کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوەیەکی دادخواز و ڕێبەرانی دادگەر

05:15 - 17 خاکەلێوه 2718

کە لاپەڕەکانی تەمەنی کەم بەڵام بە نرخ و بە بایەخی کۆماری کوردستان هەڵ دەدەینەوە، سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی لاوانی دڵسۆز و ڕووناکبیر، مرۆڤ بە تەواوی هەست بەو ڕاستییە دەکا کە ئەگەر پێشەوا قازی محەممەد تێکەڵ بەو بزووتنە سیاسییە نەبوایە و ڕێبەریی بزووتنەوەکەی بە دەستەوە نەگرتبا، ئاستەم بوو کۆماری کوردستان لە مێژوودا ئاوا تۆمار بکرێ و لە تاریکەسەلاتی مێژووی کورددا وەک گەوهەری شەوچرا، تاهەتایە بدرەوشێتەوە. پێشەوا پێش ئەوەش کە تەڤلی ڕێکخراوێکی سیاسی بێ، ڕێبەرێکی کۆمەڵایەتی _ سیاسی و جێی متمانەی خەڵک بوو. «ژێکاف»ییەکان پێشوەخت مەزنی، خۆشەویستی، نەتەوەپەروەری و نیشتماندۆستیی ئەو پیاوەیان ناسیبوو. دەرکیان بەوە کردبوو کە لەو هەلومەرجەدا پێویستە جڵەوی خەباتەکە ڕادەستی ئەو ڕێبەرە نەتەوەییە بکرێ. هەر بۆیە بڕیاریان دا چۆنی بۆیان دەکرێ هەوڵ بدەن قازی بۆ نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوەکەیان ڕابکێشن. ئەو قورسایی و متمانەیەی کە پێشەوا قازی محەممەد لە نێو خەڵکی کوردستاندا هەیبوو، لە لایەک دەرەنجامی میراتێک بوو کە لە باپیرانیەوە بۆی مابۆوە و لە لایەکی دیکە بەرهەمی کەسایەتیی ئەو وەک خۆی و ئەو متمانە و خۆشەویستییە بوو کە لە پلەی دادوەری و دادئەستێنیی خەڵکەکەیدا، دەستەبەری کردبوو. بەڵام گەیشتنی قازی و دادوەرێک بە پلەی ڕێبەریی خەڵک، لە نێو ئەو خەڵکەدا کە قازییان بە پێشەوای خۆیان هەڵبژارد، ڕەگی لە فەرهەنگ و لە ڕابردووی زۆر کۆنی ناوچەکە دایە و میراتێک بوو کە لە قووڵایی مێژووڕا بە وەچەی ئەو سەردەم گەیشتبوو. لە ئۆستوورەی میترادا، کە میترائیسم بۆ سەردەمێکی درێژ ئایینی کۆنی دانیشتووانی بەشی هەرە زۆری کوردستان بوو، میترا دوای ئەوەی جیهانی ڕێکخست و ژیان لە سەر هەردی خوڵقاند، کاروباری بەڕێوەبردنی ئەم جیهانەی بە سەر چەند فریشتە یان مەلایکەتدا دابەش کرد و بۆخۆی وەک هێما و نموونەی بەرزی داد و عەداڵەت، سەرانسوێی کاروباری ئەوانی دەکرد تا ئەوان عادڵانە بە سەر خەڵکدا حوکم بکەن. لە ئۆستوورەکانی کورددا ئەگەر مەلایکەت یا خێوێک پەردەی داد و عەداڵەت بدڕێ، ئەوە لە گەڵ سزای میترای خودای عەداڵەت بەرەوڕوو دەبێتەوە. ڕوون نیە کە کۆمەڵی کوردەکان لە کەنگێوە ئەوەندەیان هەست بە زوڵم و زۆر کرد کە میترایان وەک خودای داد و عەداڵەت هەڵبژارد، بەڵام هەڵبژاردن و خۆشەویستیی زۆری ئەو نیشانەی ستەمی زۆر لە سەر خەڵک و، پێویستی و ئۆگریی زۆری خەڵک بە دادگەر و دادئەستێنە. میترا کەسایەتییەکی ئاسمانی و خوڵقاوی زەینی دادخوازانەی مرۆڤی کورد بوو، بەڵام لە ڕەوتی مێژوو، بە کردەوە، لە سەر هەرد و لەو هەرێمە، تووشی هەڵبژاردنی یەکەم ڕێبەر بە هەمان پێوانەی دادگەر و دادئەستێن دەبین. ئەویش دیاکۆ، بناخەدانەری دەوڵەتی میدیایە. هێرۆدۆت لەو بارەوە دەگێڕێتەوە: «لە نێو میدییەکاندا مرۆڤێکی وشیار و زیرەک بە ناوی دیاکۆ، کوڕی فەرائورت هاتە مەیدان. ناوبراو ئەو کاتە قازی بوو... دیاکۆ سەرەتا لە شارۆچکەکەی خۆی و دواتر لە سەرانسەری وڵاتدا بوو بە خاوەن ناو و ناوبانگ و ڕێز و حورمەت... تێکۆشانی ئەو ڕاست لەو سەردەمەدا بوو کە لە وڵاتی میدیادا بێسەرەوبەرەیی حاکم بوو... دیاکۆ دەیزانی کە ناهەقی، دوژمنی سەرەکیی حەق و ڕاستییە... میدییەکان کاتێک چاویان بە ئەخلاق و ڕەفتاری باشی ئەو کەوت، وەک قازیی خۆیان هەڵیانبژارد.»(1) بە وتەی هێرۆدۆت، دیاکۆ لە پلەی دادوەریدا ئەوەندە عادڵانە بڕیاری دەدا کە وای لێ هات خەڵک لە سەرانسەری وڵاتەوە کێشە و ناکۆکییەکانی خۆیان بۆ لای ئەو دەبرد «چونکە دەیانزانی هەردوو لایەن دادگایی بەرهەق دەکرێن.»(2) ئەم متمانە زۆرەی خەڵک سەرەنجام دیاکۆی بە پلەی هەرە بەرزی دەسەڵات گەیاند و لە لایەن گەورە و مەزنانی میدیاوە بە پاشای وڵات و بناخەدانەری پاشایانی ماد هەڵبژێردرا. مێژووی نەنووسراو یان سڕاوە زۆر شتی لێ ون کرووین بەڵام ئەم ڕۆحی دادگەری و داخوازییە، بێ ئەوەی ئاگای لە مێژوو هەبێ، لە هەناوی مرۆڤی کورددا، بەردەوام بووە. کەریم خانی زەند کە هیچی لە پاشایانی دیکە کەم نەبوو، بە قەولی مامۆستا هەژار(3) هەر چونکە کورد بوو، ئامادە نەبوو ناوی پاشا لە سەر خۆی دابنێ و خۆی وەک «وەکیل الرعایا» یان پارێزەری هەژاران دەناساند. دادخوازیی نەتەوەیی و دادگەریی قازییەک، هەزاران ساڵ دوای هەڵبژێرانی دیاکۆی دادوەر بە یەکەم پاشای میدیا و سەدان ساڵ دوای خۆناساندن بە پارێزەری مافی هەژاران لە لایەن کەریم‌خانی زەند، لە نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا جارێکی دیکە یەکیان گرتەوە. قازیی خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵک، بوو بە پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزب کۆماری کوردستانی دامەزراند و پێشەوا لە نێو پێشوازیی گەرموگوڕی خەڵکدا لە چوارچرای مەهاباد، بە یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان هەڵبژێردرا. بەڵام ئەوە تەنیا قەزاوەت و دادوەری نەبوو کە پێشەوا نەک هەر ئەو سەردەم بەڵکوو هەتا ئێستاش لە زەینی مرۆڤی کورددا بە ڕێبەرێکی عادڵ و دادگەر ماوەتەوە. لە ڕاستیدا پێوەندیی نێوان پێشەوا لە حاند دادگا بە سێ قۆناخ یان سێ بوار دابەش دەکرێ کە لە هەر سێیاندا کارنامەی سەربەرزانەی تۆمار کردوە: یەکەم؛ پێشەوا وەک قازی و دادوەر کە توانایی و عەداڵەتگریی ئەو لە دادئەستێنی و یەکلاییکردنەوەی کێشەکاندا خۆشەویستی و متمانەی زۆری خەڵک بۆ ئەوی لێ کەوتەوە. هەمان خۆشەویستی و متمانە کە بە میترا هەبوو یان دیاکۆ لەو کارەدا و لەو بوارەدا بۆخۆی دەستەبەر کرد. هەر ئەوە کە تا ئێستاش نەبیستراوە تۆمەتبار یان حەقخوراوێک لە ئەنجامی دادگایی و دادوەریی قازی محەممەد دڵمەند و بە گلەیی بووبێ، گەورەترین نیشانەی دادگەری و توانایی ئەو مرۆڤە لە یەکلایی کردنەوە و چارەسەری کێشەکانی خەڵک بووە. دووهەم؛ پێشەوا قازی محەممەد وەک سکاڵاکەر یان سکاڵا لێکراو. ئەویش لە کاتێکدا کە سەرۆک کۆماری کوردستان بوو. میرزا عەوڵای قازی دەگێڕێتەوە؛ «ئەو کات کە سەرۆک کۆمار بوو، ئەو هەمووە دەستی دەڕۆیی، باغێکی ترێی لە نیزیک باغی ساوا هەبوو کە باغەوانەکەی زوڵمی لێ دەکرد و کرێی نەدەدایە. پێشەوا لە دادگوستەریی کۆمار لە لای قازی کەریم شکایەتی لە کابرای باغەوان کرد کە باغەکەی لێ خواردوە و هیچی ناداتێ. کابراش دەیگوت خەرجم زۆر لێ کردوە و دەرینەهێناوەتەوە. لە ئاخریدا بە موساڵحە گوزەرا و کابرا شتێکی دا بە پێشەوا.»(4) بە پێی گێڕانەوەی خاتوو رابیعە ناهید، باخەوان شکایەت لە پێشەوا دەکا و بەوە تۆمەتباری دەکا کە ویستوویەتی لێی بدا(5). وێدەچێ هەردوو گێڕانەوە ڕاست بن. هەم پێشەوا شکایەتی لە کابرای باغەوان کردوە و هەم کابرای باغەوان بۆ دیفاع لە خۆی ئیدیعای کردوە کە پێشەوا خەریک بووە لێی بدا. بەڵام هەردوو گێڕانەوە ئەوە دەردەخەن کە پێشەوا لەگەڵ باخەوانەکەی کێشەی هەبووە و کێشەکەیان بردووەتە بەر دادگا. ئەمەش نیشان دەدا کە لە سایەی دەسەڵاتی قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستاندا، باخەوانێک دەخۆی ڕادیوە کە کرێ بە سەرۆک کۆمار نەدا، سەرۆک بۆ ئەستاندنی مافی خۆی لە جیاتی بەکارهێنانی زۆر، پەنا بۆ دادگا و یاسا ببا و لەوێش باخەوان بتوانێ بەرگری لە خۆی بکا و تەنانەت تۆمەتی ئەوەش لە سەرکۆماری کوردستان بدا کە دەستی لێ هەڵێناوەتەوە و ویستوویەتی لێی بدا. سێهەم؛ پێشەوا وەک تۆمەتباری سیاسی لە بەردەم بێدادگای دەسەڵاتی حەمەڕەزاشادا. بێدادگایەک کە بە پێچەوانەی خواست و مەبەستی دەسەڵات، لە سای زانایی و ئازایی پێشەوای مەزندا، بوو بە شوێنی بەرگری لە مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی کورد و بە مەیدانی دادگاییکردنی دەسەڵاتی داگیرکەر. بە ڕادەیەک کە سەرەڕای دۆخی کپ و بێدەنگی سەردەم، هەواڵنێرانی سەر بە دەسەڵات نەیانتوانی ئەو ڕاستییە بشارنەوە. سەروان كیومەرس ساڵح کە وەک هەواڵنێری ئەرتەش شاهیدی ڕەوتی دادگا بوو، لە بابەت بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی سەرۆک کۆماری کوردستان ئاوای نووسی‌: «من لە زۆربەی‌ دادگاكانی‌ مەیدانی ‌‌و سەربازیدا‌ وەك هەواڵنێر بەشداریم كردووە، بەڵام هەرگیز هیچ كەسێكم بە ڕادەی‌ قازی‌ محەممەد بەجەرگ ‌و بوێر نەدیوە. ئەو لە كاتی‌ دادگاییكردندا نەیدەزانی‌ ترس چییە. زۆر بە بێباكی‌ قسەی‌ دەكرد ‌و وەڵامی‌ پرسیارەكانی‌ دەدایەوە.» سەروان شەریفی یەکی دیکە لە ئامادەبووانی دادگا دانی پێدانا کە «لە ڕاستیدا ئەوە پێشەوا بوو دادگای محاکەمە دەکرد». نەجەفقولیی‌ پەسیان(6) وتەكانی‌ پێشەوا لە دادگای لەو چەند ڕستەیەدا کورت کردەوە و نووسێ‌: لە كاتی‌ موحاكەمەدا قازی‌ محەممەد پەلاماری‌ دەبردە سەر سیاسەت‌ و ئاكاری‌ دەوڵەتی‌ تاران‌ و دەیگوت؛ «من لە قوژبنی‌ گرتووخانە دەنگی‌ خۆم بەرز دەكەمەوە لە دژی‌ دەوڵەتی‌ تاران‌ و سەرۆكەكانی‌‌ و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەك ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ‌ داگیر كردووین..» پێشەوا کە پیاوی یاسا و دادگا بوو، تا دوا هەناسەکانی ژیان لە بەرگری مافە نەتەوەییەکانی نەکەوت. ڕەنگە گرینگترین پەیامی ئەو لە پای سێدارەوە بە گوێی نەتەوەکەی و دوژمنانی نەتەوەکەی گەیی کە گوتی: «ئێوە قازی‌ محەممەدێك دەكوژن، بەڵام بزانن لە هەر تنوكە خوێنێكی‌ من قازی‌ محەممەدێك شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی‌ كورد دەكەم خەباتی‌ خۆی‌ لەپێناو ڕزگاریی‌ كوردستاندا پەك نەخا، باوەڕ بە دەوڵەتی‌ خۆفرۆشی‌ تاران مەكەن. بژی‌ كورد ‌و كوردستان»(7) ***   سەرچاوەکان: 1) هێرۆدۆت؛ مێژووی شەڕی پارسەکان – عەلی فەتحی لە یونانیەوە کردوویە بە کوردی 2) هەمان سەرچاوە 3) چێشتی مجێور 4) وڵاتی من – بیرەوەریەکانی حاجی عەوڵای قازی 5) وتووێژ لە گەڵ رابیعە ناهید – حەسەن قازی – ماڵپەڕی روانگە 6) نجفقلی پسیان؛ از مهاباد خونین تا کرانەهای ارس 7) شەریف فەلاح؛ ژیان و خەباتی پێشەوا قازی‌ محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان ( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)