کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەڕەشە بۆ سەر مانگرتنەکانی شاری بانە وریا بین

04:47 - 11 بانەمەڕ 2718

  ئێستا کە زیاتر لە دوو حەوتوو بەسەر مانگرتنە مەدەنی و جەماوەرییەکەی شاری بانەدا تێدەپەڕێ، هەست دەکرێ کە کۆمەڵێک هەڕەشەی دەسکردی گوماناوی بۆ سەر ئەم ناڕەزایەتتیانە هەم لە شکڵ و هەم لە ناوەرۆک دا لە ئارا دایە. تا ئێستا کاربەدەستانی رێژیم چ لە سەر ئاستی شارەکە، چ لە سەر ئاستی پارێزگای سنە و چ لە سەئاستی تارانی، وەک ناوەندی سیاسیی ئێران جیا لە کۆمەڵێک وادەو بەڵێنیی پڕوپوچی بێ‌بنەما، هیچ وڵامێکیان بۆ ئەم خەڵکە پێ نییە، یان باشترە بڵێین نایانهەوی وڵامێکیان پێ بێ. بێ‌مەسئولییەتی رێژیم و کاربەدەستانی بەرانبەر بەم مانگرتنەی خەڵکی شاری بانە و خۆ دوورخستنەوەیان لە وڵامدانەوە بە رەفتار و هەڵوێستی مەدەنیانەی خەڵک، گەورەترینی ئەو هەڕەشانەیە کە دەکرێ بۆ سەر ئەم مانگرتنانەی ببینین. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە بە درێژەکێشانی ئەم مانگرتنانە خەڵک تووشی ماندوویەتی، بێ‌‌هیوای و لە ئاکامدا بێ‌ئاکامبوونی مانگرتنە دورودرێژەکەیان بکەن و بە جۆرێک خەڵک هان بدەن کە شکڵی رەفتارەکانیان لە مەدەنی و هێمنانەوە بگۆڕن بە توندوتیژی و ئاڵۆزی کە بێ‌گومان لە دۆخی ئێستای ئەم شارە و هەڵومەرجی ئابووری ئەم دەروازە سنووریانەدا، ئەوە دەکرێ وەک پیلانی سەرەکی رێژیم سەیری بکرێ. دەستوپێوەندەکانی رێژیم لە ماوەی ئەم دوو حەوتوویەدا بە شێوەی جۆراوجۆر ویستوویانە یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی شاری بانە تێک بدەن و ئەم مانگرتنە بە ئاقارێکی دیکەدا بەرن. سەرەتا زۆریان هەوڵ‌دا کە بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگاندای جۆراوجۆر بەشێک لە دووکاندارانی مانگرتوو هان بدەن کە دەرگای دووکانەکانیان بکەنەوە. تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە هەڕەشەیان لە کۆمەڵێک خەڵک کردبوو کە دواتر لێپێچینەوەیان لێ دەکرێ. ئێستا بە جۆرێکی دیکە لە هەوڵدان بە ماندووکردن و تووڕەکردنی خەڵک، ئاراستەی ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو ئاقارێکی دیکە بەرن بۆ ئەوەی لە لایەک  بیانووی سەرکوتی خەڵکیان بکەوێتە دەست و لە لایەکی دیکەیش ئاراستەی ئەم ناڕەزایەتییە مەدەنی و شارستانیانەی خەڵک کە شکڵێکی جەماوەری و گشتگری بەخۆوە گرتوەو پشتیوانیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، بگۆڕەن و پرسیاری لەسەر ساز بکەن. لەم پێوەندییەدا پێویستە خەڵکی هوشیاری شاری بانە و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی و کەسایەتییەکانی ئەم شارە بە دەرککردن و تێگەیشتن لە پیلانە ڕەنگاوڕەنگەکانی رێژیم، بە پاڕاستنی یەکریزی و یەکگرتوویی خۆیان ئیزن نەدەن کە بەرەو مەیدانێک پەلکێش بکرێن کە لە کۆتایی‌دا زەرەرمەندی سەرەکی ئەوان بن، پێویستە ناڕەزاییەتییەکانی خۆیان بە شێوازێکی مەدەنی و هێمنانە تا ئەو جێیەی کە خۆیان بە باشی دەزانن درێژە پێ بدەن و خۆیان لە توندوتیژی و ئاڵۆزی ببوێرن کە هیچ گومانی تێدا نیە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیم، زۆر لە هەوڵدان کە مانگرتنەکان بەم ئاراستەیەدا بەرن. بۆ ئەم مەبەستە هەر وەک بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و کەسایەتییەکانی شاری بانە داوایان لە خەڵک کردوە، لە ئێستادا پێویستە خەڵک لە نێو خۆیاندا شوورایەک یان دەستەیەکی نوێنەرایەتی دیاری بکەن کە بتوانن بۆچوون و هەڵوێستەکانیان پوختر بکەنەوە. ئەگەر ئەوە بکەن هەم دەتوانن یەکگرتوویی و یەکڕیزی خۆیان باشتر بپارێزن، هەم با ئاگاهی و هۆشیاریی زیاترەوە رووبەرووی هەموو ئەو هەڕەشانە ببنەوە کە روو لە رەفتار و هەڵوێستەکانیان دەکات. https://t.me/sherefi @smailsherefi