کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٦، ساڵی پەردەلادران لەسەر قەیرانە ئابوورییەکانی ڕێژیمی تاران

23:30 - 31 خاکەلێوه 2718

سەرباری ئەوەی کە پێشتر لە سۆنگەی پاشەکەوتی دراو و دەزگای چاپی پارەی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەشێکی زۆری قەیران و نالێهاتووییە داراییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران پەردەیان وەسەر کشابوو، بەڵام لە ساڵی ١٣٩٦دا ئەو پەردەیە لادرا و ئیدی بیانووی دەوڵەتی «ئیعتیدال» و باشبوونی دۆخی ئابووری پاش ڕێککەوتنی ئەتۆمیش پەتەیان کەوتە سەر ئاو؛ تەنانەت هەڵگیرانی بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان، گەڕانەوە بۆ بازاڕی نەوت، بەخشران لە کەمکردنەوەی بەشە وەبەرهێنانی نەوت، هەڵکشانەوەی نرخی نەوت و هاتوچۆی چەند وەڤدێکی بازرگانیش بۆ ئێران هیچیان پێ نەکرا و قەیرانە شاراوەکەی ئابووریی ڕێژیم پەردەی لەسەر لادرا و وڵات تەکانێکی بەرچاوی وێ کەوت.

دەوڵەت لە ئامارە ڕەسمییەکانیدا وای نیشان دەدا کە پاش ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە هەناردەکردنی نەوت دوو هێندە بووە، سەدان وەڤدی بازرگانی و وەبەرهێنەری بیانی سەردانی تارانیان کردووە، سەرمایەگوزاریی نێوخۆیی و دەرەکی زیادیان کردووە، تەنانەت گەشەی ئابووری لە سهتا 6 تێپەڕیوە، کەچی ئەوەی دیترا پێچەوانە بوو؛ دامەزراوە دارایی و بانکییەکان مایەپووچ بوون و پارەی خەڵکیان پێ نەدرایەوە و خەڵک ڕژانە سەر شەقام، کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان مووچەی کرێکارەکانیان پێ نەدرا و کرێکاران ڕژانە سەر شەقام، سندووقەکانی خانەنشینی دەستیان لە بنی هەنبانەکەیان گەڕا و مووچەخۆرانی خانەنشین ڕژانە سەر شەقام، بێکاران هەرچی بەدوای کاردا گەڕان کاریان وەدەست نەکەوت و ڕژانە سەر شەقام. هەمووی ئەم ناڕەزایەتییانە لە مانگی بەفرانباردا پێکەوە کۆ بوونەوە و خەڵکی زیاتر لە 100 شاری ئێران بە دروشمی زۆر ڕادیکاڵەوە هاتنە سەر شەقام و داوای مافە ڕەواکانی خۆیان کرد. کەچی وەکوو عادەتی دەیان ساڵەی خۆی، ڕێژیم بە ئاگر و ئاسن بەرەنگاری خۆپێشاندەران بووە و کوشتنی و گرتنی و سەرکوتی کردن. بەڵام ئەو سەرکوتە تەنیا ئازارشکێنی ئازارە قورسەکانی ڕێژیم بوو، چونکە دەردەکە و تەزووەکەی کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە بە شێوەی هێزەکی هەر ماوە.

ڕەگی ئەو قەیران و ناڕەزایەتییانەی که لە ساڵی ١٣٩٦دا وەدیار کەوتن، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی دوای کۆتایی شهڕی ئێران و عێراق و سەرەتای دەیەی ١٣٧٠ی هەتاوی، کە ڕێژیم بە ناوی سپاردنی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان بە کەرتی تایبەتەوە، بەشی گرینگ و زۆری ئەو کۆمپانیایانەی بە ناوی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەتییەکانەوە کرد، لە سەرووی هەموویانەوە سپای تیرۆریستیی پاسداران کە لەو ڕێگایەوە توانی دەست بەسەر زۆربهی جومگە سەرەکییەکانی داهات و ئابووریی ئێراندا بگرێ و بەرنامەی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە پێ جێبەجێ بکا، کە ئەمڕۆ دەبینین لە چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەیان گرووپی میلیشیای مەزهەبی و تیرۆریستیی پێک هێناوە و لەسەر حیسابی خەڵکی ئێران تێچووەکانیان دابین دەکا.

ڕێژیم هەر بەوەندەوە نەوەستا کە بە ناوی کەرتی تایبەتەوە دامەزراوە و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە گەورەکانی ئابووریی ئێران بە دەزگای ئەمنییەتییەکانی خۆی بسپێرێ، بەڵکوو بە بیانووی کەمکردنەوەی چاودێریی دەوڵەت و لابردنی قانوون و ڕێساگەلی سنووردارکردنی بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزارییەوە بواری بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی خۆش کرد، کە ئێستا دەبینین بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ڕێژیم، ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە بەرەگەی مایەپووچبوون دایە، سندووقی خانەنشینی مایەپووچ بووە و بەبێ یارمەتیی دەوڵەت ــ کە لەدەستی نایە ــ ناتوانێ مووچەی خانەنشینان بدا، هەربۆیە خانەنشینان لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا توێژی سەرەکیی خۆپێشاندەران بوون.

کاربەدەستانی ڕێژیم خۆیان ددان بەوەدا دەنێن کە هۆکاری سەرەکیی مایەپووچبوون و دۆخی قەیراناویی سندووقەکانی خانەنشینی و ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە دەوڵەت زۆریان پێ قەرزدارە و ناشتوانێ قەرزەکانیان بداتەوە. خۆیان ڕایانگەیاندووە، کە بە دوو ساڵ جارێک دەوڵەت یەک و نیو بەرانبەر زیاتر بەو دامەزراوانە قەرزدار دەبێ، هەربۆیە ئەمساڵ ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی تووشی ١١ هەزار میلیارد تمەن کورتهێنانی پارە دەبێتەوە. هەر لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٦دا دەوڵەت ١٤١ هەزار میلیارد تمەن بە ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی قەرزدار بووە، بۆیە ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ناچار بووە ٢٥ هەزار میلیارد تمەن لە بانکەکان قەرز بکا.

ئەم دۆخە وێرانەی ئابووریی ئێران لە کاتێک دایە، کە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیمیش کەوتووەتە بەر هەڕەشەی هەڵوەشانەوە لەلایەن ئەمریکاوە، کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سەرلەبەری گەمارۆ ئەتۆمییەکان، سەرباری ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٩٦دا چەندین جۆرە گەمارۆی دیکەش بە بۆنەی بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمەوە بەسەر ئابووریی ئێراندا سەپێنراوە.

ئاشکرابوونی قەیرانەکانی ڕێژیم بوووەتە هۆی ئەوەی کە گەلانی ئێران وەخۆ بکەون و سەرباری سەرکوتی بەردەوام دەست لە خواستەکانی خۆیان هەڵنەگرن و درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن. له ڕۆژانی سهرهتای ئهمساڵهوه تا ئێستاش لە شارەکانی جوانڕۆ، بانە، مەریوان و سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چهند جار دووکان و بازاڕی ئەو شارانە به نیشانهی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی داخستنی سنوورەکان و ڕێگاکانی کۆڵبەری و بازاڕە سنوورییەکانی کوردستان داخران و کاسبکاران لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. مانگرتنی کرێکارانی کارخانه و یهکه بهرههمهێنهره هێشتا لهکارنهکهوتووهکان له زۆربهی شار و شارۆچکهکانی ئێران که ڕۆژ نیه ههواڵیان لێ بڵاو نهبێتهوه، باس له بهردهوامیی پڕۆسهی ناڕهزایهتییهکان دهکهن.

ئەنجامی ئەو بابەتانەی لەسەرەوە باس کران، ئەوەیە کە ڕێژیم ئیتر ناتوانێ قەیرانەکان و نالێهاتووییەکانی خۆی بشارێتەوە و خەڵکی ئێرانیش دەست لە داوا ڕەواکانی خۆیان هەڵناگرن و بەگوڕتر لە جاران دێنە مەیدانەوە.

( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)