کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

(لە حوجرەوە) شێخ عوسمان نه‌قشبه‌ندی

23:29 - 16 رەشەمه 2717

هەندێک لە لێکۆڵەران ده‌ڵێن نەقشبەندییەکان لە ڕابردوویەکی دووردا، شوێنکەوتووان و لایەنگرانێکی سەرسەختی ئایینی زەڕدەشتی بوون و لە ترسی دوژمنانی ئەو ئایینە، ئاوێستایان لە سەر جەستەی خۆیان نەقش کردوە، هەتاکوو، وەکوو گیانی خۆیان پارێزگاریی لێ بکەن و لە فەوتان ڕزگاری بکەن، هه‌ر لەبەر ئەوەشه‌ ناوی نەقشبەندییان بەسەردا بڕاوە. ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی به‌ یه‌کێک له‌ ڕێبازه‌ ئارام و هێمنه‌کانی عیرفان داده‌نرێ و زۆر له‌ که‌سایه‌تییه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی کورد وه‌کوو مەولەوی، نالی، مەحوی، بێسارانی و سەیدی و؛ هەروەها زۆر زانای وه‌کوو مامۆستا باقری بالک، مامۆستای کانیسانانی و مامۆستا عەبدولکەریمی بیارە سه‌ر به‌و ته‌ریقه‌ته‌ بوون. ساڵی 1275 هه‌تاوی، له‌ گوندی سه‌فی ئاوا له‌ نزیک شاری جوانڕۆ کۆرپه‌له‌یه‌ک، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی خواناس و دامه‌زرێنه‌ری ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی پێی نایە ژیانەوە. له‌ به‌ر خۆشه‌ویستیی باوه‌گه‌وره‌ی ناویان نایه‌ عوسمان. محه‌ممه‌د عوسمان له‌ ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا له‌گه‌ڵ مه‌ولانا خالیدی برای نرانه‌ به‌ر خوێندن و خرانه‌ بازنه‌ی عیرفانه‌وه‌، محەمەد عوسمان له‌ حوجره‌کانی بیاره‌ و دووڕوودا ده‌ستی به‌ خوێندنی زانسته‌‌کانی خواناسی کرد و هه‌ر له‌و قوتابخانانه‌شدا درێژه‌ی به‌ خوێندن و فێربوون دا. ئه‌و جگه‌ له‌ خزمه‌تی باوکی، واته‌ شێخ عه‌لائه‌دین، له‌ خزمه‌تی مامۆستایانی وه‌کوو مسته‌فا ئیسماعیلی میسری و مه‌لا سه‌ید حوسه‌ین سابڵاخی و مه‌لا عه‌بدولکه‌ریم خانه‌شووریدا خوێندوویه‌تی. محەممەد عوسمان، دوای تەواوکردنی خوێندن و بڕینی پلەکانی ڕێبازی نەقشبەندی، به‌هۆی به‌ساڵاچوویی باوکی ده‌کرێ بە سەرپەرستی ھەر دوو خانەقای بیارە و دووڕوو، و لە دوای کۆچی دوایی باوکی لە جێگای ئه‌و داندراوه‌. محەمەد عوسمان لە سەردەمی لاویدا، لە چەند شەڕی دژی داگیرکەرەکانی ڕووس و ئینگلیس لە کوردستان، لە بەرەکانی پێشەوە شه‌ڕدا بووه. دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەوڕووداوانەدا، بەهۆی شۆڕشی تەمموزەوە بارودۆخی سیاسیی عێراق تێک دەچێ و شێخ عوسمان، بیارە جێ ده‌هێڵێ و ده‌چێته‌ دووڕوو و ماوەیەکی زۆر له‌وێ دەمێنێتەوە و بە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خانەقای دووڕۆ، ئەوێش دەبێتە زانکۆیەک بۆ خوێندکارانی زانستەکانی خواناسی و پەناگەیەک بۆ بێ پەنایان و نەخۆشخانەیەک بۆ دەردەداران. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنه‌ سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی شێخ محەمەد عوسمان دەگەڕێتەوە بیارە و ساڵی ١٣٦١ هەتاوی ڕوو ده‌کاته‌ به‌غدا و دوای ده‌ ساڵ مانه‌وه‌ له‌ عێڕاق ده‌چێته‌ ئۆڕدۆن و دوای دوو ساڵ به‌ره‌و تورکیه‌ ده‌چێ و له‌ ئیستانبوڵ ده‌گیرسێته‌وه‌. شێخ عوسمان، جگە لە کوردستان لە چەندین وڵاتدا خانەقای هەبووە، بۆ نموونە، کانادا، تورکیە، ئەندونێزی، مالزی، ئۆردون، هەروەها لە پایتەختەکانی وەک بەغدا و تاران و هه‌ندێ شاری وەکوو تورکمەن سەحرا و ڕەشت. خانەقا و ماڵەکەی شێخ عوسمانی نەقشبەندی، بەدرێژایی تەمەنی، نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشان و سەرپەنایەک بۆ بێ پشتوپەنایان و هوتێلێک بۆ کۆچەرەکان بووە، بەبێ لێپرسینەوە لە بیروباوەڕ و ئایین و ڕەگەز، بەوتەی یەکێک لەو کەسانەی کە هەمیشە لەوێ بووە، دەڵێ لەوەتەی من بیرم دێ ڕۆژانە، ئەم خانەقایە کەمتر لە پەنجا میوانی تێدا نەبووە و هەندێ جاریش هەتا پێنج سەد که‌سی میوان بووه‌. شێخ عوسمان، لە چەند گوندێکدا بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، نانەواخانەی کردبوونەوە و بە بەردەوامی نانیان تێدا دەکرا و، تەنیا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە بەبێ لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە پێشمەرگەی کام حیزبه‌. شێخ عوسمان، دەست و قەڵەمی نووسینیشی بووه‌ و چه‌ند کۆپه‌ڕ و دیوانێکی بەناوی «چەپکە گوڵێک لە گوڵزاری عوسمانی» هەیە کە بە زمانی کوردی، زاراوەکانی سۆرانی و هەورامی و زمانی فارسی نووسیویەتی. شێخ عوسمان، لە چارەسەرکردنی نەخۆشیەکاندا بە گژوگیای کوردستان، دەستێکی باڵای هەبووە، بەڕادەیه‌ک که‌ لە چەندین وڵاتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان، سەردانیان دەکرد و دەهاتنە لای. شێخ عوسمان له‌ په‌یامێكی تایبەتدا كه‌ لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی نووسیویەتی، ڕوو لە شوێنکەوتووان و لایەنگرانی ڕێبازی نە‌قشبەندی دەکا و دەڵێ: «پێویسته‌ شوێنکەوتوانی ئێمه‌ به‌ حیكمه‌ته‌وه‌ بجووڵێنه‌وه‌ و به‌ گرژی و توندی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا نه‌كه‌ن و نابێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌گوتن و بە کافرزانین و فاسیقكردنی خه‌ڵكی بێ به‌ سه‌ر زوبانتانا، یان له‌ ناو دڵتانا جێگیر ببێ...» شێخ عوسمان هیچ کەسێکی بە جێگری خۆی نەزانیوە و کەسی لە جێگەی خۆی دیاری نە کردووە، ئەوەش بە واتای بەرپرسیار بوونیەتی لە ڕێبازەکەیدا. شێخ محەممەد عوسمان سێراجەددینی نەقشبەندی، لە ١١ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە نەخۆشخانەی ئیستانبوڵی تورکیە بە هۆی نەخۆشی و لە تەمەنی ١٠١ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد و لە باخچەی ماڵەکەی خۆیدا بە خاک سپێردرا. دیاره‌ خۆی داوای کردبوو که‌ دوای مردنی تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە زێدی باب و باپیرانی، کە گوندی بیارەیە لە هەورامانی کوردستانی باشوور، بەڵام بەهۆی ڕێگریی وڵاتی تورکیە تا ئێستاش گڵکۆی شێخ عوسمان هەر لەوێیە. وه‌ک ڕۆژنامەی «حوڕییەت»ی تورکیه‌ باسی ده‌کا؛ شێخ عوسمان نەقشبەندی نیزیکەی ٩ میلیۆن لایەنگر و شوێنکەوتووی هه‌یه‌. ( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)