کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە گرینگەکانی لە ئیراندا ٣٨

16:28 - 1 رەشەمه 2717

بەردەوامیی کاردانەوەکانی هێرش بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا ئاغای ناموەریی حقیقی، لەگەڵ دکتور ئیبراهیمی یەزدی_کە ئەوکات وەزیری دەرەوە بوو_ و موهەندیس عەباس عەبدی _کە ئەوکات یەکێک لە خوێندکارانی هێرشبەر و بارمتەگر بوو_ بە دوو بیری جیاواز، لەبارەی بە بارمتەگری گفتوگۆی کردوە. عەبدی پێی وابوو: ڕووداوی شەڕی ئێران و عێراق، گرژی و پسانی پێوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا، کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لەو پێوەندییەدا، پلەبەندییەکانی شۆڕش، پێکهاتەی هێزەکانی کاریگەر لە ئاڵوگۆڕەکاندا، هەر ڕوویان دەدا. بەڵام وەک، زووتر دەستپێکردنی شەڕی یەکەمی جیهانی، بە هۆی کوشتنی وەلیعەهدی ئوتریش بوو، لە ئێرانێش ڕووداوی باڵوێزخانەی ئەمریکا بوو. دەوڵەتی کاتیش زەرفییەتی بارودۆخەکەی نەبوو. ئیبراهیم یەزدیش لەو بڕوایەدا بوو کە: کاتێک دەوڵەتی کاتی، بڕیارنامە دەوڵەتییەکان و شووڕای شۆڕش هەبوون و بەرپرسیار لە بەڕێوەچوونی یاسا نێونەتەوەییەکان بوون؛ دەبوو ئیزنی کار و ئیبتیکاریان پێدرابا. ئێران یاسای بنچینەیی نەبوو. دنیا چاوەڕوانی پەسندی ئەو یاسایە بوو. ئێمە پێویستمان بە فەزای ئارام هەبوو. بیروڕای ڕێبەری و شووڕای شۆڕش خوازیاری پسانی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا نەبوون. بەو پێیەی کە ئا. خومەینی پێش سەرکەوتنی شۆڕش گوتبووی: چوونی شا بۆ ئەمریکا کێشە نیە، بە بڕوای دەوڵەت چوونی شا بۆ ئەمریکا جێی مەترسی نەبوو. (١) ئەو کارە نادروستە لە بواری ئابووری، پێوەندیی دیپلۆماسی، دروستبوونی بێ متمانەیی، پێشێلکاریی مافە نیونەتەوەییەکان، ناساندنی باڵوێزخانەی ئەمریکا بە ناوەندی پیلان و سیخوری، سەرکوتی موخالیفانی سیستمی ئیسلامی سیاسیی شیعەی دوازدە ئیمامی، بڵاوکردنەوەی بەردەوامی دروشمی مەرگ و نەمان، دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسراییل _وەک ڕێچکەیەکی هەرە گرینگی ئەرکدار ردنی دەسەڵات_ کە شەڕ و وێرانی و تێڕۆڕ و نائەمنی لێکەوتەوە، پێڕستێکی دوور و درێژی پڕ لە تاوان و مەرگەسات و فەزای خێنکێنەر و مەترسیهێنەری لەو بوارەدا تۆمار کردوە، کە پاشەکشەی دەسەڵات لێیان، بە نەمان دەزانێ. درێژەدانیشی وێرانی و کوشتاری پتر و نائەمنی زۆرتری بەدواوە دەبێ. لە بواری ئابووری ئاغای ئەحمەدی عەلەوی_کارناسی ئابووری دانیشتووی سوئێد_ دەڵێ: بارمتەگری ئەمریکاییەکان لە تاران، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پڕۆژەکانی ستراتێژی و سەرمایەگوازاری درێژ ماوە دانا. نەدانی تیکنۆلۆژی و زانیاریی و ئیتلاعات لە ماوەیەکی کەمدا، بەشێوەیەک ناکارامەیی لە بابەت خوڵقانی کار، پێداویستیە گشتییەکان و بەرهەمهێنانی ئابووریدا، خۆی نواند. وەفا ئازەری بەهاری، هەواڵنێری دەنگی فارسی ئەمریکا دەڵێ: پێوەندیی تیجاری و ئابووری واشینگتۆن لە بەرەبەری شۆڕشدا، ئەوەندە زۆر بوو کە دوای داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا، هاتنەدەرێی شیرکەتە ئەمریکاییەکان لە ئێران و پرۆژە ناتەواوەکانیان بوو بە مەوزووعێک لە رێککەوتنی ئەسڵی ئەلجەزایر سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکاندا. ناوبراو باسی پووڵە بلووکەکراوەکان دەکا کە جێیەکی پێش بارمتەگیریەکە ١٣ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دوڵاری لە بانکەکانی ئەمریکا بەشێوەی ئەسپەردە بووە. بێهزادی نەبەوی، وەزیری ڕاوێژکار لە بەشی ئیجرایی و بەرپرسی چارەسەری کێشەی بارمتەکانی ئەو کات گوتوویەتی: لەو پووڵە تەنیا بڕی ٢ میلیارد و ٨٧٠ هەزار دۆڵاری بۆ ئێرانێ گەڕێنراوە. هەواڵنێری فارسیش نووسیبووی: لە وتوێژی ئەلجەزایردا، ئەمریکا پتر قازانجی کرد. هەروەها، بە پێی رێککەوتنی ئەلجەزیرە، بڕی ٢ میلیارد دۆلار لە شوێنێکی تایبەت دانرا، هەتا لەسەر بڕیاری دادگای لاهە قەرەبووەکانی پێویست بەو شیرکەتانە بدرێتەوە کە گرێبەستەکانیان لەلایەن دەوڵەتی شۆرشگێڕەوە هەڵوەشابۆوە.(٢) لە بەشی ئابووریدا، پێویستە ئاماژە بکرێ کە ئا. خومەینی بە دێڕێک خۆی و نیزامەکەی لە بەرپرسایەتیی سەبارەت بە مەسەلەی ئابووری دزییەوە. ئەو گوتی: «مەسەلەی ئابووری بۆ مرۆڤ نیە. خەڵکی ئێمە شۆڕشیان بۆ ئیسلام کردوە نەک بۆ خواردن.» (٣) د. یەزدی گوتی: تەنیا مەسەلەی ٤ میلیارد دۆڵار نەبوو. شۆڕشێکی گەورە، مێژوویی و بێوێنە لە جۆری شۆڕشەکانی کلاسیک لە ئێراندا کرابوو، ئەو بارمتەگریە کاریگەریی لەسەری هەبوو. شۆڕش دوو فازی هەیە، نەرێنی و ئەرێنی. فازی نەرێنی ئەوە بوو کە نیزامی پاشایەتیمان ڕووخاند. ئێمە دەبوو بچینە نێو فازی ئەرێنی. بەڵام لەوێ ماینەوە و هەر خولمان خواردەوە و ٣٠ ساڵیشە هەر وایە. ئێمە تەنانەت نەماندەتوانی بپرسین کە، بانکی ناوەندیی ئێران کۆی سپاردەکانی لە بانکەکانی ئەمریکادا چەندە؟! ئێستاش دوای ٣٠ ساڵ کە لە سەرکۆماری پێشووی ئێران دەپرسن، ئاغا، پووڵە راگیراوەکەی ئێران لە ئەمریکا چەندە، دەڵێ نازانم. کەوابوو ئەو بەشە بەمانەی خراکردنەکەی شۆڕش بوو، کە ناوی «شۆڕشی دوویەم»ی لەسەر دانرابوو. (٤) بەشی ویلایەت تەوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گویدان بە زەرەروزیانەکان، پتر «ئەسپی خۆیان لینگ دەدەن.» بۆیە لە ڕاپۆرتی پێوەندییە گشتییە دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەری ناوەندی بەڵگەکانی شۆڕشی ئیسلامی، لە ٣٨مین ساڵوگەری ئەو داگیرکارییەدا، یەکێک لە پێناسە بنچینەییەکانی ئەو شۆڕشە بە دژی ئیستیکبار ناو دەبا، کە هێمای تەواوکارییەکەی لە ١٣ی گەڵارێزانی ١٣٥٨ نیشان درا. ئەو شوێنە، داگیرکردنی «هێلانەی سیخوری» بە نوێترین کردەوە لە بەرانبەر بە ئیستیکبار دەزانێ کە «ئیمام خومەینی» بە شۆڕشێکی گەورەتر لە شۆڕشی یەکەمی لە قەڵەم دا. ئەو ناوەندە کتێب گەلێکی بە ناوەکانی «انقلاب دوم، دانشجویان و گروگانها، تاریخ شفاهی جنبش دانشجویی مسلمان، بحران، خاطرات همیلتون جردن، مشاور کارتر؛ گروگانگیری ایرانی، سیاست خارجی آمریکا و بحران گروگانگیری در ایران» (٥) بڵاو کردۆتەوە؟! «شۆڕشی دوویەم» ی ئا. خومەینی و دەستوپێوەندییەکانی پتر بۆ دژایەتیی لەگەڵ رۆژئاوا بە تایبەتیی ئەمریکا؛ خوێندنەوەی بۆدەرکرێ. ئەو بۆچوونەی ئەکبەر گەنجی دەتوانێ زۆر بەجێ بێ کە: ئەگەر یاساکانی جێخراوی مرۆڤی پێشکەوتوو بە هۆی بیگانەبوون رەد دەکرێنەوە، حوکمی فەقیهەکانیش دروستکراوەی بێگانەکانن. ئەگەر مافی جیهانیی مرۆڤ، دێموکڕاسی و فێمینسم ڕۆژئاوایین؛ حوکمەکانی ویلایەتی فەقیهیش عەرەبین. (٦) سەرچاوەکان ١_ یوتیوب، علیرضا نامور حقیقی، تحلیلگر مسایل سیاسی، ایران از نگاە دوم. ٢_ یوتیوب، اثرات گروگانگیری بر اقتصاد ایران. ٣_ سایت ویکی پدیا، دانشنامەی آزاد. ٤_ یوتیوب، اشغال سفارت آمریکا بخش ١٤، ایران از نگاە دوم. ٥_ سایت، مرکز اسناد انقلاب اسلامی. ٦_ سایت رادیو فردا، اکبر گنجی، علتالعلل اعتراض دیماە ١٣٩٦. ( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)