کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوابوونی خۆری بەختی کوردان بەشی دووهەم – خۆرئاوای کوردستان

17:47 - 1 رەشەمه 2717

تاقمی دەسەڵاتدار لە باکووری سورییە لەوانەیە بەمزووانە تووشی چالنجی هاوشێوە بن. ئەوانیش ڕەزامەندییان بۆشەڕ بە نوێنەرایەتیی ئامریکا لە بەرامبەر وەرگرتنی چەکوچۆڵ دەربڕیوە و وێدەچێ ئەوانیش دوای ئازادکرانی پاشماوەی ئەو شوێنانەی کە بەدەست داعشەوەن و لە کاتێکدا کە واشینگتۆن شەرقاڵی شوێنی دیکەیە، وەلا بنرێن. چی بەسەر ئەم هەرێمە بە کردەوە خودموختارە دێ کە کوردەکانی سورییە توانیویانە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەر دابگرن؟ هەر وەک براکانیان لەو دیوی سنووری عێراق، کوردەکانی سووریە کەڵکیان لە هەلی لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندیی وەرگرت. لە ٢٠١٢، لە ژێر گوشاری شەڕی نێوخۆدا ڕێژیمی بەشار ئەلئەسەد لە باکوور پاشەکشەی کرد و بۆشاییەکی جێهێشت کە لایەنگرە ناوچەییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پڕیان کردەوە. ئەم گرووپە، کە بەناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ناسراوە، سەرەڕای ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پ ک ک بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەزانێ، بەڵام یارمەتیی سەربازیی دڵفراوانی لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پێ کراوە. هەر وەک عێراق، پڕچەککردن و ڕاهێنان ئەم تواناییەی بە یەپەگە بەخشیوە کە جار لە دوای جار داعش تێکبشکێنێ. ئەم سەرکەوتنانە دوو کاردانەوەی دژی یەکتری لێ کەوتوونەوە: ئەمە خولیای کوردەکانی سووریەی بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری کوردی، هەروەک ئەوەی عێراق زیاد کردوە و هەروەها یارمەتیی بە فەرماندەکانیان کە لەلایەن پەکەکەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە کردووە کە وەک سەرەکیترین نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سووریە هەڵسوکەوت بکەن. ئەم فەرماندەرانە لە نێوان ویستیان بۆ کەڵکوەرگەرتن لە دەستکەوتەکانیان بۆ پشتگیریی لە خەباتی پەکەکە لە تورکیە و پاراستنی خۆبەرێوەبەرییەکەیان لە سورییە گیریان کردووە. پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن کادرە پەکەکە ڕاهێنراوەکان، یەپەگەی لەنێو چینی مامناوەندی کوردستانی سووریە تەریک خستۆتەوە کە ئەگەرچی لەوانەیە بە پێزانینەوە بڕواننە پارێزگاریکرانیان؛ بەڵام لە ژێر گوشاری ئەوان و بازرگانانی شەڕ کە لە دەوری یەپەگە کۆبوونەوە بە گلەیین. وەک چۆن یەکێک لە دانیشتووانی چینی مامناوەند لە قامیشلوو باسی کرد: «شۆفیر تاکسی بوونە ئەفسەری خاوەن دەسەڵاتی پۆلیس و دوکانداری ئاسایی ئێستا دەبینرێن کە مەرسەدێسی ٢٠١٧ لێ دەخوڕن، چونکە قاچاخی نەوت دەکەن و چیمەنتۆ هەناردە دەکەن.» ئەو درێژەی پێدا و دڵگرانیی خۆی لەمە دەربڕی کە ئەم ئاڵوگۆڕانە لە کاتێکدا کە مامۆستایان، یاساناسان و دوکتورەکان خەریکی کاری کەمداهات تەنیا بۆ زیندوومانەوەن، هێندەیتر بێزارکەرە. یەپەگە تووشی دووڕێیانێک بۆتەوە: بۆ ئەوەی کە لە بواری سەربازییەوە بەهێز بێ پێویستە پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەبێ، کە فەرماندە سەرەکییەکانی لەوێوە ڕاهێنانیان پێکراوە. لە هەمان کاتدا ئەم کارە پێش بە وەدەستهێنانی پشتیوانیی خەڵکی ناوچەکە دەگرێ کە پێیان وایە ئەوان سوودێک لە فەرماندە پەکەکە ڕاهێنراوەکان کە ئاڵای پرسی کوردیان لە سووریە بەرزکردۆتەوە پێناگا. خەڵکی ناوچەکە هەر بۆچوونێکیان لەسەر ئایدیۆلۆژیی گروپەکەوە هەبێ، دژی بەڕیوەبەریی ئەوانن کە هێچ شێوە ئۆپۆزیسیۆنێک تەحەممول ناکا. لە هەمانکاتدا هاوسۆزیی یەپەگە بۆ پەکەکە ئەوان دەکاتە دوژمنی ڕاستەوخۆی تورکیە، کە هەوڵی خنکاندنی باکووری سوورییەی لە بواری ئابوورییەوە داوە. ئەگەر کوردەکانی سووریە وریا نەبن، لەلایەن جیرانەکانیانەوە ئیزۆلە دەکرێن، ئانکارا و دیمەشق لەوانەیە لە داهاتوودا هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ ڕاونانی یەپەگە و دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی ناوەند، هەر وەک چۆن ئانکارا چرای سەوزی بە تاران، بۆ شکستپێهێنانی هەوڵی کوردانی باکووری عێراق، دا. یەپەگە دوو ڕیگای بۆ پێشگرتن لە چارەنووسێکی ئەوتۆ لەبەر دەستە. ئەو دەتوانێ دەسەڵاتی ئەو شوێنانەی کە لە دەرەوەی ناوچە کوردییەکانن و پاش شکستی داعش وەدەستی کەوتوون، بداتە هاوپەیمانە غەیرە کوردەکانی تا بتوانێ هێزی خۆی بۆ بووژاندنەوەی خۆبەڕێوەبەرییەکی سەقامگیر لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، تەرخان بکا. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پشت بە چینی خوێندەواری مامناوەند ببەستێ کە لایەنگری حیزبی دیکەن جگە لە پەکەکە و ئەو کادرانەی ئەوان ڕاهێنانی سەربازییان پێکردوون و هیوادار بن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بیانپارێزن. ئەمە لەوانەیە ڕەزامەندیی تورکیەشی بەدواوە بێ کە بتوانێ دەسەڵاتێکی کوردیی لە سنووری خۆی تەحەممول بکا، هەروەک عێراق، بەڵام ئەم دەسەڵاتە نابێ لە ژێر هێژمۆنیی دوژمنی سەرەکیی ئەوان، پەکەکە دابێ. بەڵام ئەم ستراتێژییە لەبەر ئەم ڕاستییە ئاڵۆز بووە کە هاوپەیمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ کوردانی سووریە، لە هاوبەشیی واشینگتۆن لەگەڵ کوردەکانی باکووری عێراق ناسەقامگیرترە. لە کۆتاییەکانی نۆڤامبر، سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ باسی لەوە کرد کە ڕەنگبێ ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆتایی بە یارمەتیی سەربازی بە یەپەگە بێنێ. ئەگەر ئەمە نیشانەی ویستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ دەستبەردار بوون لە نوێنەرەکەی لە داهاتوویەکی چاوەڕوانکرا بێ، ئەگەرێک کە بۆتە هۆی باسێکی گەرم لەنێو یەپەگە و پەکەکە، ئەم گروپوە کوردە هیچ ڕێگاچارەیەکی جگە لە فرەلایەن کردنی هاوپەیمانییەکەی نیە ئەگەر بیهەوێ درێژە بە ژیان بدا. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستییە، ڕیگاکەی دیکەی بەردەم ڕێبەرانی کوردستانی سووریە ئەمە دەبێ کە دەسەڵاتی ناوچەیی و پێکهاتە ئەمنیەتییەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریە، کە تواناییەکانی بە شێوەیەکی جیددی لاواز بووە، ڕێکبخەن. بوونی یەپەگە لە باکووری سووریی بەهۆی دانبەخۆداگرتنی ڕێژیم و پشتیوانە بەهێزەکانیەوە مومکین بووە، و شەڕکەرەکانی تا ڕاددەیەکی زۆر هاوشانی هێزە ئەمنیەتییەکانی سووریە لە قامیشلو و حەسەکە بوونیان هەبووە. پەکەکەش ڕابردووی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێژیمی هەیە کە لە کۆتاییەکانی ١٩٨٧، مەقەڕی لە دیمەشق و ئۆردوگای ڕاهێنانی بۆ شەڕکەرەکانی لە دۆڵێ بێقاع لە لوبنان، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سووریە، هەبوو. ئەمە بە قازانجی یەپەگەیە کە بە هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی ناوچەکە جەخت بکاتە سەر دامەزراندنی پێکهاتەی بەڕێوەبەریی کارامە و بیر لە بانگهێشتنی وەزارەتەکانی سووریە کە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن بکاتەوە. ئەمە دەتوانێ دەرگای بازرگانیی لەگەڵ عێراق لە سنوورە هاوبەشەکەیان بکاتەوە کە ئێستا لە لایەن بەغدا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە بەشی عێراق کۆنتڕۆڵ دەکرێ، چونکە لەوانەیە دەوڵەتی عێراق پشتیوانیی لە لێکتێگەیشتن لە نێوان یەپەگە و دیمەشق بکا. ئەمە نائاشکرایە کە ئاخۆ ئەسەد هێچ شتێک جگە لە گەڕاندنەوەی سەروەریی هەمەلایەنەی سووریە بۆ ناوچە کوردییەکان پەسەند بکا، بەڵام بە هەمان شێوە ناڕوونە کە توانایی ئەم کارەی هەبێ. ڕووسیە ڕایگەیاندووە کە لەوانەیە دژی خۆبەڕیوەبەریی کوردان نەبێ. بۆیە زۆر شت بەستراوەتەوە بە ئەگەری سازشێک لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیە، بۆ دۆخی دوای ناکۆکییەکان کە ڕێگا بە ناوچە کوردییەکان بدا دوای شەڕی نێوخۆیی سووریە بگەنە شێوەیەک لە خودموختاری. بە وێرانکرانی سنووری نێوان عێراق و سووریە لە لایەن داعشەوە، ئەم نەزمە سیاسییەی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هاتە ئاراوە بە چالش کێشرا. ئاکارە بێ بەزەییەکانی بوونە هۆی گەشەکردنی خەونی کوردان بۆ سەربەخۆیی، داعش بووە هۆی دەستوەردانی خۆرئاوایی لە جیات کوردەکان و هەلێکی بۆ کوردان بۆ گۆڕینی سنوورەکانی ناوچە، بە قازانجی ئەوان ڕەخساند. لە هەردوو لای سنووری سووریە_عێراق کوردەکان چاوەڕوانی تێکڕمانی دەوڵەتەکانیان لە ژێر زەختی شەڕی نێوخۆیی بوون، لە کاتێکدا کە بە یارمەتی چەکوچۆلی خۆرئاوا خۆیان بەهێز دەکرد. بە تایبەتی لە عێراق، وێدەچوو ئەوان گرەو لە سەر شتێکی گرینگتر بکەن: پشتگیریی خۆرئاوا بۆ کیانێکی سەربەخۆ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ. بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ویدەچوو ئەمە گرەوێکی دۆڕاو بێ. بۆ کوردان ڕێگایەکی باشتر لە پشتبەستن بە هێزی دەرەکیی و پەرە پێدانی چەوساندنەوە لە نێوخۆ بوونی هەیە. تا ساڵێک پێش ئێستا، ڕێبەرانی کوردستانی عێراق ستراتێژییەکی ژیرانەیان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی هەبوو: پرۆسەیەکی پەرەئەستێنیی ڕاکێشان لە ڕێگای نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان. نزیکەی دە ساڵ، ئەوان توانیان کۆمپانیا نەوتییە بەهێزەکان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە دەستلێنەدراوەکان ڕاکێشن و لەم ڕێگایەوە پشتیوانیی سیاسی وڵاتانی ئەم کۆمپانیایانە، لەناویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیە و ڕووسیە وەدەست بێنن. ئەم پڕۆسەیە سەربەخۆیی خێرای دەستەبەر نەدەکرد، بەڵام بناخەکەی بۆ دادەمەزراند. ئێستا ڕێبەرانی کورد دەبێ سەرلەنوێ دەست پێ بکەنەوە. بۆ ئەم ئامانجە پێویستە وەبەرهێنان لە ئەم دامەزراوانە بکرێ کە هەم ببێتە هۆی دروست بوون و هەروەها مانەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ، لە ئەگەری ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگیی نێوان هێزە ناوچەییەکان بە قازابجی کوردان. پارلمانێکی زیندوو و سیستەمی دادوەریی سەربەخۆ دوو دامەزراوەی سەرەکیین، هەر وەک ئاژانسی سەربەخۆی دژی گەندەڵی کە هاوتەریبی سیستەمی دادوەریی ئیش بکا. شەڕی دژی داعش کە بە یارمەتیی خۆرئاوا کرا، ڕێبەرە کوردەکانی هاندا بنەماکانی سەربەخۆیی بنکۆڵ بکەن. تێکەڵاوێک لە زێدەڕۆیی لە باوەڕبەخۆبوونی سیاسی و تەماعی خاک بووە هۆی نسکۆیەکی کارەساتبار بۆ کوردەکانی عێراق، و ئەمە دەتوانێ بە زوویی لە سورییەش ڕوو بدا. ئەگەر کوردەکان دەخوازن شانسی سەربەخۆبوونیان هەبێ، ئەگەر و لە کاتێکدا کە هاوکێشەی ناوچە گۆڕا، بۆ ڕێبەرە سیاسییەکانیان باشترە کە لە نێوخۆ چاکسازیی سیاسی بکەن. ئەگەر لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبن، لەوانەیە، حەوت ساڵ پاش بەهاری عەڕەبی، تووشی بەهاری کوردیی لە لایەن هاووڵاتی لاوی تووڕە، بێزار و خوزایاری سزادانی ئەوان لەبەر لەکیسدانی هەلی مێژووی، شکستی سیاسی و گەندەڵیی چارەسەرنەکراو ببنەوە. ( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)