کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە (مه‌لا محەممەد ساوانی(

05:51 - 17 خاکەلێوه 2718

ئایین، ئەگەر پەڕژینێک نەبێ بۆ پاراستنی جوانییەکانی ژیان، ئەوا چەقڵێکی ژاراوییە بۆ برینە بێ هەتوانەکانی کۆمەڵگه‌. زۆرێک لە مامۆستایانی ئایینی کوردستان، ئایینیان وەک پەرژینێک بۆ گەل و نیشتمانەکەیان زانیوە و دەزانن و لەو پێناوەشدا نرخێکی زۆریان داوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە لە نێو مێژووی گەلدا بە زیندوویی دەمێننەوە و جێگای ڕێزن. یەکێک لەو بەڕێزانە، مامۆستا شێخ محەممەدە. ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی لە گوندی کانی بەنی بانە، منداڵێک لە بنەماڵە شێخێیکی ئایینی و نیشتمانپەروەر و سەربەرز وەک ئاربەبا چاوی بەژیان هەڵێنا. باوکی ئەم کۆرپه‌یه‌ ناوی مامۆستا شێخ مارف و دایکیشی زڵێخا خاتوون بوو و لەبەر ئەوەی کە بنەماڵەیەکی ئایینی بوون. دوای چەند ڕۆژ و لە سەر نەریتی کوردەواری گوێزه‌بانه‌یان بۆ کرد و بانگی محه‌ممه‌ددیان به‌ گوێ دادا و ناویان نایە محەمەد. محەممەد بە منداڵی لە خزمەتی باوکیدا دەست بە خوێندنی پەرتووکە سەرەتاییە باوەکانی ئەو دەمە کرد و فێری خوێندنه‌وه‌ و نووسین بوو. تەمەنی دە ساڵان بوو کە مامۆستا شێخ مارف بووه‌ مەلای گوندی ساوان و کۆچ دەکەن بۆ ئەوێ و لەوێ نیشتەجێ دەبن. محەممەد کە تەمەنی بەرەو لاوه‌تی هەڵدەکشا، هاوکات لە خوێندنیشدا پێش دەکەت و باوکی دەینێرێتە حوجرە و بە ڕه‌سمی دەبێتە فەقێ و وەک هەموو هاو تەمەنەکانی خۆی دەست دەکا بە گەڕانی حوجرە و مەزگەوتەکانی کوردستان. ئه‌و بۆ دەوڵەمەند کردنی هەگبەی زانستی خۆی، لە خزمەتی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی درێژە بە خوێندنەکەی دەدا. بۆ نموونە لە گوندەکانی دەرەزیارەتی سەرشیو، تەمووغە، شوێ و زەروا لە ناوچەی بانە و گوندی باساوێ لە ناوچەی سەردەشت و هەروەها لە چەند حوجرەیەکی باشووری کوردستانیشدا بە دوای زانست دا گەڕاوە و هەتا دواجار، دەگەڕێتەوە خزمەتی مامۆستا هادی ئەفخەم‌زادە لە گوندی سەرا. مەلا محەمەد دوایین پلەکانی مامۆستایی لە خزمەتی ئەو زاته‌ بەڕێزەدا دەبڕێ و هەر لە خزمه‌ت ئه‌ودا و  له‌ ساڵی ١٣٣٧ی هەتاویدا بڕوانامەی مەلایه‌تی وەردەگرێ. مامۆستا مەلا محەمەد دوای وەرگرتنی ئیجازەکەی دەگەڕێتەوە گوندی ساوان و دەبێتە مامۆستای ئەو گوندەی کە به‌ منداڵی لێی پەروەردە کرابوو. مامۆستا مەلا محەممەد پیاوێکی نه‌ته‌وه‌یی و بیرکراوه‌ بوو. ئه‌و هەستی نیشتمانپەروەریی بەڕادەیەک بەهێز بووە کە لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا زانیبێتی کە دەرفەتی لێدوانی هەیە، دڕێغی نەکردووە و هەستی خۆیی دەربڕیوە و خه‌ڵک و ده‌ورووبه‌ری بۆ لای کوردایه‌تی ڕاکێشاوه‌.  مامۆستا هەر لەبەر ئەو هەستە بەتینەی بووە کە زیاتر لە ئامۆژگارییە ئایینیەکانی خەڵکی هان داوە بۆ لای هەستی نەتەوەیی و فێربوونی زمانی کوردی و خۆیشی لە فێرکردن و پێگەیاندنی لاوانی کورد لە زمان و نیشتمانپەروەریدا مامۆستایه‌کی بەتوانا و لێهاتوو بووە و خەڵکێکی زۆریشی پێ گەیاندووە. مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د هه‌روه‌ها خاوەنی چەند بەرهەمێکی ئەدەبییە و بەرهەمێکی چاپکراوی بەناوی «دیاریی منداڵان» هەیە و چه‌ند بەرهەمی بڵاونەکراوەشی هەن. په‌روه‌رده‌ی نیشتمانیی مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د به‌ر له‌هه‌موو جێیه‌ک له‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فێرکارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بوو که‌ یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی عومەر ڕیزی تێکۆشه‌رانی سازمانی خەباتی هه‌ڵبژارد و دواجار لە ڕێی ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەیدا، گیانی بەخت کرد و چووە ڕیزی کاروانی پڕ لە شانازی شەهیدانەوە. مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د لە بواری کۆمەڵایەتییەوە وەها کەسایەتیەکی هەبوو کە توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگه‌، بۆ چارەسەری کێشەکانیان ڕوویان تێ دەکرد و ئەویش بە دڵئاوەڵایی و لێزانیی خۆی، کێشەکانی بۆ چارەسەر دەکردن. هه‌ر به‌و هۆیه‌ش ببوو بە جێگای ڕاز و نیازی ئەو خەڵکە و وەک پشتوپەنایەک چاوی لێ دەکرا. مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د سەرەڕای فشار و تەنگ پێهەڵچنینە به‌رده‌ومه‌کانی ده‌زگای سه‌رکوتی ڕێژیم، هیچ کات ئامادە نه‌بوو سه‌ر به‌ ویست و داوای دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌ی دانه‌وێنێ و ته‌ماح و سامان و پله‌ و پایه‌ی به‌رزی ئیداری ئه‌وی له‌ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی دانه‌بڕی و تا دوا هه‌ناسه‌ هه‌ر بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ژیا و له‌ پێناو وه‌دیهێنانی ئامانجی نه‌ته‌وه‌که‌یدا سه‌ری نایه‌وه‌. مامۆستا مەلا محەممەد ڕەئووفی ناسراو بە ساوانی دواجار له‌ ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە تەمه‌نی ٧٩ ساڵیدا کاروانی ژیانی گه‌یشته‌ دوامه‌نزڵ و به‌ سه‌به‌رزی دواماڵاوایی له‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌که‌ی کرد. ( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)