کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی ڕێفراندۆم لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا

16:44 - 1 رەشەمه 2717

لە چەند مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیده‌ربڕینی خەڵکی ئیران لە سیستمی کۆماری ئیسلامی پانتاییەکی بەربەرینی لە شار و شارۆچکەکانی ئێران گرتەوە و بوو بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ترسیان لێ بنیشێ و تووشی جۆرێک لە سەرلێشێواوی ببن و هەتا چەند ڕۆژان نەتوانن خۆ کۆ بکەنەوە و بکەونە سەرکوتی خەڵکی وەزاڵە هاتوو لە سیستمی سیاسیی زاڵ بەسەر ئێراندا. لە نێودەیان شوعاری جۆراوجۆری تابۆشکێندا که‌ دران، دروشمی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بۆ گۆڕینی پێکهاته‌ی دەسەڵاتداره‌تیی کۆماری ئیسڵامی لە هەمووان زیاتر لەنێو دەسەڵاتداران و خەڵک و ئۆپۆزیسیوندا بۆتە جیگای موناقشە، هەر بۆیە هەموو هەوڵی دەسەڵات ئەوەیە لە چوارچێوەی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێناسەی بۆ بکا بەڵام ئۆپۆزیسیون و خەڵک بە پێچەوانەی دەسەڵاتداران مەبەستیان لە ڕێفراندۆم لە دەرەوەی بازنەی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامییە. یەکێک لەو دەستەواژانەی کە لە بواری سیاسیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ ڕێفراندۆم یا بە واتایەکی دیکە گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵکە . بەو مانایە کە بۆ چارەسەری مەسەلەیەکی سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی و یا کاراکردن و له‌کارخستنی قانوونێک کە پێوەندی هەبێ بە هەموو کۆمەڵگه‌وە و پێویست بێ دەنگی خەڵکی بۆ وەربگیری؛ دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە ئامادەکاریی دەکا بۆ بەرێوەچوونی ڕێفراندۆم. لەڕاستیدا ڕێفراندۆم یەکێک لەو ڕێکارانەیە کە خەڵک ڕاستەوخۆ بە ئامادە بوون لە سەر سندووقەکانی دەنگدان دەسەڵاتی خۆی لە پرسێکی چارەنووسسازدا بە کار دێنێ. لە ماوەی ٣٩ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا پرسی ڕێفراندۆم وەک مۆتەکەیەک ماوەتەوە و ماوەبەماوە  بە مەبەستی جیاواز لەلایەن خەڵکەوە یا بەشێک لە دەسەڵات سەری هەڵداوە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی مەزهەبی ئیزنی بەڕێوەچوونی پێ نەداوە. هەر چەند لە قانوونی بنەڕەتیی ئیراندا لە چەند ئەسڵێکدا باس لە ڕێفراندۆم کراوە بەڵام لە هەر ئەسڵیکدا قانووندانەر بە دوای ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بوو هەتا بەشداریی خەڵک بۆ چارەسەری گرفتەکان.. هەروەک لە خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییانەدا خەڵکی ناڕازی باسی ڕێفراندۆم دەکەن بۆ گۆڕێنی هەموو پێکهاته‌ی نیزام بەڵام دەسەڵاتداران کە باس لە ڕێفراندۆم دەکەن، ده‌یگوازنەوە بۆ نێو بازنەی قانوونی بنەڕەتی ئێران. ئێستا و جارێکی دی سەرۆک کۆماری ئێران لە وتاری ٢٢ی ڕێبەندانی ٣٩ ساڵەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی داوا دەکا بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵات بە پێی ئەسلی ٥٩ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران پرس بە خەڵک بکەین و ڕێگاچارە لەوان بخوازین. ئەو لێداونەی ئاغای ڕووحانی لە یەکەم ڕوانگەدا باش دێتە بەر چاو و دەتوانین بڵێین ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە دەسەڵاتدارانی ئێران دەنگی خەڵکیان بیستووە، بۆیە پەنا بۆ بەڕێوەچوونی ئەسڵی ٥٩ی قانوونی بنەڕەتی ئێران دەبەن؛ بەڵام کاتێک بە ناخی سیستمی کۆماری ئیسلامی و قانوونه‌کانیدا دەچینە خوارێ بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەو گوتارەی ئاغای ڕووحانی واتا گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک هیچ زەمانەتێکی ئیجرایی لە پشت نیە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا ئەگەر ئەسڵیک باس لە گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک له‌ شێوەی ڕێفراندۆم بۆ چارەسەری گرفتەکان دەکا، چەند ئەسلی دیکەش هه‌ن که‌ دەبنە لەمپەر لەبەرامبەر جێبه‌جێکردنیدا. ئەسلی ٥٩ کە ڕووحانی پشتی پێ دەبەستێ تا لە ڕێگای جێبەجیکردنی ئەوەوە بتوانن خەڵک لەگەڵ سیاستەکانی خۆیان هاوڕا بکەن یا لە ڕێگای دەنگی خەڵکەوە پاشەکشە بە کۆمەڵێک قانوون بکەن کە لەمپەریان لەسەر ڕێگه‌ی دەوڵەتی ڕووحانی دروست کردووە،  تایبەتە بەو ڕێکارانەی وەک قانوون لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە مەجلیس دەردەچن و لە چوارچێوەی ساختاری قانوونی بنەڕەتیی ئێران دان و ئه‌وه‌ خودی نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتیی ئێرانه‌ که‌ سەرچاوەی هەموو کێشە و گرفتەکانە. ئەگەر ڕوونتر باسی بکەین ئەسڵی ٥٩ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران کە باس لە ڕێفراندۆم دەکا تەنیا لە چوارچیوەی پەسند کراوەکانی مەجڵیس لە بواری سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی دایە. ئەوە ڕاستە کە قانوونەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، بەڵام کێشەکە لەوە دایە کە هەر بە پێی قانوونی بنەڕەتیی ئیران دەسەڵاتی بەرزتر هەیە کە فەرمانەکانی سه‌رووترن لە پەسندکراوەکانی مەجلیس و لە هەمان کاتدا بۆ جێبه‌جێکردنی ئەسلی ٥٩ پێویستە دوو لەسەر سێ هەموو ئەندامانی مەجلیس دەنگ بدەن بە جێبەجیکردنی  ڕێفراندۆم و لە کۆتاییدا دەبێ ئه‌و بڕیاره‌ به‌لای ڕێبه‌ریی نیزامه‌وه‌ په‌سند بێ. جیا له‌وه‌ لە شەش ئەسڵی دیکەی قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا باسی ڕێفراندۆم کراوە. بە پێی ئەسڵی ٦ «دەبێ ئیداره‌ی وڵات بە پشتبەستن بە دەنگی خەڵک لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە بەڕێوە بچی، وەک هەڵبژاردنی سەرکۆمار و نوێنەرانی مەجلیس و .... یا لە ڕێگای گشتپرسییه‌وه‌ ئەو بابەتانەی کە لە ئه‌سڵه‌کانی دیکەی ئەو قانوونەدا دەستنیشان کراوەن  چارەسەر بکرێن».  بەڵام ئەسڵی ٩٩ی قانوونی بنەڕەتی ئێران باس لەوە دەکا کە شوڕای نیگەهبان چاوەدێری بەسەر هەموو هەڵبژاردنەکاندا دەکا و لە هەموو لایەک ڕوونە چاوەدێریی شوڕای نیگەهبان بە پێی پێکهاتەکەی ناتوانێ بێلایەن بێ؛ چونکە ئەندامانی ئەو شورایە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەرەوە دەستنیشان دەکرێن و لە بەرابەر هیچ دەزگایەکدا وەڵامدەر نین  بێجگە لە ڕێبەر نەبێ و؛ لە حاڵەتێکی وادا ئەگەر ئەسڵی ٥٩ش وەک خۆی جێبەجێ بکرێ دیسان ویستی خەڵک لە ڕێفراندۆم نایه‌تە دی و ڕەنگە لە حاڵەتی وادا ئاکامی ڕێفراندۆم بە قازانجی ڕێژیمیش بشکێتەوە. بێجگە لەو حاڵەتە هەر بەپێی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە ئەسڵی ١١٠ دا بڕیاردان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم لە دەسەڵاتی ڕێبەر دایە. ئەگەر باشتر و وردتر بە ناخی قانوونی بنەڕەتی ئێراندا بڕۆینە خوارێ دەبینین لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا ناکرێ و ناتوانرێ بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری پشت بە ڕێفراندۆم له‌ چوارچیوه‌ی نیزامدا ببەستین، چونکە ئەسڵی ١٧٧ بەڕوونی ئەو خاڵانەی دەستنیشان  کردوون کە بۆ هەتاهەتایە _واتا هەتا کۆماری ئیسلامی بمێنێ_ قابیلی گۆڕان و دەستکاری نین و ئەو خاڵانە لە ڕاستیدا سەلمێنەری جه‌وهەری نادێموکراتبوونی کۆماری ئیسلامین. ئەسڵی  ١٧٧باس لەوە دەکا کە پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتی یا پرسێکی سیاسیی گرینگ پێویستی بە ڕەزامەندیی ڕێبەر هەیە، هەروەها ئه‌و ئه‌سڵه‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کا کە ئەسڵی ٥٩‌ هیچ پێوەندیی بە پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتییەوە نیە. هه‌ر ئه‌و ئه‌سڵه‌ لە کۆتاییدا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێ که‌ «ئیسلامیبوونی نیزام و هەموو ئەو قانوون و ڕێکارانەی کە لەسەر بنه‌مای ڕێوشوێنی ئیسلامی و ئامانجەکانی کۆماری ئیسڵامی ئیران و کۆماریبوونی حکومەت ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتیی ئۆمەت .... و دین و مەزهەبی ڕەسمی ئیران ئاڵوگۆریان بەسەردا نایە و ده‌ستیان لێ نادرێ.» ئەو پێداگرییه‌ی ئەسڵی  ١٧٧ لە سەر ئەوانه‌ی باسیان کرا نیشانەی ئەوەیە کە بەبوونی قانوونی بنەڕەتییەکی لەو بابەتە هیچ ڕێفراندۆمێک ناتوانی مەبەستی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئیران بێنێتە دی و ئاڵوگۆر لە سیستمی بەرێوەبردنی وڵاتدا پێک بێ. ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئەگەر ڕێفراندۆم کە داوا و مەبەستی خەڵک و چالاکانی سیاسی و مەدەنییە لە چوارچیوەی قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا ناگونجێ، ئەدی سەرکۆمار بە چ مەبەستێک باسی دەکا ؟ لێرە دایە کە دەتوانین ئه‌و ئاکامه‌ وه‌رگرین ڕێفراندۆمێک کە مەبەستی  ئاغای ڕووحانییە بە هیچ جور ناچێتە خانەی داواکانی خەڵک، چونکە ئەگەر ئەوه‌ی ڕووحانی بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٥٩ باسی دەکا هەر وەک پێشتر گوترا بێتەدیش، ناتوانێ لە سەر ئەو قانوونانە بێ کە ماوەی ٣٩ ساڵە ژیانیان لە خەڵکی ئیران هەڵگرتووە. بۆ نموونە ناتوانرێ مەسەلەی دین لە دەوڵەت جیا بێ، یا ئازادیی ژنان بخرێتە بەردەم ڕێفراندۆم و دەنگی خەڵک، یا چاپەمەنی و حیزبه‌ سیاسییه‌کان تیکۆشانی ئازادیان هەبێ... ئەگەر بمانەوێ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی دێموکراتیک لە بواری بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمدا بەراورد بکەین، دەبینین خەڵکی ئیران بیرەوەریی ئەوەندە خۆشیان لە ڕێفراندۆم نیە؛ چونکی وه‌ک باسمان کرد ڕێفراندۆم لە بنەڕەتدا ڕێکارێکی پێشکەوتووانەیە بۆ چارەسەری ئەو کیشە و گرفتانەی کە لایەنی دەسەڵاتدار ناتوانن چارەسەری بکەین و بۆ بڕیاری کۆتایی ڕوو لە دەنگی خەڵک دەکەن و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی دێموکراتیک و ئازادانە بەڕێوەدەچێ و ئەنجامی ڕێفراندۆم بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگه‌ حوکمی قانوونی هەیە و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێ. بەڵام له‌ مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ئێران و بە تایبەتی ماوەی چوار ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ڕێفراندۆم نەک نه‌یتوانیوە چاره‌سه‌ر بەڵکوو هۆکارێکی به‌هێز بووە بۆ چەسپاندنی دیکتاتۆریی ده‌سه‌ڵات. هەربۆیە بە سه‌رنجدان بە سیستمی ئاڵۆزی دەسەڵات و چوارچێوەی قانوونییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڕێوەچوونی هەر ڕێفراندۆمێک بێ پەسند و ملدانی ڕێبەر یا دوو لەسەر سێی ئەندامانی مەجلیس ئیمکانی بەرێوە چوونی نیە و لەو حاڵەدا سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەزگاکانی دیکەی نیزام و دەستە و حیزبی سیاسی ناتوانن بۆ هیچ پرسێک کە داواکارییەکانی خەڵک وەدی بێنێ، ڕێفراندۆم بکەن.