کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی پێکەوەبوون

15:43 - 23 رەشەمه 2717

بۆ نەتەوەیەکی نایەکگرتووی و پارچەپارچەکراو کە هەم دەوڵەتانی داگیرکەر کار لە سەر پەرتەوازەیی و لەیەکتر دورخستنەوەیان دەکا و، هەم بەداخەوە خۆیشی زۆر یەکگرتوو و تەبا نیە، قۆستنەوەی دەرفەتێک کە بتوانێ بە کەمترین هەزینە هەمووان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە، "نێعمەت"ێکە. نەورۆزی کوردەواری کە ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵی لە نێو نەتەوەی کورددا هەیە و ساڵانە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە پانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر و به‌ربڵاو پێشوازیی لێ دەکەن، یەکێک لەو دەرفەتانەیە کە ئەم میللەتە دەتوانێ بیکاتە رەمز و "هێمایەک بۆ ژیانەوە و پێکەوە بوون". بە تایبەت لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، نەورۆز لە ئاستێکی بەرینتر و جەماوەریتردا لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێشوازیی لێ دەکرێ. ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە نێوەرۆک و شێوازی ئەو ڕێورەسمانە بدەینەوە کە لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ده‌گیرێن، دەردەکەوێ کە ڕاست خەڵکی کوردستان، ویستوویانە ئەم ڕێوڕەسمە نەتەوەیی و مێژووییە بکەنە دەرفەتێک کە کۆمەڵێک پەیامی جواروجۆری وەک؛ ژیانخۆشەویستی، هێنانەبەرباسی ویست و داخوازییە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆیان، بەربەرەکانی دژ بە سیاسەتی سەرکوتی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران، دەرخستنی بەرزیی ئاستی شعووری نەتەوەیی، پێکەوەبوون و یەکگرتوویی، تێدا بڵاو بکەنەوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێی بایەخ و گرینگی پێدانە پەیامی پێکەوەبوون و یەکگرتووییە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەم ڕێورەسمە نەورۆزییانە لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاویان کردۆتەوە و پێداگرییان لە سەر کردوە. هەر لەم سۆنگەیەوە ئەوەی زیاتر لە هەموو لایەک بوونەتە بەردەنگی ئەم پایامی یەکگرتووی و پێکەوەبوونە، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون. بە واتایەکی ڕوونتر پەیامی خەڵک لەم دەرفەتانەدا بۆ حیزبەکانیان ئەوە بووە کە پێکەوە بن و هاوکاری و هاوخەباتی بکەنە بنەمای کار و تێکۆشانیان. پێکهێنانی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، وڵامێکی هەرچەند درەنگ‌وەخت و دەڵەمەیە، بەڵام مەسئولانە بوو بەم زەروورەتە کە ببووە نێوەرۆکی پەیامی خەڵک ڕوو بە حیزبەکان. ئێستا کە لە نەورۆزێکی دیکە و لە دەرفەتێکی دیکەی نەتەوەیی و مێژوویی نزێک دەبینەوە، پێویستە بۆ جارێکی دیکە هەموو "پێکەوە"، نەورۆزی ئەمساڵمان بکەیەنەوە بە ڕەمز و "هێمای ژیانەوە و پێکەوەبوون". پێویستە بە یەکبوونمان و لە دەوری یەکترکۆبوونەوەمان و پێکەوەبوونمان پەیامە گەورە نەتەوەیی و نیشتمانییە بە گوێ هەموو دۆست و دوژمنانماندا بدەین کە، یەکگرتوویی و پێکەوەبوونمانە کە دەتوانێ زامن و دەستەبەری ماف و ئازادییە نەتەوەیی و ئینسانییەکانمان بێ، یەکگرتوویی و پێکەوەبوونمانە کە دەتوانێ دوژمنانمان ناچار بە پاشەکشە بکا، تەنیا بە یەکگرتوویی و پێکەوەبوونمانە کە دەتوانین بە ئاوات و ئامانجە ئینسانی و نه‌تەوەییەکانمان بگەین و دەرفەتەکان بە قازانجی خۆمان بقۆزینەوەو، سەرفەرازی بۆ نەسڵەکانی داهاتووی خاک و خەڵکەکەمان بە دیاری بەجێ بهێڵێن. کەوابوو هەر وەک لە ساڵی پاردا بە بەکارهێنانی جامانە، هێمایەکمان لە یەکێتی و یەکگرتوویی مانادار بە هەموو لایەک نیشان ‌دا، با ئەمساڵیش بە تێکەڵکردنی هەوری و جامانە و بەکارهێنانیان لە ڕێورەسمە نەورۆزییەکان، بیسەلمێنن کە سەرەڕای هەموو جیاوازیییەک کە هەمانە، بەڵام بە نەتەوە کوردین و، یەکگرتووانە و هەموو پێکەوە بۆ جارێکی دیکە نەورۆزی ئەمساڵیشمان دەکەینەوە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی دەنگی ئاشتیخوازیی و مافخوازیی خۆمان وەک نەتەوەک.