کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماسەی ڕزگاربوون لە مەرگەساتی هەڵەبجە

22:51 - 2 خاکەلێوه 2718

ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٦(١٦ی مارسی ١٩٨٨) ڕێژیمی بەعس بە بۆمبی شیمیایی لە هەڵەبجەی دا. ئەو شەوە هەواڵ گەیشت کە هەڵەبجە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە داگیر کراوە و، ئەمە یانی هێزێکی زۆری پێشمەرگە کە لەو ناوچەیە بوو، پشتی لێ گیراوە و لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراون. بڕيار درا ناوچەکە چۆڵ بکرێ و شوێنی یەکگرتنەوە هێزەکان ئاوایی هاواریی نوێ دیاری کرا. هێزەکە دواتر بەرەو گوندی عەنەب لە نزیک شاری هەڵەبجە ڕێکەوت و تاریک و ‌ڕوونی بەیانی لە نێو باخ و گوندە ڕووخاو  و چۆڵکراوەکەی عەنەبدا خۆیان حەشار دا و چاوەڕوانی پێشهاتەکان مان. لە بەشی ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە لە خورماڵ، هەتا دەگاتە بیارە و تەوێڵە و بەرزاییەکانی دەورووبەر هێزەکانی عێراق بەبێ هیچ شەڕ و لێکدانێک لە شوێنی خۆیان بوون. لە باشووری هەڵەبجەوە هێزەکانی مەجلسی ئەعلا و سپای پاسداران بە تانک و تۆپ و جبەخانەی قورسەوە خۆیان گەیاندبووە نزیک شار و جادەی سیروان ـ هەڵەبجەیان گرتبوو. بە دەرکەوتنی ئەم هێزەی ئێران و گیرانی پردی «زەڵم» تەواوی هێزەکانی عێراق ورەیان لە دەست‌ دا و پۆل پۆل خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئێران دەکرد. لە بەرەبەیانی ڕۆژی گیرانی هەڵەبجەدا هێزەکانی عێراق لەپشت ئاوایی هانیگەرمەڵە بەرەو بیارە کەوتنە پاشەکشە. لەو کاتەدا دوو هێزی بەیان و دووی ڕێبەندان لەو ئاواییەدا بنکەیان بوو. بە شکستی هێزەکانی عێراق هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی حیزبی دێموکراتیش ڕوون و ئاشکرا بوو، بۆیە ئەو دوو هێزە بەرەو ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە کشانەوە و  لە گوندی عەنەب بۆ ماوەیەک چاوەڕوانی ‌هێزی شاهۆ و زاگڕۆس بوون تا هەموو تێکەڵ ببنەوە. هەر لەو کاتە‌دا «گوردانی شوان»ی کۆمەڵە کە ئەوانیش  بنکەیان لە ئاوایی بیارە بوو، ئەوانیش وێڕای ئێمە بەرەو هەڵەبجە پاشەکشەیان کرد. ئەگەرچی ئەو کات ئێمە بەرپرسانی هێزی بەیان و دووی ڕێبەندان پێمان گوتن کە با بەیەکەوە لەو مەترسییە ڕزگار بین، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوخۆیی چەند ساڵەی نێوانمان ئەوان ملیان نەدا و پێشنیارەکەی ئێمەیان ڕەت کردەوە کە بەداخەوە ڕۆژی دواتر هەموویان کوژران و گیانیان بەخت کرد. پێشمەرگەکانی حیزب بەرەبەیانی ڕۆژی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە لە ئاوایی عەنەب بەرەو لای هێزی شاهۆ دەچن و هەموویان یەک دەگرنەوە. لە وەها هەلومەرجێکی سەختدا 700 تا 800 کادر و پێشمەرگەی حیزب کەوتبوونە ژێر ئاوری بێ ئامانی هێزەکانی ئێران و عێڕاق. بۆیە بە ناچار بڕیاری چۆڵکردنی دەورووبەری عەنەب بەرەو «سەرکەن» درا و دۆڵ و ئاودڕە و شیوی لای سەرەوەی باخەکان بوونە پشت ‌و پەنای هێزی پێشمەرگە و تا ئەو دەم و ساتە بێ زیان لەو مەرگەساتە دەرباز بوون. هێزە گەورەکەی حیزبی دێموکرات ئەو ڕۆژە تا ئێوارێ لەشوێنی خۆیان نەجووڵان. دیارە ڕێگەی دەربازبوونیان نەبوو، و تەواو لە گەمارۆ کەوتبوون. سێ شەو و ڕۆژ لە دەورووبەری هەلەبجە خواردنی هێزی پێشمەرگە تەنیا ڕووەک و گیای کێوی بوو. ئەو ڕۆژە فرۆکە شەڕکەرەکانی عێراق بەردەوام هەڵەبجە و دەورووبەریان بۆمباران دەکرد. چڕەدووکەڵ هەموو ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیبوو، گرموهۆڕی فرۆکە بەردەوام دەهات و دیار بوو مەرگەساتێک بەسەر هەموو ناوچەکە‌دا زاڵ دەبوو. بەیانیی ٢٨ی ڕەشەممە هەلومەرج‌ و بارودۆخی پێشمەرگە تەواو لەباری تەداروکاتییەوە شپرزە ببوو، گیا و ڕووەکیش نەمابوو کە ئەو 700_800 کەسە بتوانن خۆیانی پێ ڕابگرن. سەر لەئێوارە برسێتی فشاری بۆ زۆر کەس بەتایبەتی منداڵەکانی بنەماڵە کە لەگەڵمان بوون هێنابوو؛ بەڵام پێشمەرگە زۆر ڕۆژ و قۆناغی سەختی لەو چەشنەی دیبوو و هەموویانی بەزاندبوو. رۆژی ٢٩ی رەشەممە شەهید دوکتور قاسملوو پەیامی نارد کە بەهەر جۆر و بە هەر نرخێک بێ دەبێ خۆتان لەو ناوچەیە رزگار بکەن، چونکی بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون بەتەواوی لەمەترسی و بەر هێرش‌ دان. هەر بۆیە ئێوارەی دوایین ڕۆژی زستانی ساڵی ١٣٦٦ بەدەشتی خورماڵدا بڕێنی ڕێگەی دووڕ و دڕیژی ئەو دەشتەیان کردە نەورۆزانەی خۆیان. لەکاتی تێپەڕین بەو ڕێگا دوور و درێژەدا چەندجار ماشینی سپای پاسداران لەلایەن پێشمەرگەوە ڕاگیرا تا هێزەکە لەجادە بپەڕنەوە. پێشمەرگە لەلای پاسدارەکان خۆیان بەخەڵكی عێراق و ئوپوزیسیۆنی عێراقی دەناساند، بڕیاریش وابوو بە نێوان خورماڵ و بیارەدا سەرکەون بۆ لای سەرگەت و پاشان بە پشت ئەحمەوئاواوە بەرەو لای شانەدەر و سەید سادقدا خۆیان دەرباز بکەن. دەشتی هەڵەبجە بەرەو خورماڵ هەمووی بە کەلاکی حەیوان ڕەش داگەڕابوو، ئەو دەشتە سەراپا بۆنی گازی شێمیایی لێ دەهات، دیارە پێشتر رێنوێنی پێویست بە هەموو پێشمەرگەکان درابوو. لە نیزیک گوندی خوڕماڵ کاتژمێری یەکی نیوەشەو تووشی چەند ئایفای ئەرتەشیی پڕ لە پاسدار هاتین کە هەموویان ماسکی دژی شیمیایی بەسەریانەوە بوو و لە سەر رێگای پێشمەرگە وەستابوون. پڕسیاریان کرد بۆ کوێ؟ بە پێی بڕیار و ڕێنوێنیی پێشوو هەر کەسە و بۆی هەبوو تەنیا بڵێ بۆ «ئەحمەدئاوا». لەگەڵ ئەوەی زۆریان پێ سەیر بوو ئەو هەمووە خەڵکە بۆ بەو شەوە دەچنە ئەحمەدئاوا، بەڵام هێچیان نەگوت. دیارە گوێمان لێ بوو پاسدارێکی کرماشانی گوتی: «ئەم نەزمە نەزمی عێراقی نیە، بڕۆن عەلی یارتان». بەمجۆرە پاش ٣ ڕۆژ مانەوە بە برسییەتی لە نێو گەمارۆی تەواوی هێزەکانی دوژمندا و دوای بڕینێکی رێگایەکی سەخت و دوورودرێژ پێشمەرگەکان خۆیان دەرباز کرد و سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کوڕانی دێموکرات ‌و سەرشۆڕییەکی دیکە نسیبی هێزی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو رێگا دووروو درێژە سەرکەوتنەکەی زۆر هۆکاری دیکەی هەیە، بەڵام دیارە کە هەست بە بەرپرسایەتیی هەموو کادر و پێشمەرگەی ئەو هێزەی گەورەیەی حیزبی دێموکرات کە هەموو دژوارییەکیان قەبووڵ کردبوو، گرینگترینی ئەو هۆکارانە بوو.   ( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)