کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە چەند حەوتووی داهاتوودا ڕێکەوتنی ناوکی یەکلا دەکاتەوە

19:26 - 5 جۆزەردان 2718

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئیران، وێڕای بە گرنگ زانینی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوکی لە وییەن گوتی: ئێران هەتا چەند حەوتووی داهاتوو لەمبارەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدا. عەباس عێراقچی، لەو بارەیەوە پاش کۆبوونەوەی وڵاتانی بەشداری ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران وێڕای یوکیا ئامانۆ سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی کە بۆ یەکەمجار بەبێ ئەمریکا بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: "ئەو وتووێژ و گفتوگۆیانە تا چەند حەوتووی دیکە لە هەموو ئاستەکاندا درێژەیان دەبێ و پاش ئەوەش ئێران دوایین بڕیاری سەبارەت بە مانەوە و نەمانەوەی خۆی دەدا." جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پێداگریی کردەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی بەڵێنیی وڵاتانی ئورووپایی بۆ جێبەجێکردنی ویست و داخوازییەکانی ئێران، متمانەیان بە پاراستنی ڕێکەوتنی ئەتۆمی زیاتر بووە. پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران و ٦ وڵاتی زلهێزی جیهانی و دیاریکردنی چەندین مەرج بۆ ئێران و ئورووپا لەلایەن ئەو وڵاتەوە، لە بەرانبەردا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٧ مەرجی بۆ وڵاتانی ئورووپایی دەستنیشان کردووە هەتا پێبەندی و بەرەنگاری ئەمریکا ببنەوە و پێبەندی مانەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی بن. کۆبوونەوەی تایبەتیی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوکی "بەرجام" کە ڕۆژی ڕابردوو لەسەر داوای ئیران لە وییەن و بەبێ ئامادەبوونی ئەمریکا بەڕێوە چوو، کە تێیدا دەرەنجام و کاریگەرییەکانی پاش هاتنەوە دەرەوەی ئەمریکا تاتوێ کرا. بە پێی قسەکانی عێراقچی لەو کۆبوونەوەیەدا ڕووسیە، چین، بریتانیا، ئاڵمان ویڕای پێداگریی لەسەر پێبەندبوونیان بە مانەوە لەو ڕێکەوتنە، هەوڵ دەدەن لە بوارە جیاجیاکانی وەک: "نەوت، پێوەندیی بانکی، سەرمایە و بازرگانی بیمەی دارایی و بانکی" بگەنە چەندین ڕێکاری زانستی هەتا ویست و داخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ بکرێن".