کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ وەک نێعمەتێک بۆ کۆماری ئیسلامی لە پێناو مانەوەدا

22:46 - 2 خاکەلێوه 2718

شەڕ لەگەڵ عێڕاق بەو هەموو تێچوویە مرۆڤی، ماڵی و وێرانییە دژایەتیی و دەستێوەردانی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە بەشێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لێ کەوتەوە. ڕێکخراوگەلی ئیسلامیی توندئاژۆ بە بیر و ناوی حیزبوڵلایی و ناوی دیکە دامەزرێنرا و نزیکەی ٤٠ ساڵە ئەو ناوچەیە تووشی کێشەی پتر لە پێشوو بوە.  سپای قودس، سازمانی ئەمنییەتی سپای پاسداران (ساس)، ڕاوێژکارانی ئەمنیەتی و دیپڵۆماسیی نابەرپرس و دەستێوەردانی نەرێنی بوونەوە   کردەوەی شەڕخوازنە و مەترسیدار. ئەو ئاکارانە کە لەژێر ناوی لەنێوبردنی ئیسراییل لەسەر نەخشەی جیهان بە هۆی تێکهەڵچوونی نیزامی و هەتا پێش پێکهاتنی «بەرجام»، بە هەڕەشەی «بۆمبی ئەتۆمیی ئیسلامی» و ئێستاش «مووشەکە بالستیک و دوورهاوێژەکان»و،  پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان لە ئارا دایە. مەبەستێکی دیکە «کۆماری ئیسلامی پارێزی لە ڕێگای شەڕ لە «دەرەوەی سنوورەکان»ە کە مەترسیی کارەسات گەلێکی دیکەی لێ‌ چاوەڕوان دەکرێ. لە نیوخۆی ئێرانیشدا کۆماری ئیسلامی وای کردووە کە خەڵکی ئێران تووشی هەژاری و بێکاری، بی مافی و سەرکوتی بەردەوام، زیادبوونی ڕادەی گیرۆدەبووانی ماددە هۆشبەرەکان، کارتۆن خەو و گۆڕخەوەکان، نێوزبڵ گەڕان بۆ نان، کۆڵبەری و کوژران و پێشێلکردنی مافی ژنان ببنەوە. بەڵام،  جەواد مەنسووری_ یەکەم فەرماندەری سپای پاسداران لە مانگی گوڵان هەتا رەشەممەی ١٣٥٨ _کە پاشان لە بەشی دیپلۆماسی کاری کردەوە و ماوەیەکیش جێگری وەزیری دەرەوە بووە، وێنەی کردەوەکانی نزیک ٤٠ ساڵەی ئەو ڕێژیمە بەمجۆرە نیشان دەدا و دەڵێ: ئەگەر شەڕ نەبا، کۆماری ئیسلامیش نەدەما و ئەو شەڕە کۆماری ئیسلامیی سازمان دا. هێز، ئەزموون، ورە و پێگەی دایە و دەرئەنجامەکانی شەڕ بۆ ئێمە یەکجار زۆر باش بوون. بەهۆی شەڕەوە بوو کە توانیمان دژە شۆڕشی نێوخۆیی و تەقمۆکەکان سەرکوت کەین. (١) هەروەها، موحسین ڕەزایی_کە درێژماوەترین فەرماندەری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی  لە ١٣٦٠ هەتا ١٣٧٦  بوو و ئێستا ڕاوێژکاری خامنەییە لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا؛ دەڵێ: ٨ ساڵ لە تەمەنی ١٠ ساڵەی «حکومت امام» لە شەڕێدا، ڕابرا. بەردی بناخەی شۆڕش لەو ڕووداوەدا، دانرا و قایم کرا. ئەو بەردی بناخەیەی بینای مەعرفەتی سیاسیی و فەرهەنگیی وڵاتی شکڵ پێدا و پێویستە زۆر جیدی‌تر و بنەڕەتی‌ترهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ. کەسانێک زۆر سەرسەری و لە پەڕاوێژدا، چاوی لێ دەکەن. پێویستە لە مێژووی نەوەکانی داهاتوو بە تایبەتی وەچەی سێیەمدا، ببێتە ئەسڵێک لە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک.... ئەمن بە ڕاشکاوی دەڵێـم ئێمە لە شەڕدا، سەرکەتووی موتڵەق بوین. ئێران بوو بە زلهێزێک کە دوای ٣٠٠ ساڵ ئەو هێزەمان وەدست هێناوەتەوە. «امام» بەو سەرکەوتنە، بە سەربڵیندی لەو شەڕە هاتە دەر. ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە ئەمنییەت‌ و سەقامگیریمان هەیە و تەنیا وڵاتین لەو بوارەدا لەو ناوچە، بەهۆی شەڕەوەیە. فەرهەنگی بەرخۆدان کە لەو ناوچەیە لە ئارا دایە، بە تایبەتی لە فەلەستین و لوبنان، لە هەناوی ئەوە شەڕەی بەرهەم هاتووە. ئیمام ئەوکات فەرمووی: شەڕی ئێمە، شەڕی ناردنەدەرەوی شۆڕش بۆ ناوچەکە و دنیایە.... زۆر گرینگە بەرنامەی دیکە دابنێین و باس لەوە بکەین کە چۆن بوو گەمارۆشمان لەسەر بوو شەڕیشمان بە ئەستۆوە ببوو، بەڵام خوڕڕەمشاریشمان گرتەوە. ئەو کارە فێری کردین چۆن کێشەکان چارەسەر کەین. گرینگ ئەوەیە کە ئێستا چۆن دەتوانین لەوشەڕە بۆ کەمکردنەوەی لاوازیی هەڵسوکەوتەکانی بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگیی و سیاسی کەلک وەرگرین. (٢) پێویستە بیروڕای خەڵک لەوەش ئاگادار بێ کە موحسینی ڕەزایی کە ئەمڕۆ قسەکانی بۆنی خوێن و شەڕ و وێرانیان لێ دێ، لە بەرەبەری قبووڵکردنی بە ناچاری بڕیارنامەی ٥٩٨ لە چ حالێکدا بوو. هاشمیی ڕەفسەنجانی لە بیرەورەییەکانی ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٦٧یدا، وەزعی دەروونیی فەرماندەی سپا، بەوجۆر باس دەکا. «ئاغای موحسین ڕەزایی هات. ناڕەحەت بوو. کەمێک گریا. دڵم دایەوە. ئامادەی  خۆکشانەوە بوو. گوتم لەسەر پۆستەکەی خۆت بمێنەوە. قەرارە سبەێنێ لە تەلێڤیزیۆن وتووێژت هەبێ بۆ ئەوەی دەمگۆی زیندانیکردنت بڕەوێتەوە.»(٣) ڕەفسەنجانی بێ ئەوەی ناوی یەحیا ڕەحیم سەفەوی یا کەسانی دیکە بێنێ دەڵێ: کاتێک ئەو فەرماندەیی فاوی بە ئیمکاناتێکی زۆرەوە بەجێ هێشت، خەڵخاڵی داوای ئیعدامکردنی ئەو و دوو کەسی دیکەی کرد. ڕەفسەنجانی لەوبارەیە ئاماژە بە وەزعی دوایین ساتەکانی شەڕ دەکا کە خومەینی بڕیاری دادگاییکردن و پێڕاگەیشتن بە هەڵەکانی فەرماندەکانی دابوو. لە ژێر چاوەدێری خۆیدا، گەرەکیان بوو کەسانێک ئیعدام کەن. تەنانەت ئاغای خامنەیی_ سەرکۆماری ئەوکاتیش_ لەوەدا هاوبیری ئاغای خومەینی بووە. سەبارەت بە کردەوەی سپای پاسدارانیش، ئا. خومەینی وڵامێکی داوەتەوە کە لە «صحیفەی نور»یشدا، نەیان‌ نووسیوە. ئەو نووسیویەتی: «ئەگەر سپا شەڕی باش نەکا بۆ هەمیشە زەلیل دەبێ و دەمرێ.» (٤) سەعید قاسمی _یەکێک لە فەرماندەرانی پلە دووی سپای ئەو کات_ گوتی:» ٦٠ ٪ی ئەو شوێنانەی لە ماوەی ٨ ساڵدا گرتبوومان، لە ماوەی ٣ ڕۆژدا، لێیان ئەستاندینەوە.»(٥) ئەو بۆچوونانە لە حالێک دایە کە بەشێک لە کردەوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیان، لە ڕووداوەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە دوای ٢٠٠١ وە هەتا ئێستا، بە قازانجی پەرەگرتوویی بیری  ئیسلامی سیاسیی بووە. دوای پتر لە ٣٠ ساڵ شەڕی ئێران و عێراق، ٦ ساڵ شەڕ لە سووریە، دوو وردە شەڕی ئیسراییل لە لوبنان و فەلەستیندا، بەهۆی حیزبوڵڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامی، سەرهەڵدانی داعیش و ٣ ساڵ مەرگ و وێرانی و پێکهاتنی حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسییەکان لە یەمەن وەک هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامی، چاوپۆشیی لە تێرۆریسمی دەوڵەتی بەتایبەتی دوای مەحکوومکرانی لە دادگای موئابێتی ئاڵمان_سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس_ و ئاژاوەگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەشێک لە ئەفریقا و تەنانەت لە هێندێک شوێنی ئەمریکای لاتینیش، توێیەکی ڕاستەی قسەکانی موحسینی رەزایی دەردەخا. هەر بە پێی ئەو ڕوانگەیەی کە ئیزنی شەڕ و ئاژاوەی پێدراوە، ناوبراو هەڕەشە لە لەنێوبردنی عەربستانیش دەکا! بەڵام سەیر ئەوەیە، زۆربەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەر باسی داسەپاندنی شەڕ بە هۆی ئەمریکا دوای‌ هێرش بۆسەر باڵیوزخانەکەی و بارمتەگرییەکە دەکەن!   سەرچاوەکان ١- یوتیوب، اعترافات تکان‌دهندەی یک فرماندەی سپاە. ٢- یوتیوب، سطرهای ناخواندە، صحبت‌های ناگفتەی محسن رضایی در مورد جنگ ایران و عراق. ٣، ٤ و ٥- بی بی سی فارسی، حسین باستانی،»چرا آیت‌اللە خمینی خواستار اعدام فرماندهان مقصر «شکست» در جنگ شد. ٢٣ سپتامبر ٢٠١٤ (١ مهر ١٣٩٣).   ( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)