کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی سیستەم لە پێوەندی لەگەڵ ئینقلابی ١٣٥٧ی ئێراندا

17:52 - 1 رەشەمه 2717

ئەمساڵ ٣٩ ساڵ بەسەر ئینقلابێکدا تێدەپەڕێ کە لە گۆشەنیگای جیاوەزە خوێندنەوەی بۆ کراوە و باس لە زەمینەکانی سەرهەڵدانی کراوە. ڕەنگە هیچکام لەم خوێندنەوانە دەرەنجامێکی ڕازیکەرانە نەدەن بە دەستەوە، بەڵام باشترین پێناسەیەک بۆ ئەم ئینقلابە شۆرشی «نەویستن» بوو کە زۆربەی توێژەرانی مێژوویی لەسەری کۆکن. شۆرشی «نەویستن» لە ڕاستیدا شێوازێکە بۆ شرۆڤەکردنی «مەرگی سیستەم». بۆچی مەرگی سیستەم؟ چوونکە گەلانی ئێران بەدژی سیستەمێک ڕاپەرین کە لە پرۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێراندا تووشی شکست هات. بۆ تێگێشتن لە چەمکی «مەرگی سیستەم» ناچارین خوێندنەوەکی کورت بۆ «سیستەم» بکەین. چەمکی سیستهم له رۆانگهی تاڵکۆت پارسۆنس (١٩٥٠) بریتییه له بهسراوهییهکی ئۆرگانیکی له نێوان چەند بنسیستهمدا که پێکەوە پێناسهیەکی تۆکمه به کۆمهڵگەیەکی سەقامگرتوو دەبەخشن. هاوئاراستەیی لەنێوان بنسیستهمەکاندا «نهزمی کۆمەڵایەتی» لێدەکەوێتەوە و، بۆ ئەوەی ئەم نەزمە بەردەوام و کارا بێ پێویستە هاوتەریب، به ئاراستهیهکی دیاریکراو و بە شێوەیەکی هەڵسەنگێرانە له جووڵهدا بن. ئەو بنسیستەمانەی کە پارسۆنس ئاماژەیان پێدەکا بریتین لە 1_ کولتور (Culture) کە جیهانبینی مرۆڤە، ٢_ دامەزراوەکان (Institution) کە مەیدانی پراکتیکن، ٣_ کەسێتی (person) کە ئەکتەرە کۆمەڵایەتییکانن و ٤_ ئۆرگانیزمی رەفتاری (behavioral organism)، واتە ئەو نیهادانە کە هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری پەروەردە دەکەن. پارسۆنس کولتور وەک دینامیزمێکی گرنگ یاخۆ «سیستەمی بروایی» کۆمەڵگە پێناسە دەکا. ڕاستە بنسیستەمی دامەزراوەکان و بەتایبەت ئابووری هۆکارێکی گرنگن بۆ چارەسەرکردنی پرۆژەکانی مرۆڤ، بەڵام بە بۆچوونی پارسۆنس کەمترین ڕۆڵی هەیە لە دیاریکردنی مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان. بنسیستەمەکانی دامەزراوە، کەسێتی و ئۆرگانیزمی ڕەفتاری، لە هەناوی کولتوردا گەشە دەکەن و کارکردی کولتور لە ڕاستیدا مەعریفییە. کەوایە سیستەمێکی زیندوو وابەستە بە تێگێشتنێکی کولتورییە؛ ئەوە کولتورە کە مێتۆدی پەروەردە دیاری دەکا، زەروورەتی نیهاد و دامەزراوەکان بۆ کۆمەڵگە دەرک پێدەکا و مرۆڤی مۆدێڕن پەروەردە دەکا. گەشەی کولتوری کاریگەریی لەسەر جووڵە و گەشەی بنسیستەمەکانی دیکەش هەیە، بەڵام کاتێ بنسیستەمی کولتور ناچالاک بێ، ئەوا سیستەم بەگشتی دەگاتە هاوسەنگییەکی میکانیکی و لەو حاڵەتەدایە کە بە پێی یاسای دووهەمی تێرمۆدینامیک، مەرگی سیستەم دەردەکەوێ. محمەدڕەزا پەهلەوی لە کتێبی «پاسخ بە تاریخ» باس لە پرۆژەی مۆدێرنیزاسیۆنی ئێران دەکا کە بە «ئینقلابی سپیی» ناوەزەد کرا. خەڵکی ئێران لە ڕێفراندۆمی ٦ی رێبەندانی ١٣٤١، دەنگیان بە پرۆژەیەکی چاکسازی دا کە پێشتر مەجلیسی سێنا و مەجلیسی میللی ئێران دەنگی یەکلاکەرەوەیان پێنەدابوو. ئینقلابی سپی لە ڕاستیدا پرۆژەیەکی ئابووری_کۆمەڵایەتی بوو و ئامانجەکەی چاکسازی لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی ئێران بوو کە ئەوکات وەک سیستەمێکی فیۆدالی پێناسە دەکرا. یەکێ لە خاڵەکانی ئەم پرۆژەیە دابەشکردنی زەویی فیۆدالەکان بەسەر ڕەعیەت بوو کە هەرایەکی گەورەی لێ ساز بوو. دواتر ئایەتوڵڵا خومەینی کە ئەوکات وانەبێژی حەوزەی عیلمیەی قوم بوو، بە دژی دوو خاڵی دیکەی ئەم پرۆژەیە واتە؛ مافی دەنگدانی ژنان و سیستەمی پەروەردە، هەڵوێستی گرت. خومەینی لە نامەیەکدا هۆشداری بە شای ئێران دا کە پرۆژەی چاکسازی لە سیستەمی پەروەردەدا، منداڵی کافر بۆ کۆمەڵگە بەرهەم دێنێ. بەگشتی ئینقلابی سپی لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە کەوتە بەر ڕەخنە؛ ڕوانگەی یەکەم چەپەکانی ئێران بوون کە پێیان وابوو ئەم پرۆژەیە ئێران بەرەو باوەشی کاپیتالیزم دەبا و، ڕوانگەی دووهەم مەلاکان بوون کە ئەم پرۆژەیان وەک دیاردەیەکی دژەباو پێناسە دەکرد کە هەڕەشە لە باوەڕ و نەریتەکانی کۆمەڵگە دەکا. بەشیک لە توێژەرانی مێژووی ئێران، زەمینەی هاتنەئارای ئینقلابی سپی دەگەرێننەوە بۆ گەڵاڵەی «یەکیەتی لە پێناو پێشکەوتندا» کە جان ئێف کێنێدی سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا داڕێژەری بوو. تیمی کێنێدی بڕی ٢ میلیارد دۆلاریان بۆ ڕێگرتن لە شۆرشی جووتیارانی ئامریکای لاتین تەرخان کرد کە ساڵی ١٩٦٠ سەریهەڵدابوو. نیگەرانییەکەیان بۆ ئەوە بوو کە نەکا ئەزموونێکی دیکەی وەک کوبا دووپات بێتەوە. ئەم بودجەیە بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابەش دەکرا کە کاری چاکسازییان لە سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەکرد بە مەبستی لەباربردنی زەمینەی شۆرشی جووتیاری کە هێزە چەپەکان ڕێبەرایەتیان دەکرد. ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بە بۆچوونی کارناسانی ئەوکاتی ئەمریکا زەمینەی وەها ڕاپەرینێکی تێدابوو. کاتێ شای ئێران لە ساڵی ١٣٤٠ سەردانی ئامریکای کرد، پرۆژەی کێنێدی بەهەند وەرگرت و بۆ ئەم مەبەستەش داوای قەرزێکی ٣٥ میلیۆن دۆلاری لە ئامریکا کرد. ئەمەی باس کرا هۆکاری سیاسی بوو، بەڵام هۆکاری ئابووریش پاڵنەرێکی گرنگ بوو بۆ بنیاتنانی برۆکراسییەکی مۆدێڕن لە ئێراندا، چوونکە وڵاتانی دەوڵەمەند بۆ سەرمایەگوزاریی لە ئێراندا پێویستیان بەم چاکسازییە هەبوو. پرۆژەی ئینقلابی سپی ١٩ خاڵی بنەمایی لەخۆ گرتبوو. بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ ئەم ١٩ خاڵە بەسەر چەند کاتاگۆریدا دابەش بکەین: ١_ نەهێشتنی سیستەمی فیۆدالی، ٢_ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، ٣_پرۆژەی شارنشینی، ٤_نۆژەنکردنەوەی پەروەردە ٥_ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو شتەی کە لەم پلانەدا بە ڕوونی دەردەکەوێ؛ جێگای بەتاڵی پرۆژەی چاکسازیی سیاسییە. ڕۆڵی گەشەی ئابووری لە بردنەپێشی پلانی گەشە و ئاوەدانیدا نکۆڵی لێناکرێ، بەڵام بە پێی بۆچوونی هانتینگتۆن؛ بۆ گەیشتن بە گەشەیەکی پایەدار پێویستە زەمینەی گەشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوریش فەراهەم کرابێ. سیاسەت لە ڕاستیدا ماهییەتێکی کولتووریی هەیە و نەبوونی پلان بۆ چاکسازیی سیاسی بەرچاوگەی گەشەی کولتووریش لێڵ دەکا. گرنگیی سامانی کولتووریی لەوەدایە کە ئینتیما و جیهانبینیی کۆمەڵگە دیاریدەکا و ئێمە ڕەفتارەکانمان، ئایدۆلۆژییەکانمان، ڕێکاری گەشە، ماف، تەندروستی، عەداڵەت و گشت پرۆژە چاکسازییەکانمان بە پێی ئەو بەها و نۆرمانە دیاری دەکەین و هەڵدەبژێرین کە کولتور پێمان دەناسێنێ. ئێستاشی لەگەڵدا بێ سیاسەت لە کولتووری ئێرانیدا هەمیشە بابەتێکی بڤە بووە و هاومانای تیۆریی پیلانە. پرۆژەی ئینقلابی سپی بۆ گەشەی کولتوور لە ڕاستیدا پەرەپێدانی ستایلێکی مۆدگەرایانە بوو کە ڕەچاوی بنەما و زەرفییەتە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی نەدەکرد. دەوڵەت پەکەیجێکی وەهمیی بە ناوی شارستانیەت ئامادە کردبوو کە لە تەلەڤیزۆن، ڕادیۆ، گۆڤارە ڕەنگییەکان و کتێبەکانی قوتابخانەدا ڕووماڵ دەکران و ئامانجەکەشی لە ڕاستیدا پاستۆریزەکردنی ئێران بوو لە سیاسەت و ڕێالیزمێکی ڕەخنەگرانە. لەم پەکەیجە کولتورییەشدا هەڵبەت مالیخولیاییەکی ڕەگەزپەرستانەشی تێدا بوو کە خەونی باڵادەستبوونی مێژوو و نژادی ئێرانی لەهەناوی نەوەی نوێدا نیهادینە بکا و ڕێگا بۆ هاتنی شۆڤێنیزمی کولتووری خۆش بکا. کاتێ کولتور بەرەو شۆڤێنیزم داکشا، لە نێو ڕابردووە مالیخولیاییەکانی خۆیدا دەچەقێ، ئەمنیەتی دەکرێ، لە قالبی سانسۆر دەدرێ، لەگەڵ موعاناتی مودێڕندا نامۆ دەبێ و لە ئاکامدا کارکردە دینامیزمییەکەی ناچالاک دەبێ. ئەم پەکەیجە پرسی کولتووری وەها کریستالیزە کردبوو کە خەڵک لە داهێنان دەترسان و بۆ ئەوەی هەست بە دابڕاویی و تەنیایی نەکەن، بەناچاری بوونی خۆیان بەو نۆرمانەوە پێناسە دەکرد کە کۆمەڵگەیەکی وەهمی دەیخستە بەردەستیان. مۆدێرنیزاسیۆنی ئێران لەم بەستێنە کولتورییەوە سەری هەڵدا و زۆر سروشتییە کە وەها کولتوورێک سیستەم بەرەو مەرگ ببا. دەرکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دوای ئینقلابی ١٣٥٧، زۆر لایەن و بەتایبەت میشێل فۆکۆی پۆستمۆدێڕنیشی ڕازی کرد کە ئەم ئینقلابە ئینقلابێکی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکە مەرگی سیستەم بوو. بە پێی بۆچوونی کارل مارکس؛ کاتێ سیستەمی سیاسی و سیستەمی کۆمەڵایەتی نەتوانن بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە گەشە بکەن یاخۆ ڕێگر بن، ئەوا ئینقلاب وەک ئەمرێکی زەرووریی دەردەکەوێ. نەبوونی باڵانسی گەشە لەنێوان سیستەمی ئابووری، کولتوریی و کۆمەڵایەتیدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هاوکێشە و ئەگەر بەستێنێکی دێمۆکراتیک لە ئارادا نەبێ بۆ کاردانەوەی هاوکێشەکان، ئەوا نەزمی کۆمەڵایەتی دەشێوێ. ئینقلابی سپی نەک هەر بەستێنێکی دێمۆکراتیکی هەموار نەکرد، بەڵکە ماشینی برۆکراتیکی سەرکوت (ساواک) ئەو هاوکێشانەی لە نوتفەدا خنکاند و مەجالی نەدا کارکردی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دەربخەن. لە دۆخێکی وەها داخراودا ئیتر ئینقلاب ئەمرێکی ئینتخابی نامێنێ، بەڵکوو دەبێتە ئەمرێکی زەرووری و سیستەمێکی مردووش سەرکەوتنەکەی مسۆگەری دەکا. تیۆریسێنەکانی ئینقلاب، بە مۆدێڕن و کلاسیکیشەوە، باس لە زۆر فاکتۆر دەکەن کە کاریگەرییان هەیە لە سەرهەڵدانی ئینقلابدا، بۆ نموونە: ناڕازیبوون، ئایدۆلۆژیی نوێ، ئانارشیزم، بێنەزمی، گەندەڵی، ڕۆڵی ڕێبەر، ئازادی، دادپەروەری و... ئەگەرچی «دەنگۆ» و «درۆ» دوو فاکتۆری دیارن لە گشت ئینقلابەکاندا و زۆر یەک لە توێژەرانی ئینقلاب ئاماژەیان پێداوە، بەڵام وەک هۆکار باسیان لێ نەکراوە. بۆچی هۆکار نین؟ چوونکە درۆ و دەنگۆ دیاردەی نوێ نین، بەڵکوو بەشێکن لە نەریتی کۆمەڵایەتی و، سیستەم لەڕێگەی رەفتارە نادێمۆکراتیکەکانی خۆیەوە زەمینەی دەرکەوتنیان دەرەخسێنێ. ژودیت لازار لەم سۆنگەوە دەڵێ؛ کاتێ خەڵک متمانە بە ئامار و دەزگای ڕاگەیاندنی حکوومەتی نەکەن، دەنگۆ وەک گرنگترین و پڕمەتمانەترین مێدیا دەوری دەبێ. لە ڕۆژەکانی سەرهەڵدانی شۆرش، کۆمەڵگەی ئێران وەها کەوتبووە ژێر سریمەی درۆ و دەنگۆ کە کەس مەجالی هەڵسەنگاندن و نەقدی پێ نەما. هیچ ئیرادەیەک لەنێو ڕێکخەرانی ئینقلابدا نەبوو بۆ حەرامکردنی درۆ و دەنگۆ، چوونکە گرنگیی درۆ و دەنگۆ لە ئینقلابدا ئەوەیە کە بەشێوەیەکی سەرسامهێنەر دەتەقێتەوە. خێرایی ئەم تەقینەوەیە بەڕادەیەکە کە مەودای نێوان ڕاستی و درۆ دەشێوێنێ و کەس نازانێ چی ڕاستە و چی ناڕاستە. یەکەم درۆ لە زاری نوخبەکانەوە دەردەپەڕێ و کاتێ ئەم درۆیە لە کۆمەڵگەدا تەقییەوە و هەمەگیر بوو، سەرەتا خودی نوخبەکان لێیان وەڕاست دەگەڕێ و دواتر خەڵکی ئاسایی ئیمانی پێدێنن. لە وەها دۆخێکدا درۆ دەبێ بە نۆرم، دەبێ بە ستایلی نوێ، بیری نوێ، کولتوری نوێ و دواجار نەوەی نوێ لە نوتفەی درۆ و دەنگۆدا لەدایک دەبێ. ئەو شتەی کە باس کرا سوونامیی ئینقلاب بوو، بەڵام تراژیدیای ئیقلاب لەو ڕۆژەوە سەرهەڵدەدا کە ئۆپۆزیسیۆن و هێزی گۆڕان، بە هەمان مێتۆد و بە چەکی درۆ و دەنگۆوە هەوڵ بۆ ڕووخاندن و ڕیسواکردنی ئینقلاب بدەن. لێرەدایە کە فورموولی {ـ × ـ = +} واتە {درۆ × درۆ = ئاسایی بوونی درۆ} کاری خۆی دەکا و کەس دروشم و بەرنامەکانیان بە هەند ناگرن. کەوایە ئینقلابی ١٣٥٧ و نەریتە شوومەکەی کۆتایی نایە ئەگەر «راستی» جێ بە «درۆ» و «دەنگۆ» لێژ نەکا. ( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)