کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مه‌لا قادر ویردی

05:32 - 16 خەرمانان 2718

ڕۆژی سێی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٢٤ لە ئاوایی مەریجەڵانی ناوچەی بانە لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمان پەروەردا، کۆرپەیەڵەیەک چاوی بۆ ژیان کردەوە و لەسەر نەریتی کوردەواری کۆڕێکیان بۆ گرت و ناویان نا قادر. قادر، کوڕی مامۆستا مەلا ڕەحیمی ویردی بوو کە لە کۆڕی خەبات ‌و تێکۆشان لە ڕیزی حیزبی دیمۆکڕاتدا بە «میرزا ئەحمەد» ناسرابوو، تا ئێستاش فیداکارییه‌کانی هه‌ر لەسەر زاری شۆڕشگێڕانی حیزب و نیشتمانه‌. قادری ویردی لەو بنەماڵەیەدا هەڵی ‌دا و بەخۆداهات و «شیلەی نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی لەگەڵ شیری دایکیدا مژی‌بوو». قادر دوای بڕینی قۆناغی ساوایی لە خزمەتی باوکیدا پەرتووکە سەرەتاییەکانی خوێندن و دواتر وەک هەموو فەقێ و مامۆستایانی کوردەواری ڕووی کرده‌ حوجرە و بە ڕه‌سمی بوو بە فەقێ و لە ناوچەی بانە هەتا قۆناغی سووختەیی بڕی و دواتر، بەدوای فێربوونی زانستدا شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان گەڕا و هەتاکوو خەرمانی زانستی خۆیی دەوڵەمەندتر کرد و پێگەیشت.  ئەو گەڕان‌ و ئاشنابوونەی بە ژیانی پڕ لە کوێرەوەریی زەحمەتکێشانی نەتەوەکەی‌ و، زوڵم ‌و زۆریی ڕێژیمی دژ بە کوردی پاشایەتی، بوو بەهۆی ئەوە کە ڕۆژانە بیر لەو زامە بەسۆیەی گەلە بەشمەینەتەکەی بکاتەوە و وەک برینێکی بێ هەتوان بەدەستیەوە بناڵێنێ. هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەیکە پێش وەرگرتنی بڕوانامەکەی واز لە خوێندن بێنێ و بڕواتە ڕیزی ئەو خەباتکارانەی کە لە قوتابخانەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بوونەتە خەمخۆری ڕاستەقینەی گەل و نیشتمانەکەیان و بێ منەتانە گیان لەسەر دەستن. مەلا قادر ویردی، لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی بە ڕه‌سمی بوو بە ئەندامی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و لە شانە نهێنییەکانی حیزبدا سازمان درا، ئیتر لەودەمەوە دەستی لە ژیانی ئاسایی خۆی هەڵگرت ‌و، هەموو کات‌ و ساتی ژیانی سەربەرزانەی بۆ خزمەت بە حیزب ‌و گەلەکەی ‌و، وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی تەرخان کرد. ئەوینی نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی بە ڕادەیەک ئاوێتەی ژیانی ببوو، کە هەموو ئاوات ‌و خۆزگەکانی لە سەرکەوتنی حیزب ‌و بە ئاوات گەیشتنی گەلە بەشمەینەتەکەیدا کۆ کردبوونەوە. مەلا قادر ویردی لە پێناوی گەشەپێدانی تەشکیلاتی حیزبەکەیدا شەویشی بە دەم ڕۆژەوە دابوو. بێ‌پشوودان‌ و حەسانەوە هەوڵی دەدا و ببوو بە چەقڵی چاوی بەرماوخۆرانی ڕێژیم و هەر بۆیەش جاش و ساواکییەکان شوێن پێیان هەڵگرت ‌و، ساڵی ١٣٤٥ی‌ هەتاوی لەلایەن ئەو سازمانەوە لە شاری بانە گیرا و ڕاپێچی چاڵەڕەشەکان درا و خرایە ژێر ئازار و ئەشکەنجەوە. جەللادەکانی ڕێژیمی شا بە دڕندانەترین شێوە هەوڵیان دەدا کە ئەو ڕۆڵەیەی دێموکرات بەچۆک‌ دابێنن ‌و نەهێنییەکانی پێ ئاشکرا بکەن، بەڵام قادری خاوەن باوەڕ و ئیرادە، زۆر لەوە بە جەرگتر و بە ئەمەگتر بوو کە لە بەرانبەر ئازار و ئەشکەنجەدا بەچۆکدا بێ ‌و مل بۆ ویستە چەپەڵەکانی ساواک کەچ بکا و هاوکارییان بکا، لە ژێر ئەشکەنجەدا بریندار بوو، ڕەنج ‌و ئازار و لێدانی قەبووڵ کرد، بەڵام لێوی لە ئاست درکاندنی نەهێنییەکان هەڵ نەپچڕی و هیچی بۆ نەدرکاندن. قادری ویردی بەخۆڕاگری ‌و ئیرادەی پۆڵایینی، توانی چۆک بە دوژمنانی ئازادیدا بدا و، پاش ئەوەی نەیانتوانی بەڵگەیەکی لێ‌ وەدەست بێنن، بە ناچار دوای چەند مانگ ڕاگرتن‌ و ئازار و ئەشکەنجە ئازادیان کرد. دوای ئازادبوونیشی کە مەیدانی حەوانەوەیان لێ بەرتەسک کردبوویەوە و بێپسانەوە لە ژێر چاوەدێریدا بوو، بەناچاری ڕۆژهەڵاتی بەجێێشت و ڕووی کردە باشووری کوردستان ‌و لە ڕیزی هاوسەنگەرانیدا چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیی کردە شان ‌و تێکۆشانی ئاشکرای دەست پێ‌کرد. گرتن‌ و لێدان، ئازار و ئەشکەنجە، دەربەدەری‌ و ئاوارەیی و دووری لە زێد و نیشتمان و خاووخێزان‌، نەک هەر نەیانتوانی کار بکەنە سەر ئیرادەی پۆڵایین ‌و ئیمانی بەهێزی قادر ویردی، بەڵکوو کردەوەی دڕندانەی جەللادە خوێنڕێژەکانی ڕێژێمی حەمەڕەزاشا، ئەویان لەسەر درێژەدان بە خەبات لە پێناوی ئازادی ‌و دێموکراسی ‌و، ڕزگارکردنی نەتەوەکەی لە زوڵم ‌و چەوسانەوە، شێلگیرتر و پێداگرتر کرد. ئەو مکووڕی و کۆڵنەدانەی مامۆستا، بوو بە یەکێک لەو ئیمتیازانەی کە لە کۆنفڕانسی سێیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵبژێردرێ و ئەرکی قورستر بکەوێتە سەر شانی. مامۆستا مەلا قادر وردی لەو پۆستە گرینگەشدا بە کردەوە لێوەشاوەیی خۆی نیشان دا و، وەک تێکۆشەرێکی نموونە و ماندوویی نەناس، بێ ‌پشوودان ‌و حەسانەوە، لە ڕێی بەختەوەریی گەلە بەشخوراوەکەی ‌و، وەدیهێنانی ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات‌ و ئازادی ‌و دێموکراسیدا تێ کۆشا و خەباتی درێژە پێ دا. نه‌مر قادر ویردی لە خەباتی نەهێنیی پاش سەرکوتکرانی بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی‌، ئازایەتییەکی کەموێنەی لەخۆی نیشان دا. لەحاڵێکدا ڕێژیمی پاشایەتی کە لە سەرکەوتنی سەرکوتی ئەو ڕاپەڕینە شایی لە دڵی پڕ لە کینەیدا دەگەڕا و، لە تێهەڵچوونەوەی خەباتگێڕانی دێموكرات زراوی چووبوو و، هەموو سنوورەکانی بە جاش ‌و ئەرتەشی دژی گەلی تەنیبوو، قادر ویردی کە ئەوکات لە کوردستانی باشوور دەژیا، بە خۆی‌ و دەمانچەیەکەوە هەمیشە بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ گوند ‌نشینەکانی نێوخۆی وڵات‌ لە پێوەندی و هاتوچۆدا بوو. سەرەڕای ئەوەی کە باشترین پێوەندیی تەشکیلاتیی لە ناوچەی بانە پێک ‌هێنابوو، بۆ ناوچەکانی دیکەش پەڕی هەڵاویشتبوو. ڕێژیمی پاشایەتی لەو پێوەندیگرتنە توندوتۆڵە بە تەواوی ترسی لێ‌ نیشتبوو، هەر بۆیە هەنگاو بە هەنگاو لە دووی دەگەڕا هەتا لە ئاکامدا لە بەهاری ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی کە بۆ کارێکی تەشکیلاتی سەردانی شاری بانەی کردبوو و لە ماڵی یەکێک لە ئەندامە نهێنییەکانی حیزبدا بە ناوی عەزیز مابوویەوە، بە هۆی ڕاپۆرتی خۆفرۆشێکی ئەو شارە لەکاتی دەرچوون درانە بەر دەستڕێژی گولە و دەستبەجێ مامۆستا گیانی لە دەست دا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەوه‌. یادی بەرز و سەنگەری ئاوەدان. لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)