کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی زمانی نەتەوەکان لەنێو سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

18:02 - 1 رەشەمه 2717

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی بۆ مافە نەتەوەییەکانی گەلانی نێو جوغرافیای ئێران دەگەڕیتەوە. ئەو گرفتە تا ڕادەیەک حاشا هەڵنەگرە کە لە نووسینی یاسای بنەڕەتی ئەو سیستەمە نەتوانرا بە تەواوەتی وەلا بخرێ و بە شێوەی لاوەکیش ئاماژەپێدانی نیشان لە هەستیاربوونی ئەو مافانەیە کە بەرچاوترینیان بۆ خویندن و نووسین بە زمانی دایک دەگەڕیتەوە. دوای تێپەڕبوونی نزیک بە چوار دەیە لە تەمەنی ئەو حکومەتە، سیاسەتی هەوڵدان بۆ لە نێوبردن و ئاسمیلەکردنی نەتەوەکان نەتەنیا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لە هاتنەسەرکاری زۆربەی دەوڵەتەکان و گۆڕینی دەموچاوەکانی دەسەڵاتدار بەرچاوترین بانگەشە بووە؛ کە نموونەی هەرە بەرچاوی لە دوو خولی هاتنەسەر کاری حەسەن ڕووحانیدا بەدی دەکرێ. دوای ئەوەی سیاسەتی حاشا و قەدەغەکردنی چاپەمەنی بە زمانەکانی غەیرە فارسی و بەتایبەتی لە قوناخێک لە دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامی کە پێی دەگوترێ قوناخی ئەمنی و فەرهەنگی، واتە لە ساڵەکانی ٥٧وە تا ساڵی ٦٨ی هەتاوی شکستی هێنا، ئەمجارە حاکمییەت هەوڵی پەراوێزخستنی زمانی نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی زمانی کوردی کە لە ڕووی ویستی سیاسییەوە و بەهێز تر بوو دەست پێکرد. خاوەنی ئەم دەقە و هاوتەمەنەکانی باشیان لەبیر دێ کە کۆمەڵە شێعری شاعێرانێکی وەکوو قانع و هێمن و هەژار و فایەق بێکەس و ... کە هەموویان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە باشووری کوردستان و لە بەغدا لە چاپ درابوون، زۆرجار شتێکی نایاب و قەدەغەکراو بوو. ئەو قوناخەش بە هۆگری و دڵەڕاوکێی لایەنگران و خەمخۆرانی زمان و وێژەی کوردی و گۆڕانکارییە فەرهەنگییەکان تێپەڕ بوو. لە دەیەی حەفتای هەتاوی و بە دوای ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خاوەنی پاشخانێکی فەرهەنگی و ئەدەبی بوو، ڕێنسانسێکی بەربەرینی فەرهەنگی بەتایبەتی لە بواری گەشەی زمانی دایکدا بە خۆیەوە بینی و ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو تەوژمە فەرهەنگییە بەردەوام نوێکردنەوەی هزر و ویستی نەتەوەیی بەدواوەیە. بەهۆی هاتنی گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکان لە باشوورەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تینوێتیی توێژی کوردویستی ڕۆژهەڵاتی هەر زوو تێلبەندی قەدەغەکراوەیی زمانی کوردی شکا و، چیتر سیستەم نەیتوانی بەتەواوەتی بێهێنتە ژێر ڕکیفی خۆیەوە. ئەگەرچی ئێستاش پرسی زمانی دایک لە ئێران پرسێکی سیاسی و ئەمنیەتییە، بەڵام بۆ کورد و گەلانێ دیکە مافێکی ڕەوا و دانپێدانراوە. ئێستا ئەوەی باسی سەرەکییە ئەوەیە کە داواکە و کاکڵی بابەتەکە کامەیە، فێربوون و پەروەردە بە زمانی دایک، یان فێربوونی زمانی دایک؟ گرینگی و دیوەی ناوەوەی ئەو پرسیارە هەستیارە لە ئاستێک دایە کە بوتە گرفتێک لە سەر ڕێی جێبەجێکردنی ئەسڵی خوێندن ونووسین بە زمانی دایک لە ئێران، چونکە لەلایەک دەسەڵات باش دەزانێ زمان شوناس بەخش و هەژێنەری هەستی نەتەوایەتیی گەلانەوە و ئەوەش خەسار بە پاوانخوازییە مێژوویی و فەرهەنگی و سیاسەتەکانیان دەگەیەنێ. لە لایەکی دیکەش زمان ڕۆچنەیەکە بەرەوە مێژووی نەتەوەکان و هەروەها فاکتێکی گرینگە لە هاوسۆزی نەتەوەیی و لە وڵاتانی داخراودا وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی «ئاور لە کادێنی» هەیە. وەک باس کرا سیستەمی دۆگماتیزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێواز و ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی داوە سەرەتا ئاسمیلاسیونێکی نەرمی فەرهەنگی و مەزهەبی بەسەر گەلانی دیکەی ئێران بەتایبەتی کورد و ویستەکانی کە هەمووکات ژانەسەر بووە بۆ ناوەند، بسەپێنێ؛ بەڵام لەو بارەوە سەرکەوتوو نەبووە. ئەمجارە تێ کۆشاوە لە ڕوانگەی ویست و خوازی سیاسییانەوە پلان داڕێژێ کە ئەویش بێجگە لە چاوکراوەیی بەخشین بە کوڕ و کچانی کورد هیچ دەسکەوتێژی بۆ ئەو نەبوو. هەتا شەپۆلی گۆڕانکارییە فەرهەنگی و سیاسییەکان و وشیاری نەتەوەیی بەلەمی بەستراوی زمان و ئەدەبی کوردی لە ئەرزی چەقبەستوویی کۆماری ئیسلامی هەڵقەند و بەڕی کەوت بەرەو بەرینایی و ئاسۆیەکی ڕوون؛ ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو بەلەمە بە ماندوویەتیی خەمخۆرانی زمانی دایک و سەرجەم لایەنگرانی درەیای شەختە وسەهۆڵ دەبڕێ و ڕۆژ بە ڕۆژ نەوەی نوێ بە هیوایەکی بەرزی نەتەوەخوازی و بە شێعری «بەکوردی دەژیم، بەکوردی دەمرم» هەناسە تازە دەکەنەوە. کۆتا قسە ئەگەر کۆماری ئیسلامی وەک خۆی مابێ! بەڵام کورد و مافەکانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. دەتوانین بڵێین کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر کیانی سیاسیی خۆماڵی نیە، بەڵام لەبارەی زمانی زگماکییەوە هەنگاوی بەرەو سەربەخۆیی هەڵهێناەوە و ئەمەش نیشان لە پاشەکەشە پێکردن بە سیستەمێکە، کە کاتی خۆی تەنانەت ناوی کوردیی بۆ سەر منداڵان قەدەغە کردبوو، بەڵام هەر ئەو منداڵانە بوون بە پارێزەری ژیر و چاونەترسی زمانی دایک. ( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)