کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێویستیی خەباتێکی فرەڕەهەند

05:30 - 17 خاکەلێوه 2718

بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هیج شێوەیەک لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییانەدا نیە کە لە بزووتنەوەیەکی لانیکەم حەفتا ساڵە، لە فۆرمە نوێیەکه‌یدا، دەکرێ. ئەم بزووتنەوەیە نەک مەیدانداریی لە دەستدا نەماوە، بەڵکوو لە هەموو ئاستەکاندا لە بەرانبەر سەرکوت و پیلانە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی ناوەندیدا لە کوردستان کەمیی هێناوە. ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە. سەرنجێک لە دۆخی ئێستای لایەنەکانی نێو بزووتنەوە یارمەتی بە ڕوونبوونەوەی هۆکارەکان و لە ڕێگه‌ی ئەویشەوە ڕێگاچارە پێشنیارییەکان دەکا.   باڵی سیاسیی تاراوگەنشین باڵی سیاسی و هەرە دێرینی  بزووتنەوە واتە حیزب و ڕێکخراوە بەرهەڵستکارەکان بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی و نیشتەجێبوون لە قووڵایی باشووری کوردستاندا و، نەبوونی مێتۆد و شێوازی گونجاو بۆ دەربازبوون لە ئاچمەزی باشوور؛ نەک نەیتوانیوە مەیدانداریی خۆی بپارێزێ، بەڵکوو بەهۆی بێ پەرچەکرداری بەرانبەر بە دەستدرێژییەکانی ڕێژیم لە ئاستی نێوخۆدا و تەنانەت بەرانبەر ئەو زەبرە یەک لەدوای یەکانە کە لە پەیکەری دەکەوێ، خەریکە تۆوی بێهیوایی لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و تەنانەت خەباتکارانی کوردیشدا دەچێنێ. ئەوە لە حاڵێک دایە ئەم بزووتنەوەیە لانیکەم لە دەیەی شەست و نیوەی یەکەمی دەیەی حەفتای هەتاویدا خاوەنی شکۆ و قورساییەکی تایبەت بوو. بە چەشنێک کە توانیبووی لە نێو هاوکێشەکانی هێزدا جێگای دیار بێ و ورە و غوروورێکی شۆڕشگێڕانە لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە. ئەم بەشە لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای گۆڕانە ناوچەییەکانی ١٩٩٠، واتە دامەزرانی حکوومەتی هەرێم و داکشان لە قەندیل و چیا سنوورییەکانەوە بەکردەوە کەوتۆتە دۆخێکەوە کە دەرەتانی هەر چەشنە جموجۆڵێکی شوێندانەری لە دەست داوە. ئەم دۆخە لە حاڵێکدا درێژەی کێشاوە کە لەم ماوە درێژەدا بزووتنەوە تووشی جۆرێک لە دابڕان لە دۆخی نیوخۆی ڕۆژهەڵات بووە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە نەتوانێ کەلکی پێویست لەم بزاوتە مەدەنییە وەرگرێ کە ڕاست لەم ماوەیەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەشەی کردووە. تەنانەت ئێستاشی لەگەڵدا بێ چەشنێک  لێکتێنەگەیشتن و دردۆنگی بەرانبەر  هەرچەشنە تێکۆشانێکی سیاسی لە نێوخۆی وڵاتدا لە لای بەشێک لە حیزبەکان بەدی دەکرێ. جیا لەمە بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵات لەم ماوەیەدا خەساری قورسی مرۆیی و ڕێبەریی وێکەوتوە کە لەم پێوەندییەدا دەکرێ ئاماژە بە تیرۆری ڕێبەران و سەدان کادر و پێشمەرگەی خاوەن ئەزموونی شەڕی پارتیزانی، وازهێنانی چەند هەزار کادر و پێشمەرگە و گیرسانەوەیان لە وڵاتانی دەرەوە یان باشووری کوردستان بکه‌ین. هەمووی ئەوانە لە پەنا ئەوەدا کە دۆخی سیاسیی ناجێگیری باشووری کوردستان و ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی هەرێم و ناوچە دەستئاوەڵایی زیاتریشیان بۆ ڕێژیمی تاران لە پیناوی خستنە ژێر فشار، بێدەنگکردن و زەبروەشاندنی زیاتر لە حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات دروست کردووە.   لە ئاستی نێوخۆدا دەکرێ بڵێین بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ماوەیەدا لە ژێر کارتێکەریی گۆڕانە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان بۆتە خاوەنی شێوە بزاوتێکی مەدەنی و شاری. لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ئاکامی گۆڕانە باسکراوەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو ڕێکخراوی مەدەنی و فەرهەنگی و تەنانەت سیاسییش لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان سەریان هەڵداوە. ئەم ڕێکخراوانە کە بەدڵنیاییەوە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی کوردستاندا جێدەگرن، سەرەڕای ئەوە کە لەگەڵ بەربەست و تەنگوچەڵەمەی یەکجار زۆر و تەنانەت سەرکوتی دەزگا سەرکوتکارەکانی ڕێژیمیش بەرەوڕوون، توانیویانە لانیکەم لە ئاستی شوێندانان و یارمەتیکردن بە وشیاری و پێشکەوتنی فەرهەنگیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا کاری گەورە بکەن. کورتە ئاوڕێک لە کارنامەی تێکۆشانی تێکۆشەران و ڕێکخراوەکانی بەستێنی فەرهەنگی و مەدەنی دەری دەخا کە ئەوان لە ڕاستیدا پێشمەرگەی داکۆکی لە زمان و فەرهەنگ و گەشەپێدانی کۆمەڵگە بوون و هەن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان لەم ئاستەدا کە ئەم کۆمەڵگە ڕوو لە گەشەیە شیاویەتی دەرەتانی گەشەی نیە. بەم هۆیەشەوە سەرەڕای بەکارهێنانی وزەی کۆمەلایەتیی بەرینی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و هەوڵدان بۆ چوونە نێو هاوکێشە سیاسییەکانی ناوەندیش، نەیتوانیوە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران پێملی لانیکەمێک لە مافە زەوتکراوەکانی کورد بکا. ئەوەش یەکەم بۆ بەرتەسکبوونی مەیدانی تێکۆشانی مەدەنی لە ئێراندا و جۆرێک ڕوانگەی تاکڕەهەندخوازی زاڵ بەسەر بەشێک لە حیزب و ڕێکخراوەکاندا دەگەڕێتەوە. کەواتە هەر وەک بە کورتی ئاماژەی پێکرا ئێستا بزووتنەوەی نه‌ته‌وه‌یی لە هەر دوو بەستێنەکەیدا دەرەتانی مەیدانداریی لێ بەرتەسک کراوەتەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە ئەم بزووتنەوەیە خاوەنی پوتانسێلی یەکجار بەرین و گەورەی کۆمەڵایەتییە. ئەم پوتانسیەلە مەزنە ئەگەر لە مەیدانی خەباتێکی لێبڕاودا چالاک بکرێ، توانایی ئەوەی هەیە کە گۆڕانی گەورە و هیوابەخش بخوڵقێنێ.   ڕوانگەی ئالترناتیخواز بە خۆشییەوە ماوەیەکە ڕوانگەیەکی پرسیارکەر و ئالترناتیوخواز لە نێو حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتدا خەریکی جێگیربوونە. لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە پێیان وایە لە مێژە کاتی ئەوە هاتووە ڕوانگە و تێزێکی نوێ لە پێناوی دەرهێنانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات لەم دۆخە نەخوازراوە و سەپێنراوەدا بێتە ئاراوە. لە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەریشه‌وه‌ کۆمەڵە هەنگاوێک لەم پێناوەدا هەڵگیراون، بەڵام ئەم هەنگاوانە تا ئێستا ئەم ئالترناتیوەیان لێ نەکەوتۆتەوە و چاوەڕوانیش ناکرێ بەم هەنگاوانە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات بچێتە قۆناخێکی نوێوە. ئەم هەنگاوانە بریتی بوون لە: یەکەم لە ئاستی نێوخۆدا: هەوڵدان بۆ دروستکردنی هاوپێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی مەدەنی و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و پێناسەکردنی پێگە و ڕۆڵێکی نوێ بۆ تێکۆشانی نێوخۆ لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا. بەڵام بە هۆی مانەوەی شوێنەوارەکانی ڕوانگەی تاکڕەهەندخوازیی زاڵ بەسەر بەشێک لە حیزب و ڕێکخراوەکاندا ئاکامی دڵخوازی لێنەکەوتۆتەوە. بۆیە لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە پێیان وایە دەبێ ڕاستیی فرەڕەهەندیی خەبات وەک هەیە قبووڵ بکرێ و لە ڕێگای فرەڕەهەندکردنی خەباتەوەیە کە دەکرێ لە هەموو پوتانسیەلەکانی کۆمەڵگە لە پێناوی بوژاندنەوەی خەبات و گۆڕینی باڵانسی هێزدا کەلک وەرگیرێ. دووەم لە ئاستی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکاندا: لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە پێیان وایە ئەم هەنگاوانەی لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا هەڵگیراونەتەوە، بۆ وێنە جێگیرکردنی بەشێک لە هێزی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان، ناردنەوەی تیمی بچووک و مام ناوەندی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات، پێکهێنانی ناوەندی هێزە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەدا هەنگاوی باشن، بەڵام لە ڕادەی پێویستدا نین. خەسارناسییەک لەم هەنگاوانە بەتایبەت جێگیربوونی بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی حیزبەکان لە ناوچە سنوورییەکان و لە پەنا ئەودا هەڵسووڕانی دەستە بچووک و مام ناوەندییەکانی پێشمەرگە نەک نەیتوانیوە گۆڕانێک لە هاوکێشەکاندا دروست بکا، بەڵکوو پڕ زیانیش بووە. لە ڕاستیدا دەکرێ بگوترێ بەبێ دەربازبوون لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی باشووری کوردستان و جێگربوونێکی پتەو و قایم لە چەشنی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە چیاکانی کوردستان و یەکخستنی توانای پێشمەرگانەی هەموو هێزەکان، هەڵسووڕان و چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە جەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کارێکی نەلواو و ناکاریگەرە. دیارە لە پەنا ئەم هۆکارە سەرەکییەشدا دەبێ ئەم ڕاستییەش لە بەرچاو بگیرێ کە توانای نیزامی و تێکنیک و تێکنۆلۆژییە هەواڵگرییەکانی هێزە چەکدارەکانی رێژیمیش دەبێ وەک ئێستا هەیە بخوێندرێتەوە و، بە شێوەی گونجاو لەگەڵ ئەو تاکتیکی چالاکیی پێشمەرگانە لە نێوخۆی وڵات دیاری بکرێ. هێزی هاوتەریب: بێگومان جێگیرکردنی هێزی پێشمەرگە لە چیاکان کارێکی ئاستەم نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە ئامادەکاریی زۆر و بڕیاری یەکلاکەرەوە و مێژوویی و دوزێنەوەی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی بنەماڵە و بەساڵداچووان و کەمئەندامانی جێگیر لە بنکه‌کان هەیە. بۆیە لە قۆناخی یەکەمدا دەکرێ بیر لە ئالترناتیوی دووهه‌م بکرێتەوە. ئالترناتیوی دووەم دەتوانێ بریتی بێ لە ڕێکخستنی دەستەگەلی بچووکی ڕاهێنراو لە نێوخۆی وڵات. لەم پێوەندییەدا هەم لە نێو ڕێکخستنەکانی حیزبەکاندا وزە زۆر بەدی دەکرێ و هەم چاوەڕان دەکرێ لەلایەن لاوانی ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازیی لێبکرێ. ئەم هێزە لە سەرەتادا دەتوانێ وەک یەکەمین سەرەتاکانی کاری مەیدانیی هاوبەش لە چوارچێوەی ناوەندی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دا رێکبخرێ. لە هەلومەرجی ئێستادا کە رێژیم لە نێوخۆی وڵاتدا توانیویەتی بە زەبری سەرکوتی ڕووت و بێبەزەییانە ڕاپەڕینی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دامرکێنتەوە و بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک درێژە بە ئیعدام و زیندانیکردنی ناڕازییان و چالاکانی مەدەنی و کوشتنی ڕۆژانەی کاسبکارانی کورد بدا و لە دەرەوەی وڵاتیش ئەسپی فراوانخوازی و تیرۆریسمی خۆی تاو بدا، زیاتر لە هەر کات پێویستە باڵادەستیی ئەهریمەنیی رێژیم تووشی چالش بکرێتەوە. ئەزموونی دوو دەیە وەلانانی خەباتی چەکدارانەش دەبێ بەس بێ، بۆ ئەوەی بێ بنەمایی ئەو ڕوانگە نێوخۆوڵاتییەش سەلمابێ کە پێی وابوو خەبات و پاراستنی ڕەوای چەکدارانە هۆکاری ئەمنیەتیکران و پەرەنەگرتنی کوردستانە.  لە ڕاستیدا ڕێژیمە سەرەڕۆ و ئیدیۆلۆژیکییەکانی وەک ڕێژیمی ئێستای تاران هەر چەشنە جیابیرییەک بە مەترسییەکی تەناهی دادەنێن. هەر ئەوە کە ژینگەپارێز و چالاکێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە سانایی تۆمەتی ئەمنیەتی و سیخوری لێدەدرێ و زیندانی و ئه‌شکەنجە دەکرێ، یان کۆڵبەرانی بێدەرەتان بە بێ هیچ پاساوێک ڕۆژانە گیانیان لێ دەستێندرێ ڕەنگە لانیکەم بۆ ئێمەی کورد بەس بێ کە ئەم جۆرە پاساوانە بۆ بەرەنگاریی ڕەوا بێنینەوە. کەواتە پێویستە و دەبێ شکۆی سەرنێزە و سەرکوت لە کوردستان بشکێ. ئەمەش کارێکە لە رێگای ڕێکخستنی هێزێکی هاوتەریبەوە لانیکەم لە قۆناخی ئێستادا کردەییە. ئەم هێزە دەتوانێ سنوورێک بۆ دەسەڵاتی ڕەها و سەرکوتکەری ڕێژیمی ئیسلامی دانێ. پێم وایە لەم حاڵەتەدا دەکرێ چاوەڕوان بین رێژیمی تاران ناچار بێ پێداچوونەوە بە سیاسەتی تیرۆر لە دەرەوەی وڵات و سەرکوتی نێوخۆییدا بکاتەوە. دیارە لەم نێوەدا تێکۆشەرانی کوردیش لە بەستێنەدانی دیکەی خەباتیشدا هەست دەکەن پشتیوانێکیان هەیە و تێچووی سەرکوتی ئەوان بۆ ڕێژیم قورسە. ( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)