەر شانی مردندا لار کردەوە لە هیچیان نەدەچوو ئەو! هێندە جوان و گەرم بوو دەتگوت تەوارە خەم لێنیشتوەکەی نیشتیمانی منە لە باوەشی خەیاڵدا ون دەبوو... ئەو چەندە جیاواز بوو جیاواز! لە فڕیندا ڕەنگی لە هیچ پاسارییەک نەدەچوو شەقەی باڵی دڵی دەلەراندەوە گیانی دەخستە سەما ئەو لە هیچیان نەدەچوو لە تارمایەکی سپی دەچوو ئەو بەسەر هێشووەکانی ئەویندا چاوی دەتروکاند وەک شەوێکی تەنها و درێژ! لە سێبەری بایەکی پر نمە باران دەچوو لە فرمێسکی ڕوانینێکی نەرم ئەو بۆنی مەراقی من و تۆ و دایکم دەخاتە جانتاکەی پڕدەبێ لە شەکری پیکەنین ئەو! شەو تا سپێدە هێشووی نوور دەهۆنێتەوە بەناو بەلەمە شکاوەکاندا خەیاڵی دۆزینەوە ژیان دەبینێ ئەو لە هیچمان ناچێ و لە هەر هەموومان نزیک! لەگەڵ هەر هەموو بێدەنگیەکاندا لە هیچیان ناچی لە نۆژن بونەوەدا لەماڵی هەتاودا هەمیشە خەم دەتوێنێتەوە نائومێدی بە ڕێژنەی باو غەریبی بە سەراب دەسپێرێ لە هیچیان ناچێت... ( لە ژمارەی ٧١٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)