کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕق و خۆشەویستی دووانەی لێکدانەبڕاوی مرۆڤ

02:33 - 17 رەشەمه 2717

مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیر و بێ کۆنتڕۆڵە. ئەوەی دەزاتی مرۆڤ دایە بە هیچ جۆر پێشبینی ناکرێ. هەموو پێشڕەفتە عیلمییەکانی هەتا ئێستای جیهان کە هەر بەدەستی خودی مرۆڤ پێک هاتوون نەیانتوانیوە بە قووڵی بەناخی خودی مرۆڤدا بچنە خوار و پەی بە ڕازەکانی بەرن. ئەو پێچ و مۆرانەی لەشی مرۆڤیان لێک قایم کردوە و ئەو سیم و ڕایەڵکانەی جموجۆڵەکانی ئەم بوونەوەرە نمایش دەدەن بە ڕادەیەک سەرسوڕهێنەرن کە خوێندنەوەی دروستیان هەتا ئێستا مومکین نەبوە. بۆ پەی بردن بە هەموو ڕەمزوڕازەکانی ئەم هەیوولایەی ناوی مرۆڤی لەسەرە ڕەنگە درێژایی زەمان بەس نەبێ، پێویستیمان بە شتێکی دیکەیە. ڕق و خۆشەویستی دوو لەو تایبەتمەندییە هەرە ناحەز و جوانانەی مرۆڤن کە سەرچاوەی هەموو گۆڕانکارییەکانی جیهانن. ئەم دوو تایبەتمەندییەی مرۆڤ وەگەڕخەری چەرخی ژیان و ڕاگرتنی نەزمی مانن. لەهەر جێیەک خۆشەویستی هەیە ڕق جێگای پێ لێژە و ناوێرێ خۆی وەدیار بخا. لەجێگایەکیش ڕق زاڵە شوێنەوارێک لەخۆشەویستی بەدی ناکرێ. ئەم دوو خسڵەتەی مرۆڤ بەجۆرێک دەبەرامبەر یەکدا ڕاوەستاون کە زاڵبوونی یەکیان بەسەر ئەوەی دیکەدا لە واقیع بەدەرە، ڕەنگە تەنیا دەخەیاڵدا جێگە بگرێ. ئەوەندەی خۆشەویستی مانا بەژیان دەبەخشێ، ڕق بێمانای دەکا. بە هەمان ڕادە کە خۆشەویستی ڕەنگی دنیامان بۆ جوان دەکا، ڕق دزێوی دەکا. هەموو ئەو باوەشانەی کازیوەی بەیانی بۆ خۆشەویستی دەکرێنەوە، لەتاریکایی ڕقدا قفڵ دەدرێن. با ڕوونتری بڵێم. لە ڕق ڕا دەست پێ دەکەم: ڕق، بەڵێ ڕق! واتە شێرپەنجەی ژیانی بەشەرییەت. یانی ئەو بەڵایەی هەست و نیستی ئێمەی وێران کردوە. واتە بەدبەختی، چارەڕەشی، زەبوونی، بێ ویژدانی، بێ غیرەتی، بێچارەیی و بێ باوەڕی. ڕق یانی دڵڕەشی، پیسی، تاریکی، بێ هێزی و بێ ئیرادەیی. کەس نازانێ ئەو بەڵایە چۆن خانەکانی مێشکی مرۆڤ داگیر دەکا و بۆ ڕێگای پێشگرتنی نادۆزرێتەوە. لە دنیای ڕقدا چاوەکان کوێرن، گوێەیەکان کەڕن، زمان لەگۆ دەکوێ، هەست و ئیحساس وجوودی نیە. مرۆڤ بوونەوەرێکی بێ دەسەڵاتی خۆ بەدەستەوە دەرە کە بەڵای ڕق بێروبەوێی دادەدا. ڕق چوارچێوەی ژیان ئەوەندە بەرتەسک دەکاتەوە کە مرۆڤ ڕەنگە بەرپێی خۆشی بە تەواوەتی نەبینێ. تاریکی موناسبترین کاتە بۆ خۆنواندنی ڕق چونکە لە ڕووناکیدا دەسەڵاتی نیە. خەیانەت، لە پشتەوەڕا خەنجەر وەشاندن، درۆ و ڕیا، چاپلووسی و دوو ڕوویی لەخسڵەتەکانی کەسانی ڕق داگرن. لەڕاستیدا ڕق دنیایەکی دیاری نیە هەتا خۆی تێدا وەدیار بخا. خۆ شاردنەوە و چاوەڕوانی دەرفەت مانەوە مەجالی درێژەی ژیان بەو بەڵایە دەدەن. لە مانا زۆرەکانی ڕق، یەکیان وێران کردنە. هەتا ڕق هەیە ماڵوێرانیی نەسلی مرۆڤ کۆتایی نایە. بۆ زاڵکردنی ئاوەدانی بەسەر وێرانیدا دەبێ ڕەگی ڕق ویشک بکرێ. بەڵام خۆشەویستی: باخی خۆشەویستی پڕە لە گوڵی ڕەنگاوڕەنگی بۆنخۆش کە بەشی هەموو کەس دەکا. لەدنیای خۆشەویستیدا مێشکی مرۆڤ تەنیا کاتە خۆشەکان تەنزیم دەکا و دەیەوێ هەرچی لێوە بزەی لەسەر بێ. خۆشەویستی دەیەوێ ژیان بە پێکەنین دەست پێ بکا و بە بزە کۆتایی بێنێ. ئامێزی گەرم بۆ هەموو لایەک و لە گشت کاتەکاندا ئاوەڵا بێ. دەستی دۆستایەتی و یارمەتی بۆ هەمووان درێژ بکرێ و کەس وەلا نەندرێ. خۆشەویستی دەیەوێ ئاسمانی سەرمان قەت هەوری ڕەش داینەگرێ، ڕۆژەکانمان پڕ بەرهەم و شەوەکانمان ئارام و بێ دەردی سەر بن. لەدنیای خۆشەویستیدا کەس بەشی کەس ناخوا، کەس دەستی تاوان بۆ کەس درێژ ناکا، هیچ فرمێسکێک بۆ خەم و خەفەت هەڵ ناوەرێندرێ. لەماڵی خۆشەویستیدا لای سەرێ و خوارێ وجوودی نیە. ئەوەی هەیە ماڵی هەمووانە و تەنیا ڕێز و بزە و بەختەوەریی تێدا بەش دەکەن. ژمارەی ئەو دەروازە پڕ قفڵە ئاسنینانەی بە کلیکی خۆشەویستی دەکرێنەوە لەبن نایە. هیچ کوێرە ڕێیەک نیە چاوی خۆشەویستی نەی دۆزێتەوە، هیچ گرێ پووچکەیەک نیە دەستی خۆشەویستی نەیکاتەوە. دنیای خۆشەویستی وەک ئەو ساتانەی دەریا وایە کە دەئارامیی خۆیدا نوقم بوە، هیچ شەپۆلێک هەڕەشە ناکا. بۆ دەئامێز گرتنی بووکی خۆشەویستی ڕێگایەکی دوورمان لەبەر نیە، پێویست ناکا خۆمان بە ئاو و ئاگردا بکەین. تەنیا لەسەرمانە یەکترمان خۆش بوێ. لەوەتی مرۆڤ هەیە ئەم دوو خسڵەتەی پێ بە پێی یەک درێژەیان بە ژیان داوە. سەیرە هەموو کەس، بەڵێ هەموو کەس باسی خۆشەویستی دەکا، ڕێزی دەگرێ، تەبلیغی بۆ دەکا و وەک وانە دەی ڵێتەوە. کەچی بەڵای ڕق هەروا قورس و قایم لەپەنامان ڕاوەستاوە. تۆ بڵێی بەڵای ڕق ڕۆژێک بارگەی سەفەر ببەستێ و ئیتر نەگەڕێتەوە؟ بڵێی ئەوکاتیش خۆشەویستی هەروا پڕ مانا بێ؟ ( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)