کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای میکونووس و سیاسەتی تیرۆری کۆماری ئیسلامی

00:01 - 1 بانەمەڕ 2718

(له ساڵیادی بڕیاره مێژووییهکهی دادگای مێکونووسدا) ٢١ی خاکەلێوەی (١٠ی ئاوریل) بیرخەرەوەی بڕیاری ئازایانە و لە هەمان کاتدا دادپەروەرانەی قازی و دادوەرەکانی دادگای بێرلینە کە بە دادگای میکونووس ناوی دەرکردووە. هاوینی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی د. سادق شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەسەر بانگهێشتی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی سۆسیال ئینترناسیونال دەچنە ئاڵمان. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی سۆسیال ئینترناسیونال د. سادق شەڕەفکەندی بە هاوڕێیەتی کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایوون ئەردەڵان بە پێی بەرنامەی لەپێشدا داڕێژراو شەوی ١٧ی سێپتامبر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەچنە ڕیستۆرانی میکونووس لە شاری بێرڵین و دوای تێپەربوونی کاتێکی کەم لە کۆبوونەوەکە بە هۆی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەونە بەر دەستڕێژی بێبەزەییانەی گوللە، کە بەداخەوە هەر لەوێ د. سادق شەڕەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و کاک فەتاح عەبدولی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و؛ کاک هومایوونی ئەردەڵان، بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ئاڵمان و نووری دێهکوردی دۆستی حیزب شەهید بوون. دوای ڕووداوی میکونووس پۆلیسی ئاڵمان کەوتە خۆ و دوای ماوەیەکی کەم توانیی چەند کەسێک کە پێوەندیان بە تیرۆرەکەوە بوو دستبەسەر بکەن. دوای گیران و دەستبەسەرکردنی ئەو تاوانبارانە دادستانی ئاڵمان ٧ مانگ دوای ڕووداوی میکونووس، ئیدیعانامەی خۆی بە فەڕمی پێشکەش بە دادگای بەرزی بێرلین کرد و دادگا دوای سێ حەوتوو تاوتوێکردنی ئیدیعانامەی دادستان لە ٢٨ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣ دەستی بە یەکەمین دانیشتنی خۆی کرد و پڕۆسه‌که‌ سێ ساڵ و نێو دڕێژەی کێشا و لە ئاکامدا دادگا گەیشتە ئەو بڕیارە کە بکەر و بڕیاردەری ئەو تیرۆرە ده‌سەڵاتدارانی پلە یەکی کۆماری ئیسلامین. کردەوەی تیرۆریستیی مەئموورینی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە دەره‌وەی وڵات تەنیا دوو مانگ دوای بە دەسەڵاتگەیشتنی ئەو نیزامە لە پاریس ڕووی دا و لەوێ بە دواوە شەقامەکانی پاریس، لەندەن، ویەن، بێرلین، ژێنێف و شارە گەورەکانی دیکەی ئورووپا بۆ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بوو بە جێگای ترس و دڵەڕاوکێ. ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامی هەتا تیرۆری ڕیستۆرانی میکونووس کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی د. سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی هەر ئیدامەی هەبوو، بەڵام  بڕیاری دادگای میکونووس لەسەر ئەو پەروەندەیە و ناساندنی کاربەدەستانی ڕەدە باڵای کۆماری ئیسلامی بە بریاردەری سەرەکیی ئەو تیرۆرە، بوو بە هۆکارێک کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا دەست لە تیرۆری جەستەیی دژبەرانی خۆی بپارێزێ و بە واتایەکی دی تیرۆری د. سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی کۆتا تیرۆر بوو کە تیمە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا کردیان. لێرەدا پێویستە بە کورتیش بێ باس لە چەند تایبەتمەندیی حوکمی دادگای میکونووس بکەین کە بوونە هۆکارێک بۆ پاشەکشەپێکردن به‌ ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئورووپایی . ١) حوکمی دادگای میکونووس تایبەتمەندییه‌کی مێژوویی هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە، دادگایەکی بەرز لە ئاڵمان دەسەڵاتدارانی پلەیەکی حکوومەتێک کە هێشتا لە دەسەڵات دان، و بەتایبەت کە لەگەڵ ئاڵمان پێوەندییەکی سیاسی_ ئابووریی تایبەتی هەبوو، وه‌ک بڕیاردەر و ڕێکخەری ئەو تیرۆرەی بە جیهان ناساند و بە تیرۆری دەوڵەتی ناوی برد. 2) بڕیاری دادگای میکونووس بوو بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی پێوەندی سیاسیی خۆیان بۆ ماوەی ٧ مانگ لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی ڕابگرن و لە ئاکامدا لەگەڵ ئەو نیزامە گەیشتنە ڕێککەوتن کە چیدیکە لە ئورووپا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام نەدا. 3) حوکمی دادگای میکونووس پەیامێکی ڕوون بوو دەوڵەتە زلهێزەکان و کۆمەڵگەی جیهانی کە بە گوشار و شێلگیری و لیبڕاوییان دەتوانرێ لە زۆر بابەت و مەسەلەدا پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکەن. 4) حوکمی دادگای میکونووس ئەوە ڕاستییەی دەرخست کە ئەو هێزە دەرەکیانە لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا لە ژێر فەرمان و بڕیاری ڕێبەری ئێران دان، ئێران تەنیا و تەنیا وەک کەرەسە و کاربه‌ڕێکه‌ر چاویان لێ دەکا و لە کاتی گیران و دەستبەسەرکردنیان کۆماری ئیسلامی خۆیان لێ بێبەری دەکا و هەوڵ دەدا هەموو ئاسه‌وارەکانی پێوەندییان لەگەڵ تیمی تیرۆر یا دستە و تاقمی تیرۆریست پاک بکاتەوە و خۆی لێ بێبەری بکا. 5) حوکمی دادگای میکونووس دەستی ئێرانی ڕوو کرد. چونکە داوای دەرچوونی ئەو حوکمە ئیدی کۆماری ئیسلامی وەک جاران نەیتوانی بە بیر و ڕای گشتیی ئێران و جیهانی بڵێ کە ئەو تیرۆرە کاری دووبەرەکی و یەکتر قەبووڵنەکردنی ئۆپۆزسیوونە واتە نەیتوانی کرده‌وه‌ تیرۆریستییەکانی بە سەر ئۆپۆزسیوون و لایەنی دیکەدا بێنێ و خۆی لێ بێبەری بکا. 6) حوکمی دادگای میکونووس لە نێوخۆی ئێرانیشدا لە لایەن خەڵکەوە کاردانەوەی لێ کەوتەوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناچار بوو هەتا ڕادەیەک فەزای سیاسی لە ئیراندا بکاتەوە و ئیسلاحتەڵەبەکان کە خاتەمی نوێنەرایەتیی دەکردن، بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری دەڵێن کە بڕیاری دادگای میکونووس ١٠ هەتا ٢٠ لەسەد کاریگەریی بووە لە سەر کردنەوەی فەزای سیاسی و ئازاد لەو سەردەمدا؛ بەڵام بە خاترجەمی دەتوانین بڵێین کاریگەریی بڕیاری دادگای میکونووس لەسەر کرانەوەی فەزای سیاسی لە نێوخۆی ئێران زۆر لەو ڕێژەیە زیاتر بووە کە ئیسلاحتەڵەبەکان باسی دەکەن. بەڵام ئەوە کە لەوە زیاتر خەڵک و چالاکانی سیاسی نەیانتوانیوە بە شێوەی پێویست کەڵک لەو کرانەوەیه‌ وەربگرن باسێکی دیکەیە. لێرەدا پێویستە وەبیربێنینەوە لەگەڵ ئەوەدا دادگای بێرلین زۆر ئازایانە و چالاکانە و دادپەروەرانە بەڕێوەچوو، بەڵام هەتا ئێستا ئەو پەروەندەیە دانەخراوە و نەگەیشتۆتە دواقۆناغی خۆی، چونکە هێندێک لایەنی ناڕوونی ماونەوە و بۆ وێنه‌ هەتا ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە کە چ کەسێک زانیاریی ئاوا ڕوونی هەبوو لەسەر کۆبوونەوەی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی؟ یان ئه‌وه‌ی مەسەلەی شێواوی لە کاتی بانگێشتن بۆ کۆبوونەوەکه‌ بە مەبەست بووە یا بە ڕێکەوت وای بەسەر هاتووە؟ ئه‌وانه‌ هێشتا ڕوون نەبوونه‌تەوە. هه‌روه‌ها بڕیاردەر یان بڕیاردەرانی ئەو تیرۆرە هەتا ئێستا لەبەر دەم دادگادا ئامادە نەبوون و سزا نەدراون. لەو پێوەندییەدا ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانی تێکۆشەرانی دێموکرات و هەموو ئازادیخوازان ئەوەیە کە نابێ ئیزن بدەین تیرۆری میکونووس و هەموو کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بچنە خانەی لەبیرچوونەوە و پێویستە بە دائیم کار بۆ ئەوە بکەین کە لە بیر و زەینی گەلانی ئێران و خەڵکی کوردستان و بیر و ڕای  جیهاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە و سیاسەتی تیرۆریزمپەروەرەی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە قاو بدرێ چونکە هەتا ئێستای لەگەڵ بێ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەستیان لە تیرۆری جیابیران و دژبەرابەرانی خۆیان هەڵنەگرتووە و لە پەروەردە و هەناردەکردنی تیرۆریست بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران خۆی نەپاراستووە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەگەر تیرۆری میکوونووس بۆ حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی ئازادیخوازی کوردستان و سەراسەری  ئێران خەسارێکی گەورە بوو، بەڵام بەڕێوەچوونی دادگای بێرلین (میکوونووس) و حوکمی ئەو دادگایە توانی هەتا ڕاده‌یه‌ک قه‌ره‌بووی ئەو بێ عەداڵەتی و نادادپەروەرییە بکاتەوە کە لە تیرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە ویەن دەرحەق بەو شەهیدانە و حیزبی دێموکرات و گەلی کورد کرا. ( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)