کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ترس‌و دڵەڕاوکێی کاربەدەستانی ڕێژیم

00:13 - 20 رێبەندان 2717

لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری رێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی، کاربەدەست و دەمڕاستەکانی سەرەوەی ئەو ڕێژیمە، بەتەواوی ترسیان ڕێنیشتووە و زۆر بە پەرۆشەوە دەڕواننە داهاتووی خۆیان‌و نیزامە دواکەوتووەکەیان. چەند ڕۆژ لەمەوبەر نامەی سەرئاوەڵەی مەهدی کەڕووبی بۆ خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە کە لەودا ناوبراو ڕەخنەی توندی لە خامنەیی گرتبوو و داوای لێکردبوو بەرپرسیایەتیی سێ دەیە نەهامەتی و سیاسەتە شکستخواردوەکانی نیزام وەئەستۆ بگرێ. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو نامە توندو تەوساوییە، حەسەنی ڕووحانی سەرۆک‌کۆماری رێژیم لە سەر گۆڕی خومەینی، باسی لە هۆکارەکانی ڕووخانی ڕێژیمی پێشوو کردو ڕاشکاوانە بەڵام بە بێ نێوهێنانی خامنەیی، گوتی: "ڕێژیمی پاشایەتی بۆیە ڕووخا چونکە گوێی لە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی نەبوو و تەنیا دەنگێک کە بیستی، دەنگی شۆڕشی خەڵکی بوو". ڕۆژی دووشەممەی رابردووش جەننەتی، سەرۆکی مەجلیسی خیبرەگانی ڕێژیم بە زمانێکی دیکە هەمان ترس و دڵەڕراوکێی دووپات کردەوە و گوتی نیگەرانی ساڵی داهاتووم. ئەو ترس و نیگەرانییانە لەجێدان و کاربەدەستان و دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی باش لەو ڕاستییە گەیشتوون کە نیزامە دواکەوتوو، دیکتاتۆڕی و داپڵۆسێنەرەکەیان، گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و ناتوانن بە گرتنی هەزاران کەسی و سەرکوت و زەبروزەنگ و کوشتوبڕ، دەنگی ناڕەزایەتی و ڕق‌و تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کپ بکەنەوە. هەروەها کاربەدەستانی ڕیژیم، تەنانەت سپای پاسداران و ئەو باڵەی کە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و لە خامنەیی نیزیکن و دەمارگرژانە دەهۆڵی قڵتوبڕی نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەکوتن و سەرەداوی ناڕەزایەتییەکان بە وڵاتانی دەرەوە دەبەستێتەوە، لەلایەک ناتوانن وەک چەند مانگی ڕابردوو چاو بەسەر شەپۆلی پەنگخواردووی ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران‌دا بنووقێنن و لەلایەکی دیکەش بۆیان ناکرێ حاشا لە ئەو بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بکەن کە پێکهێنەری ناڕەزایەتییەکانە و هەر بۆخۆشیان لە ماوەی نیزیک بە چوار دەیەی دەسەڵاتیان خوڵقاندوویانە. هەربۆیەش هۆشداری دەدەنە یەک و هەر کەس و لایەنە بەشێوەیەک هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ڕەوتە دەکەن کە خەریکە قووڵتر دەبێتەوە و کۆڵەکەکانی دەسەڵات دەلەرزێنێ. بەڵام ئەوەی دیارو بەرچاوە ئەوەیە کە خامنەیی و سپای پاسداران و کەسانی وەک جەننەتی، دەیانەوێ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە قەیرانە ئابوورییەکان و ناکارامەیی دەوڵەت لە چارەسەریان ببەستنەوە و وا نیشان بدەن کە ئەگەر بۆ وێنە هەژاری گەیشتۆتە ئەو ئاستە بەرزە کە لە تاران و شارە گەورەکان هێڵی هەژاری لە چوار میلیون تمەن لەمانگ‌دا تێپەڕیوە، یان نرخی بەرانبەری تمەن لەئاست دراوە جیهانییەکان بەشێوەیەکی بێوێنە دابەزیوە، ئەوە کێشەیەکی ئابوورییە کە دەوڵەت ناتوانێ چارەسەری بکات و بە بۆچوونی خۆیان ناڕەزایەتییەکان کۆی نیزام ناگرێتەوە. هەربۆیەش دەبینین ڕاوێژی زاریان و ئاخاوتنەکانیان لەگەڵ ڕووحانی و ڕێفۆرمخوازەکانی نێودەسەڵات جیاوازیی هەیە. ئەگەر کەسێکی وەک کەڕووبی ڕاشکاوانە باس لە بەرپرسیارێتی خامنەیی لە قەیران و داڕمانی نیزام و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیی ئێران دەکات یان ڕووحانی کۆماری ئیسلامی و چارەنووسەکەی بە چارەنووسی ڕێژیمی پاشایەتی دەشوپهێنی و وەک دەڵێن زەنگی مەترسیی بە گوێی خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا دەچرپێنێ و بەڕاشکاوی دەڵێن "دەنگی شۆرش" و شەپۆلی ڕق و تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هەرچی زووترە و هەتا وەدرەنگی نەکەوتووە ببیسن، ئەگینا هەموومان تێدادەچین و کەشتیی کۆماری ئیسلامی نوقم دەبێ، وادیارە ئەو هۆشداریدان و زەنگی مەترسیانە کاریگەری لەسەر خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵاتدا نییە و ئەوان لەلایەک بەتەمان ناڕەزایەتی خەڵکی بەلارێدابەرن و لە خانەی کێشە ئابووریەکاندا‌ بەرتەسکی بکەنەوە و لەلایەکی دیکەش بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخە دژوارو قەیراناوییە کە بڕستیی کە لە چین‌وتوێژە هەژارەکان بڕیوە، بەکۆڵ دەوڵەتی ڕووحانی دابدەن و بەمجۆرە قامکی تاوان بۆ پیج ساڵ دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە ڕاکێشن و خۆیانی لی‌بێبەری بکەن. ئەوە لە حالێک‌دایە ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران ئەگەر لە "نا بۆ هەژاری و بێکاری" دەستی پێکرد، زۆر زوو پەرەیسەند و ویست‌و داخوازییەکان لە چواچێوەی چارەسەری کێشە ئابوورییەکان هاتنەدەرێ و لە بوارە سیاسی و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان نواند. لە بارودۆخی ئێستادا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەبێ لە هەموو بوارەکان‌ پاشەکشە بە ڕێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا بکەن. کرێکاران وەک ئەو چینەی کە جگەلە هێزی کاری خۆیان هیچیان نییە بیفرۆشن و لەهەر حالەتێکیشدا هیچیان نییە لەدەستی بدەن هەروەک نیشانیان داوە هێزی بەهێزی ڕاپەڕین و خرۆشانی بەفرانبار بوون، ئێستاش هەر بەردەوامن لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان و دەسەڵات ناتوانێ نە بەر بەو جووڵانەوە مافخوازییە بگرێ و نە ویست‌و داخوازییە ڕەواکانیان دابین بکات. جگەلەوەش نافەرمانیی مەدەنی و دەربڕێنی ناڕەزایەتی لە سیاسەت و یاساگەلی داسەپاو و دواکەوتووی ئەو ڕێژیمە لە بارودۆخی ئێستادا باشترین چەکە کە کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران دەتوانن کەڵکی لێوەرگرن و هەنگاو بەهەنگاو پاشەکشە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بکەن. چونکە هەم تێچووی گیانی و ماددی کەمتری لێدەکەوێتەوە و هەم پشتیوانیی چین‌و توێژەکانی خەڵکی ئێران و وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ ڕادەکێشی و هەم گوشاری نێوخۆیی و دەرەکی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەدوادادێ. کەمپەینی "نا بۆ حیجابی زۆرەملێ" کە لە شەقامی ئینقلابی تاران لەلایەن ژنێکی خۆڕاگرەوە دەستی پێکرد، لەو نافەرمانییە مەدەنیانەیە کە خەریکە لەهەموو شارەکانی ئێراندا پەرەدەگرێ و بەدڵنیاییەوە رێژیم ناچار دەبێ مل بۆ ویستی ژنان و کچانی ئێرانی ڕاکێشێ و پاشەکشە بکات. ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕیژیمی گەندەڵ و هەڵتەکاوی کۆماری ئیسلامی، ئاوسانی ئاڵوگۆڕی چارەنووس‌سازە و شک ‌لەوەدا نییە نەعرەتەی ڕق‌‌و تووڕەیی و بێزاریی کۆمەڵانی خەڵکی لە شەقام و گۆڕەپانی شارەکانی ئێران دەنگ دەداتەوە و سەرکوت و ئاخنینی زیندانەکان و کوشتوبڕ و تەنانەت دووبارەکردنەوەی جینایەتی گرتووخانەی "کەهریزەک" و کوشتنی لاوەکان لەژێر ئەشکەنجەی جەللادەکاندا، ناتوانێ داهاتوو و چارەنووسی ئەو ڕێژیمە کە بێ‌گومان ڕووخان و نەمانە بگۆڕێ!