کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەگەری کشانەوەی ئامریکا لە سووریە

01:27 - 13 خاکەلێوه 2718

هەرچەند تا ئێستا بە ڕەسمی کۆشکی سپی هیچی لە سەر ئەگەری کشانەوە یان نەکشانەوەی ئامریکا لە سووریە ڕانەگەیاندووە، بەڵام دۆناڵد ترامپی سەرکۆماری ئامریکا وەک هەمیشە سورپرایزی خۆی کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی لەم وڵاتە دەکشێنێتەوە. کشانەوەی ئامریکا لە سووریە ئەگەر بەدەر بێت لە زیندووکردنەوەی رێککەوتنە کۆنەکەی سایکس – پیکۆ کە ئەم وڵاتە بەر فەڕانسە کەوت و دواتر بریتانیا دەستێوەردانی تێدا کرد، دەکرێ لە خانەی رێکەوتنێکی ژێربەژێری وڵاتانی رۆژاوا لە گەل ئامریکادا خوێندنەوەی بۆ بکرێ. ئامریکا بۆ درووستکردنی بەرەیەکی عەمەلی و جیدیی دژ بە ئێران لە گەڕێکی دیکە‌دا سەرقاڵی ڕازیکردنی وڵاتانی رۆژاوایی بەتایبەت فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمانە کە بێگومان ناکرێ بۆ ئامریکا هەروا ئاسان بێت. لەم "دان" و "ستاندن"ەدا ئامریکا ناچارە بەرانبەر بە داواکارییەکەی ئیمتیاز بدات. رۆژاواییەکان چەندە لە بوون و بەردەوامیی رێژیمیكی تەیار بە چەکی ئەتۆمیی وەک ئێران نیگەرانن، بە هەمان ڕادەیش لە تەکڕەوییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و رۆژ لەگەڵ رۆژ زەبەلاحتربوونی ئەم وڵاتە نیگەرانن، بۆیە هەروا بە ئاسانی وڵامی داواکارییەکانی نادەنەوە. لە سووریە هەر وەک ئاماژەی پێ‌درا، فەڕانسە خۆی بە خاوەنی قەزییەیەکی مێژوویی دەزانێ؛ لە رێکەوتنی سایکس_پیکۆ لە جەریانی شەری جیهانیی یەکەم‌دا، سووریە بەشی فەڕانسە بوو. هەرچەند دواتر بریتانیا بە جۆرێک لە جۆرەکان هژموونی خۆی بەسەر ئاڵوگۆڕەکاندا سەپاند و لە قەزییەی ئەوکاتی موسڵیش‌دا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی عێراق پاشقولی فەڕانسەی ‌دا، بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە نە سایکس_پیکۆ هەڵوەشاوەتەوە و نە فەڕانسە مافی خۆی لەم رێکەوتنەدا لە بیر کردوە. بۆیە دەکرێ ئەم کشانەوەی ئامریکا لە سووریە، ئاکامی رێکەوتنی ئەم وڵاتە لە گەڵ فەڕانسە و بە گشتی وڵاتانی ڕۆژاوایی بێت. لێرەدا مەسەلەیەکی گرینگ لە ئارا‌دایە، ناکرێ باس لە سووریە و داهاتووی ئەم وڵاتە بکرێ بە بێ ناوهێنانی ئێران. لانیکەم ئەو ڕاستییە تا ئێستایش لە جێی خۆی دایە کە نەکەوتنی یەکجاریی دەوڵەتی بەشار ئەسەد، هۆکارە سەرەکییەکەی بە پلەی یەکەم ئێران و دواتر رووسیە بوو! بۆیە ئێران لایەنێکی ئەم قەزیەیە. هەرچەند ماوەیەکە ناوەناوە بەرپرسانی سیاسی و تەنانەت سەربازیی ئێرانیش قسە لە کشانەوەی ئێران لە سووریە دەکەن، بەڵام ئەمەیش هەروا ئاسان نیە. لەم قەزییەدا بە تەبیعەتی بەرژەوەندییەکان، سازانی ئێران لە گەڵ ئورووپاییەکان هەمیشە ئاسانتر بووە لەوەیکە ئێران بتوانێ سازش لە گەڵ ئامریکا بکات. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بە کشانەوەی ئامریکا لە سووریە، ئێرانیش بە خشکە لە گەڵ دەوڵەتانی دیکە بسازێ و پاشەکشە بکات کە ئەمیان جارێ باس لە سەر کردنی دەکرێ زوو بێت. لەم ئەگەر و باسانەدا کوردەکانی رۆژاوای کوردستان تەرەفێکی دیکەی قەزییەکەن کە بەداخەوە بە کۆمەڵێک هۆکاری بەدەر لە ئیرادەی کورد، ناتوانن فاکتەرێکی ئەوتۆ بن، بەتایبەت کە ئێستا تورکیە لایەکی بەڕەکەی بە دەستەوەیە. بۆیە کورد لەم گەمەیەدا تەنیا مەجاری ئەوەی دەبێ کە کار لە سەر "مان" و "مەوجوودیەت"ی خۆی بکات.