کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی تێرۆر و ئاسنی ساردکوتان

23:11 - 2 خاکەلێوه 2718

تیرۆر یا کوشتنی سیاسی، جۆرێک کوشتنی بە ئانقەستی کەسێکی جیابیری سیاسی و دژبەری دەسەڵاتە و لەو کاتەوە کە کۆماری ئیسلامی هاتۆتە سەر کار و دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، بە دایمە تیرۆری وەک کەرەسەیەکی گرینگ، دانەبڕاو و وەلانەندراو لە خۆی بە دژی جیابیران و دژبەرانی بەکار هێناوە. ئەگەر لە نێو لاپەرەکانی قامووسەکاندا لە مانای تیرۆر بگەڕێین، لە هەموواندا بە مانای خوڵقاندنی ترس و دڵەراوکێیە لە نێو کۆمەڵگەدا و زیاتر دەسەڵات دەیکا بۆ ئەوەی ژاری چاوی لە دژبەرانی گرتبێ. لە هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی و بە گشتی لەکارکردنی تێرۆردا دەسەڵات هەموو هەولی ئەوەیە شوێنپێیەک لە دوای خۆی بەجێ نەهێڵێ وکوشتنەکە لە حالەتی شک و گۆماندا بمێنیتەوە؛ تەنانەت زۆر جاران هەر دەسەڵات خۆی هەول دەدا بە دانی زانیاریی هەڵە رێچکەی لێکۆلینەوەکان بە لارێدا بەرێ. لە سەردەمی ئیستاشدا کەم نین ئەو دەوڵەتانەی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ جووڵانەوە ئازادیخوازییەکان پەنا بۆ تێرۆر و کردەوەی تێرۆریستی دەبەن و بۆ خۆیشیان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە لە بەرەی خەبات دژی تێرۆردا جێ دەگرن. بەڵام کە چاوی بە کارنامەیاندا دەخشێنی، دەبینی لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکانیاندا دنیایەک جینایەت و کوشتاریان کردوە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەوانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکیک لەو دەوڵەتانەیە کە ڕێبەرانی تەنانەت پێش دامەزرانی ڕێژیمەکەیان تیرۆریان بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان بەکار هێناوە و دوای گەیشتن بە دەسەڵاتیش لە پێناو ڕاگرتنی ڕێژیمەکەیاندا بە بڵاوی کردوویانە؛ ئەوەش بۆ بنەما فیکریییەکانی ڕێبەرانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە و  لە پێکهاتەی دەسەڵاتیشدا نهادینە کراوە و جێ خراوە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانی ڕێژیمەکەیان‌ ڕا هەتا ئیستا لە سەر سێ بنەمای «هەناردەکردنی شۆرش»، «خولقاندنی قەیران لە نێوخۆی وڵات و ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی ناوچە» و «بەکارهێنانی تیرۆر وەک کەرەسەیەکی کارا بۆ لە نێوبردنی جیابیرانی سیاسی و مەزهەبی لە نێو خۆی ئێران و دەرەوی وڵات» هەوڵی ڕاگرتن و درێژکردنەوەی ڕێژیمەکەیان داوە. لە پێشەکیی قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا کاتێک باس لە باسکی نیزامیی ئێران دەکا وەک «ئەرتەشی مەکتەبی» ناوی دەبا و لە باسی ئەرک و وەزیفەکانیدا دەڵێ: «لە پێکهێنان و ئامادەکاریی هێزەکانی بەرگریی وڵاتدا سەرنج لە سەر ئەوەیە کە ئیمان و مەکتەب بنەما و قانوون بێ، بەو پێیە ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئامانجە پێک دێن، نەک هەر بۆ پاراستنی سنوورەکان بەڵکوو ئەرکی مەکتەبی واتە جیهاد لە ڕێگەی خودا و خەبات لە ڕێگەی پەرەپێدانی حاکمییەتی قانوونی خودا لە جیهان دەکەویتە سەر شانیان». هەروەها لە ئەسلی ١١ی قانوونی بنەڕەتیدا هاتووە: «هەموو موسوڵمانەکان یەک ئۆممەتن و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی وەزیفە و ئەرکیەتی سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای هاوکاری و یەکیەتیی نەتەوەکانی موسوڵمان دابرێژێ و هەوڵ بدا یەکیەتیی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگیی دنیای ئیسلام بێتە دی». بەو خویندنەوەیەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵات و دەسەڵاتداری لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی سنوورە سیاسییەکانی هەیەتی و بەو ئەرک و بەرپرسایەتییەی بۆ ئەڕتەش و سوپای وڵاتەکەی پێناسەی کردوە، سروشتییە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم تیرۆر وەک چەکێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە کار بێنن. بەڵام دەبینین بە تێپەربوونی کات ئەو ڕاستییە زیاتر خۆ دەر دەخا کە هەر ئەو باوەڕانەی کۆماری ئیسلامی هێدی هێدی بۆی بوونەتە کێشە و، ئەم خۆرکەیە خەریکە لەشی کۆماری ئیسلامی دادەفەتێنێ. لەلایەکی دیکەوە تێرۆری دەوڵەتی لە ماوەیەکی زەمەنیی دورودرێژدا کە بە دژی جیابیران و دژبەرانی دەوڵەت و نیزام بە کار دێ ناتوانی ئاماژە و بەڵگە بێ بۆ بەهێز بوونی ئەو دەوڵەت و سیستمە سیاسییە؛  بەڵکوو بە ئاشکرا دەتوانێ نیشانەی لاوازی و ناسەقامگیریی ئەو دەوڵەت و سیستمە بێ. دەوڵەت و نیزامێکی سیاسی کە لە ماوەی چوار دەیە لە تەمەنی خۆیدا هەر ناچار بە تیرۆری جیابیران و دژبەرانی بووبێ، ئەوپەری لاوازی و ناسەقامگیریی خۆی دەردەخا. ڕوون و ئاشکرایە ئەم ڕێژیمە هەموو کاتێ لەوە دەترسێ کە بیر و ئەندیشەیەک جیا لە ئەندیشەکانی خۆی لە کۆمەڵگەدا پەرە بستێنێ و جێ پێی لەق بکا. کوردستان لە ئێران هەموو کاتێ چەقی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی بووە. تێرۆری دژبەرانی سیاسی و تێکۆشەرانی کورد و هەروەها لە مەیدان دەرکردنی جیابیرانی سیاسی و ئایینی بەڕێگەی تێرۆر هەمیشە ئەولەوییەت و لە سەرووی کار و بەرنامەکانی ڕێژیم لە کوردستان بووە. لە ئێستاشدا دەبینین ماوەیەکە ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی کە قەت لە گەڕ نەکەوتووە خێراییەکی دیکەی پێ دراوە. تەقینەوەکەی شەوی یەلدای ساڵی رابردوو لە بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە شەهیدبوونی ٧ تێکۆشەری لێ کەوتەوە، هەروەها لکاندنی بۆمبی مێغناتیسی بە ماشێنی سەلاح ڕەحمانی، ئەندامی حدکا کە شەهیدبوونی سەباح ڕەحمانی، کوڕی ناوبراوی لێ کەوتەوە و؛ تێرۆری بەرنامە بۆداڕێژراوی قادر قادری، فەرماندەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوەڕاستی مانگی ڕەشەممەدا بەشێک لەو پیلان و کردەوە تێرۆریستییانەن کە بەداخەوە سەرکەوتوو بوون، لە حاڵێکدا زۆر پیلان و هەوڵی تێرۆریستیی دیکەش لەلایەن ڕێژیمەوە لە گۆریدا بووە کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پووچەڵیان کردوونەتەوە. ئێستا ڕەنگە بۆ زۆر کەس و لایەن پرسیار بێ کە بۆچی ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی حیزبی دێموکراتی کردووەتەوە بە ئامانج؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لای خەڵکی ئاگا بە مەسائیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئالۆز و گران نیە، بەڵام هەبوون و هەن کەس یا کەسانێک کە ڕەنگە ئەو ئاگایی و زانیارییەیان لە سەر پێگە و جێگای حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبێ یان نەیانهەوێ کە بیبینن. حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٧٢ساڵی رابردوودا سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپەی کە هاتوونە سەر ڕێگەی بۆ ساتێک لە خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەوەستاوە و لەو رێگایەدا بە هەزاران ئەندام و کادر و پێشمەرگەی شەهید بوون و هەر ئەوە وای کردووە کە پێگەیەکی بەهێزی لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەبێ و لە ڕاستیدا ئەوی کۆماری ئیسلامی لێی دەترسێ ئەو پێگە جەماوەرییەی حیزبی دێموکراتە. هەروەها دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی باش بەو ڕاستییە دەزانن کە هەر کات بارودۆخ بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە کوردستان لەبار بێ و حاکمییەتی ئەوان لە ئێران درزی تێ کەوێ، کوردستان بە بوونی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی کوردی لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران ئامادەترە بۆ بەربەرەکانی و قۆستنەوەی هەل و بە دەستەوەگرتنی بارودۆخەکە. بەڵام ئاخۆ تێرۆر دەتوانێ پێش بەو ڕەوتە بگرێ؟ ئەوە ئاسنی ساردکوتانە کە کۆماری ئیسلامی چوار دەیەیە لەسەر ئەو قەوانە کۆنە دەڕوا. چوار دەیە تێرۆر و جینایەت و کوشتار لە کوردستان ئاکامەکەی بۆ ڕێژیم ئەوە بووە کە هەستی نەتەوەیی و شعووری شۆڕشگێری و مافخوازی لە کوردستان بەردەوام ڕوو لە گەشە بووە و، حیزبی دێموکرات سەرباری هەموو ئەو زەبر و خەسارانەی لە سۆنگەی سیاسەتی تێرۆری کۆماری ئیسلامی هەڵی گرتووە، بەڵام هەروا لە مەیدانە و هەروا خۆشەویست و جێی متمانەی هەراوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. ( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)