کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازیتا مۆئمێنی: دەمەوێ وەک پێشمەرگەی هونەر و گۆرانی بۆ نیشتمانەکەم تێ بکۆشم

18:45 - 1 رەشەمه 2717

ئازیتا مۆئمێنی ئێستا ئەستێرەیەکە لە گۆرانیی کوردیدا. ئازیتا لە بەرنامەی هونەریی "کوردستان کیدس ڤۆیس"دا کە بەبەشداریی نیزیک بە هەزار منداڵی چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو؛ دواجار لە پێشبڕکییەکی سەختدا توانی نازناوی ئەستێرەی ئەو بەرنامەیە بباتەوە. ئازیتا کچی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و گۆرانی گوتنی لەو ڕێوڕەسم و کۆبوونەوە و بەرنامە هونەرییانە دەست پێکرد کە لە نێو حیزبی دێموکراتدا بۆ منداڵان دەگیران. ئازیتا دەڵێ دەمەوێ پێشمەرگەیەکی کوردستان بم لە بواری هونەریدا. "کوردستان" بەبۆنەی سەرکەوتنی ئازیتا وتووێژێکی کورتی لەگەڵ ئەو پێک هێناوە: : ئازیتا ئێمه‌ هه‌موو ده‌نگی تۆمان پێخۆشه‌. له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌شدا لایه‌نگرت بووین، بۆ خۆت چی؟ ده‌نگی خۆتت پێخۆشه‌؟ سەرەتا زۆر سپاس. دەی دیارە دەنگم خۆشە بۆیە ئێوە دەنگی منتان پێخۆشە. بۆ خۆشم بەڵێ دەنگی خۆمم پێخۆشە. له‌و کێبرکێ قورسه‌دا زیاتر بیرت له‌ چی ده‌کرده‌وه‌؟ هه‌ر ده‌تویست بیبه‌یه‌وه‌ یان که‌لک له‌و ده‌رفه‌تانه‌ش وه‌ربگری که‌ پێشبڕکێیه‌که‌ بۆ فێربوون و په‌روه‌رده‌ی زیاتر بۆی دابین کردبووی؟ بێگومان لە هەموو پێشبرکێیەکدا هەموو بەشداربووەکان هەول دەدەن بیبەنەوە. ئەمنیش ڕاستە هەوڵی بردنەوەم داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەرنامەیەم وەکوو دەرفەتێک بینی بۆ دەرخستنی بەهرە و تواناکانی خۆم. دیارە توانیشم کەلکی لێ وەرگرم. که‌ گۆرانی ده‌ڵێی حه‌جمینت نییه‌ هینده‌ به‌ هه‌ستی. گۆرانی بۆ خه‌ڵک ده‌ڵێی یان بۆ خۆتی ده‌ڵێی؟ ههههه بێگومان بۆ خەلک گۆرانی دەڵێم، بەڵام کە گۆرانی دەڵێم زۆر دەچمە ناخی گۆرانییەکە و دەمەوێ بە جوانترین شێوە بەرهەمەکە پێشکەش بە خەڵک و گوێگران و بیسەرانم بکەم. بوون به‌ ئه‌ستیره‌ی ده‌نگخۆشی کوردستان چ هه‌ستێکی پێداوی؟ پێت وانییه‌ که‌ ئه‌رکی تۆی قورستریش کردوه‌ و چاوه‌ڕوانیی زیاتری لێ دروست کردووی؟ بێگومان وایە. هەستێکی زۆر خۆشی لەلا دروست کردوم و لەهەمان کاتیشدا دەزانم خەڵک چاویان لێمە. دەزانم کە ئەرکێکی قورسیش کەوتوتە سەرشانم و دەبێ بەکاری جوان و جوانتر وەڵامی چاوەڕوانی خەڵک و هەوادارەکانم بدەمەوە. ئازیتا له‌ که‌یه‌وه‌ هه‌ستت کرد ده‌نگت خۆشه‌ و پێت خۆشه‌ گۆرانی بڵێی؟ ڕاستییەکەی هەر لەو کاتەوە کە دەچوومە باخچەی ساوایان و لەوێ گۆرانی و سروودمان دەگوت ماموستاکانم دەنگی منیان پێ خۆش بوو. ئەوان زیاتر گۆرانی و سروودیان پێ دەگوتم و پێیان دەگوتم کە دەنگم خۆشە و بەردەوام بم لە گۆرانی گوتن. ئه‌دی بۆ خۆت ساز لێ ده‌ده‌ی؟ حه‌زت له‌ چ ئامیرێکه‌؟ نەخێر بەداخەوە تا ئێستا فێر نەبووم. بەڵام هەوڵ دەدەم فێری ئامێرێکی موسیقی بم. وەک خۆم زۆرم حەزم لە ئامێری کەمانە و دەمەوێ فێری بم. قه‌راره‌ ئه‌ڵبۆمێک بڵاو بکه‌یه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و گۆرانییانه‌ی تێدا ده‌ڵێی که‌ له‌ به‌رنامه‌کانی کوردستان کیدس ڤۆیسدا گوتت، یان به‌رهه‌می نوێ ده‌بێ؟ نەخێر ئالبوومەکەم بەرهەمی نوێی تێدا دەبێ و گۆرانییەکانی ئی خۆم دەبن. له‌ به‌رنامه‌ی کوردستان کیدس ڤۆیسدا نازناوی «مه‌رزییه‌ی بچووک»یان پێت دا. خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌و نازناوه‌ ده‌ڵێی چی؟ مەرزییە هونەرمەندێکی گەورە و ڕچەشکێنی کورد بوو. زۆر خۆشحاڵم بەو نازناوە و شانازییە بۆ من کە وەک مەرزیە خان بتوانم خزمەتی هونەری کوردی بکەم. ئه‌تۆ کچه‌ پێشمه‌رگه‌ی. ئایا ئه‌وه‌ت به‌لاوه‌ گرینگه‌ له‌ کار و چالاکیی هونه‌ریتدا؟ بێگومان شانازی بە باوکم و پێشمەرگایەتیی باوکم دەکەم. بۆخۆشم دەمەوێ وەک پێشمەرگەیەک لە کار و چالاکیی هونەریدا بۆ نیشتیمانەکەم تێ بکۆشم. چیت هه‌یه‌ بیڵێی به‌ بنه‌ماڵه‌که‌تی بڵێی؟ به‌ هاوڕێیانت که‌ خۆشیان ده‌وێی و ده‌نگی تۆیان پێخۆشه؟ زۆر سپاسی بنەماڵەکەم دەکەم کە زۆریان هاوکاری کردووم و پشتیان گرتووم و لەگەڵم ماندووبوون. زۆریش سپاسی هاوڕێیانم و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کەمنیان خۆش دەوێ و دەنگی منیان پێخۆشە و تا ئێستا پشتگیرییان کردوم و دڵنیام لە داهاتووشدا پشتگیریم دەکەن. لە کۆتاییدا چاوی هەموویان ماچ دەکەم و پێیان دەڵێم خۆشم دەوێن. ( لە ژمارەی ٧٢٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)