کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی سیاسەت و سیاسیبوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟!

02:16 - 17 رەشەمه 2717

تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و مێژووە پر لە سەروەرییەکەی لە پێناو  دەستەبەرکردنی ئازادی و مافی نەتەوایەتی بۆ هیچ تاکێک نامۆ نیە، له‌گه‌ڵ ئەوه‌شدا لەم چەند ساڵەی دواییدا شاهیدی لە پەراوێزکەوتنی نیسبیی پرسی کورد لەم پارچەیەی کوردستان بووین و هیندێک جار بە بێ لێکدانەوەیەکی شیاو، کوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی یان لایەنێک بە تایبەتی بە هۆکاری ئەم پەرواێز کەوتنەوە ناو براوە و بگرە خەتاباریش کراوە. ئەگەر بمانهەوی شیکارییه‌کی تەواو بۆ ئەم باسە بکەین دەبێ لە چەندین ڕه‌هه‌نده‌وه‌ بڕوانینە هۆکارەکان کە ڕەنگبێ لەم بابەتەدا نەگونجێ. بەڵام دەکرێ باسێک بە گشتی لە سیاسیبوون و بەرتەسکبوونی تێکۆشانی سیاسی لە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەین و تێچووی سیاسیبوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەروارد له‌گەل ناوچەکانی دیکەی ئێران وەک یەکێک لە خاڵەکان بورووژێنین. ئەگەر زۆر بە کورتی ئاورێک بدەینەوە له‌ تێکۆشان و بەشداریی  کوردی  ڕۆژهەڵات لە شۆڕشی گەلانی ئێران له‌ ساڵی 1357، ده‌بینین ڕۆڵ و نەخشی ئەوان هیچ کەمتر لە خەڵکی شارە گەورەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران نەبووە، بگره‌ لە هیندێک پرس و هه‌لومه‌رجدا شوێندانه‌ریی زیاتریشی بووه‌. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک وێڕای ئەوەی ئامانجی هاوبەشی له‌گەڵ گەلانی دیکەی ئێران هەبوو بۆ ڕاپه‌ڕین، خواستی تایبەتیی خۆیشی هەبوو وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس، ئازادی، هاوبه‌شی لە دەسەڵات و ئیدارەکردن لەهەموو بوارەکانی فەرهەنگی، سیاسی و ئابووریی وڵاتدا؛ هەر بۆیە خه‌ڵک و حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی زۆر چالاکانە بۆ‌ ڕووخاندنی ڕێژیمی شا تێ کۆشان.  کەواتە له‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌کاندا کورد بێ ئامانج نه‌بوو، به‌ڵام لە بەردەوامیی گەیشتن بە ئامانجدا،  لەلایەک بە هۆی هاوڕانەبوونی گشتی لە سەر تاکتیک و شیوەی درێژەدانی خەبات، سه‌پاندنی شه‌ڕ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و حاشا له‌ ماف و داوای کورد، نەبوونی بەرنامە و پلانێکی تۆکمە و هەمەلایەنە و هەروەها نەبوونی ئالترناتیوی جێگرەوە، ئەم جۆرەی کە پێویست بوو کورد نەیتوانی دەرفەتەکە بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە و دەسکەوتی ڕەوای خۆی لە بەشداریکردنی ئینقلابدا وەدەست بێنێ. لە لایەکی دیکەوە شۆرش بە گشتی بە ئاراستەیەکی خراپدا ڕۆیی و دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتی بە گشتی بەرەو هەڵدێر برد. دیارە دەکرێ بڵێین کە شۆرشی گەلانی ئیران سەر کەوتووە ئەگەر تەنیا ئامانجەکەی ڕووخانی رێژیمی شا وەبەرچاو بگرین، بەڵام کە دەگەینە قۆناغی دووهەم واتە دەسکەوتەکان، شۆڕشی ٥٧ بۆ ئێمە هیچ قازانجی نەبووە بگرە لە زۆر بارەوە خراترمان بە سەردا شکاوە. دیارە هەر سه‌رده‌م و هه‌لومه‌رجێک گوفتمانی تایبەت بە خۆی هەیە و بارودۆخی ئەو کاتی شۆرشی گەلانی ئێران و بگرە دوای شۆرش و هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسلامیش ناکری بە ڕوانین و گوفتمانی ئێستامان لێکدانەوەی بۆ بکەین. دەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین  بڵێین کە دوێنێی دەسکەوتی ئینقلاب ئەمڕۆی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێک ەوتۆتەوە. هێنانە سەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد ئاواتی خەلکی کوردستان بوو کە وەک ئامانجێک بۆ دەستپێک و خۆبەرێوبەریی ڕۆژهەلاتی کوردستان کاری بۆ دەکرا یان لانیکەم ئەم چاوەڕوانییەی هەبوو، بەڵام هەر چەند مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش دیتمان کە وادە و بەلێنیەکانی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە کردەوە بوون بە چی و ویست و داخوازی کورد و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران پشتگوێ خرا و هەموو دەسکەوتی شۆڕش چووە باغەڵی تاقمێکی دیاریکراو کە هەموو هەوڵی سەپاندنی ئیدۆلۆژیی تایبەتی خۆیان بوو. لە کەشوهەوایەکی ئاوادا کە خەڵک بە گڕوتین و بە پیشرەویی و ڕێبەری حیزبی سیاسی و مۆدێرن دێ و شۆڕش دەکا، لە جیاتی دەسکەوت دەگەل توندوتیژیی زیاتر ڕووبەروو دەبێ، دەبێ چ چاوەڕوانییەک لە پەیوەندیی باش و سازان لە نێوان حکومەتی ناوەند و نەتەوەەی کورددا هەبێ؟ حکومەتێک کە لە سەرەتاوە بە ناڕاستگۆیی و گوێنەدان بە دەنگی ئەم گەلە بەرنامە و پلانی دەوڵەتداریی خۆی داڕشتوە و هەموو کەمە نەتەوە و ئایینی و جیابیرانی لە هاوبەشی و بەشدارییان لە دەسەڵاتدا بێبەش کردوە و ژنان، نیوەی کۆمەڵگەی بەرەو سووچەکانی نێوماڵ ناردووە؟ بێبەشکردن لە مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، بەگژداچوونەوە، زیندان، ئەشکەنجە، ئێعدام، دوورخستنەوە، پەراوێزخستن لە ئیمکانات و ڕەوتی گەشەی وڵات سیاسەتێک بووە ڕێژیم هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری لە کوردستان پەێڕەوی کردوە و لێکەوتەکەشی دوو شتە: یەکەم ئەوەی نەک خەڵکی کوردستان بە چۆکدا نەهاتن و لە داواکردنی مافەکانیان پاشگەزی نەکردنەوە، بەڵکوو سوورتر لە پێشوو بۆی هاتنە مەیدانی خەباتەوە. دووهەم ئەوەی خەڵک بە وشیاری و لێکدانەوەی دروست و گونجاو شێوازی خەبات و هەڵوێستەکانیان دیاری بکەن و سەنگ و سووکیی دەسکەوت و تێچووەکان بکەن. ئەوەش خەباتی فرەڕەهەندیی کورد لە بواری خەباتی شاخ و شار و جموجۆڵە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکاندا لێ کەوتۆتەوە. شێلگیریی کوردستان لە «ناگوتن» بە دەسەڵات و خەباتی بەردەوام بە دژی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی کە چالاکیی سیاسی لە کوردستان جیاوازتر بێ لە ناوچەکانی دیکەی ئێران. بۆیە دەبینین کوردستان بەهۆی بە ئەمنیەتیکرانی خەسارهەڵگرترە و ڕێژیم زۆر بە ئاسانی و دەستبڵاویی زیاترەوە جموجۆڵ و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان سەرکوت دەکا. بە واتایەکی دیکە تێچووی چالاکیی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات لە کوردستان زۆر زیاترە لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و ئەوەش لە بەردەوامیی خۆیدا خەڵکی کوردستانی بەو پلە لە وشیاریی سیاسی گەیاندوە کە هەڵوێستی شیاو و گونجاویان لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکان لە ئێراندا هەبێ. لەو نێوەدا تێچووی زۆری چالاکیی سیاسی و نافەرمانیی مەدەنی لە کوردستان بۆ ژنان چەند قات زیاترە، بە تایبەت ئەگەر لایەنە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیش لەو پازێلەدا ببینین، ئەو کات لە چییەتی و چۆنیەتییەکانی بەشداریی سیاسیی ژنان لە کوردستان باشتر تێدەگەین. با نموونەیەک بێنینەوە: کەمپەینی چوارشەممە سپییەکان دژ بە حیجاب تا ئێستاش لە کوردستان بەو جورەی کە دەبێ ڕەنگدانەوەی نەبووە، بەڵام دەبینین لە شارە گەورەکاندا بەردەوامە و دەنگدانەوەی زۆری بووە. بەڵام ئەمە ناکرێ بە نیشانەی کەمتەرخەمیی ژنانی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دابندرێ و، وەنەبێ کە بێدەنگی و دیار نەبوونیان نیشانەی ڕەزایەت بێ. بەڵام ژنانی کورد بە وردبینییەوە سەنگ و سووکیی ئەو نافەرمانییە دەکەن. ڕوون و ئاشکرایە ئەگەر ژنی کورد بێتە سەر شەقام و هەمان کردەوەی کچی شەقامی ئینقلابی تاران دووپات بکاتەوە، نەک هەر دەگیرێ، بەڵکوو دەسبەجێ تۆمەتی چالاکیی سیاسی لە دژی نیزام و پێوەندی هەبوونی بە حیزبە سیاسییەکانی دەدرێتە پاڵ و سزای زۆر قورسی بەسەردا سەپێ. هیچیشمان هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەگەڵ ژنانمان لە بیر ناچێتەوە. ئەو جینایەتانەی لە زیندانەکانی ڕێژیمدا دەرحەق بە ژنانی کورد و نەتەوەکانی دیکە کراون تەنیا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بیانکا، ئەگەرچی سەرباری ئەوەش ژنان قەت سەنگەری خەبات و بەربەرەکانێ لە دژی ڕێژیمیان چۆڵ نەکردوە. ئەزموونی چالاکییە مەدەنییەکان لە کوردستان کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەبۆنەی جۆراوجۆر کراون و کچان و ژنانیش بە بەربڵاوی تێیدا بەشدارن پێمان دەڵێن سەرباری تێچووی زۆری دەرکەوتن لەو جموجۆڵانە بەڵام کچان و ژنان بە وشیارییەوە تێیدا بەشدارن و ئامادەن تێچووە قورسەکەشی بدەن. ( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)