کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران ناچارن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی ڕێگایەکی پڕتێچوو بگرنەبەر

02:17 - 17 رەشەمه 2717

بێشک کۆماری ئیسلامیی ئێران نیزامێکی سیاسیی سەقامگیر نیە و لە نێوخۆی وڵاتدا تەنیا بە زەبری چەک خۆی ڕاگرتوە و هەمیشە ئەو پرسیارە بەڕۆژە کە بۆ خەڵکی وڵاتی ئێمە تا ئێستا و دوای نیزیک بە 40 ساڵ، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەروا لە بەربەرەکانی دان؟ وەڵامەکەش ڕوونە، لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ ئاستێکدا خۆشبژیوی، ئازادی، ئەمنیەت و ئارامیی بۆ خەڵکی ئێمە بەدیاری نەهێناوە؛ بەڵکوو ئەوەی لەو ڕێژیمە بە خەڵک گەیشتووە تەنیا نەگبەتی و نەهامەتی و ڕۆژڕەشی بووە. دەکرێ لە سێ ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لێکدانەوە بۆ ئەو بارودۆخە بکەین. ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە سەیری بابەتەکە بکەین، خەڵکی وڵاتی ئێمە زیاتر لە 100 ساڵە بۆ دێموکراسی تێ دەکۆشێ، بەڵام خەباتەکەی بەهۆی لەسەرکاربوونی نیزامە دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆ و نادێموکراتەکان سەر نەکەوتووە. لە ڕووی ئابوورییەوە سەرەڕای ئەوەی ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خەڵکەکەشی ئەهلی کار و خۆماندووکردنن، بەڵام لە ئێستادا هەم دۆخی ئابووریی وڵات و هەم ژیان و گوزەرانی خەڵک لەو سۆنگەیەوە لەوپەڕی خراپی و شپرزەیی دایە. ئەوە نەک قسەی ئێمەی دژبەر و ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکوو داتا و ئامارە ڕەسمییەکانی سەر زاری خودی کاربەدەستانی ڕێژیمە کە دان بەوەدا دەنێن ئابووریی وڵات نەک گەشە ناکا و هەڵ نادا، بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر دادەڕمێ. کارخانەکان یان لە کار دەکەون یان ئاستی بەرهەمهینانیان بەردەوام دادەبەزێ و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەر مایەپووچ دەبنەوە، ئەوەش زیاتر پەرە بە بێکاریی هەوسارپچڕاو لە کۆمەڵگەدا دەدا و کاریگەریی خراپی خۆی لە سەر ژیانی خەڵک دادەنێ. ئەو ئامارانەی کە باس لەوە دەکەن 12 تا 20 میلیۆن کەس لە خەڵکی وڵاتی ئێمە بە تەواوی لەژێر هەژاری دان و لە نێوان 30 تا 50 میلیۆن کەس بە ڕێژەیی لە ژێر هێڵی هەژاریدا جێ دەگرن، پێمان دەڵێن کە خەڵکی ئێران لە چ دۆخێکی کارەساتباردا دەژین؛ ئەویش نەک لە سۆنگەی ئەوە کە ئێران وڵاتێکی هەژارە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو سەرچاوەکانی وڵاتی ناوەتە خزمەت سیاسەتە قەیرانخوڵقێنەکان کە بۆ پاراستنی نیزامە سیاسییەکەی گرتوویەتە پێش. خۆ ئەگەر لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بڕوانین دەبینین کە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بینەقاقای کۆمەڵگەیان گرتوە و بڕستیان لێ بڕیوە. پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری ئێعتیاد بە مادە هۆشبەرەکان، چوونەسەرێی ئاماری تاوانکاری، زۆربوونی نائاسایی تەڵاق لە تەنیشت چوونەسەرێی تەمەنی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش، سەرهەڵدانی زۆر دیاردەی وەک کارتۆنخەوی و لە گۆڕدا نووستن بەشێکی کەم و بچووکی کۆی ئەو زیان و خەسارانەن ژیانیان لە خەڵکی ئێران تاڵ کردوە. هەروەها ئەگەر سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و ئەو وڵاتە دایە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی بەشی زۆری ئەو ڕۆژڕەشییەی خەڵکی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم دەگەڕێتەوە. پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و دەستێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە کە بەشی هەرە زۆری بودجە و ئیمکاناتی وڵاتی بۆ تەرخان دەکرێ، تێچووەکەی لە سەر شانی خەڵکی ئێرانە و ئەوانن کە دەبێ باجی سەرکێشییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەن. ئێستا دێمەوە سەر سەرەتای باسەکەم، کە ئەگەر ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی وڵاتدا جێ متمانەی خەڵک و سەقامگیر نیە، لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیشی هەر ئاوای بۆ دەچێتە پێش؟ لە ڕاستیدا سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی چەوتی ئیدارە و بەڕیوەبەریی نێوخۆیی ڕێژیمی بەرەوڕووی دنیایەک کێشە و ئاستەنگ کردوە کە ئەگەر بیشیهەوێ ناتوانێ خۆیان لێ قوتار بکا و خۆ ئەگەر توانای قەیرانخوڵقێنیی زیاتریشی مابێ، چیدی توانای مودیرییەتی قەیرانەکانی نەماوە. بینیمان ئێعتباری ئەو ڕێژیمە و شوێنهواری تهحریمهکان گەیوەتە ڕادەیەک کە لە ئاڵمان وەزیری دەرەوەی ڕێژیم فڕۆکەکەی بۆ لێدانی بێنزین دادەمێنێ و هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نیە سووتەمەنیی بیداتێ. سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی پشتی ئەو وڵاتە لە ژێر گەمارۆ جیهانییەکاندا بچەمێتەوە و لە «بەرجام»یش نەیتوانیوە فریای ڕێژیم بکەوێ، بەرجامێک کە ئێستا ئەمریکا و شەریک و هاوپەیمانەکانی خەریکن پێداچوونەوەی پێدا دەکەن، بەرجامێک کە وەزیری دەرەوەی ڕێژیم دەڵێ هەتا ئێستا قازانجێکی ئەوتۆ و خێروبێرێکی وای بۆ ئێران نەبووە. وەزیری نەوتیش نایشارێتەوە کە دەتوانن لە سایەی بەرجامەوە نەوت بفرۆشن، بەڵام کێشەی ئەوەیان هەیە کە لە سۆنگەی گەمارۆکانی پێشوو پووڵ و دراوەکانیان بۆ ناگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێداچوونەوە بە بەرجام سەر بکەوێ ڕوونە کە ڕێژیم لە ڕووی ئابوورییەوە چەند قات بەرەوڕووی قەیرانی زێدە دەبێتەوە. بۆیە بە سەرنجدان بەو بارودۆخەی باس کرا و بە تیشک خستنە سەر ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە نێوخۆی وڵاتدا لە ئارا دایە، ڕێژیم لە توانایدا نیە بە سەر ئەو کۆسپانەدا سەرکەوێ و لە قەیرانێک چەقیوە کە بەرهەمی سیاسەت و شێوەی مودیرییەتی خۆیەتی. ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباریش بەو دروشمانەی تێیان بەرز کرایەوە، دەکرێ بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیم دابندرێ. خەڵکی ئێران کە ئیدی لە ڕێژیم لە تەواوەتیی خۆیدا هیوابڕاو بوون، ڕێگای خۆی بۆ دەربازبوون دیوەتەوە، ئەویش ڕێگای نارەزایەتیدەربڕینە، ڕێگای نافەرمانیی مەدەنییە، چڕکردنەوەی هەوڵەکانیانە بۆ گۆڕین و تێپەڕین لەو حکومەتە و ئەزموونەکانی پێشووش پێمان دەڵێن کە خەڵک دەتوانن سەرکەوتووی ئەو بەربەرەکانی و ململانێیە بن. بابەتێکی گرینگی دیکەی پێوەندیدار بەو دۆخە ورووژاندنی پرسی ڕاپرسی ئەویش لە سەر زاری کاربەدەستانی هەرە دەسەڵاتبەرزی حوکمەت و دوایەش کاردانەوەی لە نێو حیزب و ناوەندە سیاسییەکان دایە. بێگومان ئەوەی سەرۆککۆمار لە ڕاپرسی بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی ئێرانی دەوێ هەر مەشرووعییەت وەرگرتنەوەیە بۆ ڕێژیم و حاکمییەت کە خەڵک نایانەوێ. ڕاپرسی لە ئێران_ بێ لەبەرچاوگرتنی دەرەتانی ئەنجامدانی لە چوارچیوەی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا_ ئەو کاتە دەتوانێ کاریگەر و بە کەلک بێ کە بواری تێپەڕین لەو نیزامە و چێکردنی نیزامێکی دێمۆکرات و سێکۆلار بۆ کۆمەڵگەی ئێران بڕەخسێنی. ڕاپرسی ئەگەر بەو تایبەتمەندییەوە ئیمکانی کردنی هەبێ، دەتوانێ تێچوویەکی کەمتر بۆ تێپەڕین لە ڕێژیم و گۆڕینی ئەو نیزامە سیاسییە لە سەر دەستی خەڵکی دابنێ، بەڵام ئەوە کۆسپی گەورەشی لە بەر دەمە کە کۆماری ئیسلامییە. بێگومان کۆماری ئیسلامی هەتا ئەو جێیەی دەسەڵاتی بڕوا ڕێگە نادا خەڵک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، چونکی لەوە دڵنیایە کە چارەنووسی خەڵک و چارەنووسی رێژیمەکەیان یەک نین و خەڵک چاری ئەو نیزامە سیاسییەی ناوێ. هەر بۆیە ئەو ڕێژیمە بە زەحمەت لە ڕێگای هاسانەوە مەیدانەکە چۆڵ دەکا و خەڵکی ئێران ناچارن ڕێگا بەزەحمەت و پڕتێچووەکان بگرێتە بەر. یەک لەو ڕێکارانەش بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام و پەل و پۆ هاوێشتنیان بۆ هەموو شار و شوێنەکانی وڵاتە. لە دوای سەرکوتی ڕاپەڕینەکەی مانگی بەفرانبار دەبینین کە هەر ئەم ماوەیە کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی نوێ سەریان هەڵداوەتەوە. ناڕەزایەتییەکانی دەروێشەکانی گوناباد، مانگرتنەکانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، بانە و پیرانشار، مانگرتنی کرێکاران لە زۆر شار و پارێزگای وڵات، ئەوانە پێمان دەڵێن کە خەڵک ئامادەن لە مەیداندا بن و حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەبێ لە پشتی داوای خەڵک و هاندەر و پاڵپشتیان بن. لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان و کوردستاندا پێویست بە گوتن ناکا کە خەڵکی کوردستان مێژوویەکی دوور و دریژیان لە ئازایەتی و مافخوازی و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە. حیزبی دێموکراتی کورستانیش هەموو کاتێ هاندەر و پاڵپشتی جموجۆڵە مەدەنییەکان، حەڕەکە ئێعترازییەکان و بزووتنەوە مافخوازییەکان بووە. ئەوەی گرینگ و بەبایخە ئەوەیە کە بەپێی ئەو ئازایەتی و بوێرییەی خەڵکی ئێمە هەیانە و بەپێی ئەو بەستێنە لەبار و ئامادەیەی ئێستا هەیە، کوردستان دەتوانێ شوێندانەریی زۆری لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە ئێراندا هەبێ. گەیشتن بەو شوێندانەرییەش ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر شانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ئێمە وەک حیزبی دێموکرات زۆر باش هەست بەو بەرپرسیارەتییە دەکەین. لەم ڕووەوە ئەمساڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات توانیی لەگەڵ نیزیک بە 10 حیزب و رێکخراوی سیاسی «شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران» پێک بێنن و تواناکانیان بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و بەشداری و هاوبەشییان لە دروستکردنەوەی ئێرانی داهاتوودا بخەنە سەر یەک. حیزبی ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ «یەکیەتیی کۆماریخوازانی ئێران»یش لە پێوەندی و دانوستان دایە هەتا بتوانێ لەوێش کاریگەریی خۆی لە ڕەوتی خەباتی هاوبەش دژی کۆماری ئیسلامی دابنێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆ وڵاتیشدا لەو بوارەدا چالاکە بۆوەی بتوانێ پەیامی هاوکاری و هاوخەباتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەرێتە نیو کۆرۆکۆمەڵ و چالاکانی سیاسی و مەدەنی. هەروەها حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە سیاسییە دیار و شوێندانەرەکانی دیکەی کوردستانیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەت و باوەڕە هاوبەشە کە دەبێ پێکەوە هاوپەیمانییەک و ئادرەسێک لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد دروست بکەن و هەوڵەکانیش بۆ ئەو مەبەسە سەرکەوتوو بووە و پێکهێنانی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» بە بەشداریی 5 حیزبی سیاسی وەڵامدانەوە بەو پێویستییە مێژوویی و هەنووکەییەیە کە خەباتی خەڵکی کوردستان بباتە مەیدانی خەباتە سەراسەرییەکە لە دژی کۆماری ئیسلامی. *** * ئەو نووسراوەیە پوختەی باسێکی سیاسی_تەشکیلاتی بوو کە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە، 10ی سەرماوەز لە کۆبوونەوەی گشتیی کادر و پێشمەرگەکاندا پێشکێشی کرد.