کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەکارکەوتنەوەی ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران

04:50 - 19 رەشەمه 2717

  لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٥ پیلانی تێرۆریستی بەرانبەر بە تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ لە باشووری کوردستان بەڕێوە بردوە. ئەم پیلانە سیستماتیکە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە بە سەرپەرەستیی بەشی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بەڕێوە دەچێ، بۆ یەکەمجار لە بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە زستانی پارەکە و لە نزیک شاری کۆیە جێبەجێ کرا. لەم کردەوە تێرۆریستییەدا کە لە شەوی یەلدا و ساڵرۆژی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوودا ڕووی دا، ٥ پێشمەرگەی ئەم حیزبە و ٢ کەسی سەربە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست دا. دوای ساڵێک لە بەدواداچوونی دادگا لە شاری هەولێر  بۆ کەیسی تێرۆرەکەی شەوی یەلدا، ڕاست لەو ڕۆژەدا کە دادگا بڕیاری لە سەر بێ‌تاوانیی چەند کەس لە گیراوانی تۆمەتبار لە کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا دەرکرد، لە گەڕەکی بنەسڵاوای شاری هەولێر، بۆمێکی دەستی بە ماشێنی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌ی ئێراندا تەقییەوە کە لە ئاکامدا شەهیدبوونی ئەندامێکی ئەم حیزبە و برینداربوونی ئەندامێکی دیکەی حیزبی لێ کەوتەوە. بۆ کەس گۆمان لەوەدا نیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لە تێرۆرەکەی بنەسڵاواشدا هەبووە. هەرچەند ڕۆژ دوای کردەوە تێرۆریستییەکەی شاری هەوڵیر بەرانبەر بە دوو ئەندامی حدکا، کادرێکی فەرماندەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دۆڵی بالیسان لە لایەن تیمی تێرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسترێژی لێ کرا و بە لێدانی زیاتر لە ٢٠ فیشەک، شەهید کرا. هەر لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم دوو هەوڵی تێرۆریستیی دیکەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نزیک لە بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەڕێوچوون کە بەخۆشییەوە پووچەڵ کرانەوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێی تێڕامان و گرینگی‌پێدانە ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆدارێژراو، ماشێنی تێرۆری خۆی بۆسەر تێکۆشەرانی کورد وەرێخستۆتەوە کە هەر ئەمە لە خۆی‌دا دەتوانێ چەند پەیامێک بگەیەنێ: بە سەرنجدان بە تێرۆرەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی و ٧٠ هەتاوی لە هەرێمی باشووری کوردستان و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئەمنیەتیی ئەو کاتی هەرێم، دەردەکەوێ کە هەرکات ئەم مەڵبەندە تووشی بێ‌سباتی، کێشەی نێوخۆیی و بشێوێ بووبێ، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆشاییەکی ئەمنیەتی هەست پێ کردوە و ئەمەی وەک دەرفەت و مەجالێک بۆ هێرشکردنە سەر تێکۆشەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵات کە لە باشوور نیشتەجێن قۆستۆتەوە و زەربەی لێ ‌داون. لە لایەکی دیکەوە هەرکات تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە پاڵپشتی و پشتیوانیی حیزبە کوردییەکان، گڕوتینی پێوەدیار بووبێ و تێکۆشانی حیزبەکان زیادی کردبێ، ماشینی تێرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران رووی لە ئادرەسی داینامۆی ئەم تێکۆشان و زیندوویەتییە کردوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مۆڵدان و جێگیرکردنی سەدان‌هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان لە شارو ناوچەکانی کوردستان، ئەم نیشتمانەی کردۆتە پادگانێکی گەورەی نیزامی، دەیهەوێ بە هەر شێوەیەک بێت، بە بەڕێوەبردنی پیلانی تێرۆر و تۆقاندن زەربە لە تێکۆشەرانی سیاسی و حیزبەکان بدات و وەک لە ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا پیلانی بۆ داڕشتوە و ئەنجامی‌ داوە، مەجالی تێکۆشانی تێکۆشەرانی سیاسی و حیزبەکانیان بەرتەسک دووریان بخاتەوە. ئەوەیکە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان چۆن دەتوانێ کۆتایی بە مەترسیی ئەم بۆشاییە ئەمنیەتییە بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی سیاسیی بهێنێ، باسێکە پڕگرینگ و هەستیار کە بەداخەوە بە هۆی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ململانیی ناوخۆییەوە، لانیکەم چارەسەرکردنی لە کورتخایەن‌دا دوورە لە چاوەڕوانی. بەڵام ئەوەی لەم پێوەندییەدا پێویستە بە جدیی قسەی لە سەر بکرێ، سیاسەتی خۆپاراستن و بەرگریی ڕەوای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە چیدیکە لانیکەم کەمتەرخەم نەبن و دەستی لێ بەرنەدەنەوە. ئێستا کە بە خۆشییەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندێکی هاوبەشیان هەیە بۆ هاوکاری لە گەڵ یەکتری، پێویستە لە رووی ئەمنیەتی و جموجۆڵی پێشمەرگانەوە، هەنگاوی هاوبەش بە مەبەستی خۆپاراستن و دیفاعی ڕەوا بنێن. بەداخەوە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیەتیی باشووری کوردستان لە دۆخێکی هەستیار و نەخوازراودایە و هەر وەک باسیش کرا، دوور لە چاوەڕوانییە بەم زووانە ئەم دۆخە چارەسەر بکرێ، بۆیە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کورستان پێویستە تێرۆرەکان و دەستوەشاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەیەی ٩٠ی زایینی و ٧٠ هەتاوی بێننەوە بەرچاوی خۆیان بۆ ئەوەی "لە کونێکەوە دووجار مار پێیانەوە نەدات".