کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵەوانە کەچەڵ

05:39 - 16 خەرمانان 2718

هەر بابایە بوو پەلەی ئەوەی بوو زوو خۆی بگەیەنێتێ و لەقیسی نەچێ... لەسەر دیوار و کوڵانانەوە دەروجیران هەرای یەکتریان دەکرد.. .منداڵ بە پێخواسی بە کۆڵانە تەنگەبەر و تەپوتۆزاوییەکاندا هەڵدەهاتن و خەبەری هاتنی دەستەی تەنافبازانیان دە»دێ»دا دەگێڕا... هەبوون منداڵێک بە کۆڵەوە و یەکیشیان بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشا... هەبوون جووت و جۆماڵیان بەجێ هێشتبوو... هەبوون لەبەر نانی هەستابوون.... هەبوون گاوگۆلیان بەڕەڵڵا کردبوو.... پێش دەرکی ماڵە «کەوا ڕەش»ی هەر جمەی دەهات. خەڵکێکی زۆر لە دەوری دەستەوە ڕاوەستابوون و هێندێکیش لە کچە جحێڵە و ژنانی ئاوەدانییش لە گوێسوانەی ماڵەکانی دەوروبەرەوە دەلۆتییان ڕامابوون. نمایش دەستی پێ کردبوو و دەمێک بوو لۆتی دەزوڕنای توڕاندبوو....»وسێن نەوە» بەدره‌نگەوە هاتەوە، ئەو حەلەی ئەو گەیشتێ، تەنافبازەکان لێ ببوونەوە و «گۆڵە ورچ»ێک کەوتبووە سەر پاشوان و گاشەبەردێکی زەلامی لەسەر سەری دانابوو و بە هەوای دەهۆڵ و زۆڕنا ڕەقسی دەکێشا. حیلکەحیلک و قاقای خەڵکی ڕێیە ڕۆژێکی دەڕۆیشت.... «لۆتی باشی» کڵاوی بەنێو خەڵکەکەدا دەگێڕا و خوداپێداوەکان تاقڕانی و دووقڕانی و هەشبوون پێنچ قڕانیان بۆ دەهاویشتە نێو کڵاوەکەوە. «لۆتی باشی» لە شاییان وەخت بوو خەنی بێ! لە منداڵەورتکان ناوی ساحێب قڕانانی دەپرسی و یەک بەو مەیدانە هاواری دەکرد و ناوی دێنان و دەیگوت: «گووی ساحێبی دووقڕانی بە گۆڕی بابی ساحێبی تاقڕانی و گووی گۆڵە ورچ و ساحێبی پێنج قڕانی بە گۆڕی بابی ساحێبی دوو قڕانی.» بەو جنێوانە و بەو هات و هاوارەی، ڕقەبەرییەکی سەیری خستبووە نێو خەڵکی ئاواییەوە. خوداپێداو و گیرفان پڕەکان لە حەیفی یەکتر و بۆ سواربوونی داشیان بەسەر یەکتریدا، قڕان بە قڕان لەسەر یەکتریان زیاد دەکرد و دەکڵاوی عەجەمەیان داویشت. «وسێن نەوە» لە تەنیشت دایکییەوە لێوی خۆی دەکرۆشت و لەبەر خۆیە هەر ورتە ورت و پرتە پرتی بوو. پوور «ئایشێ» لێی حاڵی بوو و دەیزانی هیچ دوور نییە «وسێن» کەتنێکی بنێتەوە. دەیزانی لە لۆتییان پڕە... دەیزانی لەو خەڵکە تووڕەیە کە بە قڕانی خۆیان ئەو هەموو سووکایەتییەیان پێ دەکرێ و نەققەیان لێ نایە... کوڕی خۆی بوو، چاکی دەناسی... نۆ مانگ و نۆ ڕۆژان دەزگ و پشتانی گێڕابوو... شەو و نیوەشەوان بۆی هەستابووە سەر لانکێ.... دەبوو ئارامی کاتەوە.... بە ئەسپایی دەستێکی بۆ دەستی برد و بە ئاماژە پێی گوت ددان بە جەرگی خۆیدا گرێ. هەوای دەهۆڵ و زوڕنا گۆڕا.... گۆڵە ورچ هیلاک بوو و لەو لاوە پاڵەوانە کەچەڵێکی چوارشانەی فیلەتەنەی زنجیر بەدەست کە هەتا چۆکان خۆی هەڵ کردبوو، بە «یاعەلی... یاعەلی» و بە «یاشاسن پەهلەوان»ی دەستە هاتە مەیدانێ... بە شان و بازوو و هێز و قەوەتی خۆی هەڵ دەکوت.... هاواری دەکرد مەردم دەوێ ئەو زنجیرە بپسێنێ. زنجیرەی بە پێش دمی خەڵکێکدا دەگێڕا و ئەو قسەیەی دووپات و چەند پات دەکردەوە. مەردێکی زنجیرپسێنی دەویست. دەیگوڕاند و بە لاتاوەوە دەیگوت: نەبوو....؟ نییە...؟ یانی ئەو دێ گەورە و گرانە پاڵەوانێکی تێدا هەڵ نەکەوتووە؟ ئەگەر نیتانە، قڕانەکانتان بخەنە کڵاوی «لۆتی باشی»یەوە و بە چاوی خۆتان بیبینن چۆن ئەو زنجیرەتان بۆ پس پس دەکەم...! «وسێن نەوە» حەجمینی لێ هەڵگیرابوو، خۆی دەخواردەوە... دەخۆی ڕادەدی و دەستی دایکی کول بوو. ئەوەندەی جوانچاک بوو، ئەوەندەش بە تاقەت و شایی بەخۆ... هەستی دەکرد ئەو غەوارانە تەنیا بۆ شکاندنی غرووری خەڵکی ئەو دێیە هاتوون. پێی وابوو هەر جۆرێک بێ، دەبێ نەهێڵێ دێیەک ببێتە گاڵتەجاڕی چوار لۆتیان... لە دوورەوە «خەزاڵ»ی لێوە دیار بوو....چاوی خەزاڵێ ئەوەندەی دیکە تین و تاوی پێ دەبەخشی... ئەگەر نەجوڵێ، ئیدی نابێ قەت لە کن «خەزاڵ» و خەڵکی ئاوەدانی سەری هەڵێنێ. ددانی دەچێڕەوە دەبرد...، خۆی وێک دێنا... پوور «ئایشێ» لە «وسێن»ی نیگەران و «وسێن»یش لە ئابڕووی خۆی و ئاوەدانی. چی دیکەی تاقەت نەهێنا... گەیشتە ئێسکانی... ڕقی کۆن و نوێی لێک گرێ دان... وەک شێرێک لە لانە دەرپەڕی و خۆی لە دەستی پوور «ئایشێ» ڕاپسکاند و بۆ پاڵەوانە کەچەڵی ڕۆیشتە مەیدانێ... مەیدانێک کە ئابڕووی ئاوەدانییەکی دەگرەودا بوو... مەیدانێک کە دەیتوانی «وسێن نەوە» بە بارێکی دیکەدا بخا... تەنیا بیری لەوە دەکردەوە چۆن ئەو زنجیرە بپسێنێ و چۆن لمبۆزی پاڵەوانە کەچەڵ و لۆتییە پیران دەقوڕ وەردا... پێش هەموو کەس «خەزاڵ» وەک نزایەک بۆ سەرکەوتن، سەرێکی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی... ئیدی ئێستا «وسێن» و پاڵەوانە کەچەڵ دەبوو لێکی دەرکەن... ئەو مەردەی پاڵەوانە کەچەڵ داوای دەکرد، قورس و قایم لە مەیدان وەستاوە... هاتووە مەردایەتیی خۆی و گوندێک بسەلمێنێ... هاتووە بڵێ لەو دێیەشدا مەرد و زنجیرپسێن هەن و هەر دەشمێنن. زنجیری لە دەستی پاڵەوانە کەچەڵ پچڕی و بە دەوری شان و پیلیدا هێنا و بە چەند تەکانێک و قەوەتدانێک زنجیرەی پساند... بوو بە چەپڵەڕێزان و خۆشی... دەهۆڵکوت دەستەکانی بەردایەوە و پاڵەوانە کەچەڵە چۆکی دادا... «وسێن» چاوێکی لە «پوور ئایشێ» کرد و دووراودوور بزەیەکی بۆ خەزاڵێ لێ دا.... زنجیرە پساوی هەڵدایە پێش دمی پاڵەوانە کەچەڵ و بێ ڕاوەستان و بەپەلە خەڵکەکەی بڕ دا و رووی دەتەویلەی ماڵە ئاغای کرد. بێ پرس و ڕا وەژوور تەویلە کەوت و زنجیرێکی کەڵانی بە سینگەوە هەڵکێشا و هاویشتییە سەر شانی و بەغاردان گەڕاوە مەیدانێ... پوور»ئایشێ» دیسان ئامبازی بوو، کەچی دادی نەدا... زنجیرەی هاویشتە پێش پاڵەوانە کەچەڵ و لەسەر کۆپەنکە پەینی ماڵە «ئەحمەدی مام ڕەسوو»یەوە هەرای کرد: «ئەوە گۆ و ئەوە مەیدان... پاڵەوان ئەو پاڵەوانەیە بتوانێ زنجیری ماڵە ئاغای بپسێنێ... پاڵەوانە کەچەڵ بێدەنگ... ئاوایی بێدەنگتر... لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)