کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مه‌لا زاهید پاوه‌یی

17:13 - 1 رەشەمه 2717

هه‌ر ته‌نیا زانیاری و زانا بوون و دەوڵەمەندی هۆکار نین بۆ ئەوەی کە کەسێک لە نێو دڵی خەڵک و جەماوەردا بە زیندوویی بمێنیتەوە و خەڵکانێک شانازیی پێوە بکەن، بەڵکوو هۆکاری زیندوو مانەوە لە نێو دڵەکاندا، لە خۆبووردوویی و فیداکاریی ڕاستبێژانە و خزمەتکاربوونێکی دڵسۆزانەی بێ خەشی گەل و نیشتمانە. بێگومان زانا و پسپۆڕ و خەڵکی لێهاتووی کۆمەڵگه‌ زۆرن و لە ئەژمار نایەن، بەڵام ئەو کەسانەی کە لەنێو دڵی گەلدا بە زیندویی ماونەتەوە، یەک بە هەزارە، چوونکە تەنیا ئەو کەسانە لە بێژنگی ڕۆح و دڵ دەردەچن کە ژیانی خۆیان لە پێناو به‌خته‌وه‌رکردنی خەڵکانی دیکه‌ کردۆتە قوربانی؛ یان بە داهێنانەکانیان خزمەتی گەورەیان بە گەلی خۆیان و مرۆڤایەتی کردووە. گرینگ نیە ئەو زانایانە لە چ بوارێکدا پسپۆڕ بوون، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کە چەندە لە خزمەتی کۆمەڵگاکەیاندا بوون و لە بەرژەوەندی خەڵکدا هەڵسوکەوتیان کردووە، خەڵکانێکی زۆریش هەن بەبێ ئەوەی کە لە هیچ بوارێکدا پسپۆڕ بووبن، بەڵام یادیان لە دڵ و مێژووی گەلدا دەدرەوشێتەوە. لە ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی لە شارە شۆڕشگێڕە دێرینەکەی هەورامان، شاری پاوە، منداڵێک لە بنەماڵەیەکی پشتاوپشت ئایینی و پێبەندی ڕێبازی نەقشبەندی چاوی بە ژیان هەڵێنا. لەسەر نەریتی ئەو ناوچەیە و بنەماڵەیەکی ئایینی ناودار، ناوی ئەو منداڵەیان نا محەممەد زاهید. محەممەد زاهید، کوڕی مەلاساڵحی پاوەییە کە بنەماڵەیەکی ناودار و ئەهلی زانست و فەرهەنگی شاری پاوەن، شارێک کە بە درێژایی مێژوو ئەو شارە بە ناوەندێکی زانستی و فەرهەنگیی ناوچەی هەورامان ناوبانگی دەرکردوە. زاهید لەبەر ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا هاتبووە دنیاوە، هەر هێشتا منداڵ بوو کە نرایە بەر خوێندنی ئایینی و لە شاری پاوە دەست بە خوێندنی پەرتووکە سەرەتاییەکانی ئیلاهییات دەکا. زاهید لە شاری پاوە بە ڕه‌سمی دەبێتە فەقێ و لە حوجرەی ئەوشارەشدا دادەمەزرێ، دوای ماوەیەک باوکی کۆچی دوایی دەکا و زاهید هەتیو دەکەوێ، بەڵام بە لەدەستدانی باوکی ورەی دانەبەزێ و ئەو کۆستە نابێتە کۆسپ لەبەردەمیدا. محەممەد زاهید، وەک ئەو نەریتە جوانەی مامۆستایانی کوردستان کە گەڕانە بە شار و لادێکاندا بە مەبەستی زیاتر فێربوون و چاوکراوەیی زیاتر، ئەویش قەوانی فەقێیەتی لەشان کرد و بەرەو گوندی بیارە، زانکۆ بەناوبانگەی کوردستان وه‌ڕێ ده‌که‌وێ. مەلا زاهید، بۆ ماوەیەک لە بیارە مایەوە و سەرقاڵی بەدەستهێنانی زانست بوو، دوای ماوەیەک دیسان هەگبەی لەشان کرد و ڕووی کردە گوندی گەڵاڵەی چوارتا و ماوەیەکیش لە خزمەتی مەلا محەممەد، ناسراو بە ڕەئیس درێژەی بە فێربوونی زانست دا. دواجار مامۆستا مەلا زاهید گەڕایەوە بیارە و دوایین پلەکانی مەلایی لە حوجرە گەورەکەی بیارە و لە خزمەتی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕێس بڕی و هەر لەوێش بڕوانامەی مەلایه‌تیی وەرگرت و بە ڕه‌سمی بوو بە مامۆستا. مامۆستا مەلا زاهید کە دواتر بە حاجی مامۆستا ناسرا، دوای وەرگرتنی بڕوانامەکەی گەڕایەوە شاری پاوە و دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ئەرکی مەلایه‌تی و وانەوتنەوە. حوجرەکەی وەکوو ئەستێرەیەکی پرشنگدار درەوشایەوە و ناوبانگی دەرکرد و بەدەیان مامۆستای ناودار و بلیمەت لە خزمەتیدا پێگەیشتن؛ بۆ نموونە پڕۆفیسۆر موستەفا زەڵمی، کاک ئەحمەدیی موفتی زادە و مەلا ناسری سوبحانی و دەیان که‌سایه‌تیی دیکه‌. مامۆستا لەبەر ئەوەی کە لە بواری زانستیدا کەسێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بوو، وەکوو موفتیی شاری پاوە و ناوچەی هەورامان دەستنیشان کراوە و بە هەڵوێست و بڕیارە حەکیمانەکانی گەلێک کێشەی گەورە و بچووکی بنەماڵەکان و ئەو ناوچەیەی چارەسەر کردوون. مامۆستا مەلا زاهید، دامەزرێنەری یەکەمین ناوەندی فەرهەنگیی شاری پاوەیە و لەو بوارەدا گەلێک چالاک و دڵسۆز بووە و زۆرێک لە قوتابخانە و ناوەندە فەرهەنگییەکانی لەسەر ئەرکی خۆی کردوونەتەوە یان نۆژەنی کردوون. حاجی مامۆستا، لە هەلومەرجە سیاسییەکاندا هاوکار و بە هەڵوێست بووە هەر له‌ کۆماری کوردستانەوە بگرە، هەتا ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، مامۆستا لە ئاست تەنگوچەڵەمەکانی کۆمەڵگه‌کەی خەمسارد نەبووە و بەردەوام دژی پێشێلکاریی دەسەڵاتی ڕێژێمە داگیرکەرەکان بووە و هیچکات دانی خێری پێدا نەناون. هەر لەبەر ئەو هەڵوێستە بوێرانەیه‌ش بووە کە ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لە لایەن ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تییه‌وه‌ هەوڵی تیرۆر کرانی درا، بەڵام هه‌وڵه‌که‌ سەرکەوتوو نەبوو. مامۆستا دوای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامیش بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌کاندا بوو بۆ ئەوەی هاوکارییان بکا، بەڵام ئه‌و هیچکات پشتی خەڵکەکەی خۆی بەرنەدا و نەک هەر هاوکاری نەدەکردن تەنانەت بۆ جارێکیش لەپشت سەر نوێنەرە بەکرێگیراوەکانی ئەو ڕێژێمە نوێژی نەکرد و ئامادە نەبوو لە پێناو پلە و پۆست یان سەروەت و سامان، خۆی لە ڕیزی جیرەخۆرەکاندا ببینێتەوە. مامۆستا پێی وابوو کە ئەرکی ئەو لەوە زۆر قورسترە کە ببێتە داردەستی دەستوپێوەندەکانی ڕێژێمی ئاخوندی. لە کۆتاییدا، حاجی مامۆستا مەلا زاهیدی پاوەیی لە ڕۆژی ٤ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لەتەمەنی ٨٨ ساڵیدا دڵی لە لێدان کەوت و سەربەرزانە ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەی کرد و لە نێو ئاپوڕای حەشیمەتێکی کەموێنە لە شاری پاوە بەخاک سپێردرا. ( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)