کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەفایەک بۆ شەهید قادر قادری

05:04 - 17 خاکەلێوه 2718

سۆزی نەورۆز دەبێ بە نەهێشتنی ژار و ژەنگی دەروونی تەنگ‌، هێنەری بزەی شادی و تریقەی ئازادی بێ، بەڵام سەد مخابن؛ بۆ ئێمەی کورد هەر بەهارێکمان بەدەستی ئەژدەهاکێک و هەر نەورۆزێکمان بەدەستی ناپاکێک لێ دەشێوێ ‌و، هیچ کات و ساتێک بەدی ناکەی کە ژینی بێ‌تینی هەژاران، لە دەرد و ژانی ستەمی بێگانان و بێگانەپەرستاندا نەهەژێ و خوێنی قارەمانانی ئەو نیشتمانە بە گوللەی خائینان و نیشتمانفرۆشانی تاوانبار نەڕژێ. هەواڵەکە لەپڕ ‌و، خەبەرەکە لەنەکاو و چاوەڕواننەکراو بوو. وەک گێژەڵووکە سووڕا و هەست و لەشی هەموو ئەویندارێکی ئازادیی تەزاند. ئەوەی ناوی بیستبوو بە بیستنی ئەو خەبەرە دڵتەزێنە لە گێژاوی خەمانی خۆیدا نوقم بوو. زمان بەستران و فرمێسک لە چاوان قەتیس مان. بۆ کەس جێی باوەڕ نەبوو، چەند چرکەیەکی نەگرت کە ئەو خەسارە گەورەیە بوو بە ڕاستییەکی تاڵ و خۆی بە هەموو گوێیەکدا چرپاند کە فەرماندەی قارەمان و کادری خەباتگێر «قادر ئەورەنگ‌نیا»، ناسراو بە قادر قادری لە ناوچەی حاجیاوای باشوری کوردستان بەدەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراوە. ئەو بەهارە پێی دەنا لە یوبیلی زێرێنی تەمەنی. بێشک ڕێزگرتن لە ئازایەتی و فیداکاریی ڕۆڵەیەکی ئەو نیشتمانە، کە لە ماوەی ژیانیدا و لە تەمەنی ٣٦ ساڵ زیاتر لە خەبات و تیکۆشانیدا، شەو ڕۆژ لە گەرما و سەرما و لە سەنگەری شەڕەف ‌و ئازادیدا هەردەم بۆ بەربەرەکانی و بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمنانی نەتەوەکەمان سەر لەپێناو بوو؛ بۆ کەسێک کە بە بیروباوەڕەوە بڕیاری دابوو بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر بکا و گەورەترین سەرمایەی ژیانی، واتە گیانی لە پێناو ئامانجی خەڵکەکەیدا بەخت بکا و بەختی کرد ئەرک و وەزیفەیە. نەتەوەکەت چۆنت لە بیر دەکا؟ هاوسەنگەرانت چۆنت لە یاد دەکەن و لەبەرچاویان ون دەبی؟ وشەی جوان و خۆشەویستی پێشمەرگە بە بەژن و باڵای تۆ بڕابوو، بۆیە هەمیشە ناوی بەڕزت، واتە قادر قادری، پێشمەرگەی ئەو نیشتمانە کە بە پارێزەر و شوناسی خۆیان دەزانی، لەسەر زاریان دەمێنێتەوە. نەمر قادر قادری، کۆڵنەدەرێکی خۆنەویست، تەژی لە حەماسە و شانازی‌خوڵقێنی و نەبەزی و شانازیگەلێک؛ کە بەرهەمی زیاتر لە سی ساڵ خەبات و هەڵسووڕانی بەردەوام و نەپساوە بوو. نەمر قادری لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، واتە لە هەڕەتی لاوەتیدا هاتە سەنگەری خەبات و مافخوازیی گەلەکەی و هەتا دواساتی ژیانی سەنگەری تێکۆشانی بەر نەدا و لە مەیدانی خەباتدا مایەوە. نەمر قادری بە ئیرادەیەکی قایم و قۆڵەوە، خاوەندارەتیی لە خوو و ڕەوشتی شۆرشگێرانە دەکرد و بەهەق لە کوورەی ژیانی سەخت و دژواری پێشمەرگایەتی و، لە مەیدانی ٣٦ ساڵ خۆڕاگری و قارەمانەتیدا قاڵ ببوو. ژیان بۆ ئەو، واتای تێکۆشان لە پێناو نەتەوە بوو. پێشمەرگایەتی بۆ ئەو واتای خاونێێتی لە سەنگەری مافخوازی و ڕاگرتنی سەری بەرزی نیشتمان بوو، هەر بۆیەش بە هەموو توانا و ئەرکوەخۆگری، لە کار و بەرپرسایەتییەکانی وەک سەرپەل، سەردەستە، فەرماندەیی هێزی سامرند؛ کار و پەرپرسایەتی لە بەشی قەزایی، نەخۆشخانە، بەرپرسایەتیی بەشی شەهیدان، فەرماندەری هێزی پارێزگاری، جێگری فێرگەی سیاسی _ نیزامیی و دوایین ئەرک و بەرپرسایەتیشی کە بەشی تەشكیلاتی هەرێمی 3ی کوردستان بوو،  شاهیدی ئەوەن کە توانیویەتی لە هەموویاندا گۆی خۆی لە مەیدان بەرێتە دەر و سەربڵند لێیان بڕوانێ.   قادری خەباتکار! دوو جار برینداربوونی جەستەت بە گوللەی دوژمنی خوێنخۆر و تاودانی چەکەکەت پاش هەر ساڕێژبوونەوەی برینەکانت پێمان دەڵێن، کە تۆ لە گەلێکی زیندوو هەلقووڵاوی بۆیە چۆڕانی خوێنی تۆ لە لەشت ورەی زیاتری بۆ خەبات و تێکۆشان پێ بەخشیوی و بە خوێنی خۆت پارێزگاریت لە شەڕەف وکەڕامەتی گەلەکەت کرد. حەماسەی چیانە تەنیا نموونەیەکی چووکە لەو ڕۆژانە کە میداڵیای شانازین بە سینگتەوە؛ شیلم‌جاڕان، یادگارێکی لەبیر نەکراوە لە حەماسەتی تۆ و، دوژمن ئێستاش بە بینینی گەرمەبرین دەخزێتە هەناوی. هەر ئەو ئازایەتییە بوو، هەر ئەو خۆنەویستییە بوو، هەر ئەو گەلدۆستییە بوو، هەر خۆشەویستییەت بۆ خاک و نیشتمان و سەنگەر و بڕواکەت بوو کە تۆی کردە قه‌ڵای ورە و، خۆشەویستی دڵانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانت.   قادری خۆبەخش و گیانبەخش بۆ گەڵ و نیشتمان! دەورەکانت بوونە هەوێنی بارهێنانی لاوەکان و ئەوانەی تۆ وانەت پێ دەگوتنەوە، هاتنە سەرگۆرەکەت و بەڵێنی وەفایان لەگەڵ نوێ کردییەوە، بەڵێ درێژەدانی خەبات هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانت. ئەی تێکۆشەری ڕێگەی خەبات، تەشویقەکانت لەخۆباییان نەکردی بەڵکوو جەسوور و خاکەڕاییتر، شێلگیرتر و بەبڕواتر لە سەنگەری خەباتدا خۆت دیتەوە.   هۆی خەڵكی پیرانشار، بەربنە و لاجان، پیرانان، بەری مێرگان، نەڵێن و گەدە! بروانن... قادر قادری هەلۆی هەرمانە، پیرانشاری شار و دێت، قەلبی خەبات‌ و خوێنە، کوا لە ئەژمار دێ فیداکارانت. لکێک پێشمەرگە، بەرەوە پیرانان دێن، قادر ئیفتخاری سەرگوڵیانە... دەستەیەک پێشمەرگە، لە پیران و بەری مێرگانەوە لەنێو مەنگوڕایەتی سەردەکەون، هەمزە بێهنام پێشرەویانە... پۆلێک هەڵۆی بەرزەفڕ لە نەڵێنەوە بەرەو پیرانشار شۆڕ بوونەوە، حەسۆ و محەممەد مەلامینە ڕێبەریانە.کوا محەممەد شیرێژ و ڕەحمان سۆفیزادە؟ قارەمانێکی زامدار میوانتانە... سەرچۆپی پێیە، لەباشووری کوردستانەوە هاتوە. شەپۆلێک لەخوێنی پێشمەرگە، هەر لە شیلم‌جاڕانەوە، تا چیانە و قەندیلەوە دەشتی پشدەری پێواوە... زارۆکی ئێوە، دەرد و ئێشی ئەو دەڤەرە، بە کۆڵ قەندیل دادەدەن، با لە نیشتمان بینێژن، خورینجی لێ دیارە... ( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)