کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبازێک لە کوردایەتی

04:45 - 17 خاکەلێوه 2718

]خوێندنەوەیەک بۆ ڕێوڕەسمە نەورۆزییهکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان[
ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ لە چەند ڕوویەکەوە لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەڕێوەچوون. جیا لە بەربەستە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ساڵ لە گەڵ ساڵ زیاتر دەخرێنە سەر جموجۆڵ و کۆڕوکۆبوونەوە گشتی و جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان،  بارودۆخی سیاسیی زاڵ بە سەر هەر چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەت تێرۆری تێکۆشەرانی دێموکراتیش که ڕاست لە بەرەبەری نەورزی ئەمساڵدا بەپیلانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە دەستی دەستوپێوەندەکانی ئەم رێژیمە لە باشووری بەڕێوەچوون، شوێنەواریان بە سەر رێوڕەسمەکانی نەورۆزەوه دیار بوو.
کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گەلێک هۆکاری سیاسی کە بەشێکیان خودی نیزامی دەسەڵاتدار هەوڵی پەرەپێدانی دەدا، بە هۆی لاوازیی میدیای کوردیی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی کەمکاریی حیزبەکانی ئەم بەشە لە کوردستان و، لە هەمووی گرینگتر بە هۆی بەرزیی هەست و شعووری نەتەوەییەوە، ڕووداوی پارچەکانی دیکەی کوردستان زۆر کاریگەریی لە سەر ڕەفتار و هەڵوێستی دادەنێ. بەداخەوە ڕووداوەکانی ساڵی پاری پارچەکانی دیکە _ بەتایبەت ڕووداوەکانی مانگەکانی کۆتایی ساڵ لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان_ کە پڕبوون لە نسکۆ و نەهامەتی، کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ماتەمبار کرد. ڕووداوە ناخۆش و زیانبارەکانی دوای بەڕێوەچوونی پرسی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و کەوتنی شاری عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان لەو ڕووداوە گرینگانە بوون کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆری پێ غەمبار بوو.
چەند ڕووداوێکی گرینگ و کارەساتباری دیکهی وەک بوومەلەرزە پڕ لە زیانەکەی ئەزگەلە لە پارێزگای کرماشان کە بە هەزاران کەس بە هۆیەوە بوونە قوربانی و بە دەیان هەزار کەسی دیکەش بێ ماڵ و حاڵ تا ئێستایش لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین و، هەروەها  تێرۆری تێکۆشەرانی دێموکرات لە باشووری کوردستان بە دەستی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاستەوخۆ شوێنەواریان لە سەر بەربڵاونەبوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ دانا. هەڵبەت جیا لە هەموو ئەم ڕووداوە ناخۆشانە، هەوڵی چڕوپڕی دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆ سنووردارکردنی بۆنه نەورۆزییەکان زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بوو. بۆ وێنە لە چەند شوێنێکی پارێزگاکانی سنە و ورمێ، هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ پێشیان به بەڕێوەچوونی چەند کارنەڤاڵێکی نەورۆزی گرت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێدا، لە چەند شوێنێکی کوردستان بە هیممەتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و لە سەر داوای هێزە سیاسییەکانی کوردستان کە بە بەیاننامەیەکی هاوبەش بە ناوی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران»ەوە، داوایان لە خەڵک کردبوو رێوڕەسمەکان بە شکۆوە بەڕێوەبەرن، کارنەڤاڵی گەورەی نەورۆزی بەڕێوەچوون.
خەڵک لەم ڕێوڕەسمانەدا بە کۆبوونەوەی هەزاران و دەیان هەزار کەسی لە دەوری یەک، وێڕای پیرۆزبایی وتن بە یەکتری، بە بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک هێما و گەیاندنی کۆمەڵێک پەیام و ڕاسپاردە، بۆ جارێکی دیکە دەریانخستەوە کە کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی بەرزی شعووری نەتەوەیی دایە و نیشانیان دا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ڕێباز و ڕێڕەوی تایبەت بە خۆیەتی. ئەوان بۆ جارێکی دیکە بە بەکارهێنانی جامانە و پۆشینی جلوبەرگی تایبەتیی پێشمەرگانە و بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و چڕینی سروودی نەتەوەیی، نیشانیان دایەوە کە خۆیان بە خاوەنانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی «میللی _ دێموکراتیک»ی نهتهوهکهیان دەزانن، نیشانیان دا کە شانازی بە تێکۆشان و گیانبازیی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی خۆیان لە گۆڕەپانی خەبات و بەرەنگاریدا دەکەن، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان نیشانیان دا کە وەفادار بە ئامانج و ڕێبازی کۆماری کوردستانن، بە هەڵگرتنی گوڵی سوور و دەستاودەستکردنیان، نیشانیان دایەوە کە لە سەر وەدیهاتنی ئامانجی بەرزی شەهیدان و گیانبەختکردووانی خۆیان سوور و بەردەوامن. ئەوان بۆ جارێکی دیکە بە کۆبوونەوەیان لە دەوری یەکتر، ئەو پەیامەیان بە گوێی دۆست و دوژمندا دایەوە کە سەرەڕای هەموو جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی، مەزهەبی و سیاسی، یەکگرتوون و هاواریان کرد کە «پێکەوە دیارترین»، «پێکەوە جوانترین» و «پێکەوە بەهێزترین.»
هەروەک پێشترین بە کورتی ئاماژەی پێکرا، کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی زیندوویەتی، لە سەر هەستبوون، بەرزیی ئاستی شعووری نەتەوەیی و لە هەمووی گرینگتر خاوەندارێتی لە ڕابردوویەکی پرشنگدار لە خەباتی نەتەوەیی و بوونی پاشخانێکی دەوڵەمەند و پڕ لە سەروەری، بە هۆشیاری و دەروەستییەوە سەرنج دەخاتە سەر ڕووداوی پارچەکانی دیکەی کوردستان. هەر خودی ئەم هەست و سۆزە نەتەوەیی و نیشتمانییە بەداخەوە زۆر جار هەم لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و هەم لەلایەن کۆمەڵێک ڕەوت، هێز و لایەنی دەرفەتخوازی کوردەوە، لە سەر حیسابی لەپەراوێزخستنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەکارهێنانی هێز و وزەی ڕۆژهەڵات بۆ مەرامی حیزبی و گرووپی، هەوڵی بەلاڕێدا بردنی دەدرێ. بەتایبەت لە ماوەی نزیک بە دوو دەیەی ڕابردوودا لەلایەک رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای هێندێک ڕەوتی بەستراوە بەم قۆڵ یان ئەو قۆڵی نیزام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی خۆیەوە و لە لایەکی دیکە، هێندێک ڕێکخراو و لایەنی کوردی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە بەرزکردنەوەی درووشمی بریقەدار و هێرشی ڕاستەوخۆی میدیایی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆریان هەوڵ دا بە ڕاکێشانی هێز و وزەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرنجی ئەم کۆمەڵگهیە بەرەو ئاراستەیەکی لێڵ و ناڕوونی گوماناوی بەرن و بەم شێوە پرۆژەی لە پەراوێزخستنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەرەپێدان بە دیاردەی پڕمەترسیی کەمتەرخەمی بەرانبەر بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پیلانەکانی ڕێژیم لەم  پارچەیە، بەرنە پێش.
بە وردبوونەوە لە ڕەفتار و هەڵوێستە گشتییهکانی کۆمەڵگهی ڕۆژههڵاتی کوردستان لە ماوەی نزیک بە دە ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی نەورۆز و بەڕێوەبردنی ئەم کارنەڤاڵە دەیان هەزار کەسییانەی نەورۆز و هەروەها وردبوونەوە لە هێما و پەیامەکانی ئەم کۆڕوکۆبوونەوە گشتی و جەماوەرییانە، بۆمان دەردەکەوێ کە؛ ڕۆژههڵاتی کوردستان ڕێڕەو و ڕێبازی خۆی هەیە و ئەم ڕێڕەو و ڕێبازە بە هیچ هێزێک بەلارێدا ناچێ. لەم ڕێبازەدا کە خەڵکی ڕۆژههڵاتی کوردستان لە مێژ ساڵە گرتوویانەتە بەر، بایەخە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان هەروا لە بیر و زەینی ئەم میللەتەدا بە پیرۆزی ڕێزیان لێ دەگیردرێ و دەمێننەوە. «یەکیهتیی نەتەوەیی» کە بۆ هێندێک لایەن جیا لە دروشمێکی بەتاڵ و فریودەرانە شتێکی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە، لەم ڕێبازەدا یەکێک لە ئامانجەکانی خەباتە، لەم ڕێبازەدا ئەگەر پێویست بێت هەموو ئامادەن پێشەوائاسا بۆ گەل بمرن بەڵام چاوپۆشی لە بستێک خاکی نیشتمان نەکەن، لەم ڕێبازەدا کورد وتەنی «ئەگەر گۆشتی یەک بخۆین، بەڵام ئێسکی یەکتر ناشکێنین».
خەڵکی ڕۆژههڵاتی کوردستان لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ و چەند ساڵی ڕابردووشدا وێڕای ئەوەیکە نیشانیان دا کە کۆمەڵگهی ڕۆژههڵاتی کوردستان، کۆمەڵگهیەکی ڕێکخراو و یەکگرتووە، هاوکات پەیامێکی بەرزی نەتەوەییشیان بە حیزبەکانی خۆیان دا کە پێویستە لە ئاستی چاوەڕوانی ئەواندا بن. پێیان وتن کە ئەم کۆمەڵگهیە پێویستی بە ڕێبەرییەکی یەکگرتوو و ئاکتیڤە کە بتوانێ لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا بێ و هێزی ئەوەی هەبێ ڕووبەرووی هەر پێشهات و ئاڵوگۆڕێک بێتەوە.
پەیامی «یەکگرتوویی»، «پێکەوەبوون» و «یەکبوون»، ئەو پەیامە گەورەیەیه کە ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لە سەر ئاستی کۆمەڵگه و چ لە سەر ئاستی حیزبە سیاسییەکانی ئەم پارچەیە لە نیشتمان، وەک پێویستییەکی حەیاتی قسەی لە سەر دەکرێ. ئێستە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژههڵاتی کوردستان بە چاوێکی کراوەتر و بە خۆدوورخستنەوە لە دەمارگرژیی حیزبی و گرووپی وڵامی داخوازیی خەڵک بدەنەوە. وڵامێک کە شیاوی میللەتێک بێت. پێکهێنانی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» هەنگاوێکی باش و مەسئولانەیە، بەڵام پێویستە هەنگاوی گەورەتر و کاریگەرتر هەڵبهێندرێتەوە.
گومانی تێدا نیە کە ئەگەر ڕۆژههڵاتی کوردستان و بەتایبەت حیزبەکانی، نەتوانن یان هەست بە گرینگیی و مەترسییەکانی تێنەگەیشتن لەم پەیامە گەورە و زەروورییە نەکەن، هەڕەشەکان بۆ سەر ڕۆژههڵاتی کوردستان هەر پیلان و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نابن. ئەزموونە تاڵەکانی هەر تەنیا یەکساڵی ڕابردووی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان پێمان دەڵێن کە، مەترسییەکان بۆ سەر کورد تەنیا دەوڵەتانی دژبەر و دوژمن نین!
( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)