کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و داهاتووی کۆماری ئیسلامی

18:07 - 1 رەشەمه 2717

کێشە و ناکۆکیی نیوان باڵەکانی دەسەڵات هەتا دێ گەرمتر دەبێ و دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو قەیرانەی لە دوای ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەرۆکی ئەو ڕێژیمەیان گرتووە و لەسەر چۆنییەتی دەربازبوون لێی، ناکۆکن و هەر لایەک ڕێگە چارەیەک پێشنیار دەکا. لە حالێکدا ڕووحانی، سەرکۆماری ڕێژیم لە ٢٢ی ڕێبەندان باسی گشتپرسی و گەڕانەوە بۆ سندووقەکانی دەنگ لە ئەگەری ناکۆکییە نێوخۆییەکانی نێوان باڵ و دەزگاکانی دەسەڵاتی هێنایەگۆڕێ، باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵات و دەمڕاستەکانیان بە توندی هێرشیان کردە سەر دەوڵەت و ڕووحانییان بە لادان لە ڕێڕەوی وەک خۆیان دەڵێن «شۆڕش» تاوانبار کرد. لە لایەکی دیکە محموود ئەحمەدینژاد وێڕای ڕەخنەی توند لە دەزگای قەزایی و ئاماژەکردن بە کوژرانی گیراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ماوەیە لە بەندیخانەکان زۆر بەڕاشکاوی باسی لە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکان بە قازانجی خەڵکی کرد و ڕایگەیاندوە لە هیچ جێگەیەکی ئەو دونیایە زوڵم بەردەوام نابێ. هەڵوێستەکانی ڕووحانی و ئەحمەدینەژاد هەرنەبێ زۆر ڕاستییان تێدا کە یەک لەوان دەرکەوتنی داماویی کۆماری ئیسلامی لە دەرچوون لە قەیرانێکە کە خۆی بە درێژایی نیزیکەی چوار دەیە لە هەموو ڕوویەکانەوە خوڵقاندوویەتی و خەریکە تێیدا نوقم دەبێ. ئەو قەیرانە تەنیا لە قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کێشە و ناکۆکییەکانی نێو دەسەڵاتدا پێناسە ناکرێ، بەڵکوو قەیرانی داڕمان و نەبوونی مەشرووعیەتی ئەو نیزامە سەڕەڕۆ و گەندەڵەیە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا و خەڵکی وەزاڵەهاتوو خوازیاری ڕووخان و نەمانیەتی. ئەوان و دەکرێ بڵێین هەموو دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر باش لەوە گەیشتوون کە هیچ پێگەیەکیان لەنێو خەڵکدا نەماوە و ئەوەی هەتا ئێستا نیزامە داڕماوەکەیانی لە تەواوییەتی خۆیدا لەسەر پێ ڕاگرتووە، سەرکوت و زەبروزەنگ و زیندان و ئەشکەنجە و کوشتوبڕە لەلایەک و، لەلایەکی دیکەش نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و یەکگرتوویە کە بتوانێ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کانالیزە و ڕێبەری بکا. ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین ڕێک ئەو دۆخەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێیدەڵێن «دۆخی شۆڕش»؛ بەو مانایە کە دەسەڵات متمانە و ڕەوایی لە نێو زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا لە دەست داوە و ئەوەی لەسەر پێی ڕاگرتووە سەرکوت و هێزە داپڵۆسێنەرەکانیەتی و کۆمەڵانی خەڵکیش بەڕاشکاوی دووپاتی دەکەنەوە کە نایانەوێ چیدیکە ژێر چەپۆکە ببن و لەو دۆخە دژوارەدا بژین. هەژاری گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە و بۆ نموونە «پەرویز فەتاح»، سەرۆکی کۆمیتەی ئیمدادی ڕێژیم دەڵێ ١٢ میلیون کەس لە ژێر هێڵی هەژاریی «ڕەها»دان و لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ میلیۆنیش لە ژێر هێڵی هەژاری بە شێوەی ڕێژەییدا دەژین. ئەوە لە حالێکدایە کە شارەزایان و ناوەندە سەربەخۆکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نیزیکەی ٥٠ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریداn. ئابووری ئێران داڕماوە و ڕێژیم ناتوانێ حاشای لێ بکا. کارگە و کارخانەکان داخراون، یان ئاستی بەرهەمهێنانیان دابەزیوە و کرێکاران لە کار دەردەکرێن و ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان ڕوو لە زیادبوونن، تەنانەت لە ناوەندە پیشەسازییەکانی وەک پارێزگای ئەراک و ئیسفەهانیش سەدان کارگە و کارخانەی پیشەسازیی داخراون. «مستەفا ئامرە»، بەڕێوەبەری گشتی شیرکەتی شارۆچکە پیشەسازییەکان لە پارێزگای ئەراک ڕایگەیاندوە ٣٢٣ کارگەی بەرهەمهێنان بە تەواوی داخراون و کرێکارەکانیان بێکار بوون و ١٣٨٧ یەکەی بەرهەمهێنانیش لە نێوان بیست بۆ حەفتا لە سەد چالاکن. لە ئێستادا دۆخی نالەباری ئابووری بڕستی لە کۆمەڵانی هەژار و چەوساوەی خەڵکی ئێران بڕیوە و بە تەواوی هێناونیە سەر ئەو باوەڕە کە ئەو ڕێژیمە ناتوانێ نەک هەر قەیرانەکان چارەسەر بکا، بەڵکوو هەر وەک ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتدارییەکەی دەریخستووە، ژیان و گوزەران و داهاتوویان لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی سەرکەوت و گەندەڵدا زۆر لەوە خراپتر دەبێ کە ئێستا تێیدان. هەر بۆیەش دیتمان و دەبینین لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و ڕێبنداندا ڕووی دروشمەکان لە خامنەیی و تەواویەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی بوو. لەو نێوەدا دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بۆ بەلارێدابردنی ناڕەزایەتییەکان پەنا بۆ هەموو فرتوفێڵێک دەبەن ئەگەر خامنەیی و باقی دەمڕاستەکانی رێژیم لەسەرەتادا ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیان بە فیتی ئەمریکا و ئیسراییل و بە گشتی بە نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەبەستەوە، ئێستا باس لە پڕۆژەی بەوتەی خۆیان دوژمنان دەکەن بۆ بە سووریەکردنی ئێران و هەڕەشەی دابەشبوونی وڵات و دەیانەوێ بەو شێوەیە ئەوە بە گوێی خەڵکیدا بخوێنن کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەمێنێ ئێرانیش نامێنێ؛ ڕێک ئەو قسەیەی کە شای ئێران چەند مانگ بەر لە ڕووخانی نیزامی پاشایەتی کردی و گوتی ئێران دەبێتە ئێرانستان. لە ڕاستیدا ئەوەی هەڕەشەی نەمانی ئێران و ئێرانستان بوونی دەکا نەتەوە بەشخوراوەکانی ئێران نین، بەڵکوو سیاسەتی حاشا لە ئێرانی فرەنەتەوەیە و هیچکام لە نەتەوەکانی ئێران و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی سەر بە نەتەوە غەیرە فارسەکان باسی جیابوونەوەیان نەکردوە و هەموو لایەک دەزانن بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تایبەتمەندییەکان بەیەکەوە بوونێک کە لەودا هەموو نەتەوەکان مافی یەکسانیان هەبێ، زۆر باشترە لە لێکترازان و دابڕان کە دەتوانێ زۆر لێکەوتەی مەترسیداری بۆیان هەبێ. هەربۆیەش دەربڕینی نیگەرانی لە داهاتووی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی لە لایەن دەمڕاستەکانی ئەو ڕێژیمەوە دربڕینی نیگەرانی لە چارەنووسی خۆیان و تۆڵەسەندنەوەی گەلانی ستەملێکراوی ئێران لەوان و لە سیاسەتە جینایەتکارانە و دژی مرۆڤایەتییەکانیانە. دیارە نابێ لەبیرمان بچێ ئەو ڕێژیمە بە هەموو باڵەکانیەوە بە شێوەی ئاشتییانە و بە خۆشیی خۆی واز لە دەسەڵات ناهێنێ و ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە بە شۆڕشێکی «مەخمەلین» و بەدوور لە بەربەرەکانی، کۆماری ئیسلامی واز لە دەسەڵات بێنێ و مەیدان بۆ خەڵک و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن چۆل بکا. ئەو ڕێژیمە جینایتکارە هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی دەیان هەزار کەسی کوشتووە و لەوەش زیاتری لە بەندیخانەکاندا ئاخنیوە، لەداهاتووشدا بۆ مانەوەی لەسەر دەسەڵات لە هیچ جینایەتێک ناپرینگێتەوە. لەو بەینەدا سپای پاسداران و بسیج و تەنانەت حیزبوڵڵای لوبنان و دەستە و تاقمە شیعەی ئەفغان و پاکستانییەکان، ئەو ئامرازەن کە چاوەڕوان دەکرێ ڕێژیم بە ڕژدی کەڵکیان لێوەرگرێ. بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە گڵۆڵەی ڕێژیم کەوتوەتە لێژی و ڕووخان و نەمانی کۆماری ئیسلامی «حەتمییە». ئەوەی لەو نێوەدا دەتوانێ دەوری کاریگەر و گورچگبڕی هەبێ، مانگرتنی سەرانسەریی کارمەندان و کرێکارانی حکومەتی، بەتایبەت کرێکارانی بەشی نەوت و گازە کە سەرچاوەی توانا ماددییەکانی رێژیم ویشک دەکا و کۆماری ئیسلامی لە ڕەگو ڕیشە هەڵدەتکێنێ. ( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)