کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و کێشە تازەکانی بەردەمی

05:42 - 17 خاکەلێوه 2718

کۆماری ئیسلامی پێ بەپێی دەستدرێژی و پاوانخوازییەکانی لە ناوچەدا ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتر دەبێتەوە. ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی ناردنەدەرەوەی شۆڕش لە وڵاتانی ناوچەدا لە گێچەڵ دەگەڕێ و بە پێی بەرنامەکانی سپای پاسداران لە هەوڵی دروستکردنی گرووپی جۆراوجۆر بووە لە نێو خەڵکی وڵاتانی دەورووبەری بۆ بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکانیان. ئەوان بەدوای ئەوەوەن کە بە تێکدانی ئەو وڵاتانە و هەڵایسانی شەڕی نێوخۆیی، هەم پێگەی خۆیان لەو وڵاتانەدا بەهێز بکەن و هەم دەسەڵاتی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە هەرکام لەو وڵاتانەدا بێننە سەرکار. سیاسەتێک کە لە زاهیردا سەرکەوتوو بووە و لوبنان، سووریە، یەمەن و عێراقی تووشی شەڕ و نەهامەتی کردوە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەزینەیەکی زۆری ماڵی و ئینسانیشی بۆ خەڵکی ئێران بە دواوە بووە. بە جۆرێک کە ئیستا بەشی زۆری ئەو خەڵکە، کە بە هۆی خراپی لە ڕادەبەدەری باری ئابووریی وڵات کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر ژیانی ڕۆژانەی ئەوان داناوە، هاتوونەتە دەنگ و داوا دەکەن ئەو پووڵانەی بۆ ئەو دەستدرێژییانە لە دەرەوەی وڵاتەکەیان خەرج دەکرێ بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆیان بە کاری بێنن. دیارە ئەمە تەنیا لایەنێکی کێشەکەیە کە یەخەی خەڵکی گرتوە. لایەنێکی دیکەی شوێنەواری ئەم سیاسەتە، ئەو فشارانەیە کە بە هۆی کەللەڕەقی و پێداگری تا ئیستای ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە سەر درێژەدان بە سیاسەتەکانیان، لە لایەن ڕۆژاواوە لەسەری زیاد دەکرێ. لە سەردەمی باڕاک ئۆبامادا و بە هۆی هەوڵدانێک بۆ ڕازیکردنی کۆماری ئیسلامی پڕۆژەی بەرجام کە تەنیا سنووردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی دەگرتەوە، _لای زۆر لەو کەسانەی کە لە دەرەوە پێیان وابوو ئەوە کێشەیەکی سەرەکییە و، لە نێوخۆش ئەو ڕێککەوتنەیان بە دەسکەوتێک دەزانی بۆ کەمبوونەوەی فشارەکان لەسەر وڵاتەکەیان و باشتربوونی ژیان و گوزەرانیان_ دڵخۆشییەکی زۆری دروست کرد. هەرچەند بە تێپەڕبوونی تەنیا چەند ساڵ دەرکەوت کە خێروبێری ئەو ڕێککەوتنە و گەڕانەوەی بەشێک لە پووڵە بلۆککراوەکانی ئێران هیچی لە ژیانی خەڵک نەگۆڕی و تەنیا بۆ خزمەتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و درێژەدان بە سیاسەتە چەوتەکانیان بوو. ئێستاش کە ئەوان نەیانتوانیوە نیازپاکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی چاویان بڕیوەتە ئێران و دەیانویست بەم جۆرە ڕێککەوتنانە ئێران بگەڕێننەوە باوەشی کۆمەڵگەکە هەست پێبکەن و، بە پێچەوانەی ویستی ئەو وڵاتانە لە جیاتی ئارامکردنەوەی باروودۆخەکە و پێڕاگەیشتن بە وڵات و خەڵکەکەی درێژەیان بە سیاسەتی شەڕەنگێزانەیان دەدا، دیسان باسی ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە و هەڕەشەکانیان لە دژی بەرژەوەندییە ناوچەیی و جیهانییەکانی ڕۆژاوا و وڵاتانی ناوچە وەک بابەتێکی گرینگ هاتوەتەوە نێو باسە سەرەکییەکانی دەوڵەتمەدارانی ئەو وڵاتانە. لە ئەمریکا کە لایەنی سەرەکیی وتووێژەکانی وڵاتانی ١+٥ بوو، بە دوای گوڕانی سەرۆککۆمار و بە دەسەڵاتگەیشتنی، دۆناڵد تڕامپ هەر زوو بەجێگەیاندنی بەلێنەکانی سەردەمی هەڵبژاردن کە پێداچوونەوە بە نێوەرۆکی بەرجام بوو و بە خراپترین ڕێککەوتنی ئەمریکای ناو دەبرد خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە. ناوبراو لە یەک ساڵی ڕابردوودا چەند جار خۆی لە پێبەندبوون بەو ڕێککەوتنە بوارد و بەردەوام هەڕەشەی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە دەکا. هەرچەند لە سەرەتاوە وا لێکدەدرایەوە کە دەوڵەتی تڕامپ لە بەرامبەر شەریکە ئورووپاییەکانیدا بە تەنیا دەمێنێتەوە، بەڵام پێداگریی سەرۆککۆماری ئەمریکا و بە تایبەت گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی ئیدارەی کۆشکی سپی کە بە مەبەستی یەکدەنگکردنی هەڵوێستی کۆشکی سپی بەرامبەرکۆماری ئیسلامی لێکدەدرێتەوە، بەرەبەرە بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپای پەلکێشی نێو کێشەکە کردەوە و ئەگەر بە تەواویش لەگەڵ ئەمریکا هاوڕا نین بەڵام بۆ ڕاگرتنی باڵانسێک لە پێوەندییەکانیاندا، بوونە بەشێک لە زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. لە ناوچەی پڕ کێشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا، زۆر لە وڵاتانی عەرەبی نە تەنیا بێدەنگیی درێژماوەی خۆیان بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی ناوچە شکاندوە بەڵکوو بەشێکی بەهێزیان بە چاوساغیی سعوودییە و پشتیوانیی ئەمریکا و هاوکاریی ئیسرائیل، بەردەوام لە کۆبوونەوەدان هەتا هێز و ڕێوشوێنێکی وەها دیاری بکەن کە بتوانن بەر بە دەستدرێژیی زیاتری ئێران لە ناوچەدا بگرن. ئەوان دەیانەوێ کۆماری ئیسلامی شەڕەکانی بباتەوە حەساری ماڵی خۆی. شوێنێک کە دەسەڵاتی ڕەشی خۆی بەسەردا سەپاندووە و هەموو ئەو ساڵانە بە بەهانەی شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی و یارمەتیدان بە برایانی موسوڵمانی لە جیهاندا، خەڵکی ئێرانی بێبەش کردوە لە هەموو مافە ئینسانییەکانیان و ئەگەر دەنگێکی دژ بەوانێش بەرزبووبێتەوە، زۆر حاسان لە ژێر ناوی «محارب» و دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتی ئیسلامی سزا دراون. بەڵام داخۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دوای ئەو هەموو ساڵەی سامان و خەڵکی ئێرانیان کردە سووتەمەنی ئەو شەڕانەی لە دەرەوە هەڵایساندوە ئیستا کە هەم لە دەرەوە و لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە لە دوور و نزیک کەوتوەتە ژێر فشار و هەڕەشە و هەم لە نێوخۆی وڵات کەوتوەتە بەر ڕق و نەفرەتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵات، دەتوانن لە هەر دوو بەرەکەدا ئەم شەڕە درێژە بدەن؟ لە حاڵێکدا کە ئیستا ئیتر نە لاوانی ئێران ئامادەن وەک ڕابردوو چاوبەستراو خۆیانیان بۆ بە کوشت بدەن و نە باری ئابووریی داڕماوی وڵاتیش دەتوانێ هەزینەی درێژەدانی ئەو شەڕانە و یارمەتیدانی ئەو هەموو گرووپە تێرۆریستییە دابین بکا. ئەگەر جاران ئەوان پشتیوانیی خەڵکی ئێرانیان لە ڕێژیمەکەیان بە چاوی دنیادا دەدایەوە ئیستا هەر ئەو خەڵکەیە کە دەنگی بڵندیان بە هاواری دژی دەسەڵاتداران و ڕێژیمەکەیان دنیای وەخەبەر هێناوە کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی ئێران لە دوو بەرەی جیاوازدان. ئەوان لە بەرەی شەڕ و پەرەپێدانی تێرۆریزمدا و ئەمانیش لە بەرەی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بەمجۆرە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشەوە کە هەرکام دەتوانێ بە نۆرەی خۆی زیاتر بەرەو لاوازی و نەمانی یەکجاری پاڵیان پێوە بنێ.   ( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)