کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەسپی سەرکێشی تاوانبار هەروا لەجۆشە!

23:28 - 2 خاکەلێوه 2718

ماشێنی مەرگی کۆماری ئیسلامی کە قەت لەکار نەکەوتوە، تازە نوێ کراوەتەوە و خەریکە خۆی بۆ هێرشێکی بەربڵاوتر ئامادە دەکا. ئەسپی سەرکێشی تاوانبار کە دایم دپڕمێنێ، ئێستا خەریکە چوارناڵ دەکوتێ بۆ وەی ژمارەی تاوانەکانی زیاتر و زیاتر بکا. ئەو جۆگە خوێنەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەڕۆڵەکانی کوردیان وەڕێ خستوە، دەگەڵ سەرەتای وەرزی بەهار خەریکە دەزێتەوە و وەسەر خوێن دەکەوێ. هەرکام لەسەرانی بەخوێن تینووی ئێران وەک ئەژدهاکی زەمان دوو ماریان لەسەر شانە و ڕۆژ نیە مێشکی لاوانی کوردیان دەرخوارد نەدەن. مێژووی غەدر و جینایەت و خەیانەت بە کورد لەم وڵاتە نەگبەتە هەموو ڕۆژێ دووپات دەبێتەوە و داسی مەرگی ڕیژیم هەروا ملی لاوانی کورد دروێنە دەکا. لای حاکمانی ئێران هەزار هاواری کورد هەتا هۆوەی بڕ ناکا و کەس بۆ گوێ گرتنی خۆی ماندوو ناکا. لەوەتا خەباتی کورد بۆ ئازادی و ڕزگاری دەگۆڕێدایە دەسەڵاتدارانی ئێران قەت بەچاوی پێکگەیشتن و سوڵح و ئاشتی چاویان لە کورد نەکردوە. ئەوەی مەبەستی ئەوانە یان بەچۆکداهێنانی کورد و مل دانەواندنی بۆ ویستی خۆیان، یان درێژەی کوشتوبڕ و ماڵوێرانی و برسی ڕاگرتن. مێژوو نیشانی داوە هەتا کورد زیاتر سەر بەرداتەوە و لەحاند زوڵم و زۆرییەکانی دەسەڵات بێدەنگتر بێ، ماشێنی سەرکوت و قەتڵوبڕ چاکتر وەکار دەکەوێ. قەت نەدیتراوە و نەبیستراوە هاواری مەزلوومییەت دڵی دەسەڵاتداران نەرم بکا و چاوی ڕەحم و بەزەییان پێ هەڵێنێ. پلانی درێژخایەنی ئێران نابوودیی فەرهەنگ، زمان، کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی کوردە. لەپێناو سەرخستنی ئەو پلانەشدا مەترسیدارترین ڕێگا تاقی دەکاتەوە کەهەمان نیشاندانی بێڕەحمی و وەڕێخستنی جۆگەی خوێنە. کۆماری ئیسلامی جگە لەسەرکوتی بێ بەزەییانەی کۆمەڵانی خەڵک لەنێوخۆ و ئازار و ئەشکەنجەی بەلێشاوی لاوانی کورد بەبیانووی جۆراوجۆر، بەدایم ماشێنی تیڕۆڕی خۆی بۆ دەرەوەش دەنێرێ و بۆ لەنێوبردنی تێکۆشەرانی کورد هیچ مەجالێک بەفیڕۆ نادا. دوایین قوربانیی دەستی تاوانی کۆماری ئیسلامی لەباشووری کوردستان تیڕۆری فەرماندەری خۆشناو و خاوەن ڕابوردووی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، تێکۆشەر قادر قادری بوو کەلەبەرەبەری سەری ساڵی نوێدا گیانی لێ ئەستێندرا. بەلەبەرچاوگرتنی ڕابوردووی تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی وڵات و بەتایبەت باشووری کوردستان دەبێ ئەوەی باش بزانین کەدیسان خەریکە داوی مەرگ بۆ تێکۆشەرانی کورد دادەندرێتەوە و مەیدانی ڕمبازێنی تیرۆریستەکان بەرینتر دەکرێتەوە. مەیداندان بە تاوانبار و مەجال بۆ ڕەخساندنی هەتا پلانی مەترسیدارتر دابڕێژێ و ڕاوی تێکۆشەرانی کورد بکا، خۆی تاوانە. نابێ ڕێگە بدرێ خوێنی خەباتکارانی کورد هەروا بەخۆڕایی بڕژێ. ڕاوەستان لەبەرامبەر پیلانەکانی ڕیژیم و تەنگ پێ ‌هەڵچنینی هەتا نەتوانێ بیر لەبەرنامەی تیرۆر بکاتەوە، ئەرکی سەرەکیی حیزبە سیاسییەکانی کوردە. ئەزموون دەری خستوە زمانی نەرم و پاڕانەوە نەک جەسارەتی ڕیژیمی بۆ پەلامار کەم نەکردۆتەوە بگرە چەند قات زیادیشی کردوە. خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری بە پاڕانەوە و خۆ فەقیر نیشاندان ناکرێ. تەنیا ڕێگای بەربەرەکانی دەگەڵ دەزگای سەرکوتی ڕیژیم خەباتێکی لێبڕاو و هەمەلایەنەیە کە بتوانێ مەیدانی مانۆرەکانی ڕیژیم کەمتر بکاتەوە. داڕشتنی پلانی تۆکمە و حیساب بۆکراو بە مەبەستی دیفاع لە تێکۆشەران و بەرتەسکتر کردنەوەی مەجالەکانی دوژمن، دەبێ بکرێتەوە سەرلەوحەی کاری بەردەوام. هەر زەبرێک لەڕێگای تیرۆرەوە وەجەستەی خەباتکارانی کورد دەکەوێ، دسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدانی دڵگەرمتر دەکا. شەهیدبوونی پێشمەرگە لەمەیدانی بەربەرەکانێدا بۆنی نائومێدی لێ نایە. بەڵام شەهید بوونی تێکۆشەری کورد لەڕێگەی تیرۆرەوە دڵەکان ڕێکتر دەگوشێ، جەستەکان لاوازتر و مێشکەکان ئالۆزتر دەکا. نابێ ڕێگە بدرێ تێکۆشەری کورد بێ ئەوەی مەجالی دیفاعی هەبێ خوێنی بڕێژرێ. مادام گیانی خەباتکارانی کورد هەر لەمەترسی دایە، ئیدی بۆ لەمەیدانی بەربەرەکانیدا نەکەوێتە مەترسی؟ لەشەڕی نێوان پێشمەرگە و سوپای دوژمندا هەمیشە ژمارەی کوژراوی دوژمن چەند بەرامبەری شەهیدی پێشمەرگە بووە و تەنانەت زۆرجار هێزی پێشمەرگە زەبری قورسی لەدوژمن داوە بێ ئەوەی خۆی زیان ببینێ. بەڵام کە تیمی تیرۆری دوژمن وەکار دەکەوێ بەئاسانترین شێوەی مومکین و بێ ئەوەی ئەفڕادی دوژمن بناسێندرێن، جەستەی تێکۆشەری کورد دەخوێندا شەڵاڵ دەکەن. با دەگەڵ نوێبوونەوەی ساڵ و پاش تێپەڕاندنی ئەزموونێکی زۆر لەدانی تەلەفاتی دەستی تیرۆر، جارێکی دیکە ستڕاتێژیی دیفاعی خۆمان داڕێژینەوە. با چیدیکە مەجال بە دوژمن نەدەین بە سووک و هاسانی ڕاوی خەباتکارانی کورد بکا. با مەیدانی تیرۆری لێ بکەینە داوی مەرگ و هەرچی هات پێوە بێ. با جارێکی دیکە نەعرەتەی پێشمەرگە دەشت و دۆڵەکانی وکوردستان وەلەرزە بخاتەوە. ( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)