کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمپراتووری درۆ

00:29 - 1 بانەمەڕ 2718

پێشەکی درۆ و سیاسەت لە مێژە وەکوو دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاو و هاولف چاوی لێدەکڕێ و، وای لێ هاتووە کە لە ژێر کاریگەریی سیستەمە حکوومەتییەکان و ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی ڕێژیمە جۆراوجۆرەکاندا دیوی نەدیتراوی سیاسەت بە درۆ و چەواشەکاریی بەرپرسان و ڕێبەران و دەسەڵاتداران پێناسە بکرێ و ئەمەش بێ هۆکار نیە و تاڕادیەک گرینگی هەیە کە لە بیرۆکە و بەرهەمی چەندین فیلەسوف و بیردۆزانی سەردەمدا ڕەنگدانەوەی تایبەتیی هەبووە. درۆ و سیاسەت ئه‌وه‌نده‌ی جێگای سەرنج و وردبوونەوەیە کە خانمە فه‌یلەسۆف و بیرمەندی ئاڵمانی «هانا ئارێنت» لە دوو بەرهەمی ناسراوی خۆی « توتالیتاریزم « و « درۆ لەسیاسەتدا « بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ کردوە و بە نموونەش « فاشیزم» و توندوتیژییە هاوشێوەکانی درهاوێشتەی چەواشەکاری و درۆی سیاسەتوانانی دەسەڵاتدار دەزانێ و کەمتەرخەمی و خەمساردیی ڕووناکبیران و پاسیڤ‌بوونی چینی کارا و لێهاتووی کۆمەڵگه‌ی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەشەی درۆ لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، بە خەسار و بە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان لە قەڵەم داوە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەرێ بە لەبەرچاو گرتنی بۆچوون و وتەکانی هانا ئارێنت، هەلومەرجی سیاسیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێی توانا و مەجال خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێ. *** سیستەمی حکومەتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دوای سەرکه‌وتنی شۆڕشی گەلانی ئێڕان لە ڕێگای بانگەشە بۆ کۆمەڵیک دروشمی ڕەنگاڵە و پۆپۆلیستیی وەک «شۆڕشی چەوساوەکان»، حکومەتی «عەدڵی ئیلاهی» هاتە سەرکار؛ نیزیک بە چڵ ساڵە درێژەی بە ده‌سه‌ڵاتی تاکڕەهەندیی خۆی داوە و، تەنانەت بۆ پەرپێدان بە ئیقتدار و پتەوکردنی کۆڵەکەکانی خۆی بە شێوەی پاوانخوازانە چاوی لە خاک و کیانی سیاسیی وڵاتانی دیکەشە. به‌ پێی تەبیعەتی شۆڕشەکان، دوای سەرکەوتن ئەگەر هەوڵ نەدرێ کە بەرهەمی ئەو شۆڕشە (گرژیی و ئاڵۆزی و لایەنە توندڕەوانەی) لە هێڵەگی ڕێفۆرم نەدرێ و وا نه‌کرێ که‌ دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوار شۆڕ نه‌بێته‌وه‌، ئاساییە هەرجۆرە جیابیری و ناڕەزایەتییه‌ک دەچێتە خانەی دژبەربوون و بە پێی بیرۆکەی ڕیژیمە خۆسەپێنەکان، ڕەوایی بە بۆچوونی خۆیان دەدەن و پەرە بە لەنێوبردن و پەرواێزخستن وکپکردنی دەنگی ناڕازییان ده‌درێ. بێگۆمان بۆ ئەو مەبەستەش پلانە سیاسییەکان بە پیلان و چەواشەکارییەکان تێکەڵ دەکەن هەتا بیکەن بە تریبۆنێک بۆ ڕاکێشانی خەڵک و تیرێک لە جەستە و گیانی گلەیی و گازەندەی دژبەرانی خۆیانەوە بنێن، کە کۆماری ئیسلامی بەرهەمی وەها دۆخێکە. بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە قوناخە هەرە گرینگەکانی ئەو ڕێژیمە چ وەکوو هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسی و داگیرکردنی دەسەڵات، قوناخێکە بەناوی ساڵی ٦٨ی هەتاوی واتا پاش مردنی خومەینی، کاریزمای ئایینی سەردەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی. کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق و نەمانی خومەینی پێویستیی به‌وه‌ بوو که‌ کەسایەتییەکی دیکە ساز بکرێ تا بتوانێ کۆماری ئیسلامی لەو قوناخە تێپەڕێنێ. ئه‌و کات ناوکی ئیستبدادی سایسی بە بیانووی شەڕی ئێران و عێراق هەم دەنگی ناڕازییانی نێوخۆیی و تەنانەت نیزیک بە دەسەڵاتیان کپ کردبوو، هەم بە درێژکردنەوەی ئەو شەڕە بۆ ٨ ساڵ دەرفەتێکیان خوڵقاندبوو بۆ پتەوکردن و بەهێزکردنی حکومەتی ناوەندی. به‌مجۆره‌ کۆتاییهاتنی شەڕی ٨ ساڵە له‌لایه‌ک و لە لایەکی دیکەش مەرگی خومەینی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ کۆمەلێک گرفت ڕووبەڕوو کردەوە تا ئه‌وه‌ی بە چەواشەکاری یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە بەناوی سەید عەلی خامنەیی له‌ جێی کاریزمای شۆڕش داندرا و کرا به‌ «ڕێبه‌ری». لەو کاتەوە ستراتێژی درۆی ده‌ستی پێ کرد و تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئاغای خامنەیی وەکوو ئیمپراتووری درۆ بە دڵەڕاوکێیەوە بەسەر موڵکی لەرزۆکی ئینکار و حاشاکردن پاڵی داوەتەوە. بە هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی «وڵایەتی فەقیهـ،» کە بێگومان بەشی هەرەزۆری کەمایسییەکان و خاڵە نگەتیڤەکانی دەگەڕێتەوە بۆ چەواشەکردن و، پەرەپێدان بە درۆی گەورە؛ کاراکتەری سەرەکیی ئەو شانۆگەرییەش ڕێبەری نیزامە کە ئەگەر ساڵی ساڵان تەنیا لە دەرەوەی جوغرافیای ئێران بە درۆگوتن و چەواشەکردنی ڕاستییەکان تاوانبار دەکرا، بەڵام ماوەیەکە ڕەخنەگرانی ئەو شێوە سیاسەتە کە بەستراوەتەوە بە حاشا و درۆ کردن تەنانەت لەنێو خۆی وڵاتیش زیادی کردوه‌. وەکوو حەکایەتی «پاشا و خەیاتی فێڵباز» باس لەوە دەکەن کە شەخسی یەکەمی نیزام بە ڕووت و قووتی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، هەوڵی بەردەوامبوونی خۆی دەدا. له‌ دوا نموونه‌دا ڕێبەری نیزام وەکوو نەریتی ساڵانی پێشوو، ئەمساڵێش لە دەسپێکی ساڵی نوێی هەتاویدا و بەتایبەتی لە یەکەمین ڕۆژی نەورۆز لە شاری مەشهەد ڕوو بە خەڵکی ئێران و دەروەی ئێرانیش پەیامێکی بڵاوکردەوە کە بە جۆرێک بەرنامەڕێژی و ستراتیژیی ناوەندە ئەمنی و سیاسییەکانی ڕێژیمە کە لە زاری ڕێبەرەوە وەشان دەکرێ. خامنه‌یی لە قسەکانیدا دیسان لەسەر تیوریی «گوبڵز»* پەرەی بە بڵاوکردنەوەی «درۆی زل» دا و قسە سوواوەکان و ئیدیعا خاوەکانی هێندەی نەخایاند کە هەر لەلایەن جیابیران و ڕۆژنامەنووسانی نێو خۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتیشه‌وه‌ بە ڕاشکاوی وڵامیان درایەوە. ڕێبەری نیزام لە پەیامەکەی بە بۆنەی هاتنی ساڵی ٩٧ی هەتاوی بە ئاماژەدان بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو دیسانەکە باس لەوە دەکا کە ئێران و حکوومەتەکەی، دوورگەیەکی ئارامە، بەڵام نەیتوانی خۆی لە باسکردنی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار بدزێتەوە و سەرلەنوێ لە پشت «درۆی زل»ەوە سەنگەری گرت و خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ی _ کە فۆکۆسی داوکارییەکانی خەڵک کوللیەتی نیزامی و خۆدی ڕێبەری گرتەوە_ بە فیتنە و دەستێوەردانی دژبەرانی نیزام لە قەڵەم دا. بەڵام لەوەی کە چەندین کەس لە خەڵکی دەسبەسەرکراو لە ناوەندە ئەمنییەکان و لەژێر ئەمری «ولی امری مسلمین»دا کوژران و ئەو خەڵکی برسی و وەزاڵەهاتووە که‌ ڕژانە سەرشەقام، لەوبارەوە بێدەنگی و پاساوەکانیشی درێژەی ئیمپراتووریەتی درۆریە لە کۆماری ئیسلامی‌دا. خامنەیی ساڵی ٩٧ هەتاویی بە ساڵی پشتیوانیکردن لە «بەرهەمی ئێرانی و نێوخۆیی» ناو نا و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بە ڕەفتاری سیاسی ئەو ڕێژیمە گەمارۆ ئابوورییەکان و لە لایەک دیکەش مافیای بەربڵاوی ئابووریی سپای پاسداران و دەستوپێوەندییەکانی هەرەسی بە گەشی ئابووری وڵات هێناوە و تەشەنە سەندنی درۆ لە هەموو بوارێکەوە بێ متمانەیەکی تۆخی بە خەڵکی ئێران بەخشێوە. لە کاتێکدا ئابووریی ئێران قورخکراوی دەوڵەتێکی توتالیتەرە و بەهۆی نازانستیی بەرپرسانەوە تووشی دەیان قەیرانی بنەڕەتییە، پەنابردن بۆ کڕین و بەکارهێنانی بەرهەمی خۆماڵی و نێوخۆیی بێجگە له‌ حاشاکردن و نەوتنی ڕاستییەکان و گاڵتەجاڕ هیچی دیکە نیە. ئەوه‌ ڕێبەریک وەکوو گاندی لە هێندۆستان دەتوانێ لە ئەوپەڕی ڕاستگۆییەوە وەها داواکارییەکی هەبێ نەک ئاغای خامنەیی کە بە وتەی محەممەد نوریزاد «ڕێبەری موسلمانانی جیهان چاوی لە چاوی خەڵکی کرد و درۆی وت» و چاوەڕوانیی واشی هەیە وەکوو هەمیشە پێشوازیی لە قسەکانی بکرێ. بەڵام ئەمساڵ جیابیران و تەنانەت خۆپیشاندەرانی سەرشەقامەکان ڕوونتر لە جاران ڕێبەرییان بە هۆکاری ناڕاستی و چەواشەکاری زانی، بەتایبەتی کە باس لە «آزادی بیان» و ڕادەربڕین دەکا، دەیان قەڵەم و دەنگی ناڕازی و دیلکراو و کوژراو لە ماوەی دەسەڵاتداره‌تیی ئەو وەکوو بەرپرسی یەکەمی ڕێژیم، وەبیرمان دێتەوە. کارنامەی نیزیک بە سێ دەیە ده‌سه‌ڵاتی خامنەیی پڕ لە پاوانکردنی ئازادی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و لەهەموو گرینگتر پەرپێدان بە درۆ و دەلەسە و حاشاکردنی ڕاستییەکانە. ئەمساڵیش خامنەیی، «ئیمراتووری درۆ» لەیەکەم رۆژی نەورۆزدا لە شاری مەشهەد، شوێنی سەرهەڵدانەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ هەتاوی بۆ جارێکی دیکە کۆمەڵێک دروشمی بە میرات گەیشتوو لە سیستەمی نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامیی لە بەردەم خەڵک کەڵەکە کرد، بەڵام بە شەنوکەوکردنێکی خێرای ئەوەی کەمایەوە، تەپ و تۆزێک بوو لە «خەرمانەی درۆی زل»... ژێدەر: ـ ماڵپەڕی اجتماع اندیشە ـ لاپەڕەی فەرمیی محەممەد نوری‌زاد ـ قسه‌کانی عەلی خامنەیی لە یەکەم رۆژی نەورۆزی ٩٧ی هەتاوی. * یووزف گوبڵز؛ وەزیری پروپاگەندەی دەوڵەتی نازی، کە بە خاوەنی «تیوری درۆی زل» ناسراوە ( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)