کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی مانگرتنەکان و بە ئاکامگەیشتنی تەنیا لەگرەوی یەکگرتوویی خەڵک دایە

04:48 - 10 بانەمەڕ 2718

بۆ ماوەی پازدە رۆژە خەڵکی وشیار و لە سەر هەستی شاری بانە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە داخستنی سنوورەکان و زیادکردنی نرخی گومرک لە سەر شت و مەک، لە مانگرتنێکی سەرانسەری دان. ئەم مانگرتنە بە درێژترین مانگرتنی جەماوەری لە سەر ئاستی کوردستان و ئیراندا دادەنرێ. هۆکاری بەردەوامیی ئەم مانگرتنە جەماوەری و مەدەنییە لە یەکگرتوویی خەڵکی ئەم شارە دایە. ئەوان لە ماوەی ئەم پازدە ڕۆژەدا یەکگرتووانە بە بێ ئەوەی فریوی وادە و بەڵێنییەکانی دەسەڵاتداران بخۆن و بێ ئەوەی ئیزن بدەن کە پیلانگێڕییەکانی رێژیم کار بکاتە سەر یەکڕیزییان، بە شێوازێکی مەدەنیانە و شارستانیانە سوور و لێبڕاون لە سەر جێبەجێبوونی داواکارییەکانیان. ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە نیشان لە تێگەیشتوویی خەڵکی ئەم شارە و ئاشنابوون بە مافە ڕەوا ئینسانییەکانی خۆیانە کە بێگومان ڕۆڵی کەسایەتییەکانی ئەم شارە لە شکڵ و نێوەرۆکی ئەم مانگرتنانەدا جێگای تایبەتی خۆی هەیە و شوێنەواری بەسەر ڕەفتاری خەڵکی شارەکەوە هەبووە. ئەگەر لە لایەک کاربەدەستانی ڕێژیم لەم شارە و، ئەو کەسانەی کە هەر بە دەنگی ئەم خەڵکە ڕێیان کەوتۆتە شوێن و ئیدارەکانی ئەم وڵاتە تا ئێستا لە حاست داواکارییەکانی خەڵکی ئەم شارە کڕ و بێ‌دەنگن، بەڵام چالاکانی سیاسی و مەدەنی نێوخۆی وڵات، کەسایەتییە ئایینییەکانی ئەم شارە هەردەم  پشت و پەنای ئەم خەڵکە بوون و ئەوە ئەوانن کە بە هەستکردن بە ئەرکی ئینسانی و نیشتمانی خۆیان بەرانبەر بەم خەڵکە، بوونەتە نوێنەر و وتەبێژیان و پێداگرییان لە سەر ویست و داواکانی خەڵکی شارەکە کردوە. بۆیە جێی خۆیەتی لێرەدا بە رێزەوە دەستخۆشییان لێ بکرێ کە بێگومان لە لایەن خەڵکەوە رێزیان لێ گیراوەو رێزیان لێ دەگیرێ. هەرچەند تا ئێستا کە پازدە ڕۆژە خەڵکی شاری بانە لە مانگرتنی گشتی دان و دووکان و بازارەکانی ئەم شارە داخراوە، هیچ وڵامێکی دڵخواز لە لایەن دەسەڵات و ئۆڕگانە پێوەندیدارەکانەوە بە خەڵکی ئەم شارە نەدراوەتەوە، بەڵام یەکگرتوویی خەڵک بە پشتیوانیی کەسایەتییەکانی ئەم شارە، گوڕو تینێکی بێ‌وێنەی بە ڕەفتاری خەڵکی شاری بانە بەخشیوە. بەڵام ئەگەر خەڵکی شارە سنوورییەکان کە بژیوی ژیانی زۆربەی خەڵکەکەیان بەندە بە بارودۆخی ئەم سنوورانەوە دەیانهەوێ گرفتی داخستنی سنوورەکان و بەرزبوونەوەی نرخی گومرک لە سەر ئەو کاڵایانەی کە ئاڵوێری بازرگانییان پێوە دەکرێ، چارەسەر بێ، دەبێ ئەوانیش هاوشێوەی شاری بانە هەڵوێستیان هەبێ. ئەوانیش دەبێ یەکگرتووانە پستیوانی لەم مانگرتنە بکەن و قورساییەکی زیاتر بەم پرسە بدەن بۆ ئەوەی رێژیم ناچار بە وڵامدانەوە بکەن. ئاکامی ئەم نارەزایەتیانە بەرانبەر بە داخستنی سنوورەکان و ناچارکردنی دەسەڵات بە وڵامدانەوەیەک لە بە دڵخوازی خەڵکی ئەم ناوچە سنوورییانە بێت، تەنیا و تەنیا لە یەکگرتوویی و یەکڕیزی دایە.