کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس و دڵەڕاوکێی ڕێژیم لەسەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان

22:54 - 2 خاکەلێوه 2718

سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتیی بەرین و بێوێنەی کۆمەلانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران لە مانگی بەفرانبار و ڕۆژانی دواتردا، ترس و نیگەرانیی زۆری لە دڵی کاربەدەستانی ڕێژیمدا چاندووە و بە ئاشکرا دیارە کە لە داهاتووی خۆیان و ڕێژیمە گەندەڵەکەیان تۆقیون. قسەکانی ئەمدواییانەی مۆرە ناسراوەکانی سەر بە دوو باڵی ڕێژیم نیشاندەدری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خویدا پەیامی ڕق و بێزاریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیان بیستووە و باش تێگەیشتوون کە نیزامە «موقەدەسەکەیان» جگە لە هەرەسهێنانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و... هیچ دەسکەوتێکی دیکەیان نەبووە. دیارە ئەو ترس ‌و دڵەڕاوکێیە زۆر لەجێ دایە و کاربەدەستانی ڕێژیم بە خامنەییشەوە بەلەبەرچاوگرتنی چوار دەیە دەسەڵاتی ڕەش و جینایەتکارانەی خۆیان، حەقیانە ترسیان لە شەپۆلی ڕق و تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بێ. جگە لەوەش شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار کە زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە کۆماری ئیسلامی تەنیا دەتوانێ بە پشتبەستن بە دەزگا سەرکوتکەرەکانی ناڕەزایەتییەکان دامرکێنێتەوە و، ئەوەی ئەو ڕێژیمەی لەسەر پێ ڕاگرتووە تەنیا زەبروزەنگ و دەزگای سەرکوتە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کۆماری ئیسلامی هەتا کەی دەتوانێ بە سەرکوت و کوشتوبڕ و زیندان و ئەشکەنجە، درێژە بە دەسەڵاتی ڕەش و داپڵۆسێنەری خۆی بدا؟ ڕاستە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار بەو تەوژم و هێزەی کە هەیبوو، هێور بووەتەوە، بەڵام ئەگەر لە لایەک هۆکارەکانی وەڕێکەوتنی هەروا لە جێی خۆیانن و بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر قوولتر دەبنەوە، لە لایەکی دیکە ناڕەزایەتییەکان ئەگەر نە بەشێوەی «ڕاپەڕینی جەماوەریی بەفرانبار»، بەڵام هەر بەردەوام بوون. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ناوەندە پیشەسازییەکان زیاتر لە پێشوو درێژەیان بووە و ڕۆژ نیە ڕاگەیەنە گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە مانگرتن و وەڕێکەوتنی خۆپێشاندانی کرێکاران نەکەن.  لە ڕۆژی هەشتی مارسیشدا ژنان و چالاکانی مەدنی نیشانیان دا سەرەڕای گرتن و حوکمدران واز لە نافەرمانیی مەدەنی و پێداگری لەسەر ماف و ئازادییەکانیان ناهێنن. هەروەها هەر لەو ماوەیەدا سەدان کەس لە دەروێشە گونابادییەکان لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان پاش لێدان و کوتانێکی زۆر گیران و تەنانەت یەکێکیان لەژیر ئەشکەنجەدا لێ کوژرا. ئەوانە نیشان دەدەن کۆمەڵگەی ئێران ئێستاش لە دۆخێک دایە کە ئەگەری سەرهەڵدانێکی دیکەی چاوەڕوان لێ دەکرێ و «ئاستی بەرگەگرتن»ی خەڵکی لە بەرانبەر کاروکردەوە دژی گەلییەکانی ئەو ڕێژیمە زۆر دابەزیوە. کاربەدەستانی ڕێژیم هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار بۆ خودەربازکردن لە ڕاستییەکان وەک هەمیشە بە درۆ و دەلەسەی کاڵفامانە و سازکردنی سێناریۆی منداڵ‌هەڵخەڵەتێن ویستیان هۆکار و سەرەداوی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بۆ بەناو وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بگەڕێننەوە و تەنانەت وای لێهات موحسین ڕەزایی باسی پیلانی! هەولێر و پێکهێنانی کۆمیتەی هاوبەش بە بەشداریی نوێنەری ئەمریکا و سەرۆکی دەفتەری سەدام حوسێن و بارزانی کردبوو؛ بەڵام دواتر کە زانیان ئەو تەوژمە بەهێزە هەڵقوڵاو لە ناخی کۆمەڵگە و دەنگی ڕق و بێزاری کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێرانە، ویستیان بە شێوەیەکی دیکە خەڵکی بەلاڕێدا بەرن. لەوبەینەدا بەتایبەت باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵات ویستیان ناڕەزایەتییەکان لەچوارچێوەی کێشە و کەموکوورییە ئابوورییەکاندا بەرتەسک بکەنەوە و نیشان بدەن ئەوانیش دەزانن قەیرانی ئابووری و هەژاری و دەسکورتی، بڕستی لە کرێکاران و چین و توێژی بێ دەرەتان بریوە و ئەوە ناکارامەیی دەوڵەت و دەزگا پێوەندیدارەکانە کە ئەو نەهامەتییەی خستووەتە سەر شانی خەڵکی و بەم چەشنە هەم خۆیان و ڕێژیمەکەیان لە تەوژمی ناڕەزایەتییەکان بەدوور ڕاگرن و هەم پێگەی ڕووحانی و ڕێفۆرمیستەکان لە دەسەڵاتدا لێژ و لەرزۆک بکەن. بەوحاڵەش ئەو چەواشەکارییانە نەیانتوانیوە ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە لەڕاپەڕینی بەفرانباردا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ڕووی ڕق ‌و تووڕەییان لە تەواویەتی کۆماری ئیسلامی و لە سەروو هەموویانەوە لە خامنەیی بوو. ڕەنگە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی لە شارەکان زیاتر لە هەموو دروشمێک کوترابێتەوە. جگە لەوەش کێشەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەگەڵ ڕێژیم تەنیا قەیرانی ئابووری و بێکاری و پەرەسەندنی هەژاری نیە، بەڵکوو ویستی خەڵکی نەمانی ئەو ڕێژیمەیە کە لەهەموو بارێکەوە تەنگی بە خەڵکی هەڵچنیوە و ئێرانی وەک زنیدانێکی بەرین لێ کردووە. قەیران و کێشە ئابوورییەکان کە لە ڕاستیدا بەستێنی لەباری ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان بوون، بەشێکی سەرەکی بوون لە ویست و داخوازییەکانی خەڵک، بەڵام هەمووی نین و ناڕەزایەتیەکان فرە ڕەهەندن. گەلانی ئێران بە گەلی کوردیشەوە داوای ئازادی و سەربەستی و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن کە لە ماوەی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەرانە و نابەرپرسانەی خوی لە لایەک ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی لە نێوخۆدا گەیاندوەتە ئەو ئاستەی کە زیاتر لە ٥٠ میلیون کەس لە حەشیمەتەکەی لە ژێر هێڵی هەژاری دابن، لەلایەکی دیکە و لە ئاستی دەرەوەشدا ئەو ڕیژیمە بە کردەوە و سیاسەتە نابەرپرسانە و ئاژاوەگێڕانەی خوی بووەتە هۆکاری گەمارۆی ئابووریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە زۆر شوێندانەربوون لە داتەپینی ئابووری و لێکەوتەکانی وەک داخرانی کارگە و کارخانەکان و چوونە سەرێی ڕێژەی بێکاری. هەروەها ڕێژیم لەسەر حیسابی داهاتی ئێران و گیرفانی هەژاران، ساڵیانە دەیان میلیارد دۆلاریش یارمەتی بە دەستەو تاقمە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەکا و بەو پاڕە زۆرە کە دەتوانێ لە نێوخۆ بەشێک لە کێشە کەڵەکەبووەکانی خەڵک کەم بکاتەوە، لە وڵاتانی وەک یەمەن، سوریە، عێراق، لوبنان و... ئاگری شەر و ئاژاوەی پێ خۆش دەکا. بە دڵنیاییەوە چارەنووسی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆڕییە، چارەنووس و داهاتووی هەموو نیزامە دژی گەلی و سەرەڕۆیەکانی مێژوویە و گومان لەوەدا نیە کۆماری ئیسلامی بەدەستی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران دەڕوا و نامێنێ.  بەو حاڵەش دەسەڵاتداران کۆماری ئیسلامی کە بەتەواوی تووشی ترس و دلەڕاوکێ بوون و دەزانن شەپۆلە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران درەنگ یان زوو وەڕێ دەکەوێتەوە، ئامادە نین بەخۆشی و بە شێوەی شارستانیانە و لە ڕێفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵکی ئێران واز لە دەسەڵات بێنن. هەر بۆیەش شک لەوەشدا نیە پرۆسەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پرۆسەیەک دەبێ کە تێچووی گیانی و ماڵیی زۆری لێ دەکەوێتەوە و ئەوەیکە دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە سەرەڕۆیە باس لە بە»سووریە» بوونی ئێران دەکەن نیشان دەدا بەهەر شێوەیەک و بەهەر نرخێک بێ، تەنانەت ئەگەر ئێران وەک وڵاتی شەرلێدراوی سووریەشی لێ بێ کە کۆماری ئیسلامی لە خوڵقاندنیدا دەستی باڵای هەبووە، واز لە دەسەڵات ناهێنن. بەڵام ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار نیشانیان دا هێزی سەرکوتکەری ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ئەوەی لە خوڵقاندنی هیچ چەشنە جینایەتێک خۆنابوێرێ، ناتوانێ حەڕەکەتێکی جەماوەری بەربەرین و سازماندراو کە لەودا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بڕژێنە سەر شەقامەکان سەرکوت بکا و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران قۆناغ بە قۆناغ پاشەکشە بەو دەسەڵاتە نگریسە دەکەن هەتا لەکۆڵ خۆیانی دەکەنەوە. ( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)