کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، تەنیا ڕێگای ڕزگاریی ئێران

00:32 - 20 خاکەلێوه 2718

قسەکردن لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی ڕاست هاوتەمەنی هاتنەسەر کاری ئەم ڕێژیمەی هەیە. لانیکەم ئەم باسە لە کوردستان زیاتر و زۆر زووتر لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران باسی لە سەر کراوە و تەنانەت بۆتە بەشێکی ئەساسی لە سیاسەتی بزووتنەوەی کوردستان و بەشێک لە گوتاری سیاسیی ئەم بزووتنەوەیەی بیچم داوە. خەڵکی کورستان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە یەکەم پرۆسەی بەناو ڕێفراندۆمی "کۆماری ئیسلامی ئا یان نا"دا سەبارەت بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەم پرسیارە داخراو و لێڵەی لە سەر مەترەح کرابوو، بە دەنگێکی بەرز، یەکی ماناداری بەم نیزامە گوت. هەڵوێستێکی واقعبینانەی سیاسی کە ئێستا کە لە ٤٠ ساڵەی هاتنەسەرکاری ئەم رێژیمە نزیک دەبینەوە، بەشێکی زۆر لە دامەزرێنەران و دەمڕاسەتەکانی ئەم نیزام و سیستەمە هەمان داوا، واتە ڕووخانی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، وەک تەنیا رێگاچارەی ڕزگاریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مەترەح دەکەن. زۆر کەس لە تەنانەت دامەزرێنەران،کەسانی خاوەن نفووز و تئۆریسێنەکانی ئەم رێژیمە بە درێژایی ئەم چوار دەیەکە تەمەنی رێژیم، هەوڵیان دا لە بە جۆرێک ڕێفۆرم و چاکسازی لەم نیزامەدا پێک بێنن. بە جۆرێک کە ڕەوتێکی بەرینی سیاسی _ کۆمەڵایەتی بە ناوی "ئیسڵاحات" لە نیوەی دووهەمی دەیەی ٧٠ هەتاویدا هاتە گۆڕێ کە توانیی زۆرینەی خەڵکی ئێران بە هیوای چاکسازی و پێکهێنانی گۆڕان لە شێوەی بەڕێوەبەری و ڕوانینەکاندا لە گەڵ خۆی بخا. دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە ململانێی ئەم ڕەوتە لەگەڵ رەوتی کۆنەپارێزی نیزام  و بەیتی ڕێبەری، وەک دەبینین نەتەنیا خەڵک لە دڵبەستن بە هەر چەشنە گۆڕانێک لەم ڕێژیمە بێ‌هیوا و سەرخوردە بوون، بەڵکوو خودی خاوەنانی بیرۆکەی ڕێفۆرم و چاکسازیش ئەمڕۆژانە هەرکام بە شێوەیەک و بە زمانێک باس لە رۆیشتنی ئەم نیزامە دەکەن. ساختاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو پێگە بەهێزەی کە بە شەخسی ڕێبەر لە یاسای بنەڕەتیدا دراوە، هەڵگری هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕ و رێفۆرمێک نیە. ویلایەتی فەقیە، یان رێبەر، هەمان یە لە سیستەمێکی داخراو و موتڵەقی پاشایەتیدا کە هەدووکیان خۆیان بو نوێنەر و سێبەری خودا لە سەر عەرز دەزانن و دژایەتی لە گەڵ ئەمانە، ڕاست دژایەتی لە گەڵ خودای لێ دەخوێندرێتەوە کە ئاکامەکەی تەنیا مەرگە. ئێستا کە زۆر کەس بەئیزافەی زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران قسە لە ڕووخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن، جیا لەوەیکە دانی حەقانییەتێکی تەواوە بە هەڵوێست و خوێندنەوەی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەستپیکی قۆناغێکی پڕ لە کار دەبێ بۆ هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی کە باوەڕیان بە رووخانی ئەم رێژیمە هەیە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا ڕوونە و ناکرێ هیچ دوو دڵی و گومانێکمان لێی هەبێ، هەڵوێستی زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێرانە کە لەو باوەڕەدان کە تەنیا ڕێگای ڕزگاری لە دەست ئەم ڕێژیمە و هەنگاونان بەرە و داهاتوویەکی گەش، رووخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. کەوابوو ئەوە دەمێنێتەوە بریتی‌یە لە رێبەری کردنی ئەم رێگاچارەیە کە بەداخەوە بە سەرنجدان بەو بارودۆخەی کە بە سەر ئۆپۆزیسیونی کورد و ئێرانیدا زاڵە. هەر وا ئاسان نیە. بە واتایەکی دیکە خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەگەری دەربازبوون لە رووخان، نەبوونی رێبەرییەک بۆ مودیریەتیکردنی نارەزایەتییەکان و نایەکگرتووبوونی ئۆپۆزیسیونەکەیەتی.