کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە (مەلا ڕەحیمی شەریف¬پوور)

16:35 - 16 رەزبەر 2718

ڕۆژی پێنجشەممە پێنجی ڕەزبەری ئەمساڵ مامۆستایەکی نیشتمانپەروەری ئایینی بەناوی مەلا ڕەحیمی شەریف¬پوور خەڵکی گوندی "سیسێر"ی ناوچەی سەردەشت و دانیشتووی شاری مەهاباد لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی و پیری کۆچی دوایی کرد. بابەتی ستوونی "لە حوجرەوە"ی ئەم ژمارەیەمان تەرخان کردووە بۆ باس لە ژیان و خەباتی ئەو کەسایەتییە پایەبەرزەی کورد. مامۆستا مەلا ڕەحیم ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لە گوندی سیسێر لە دایک بووە. لەبەر ئەوەی ئەو گوندە هەتا چل ساڵ دواتریش قوتابخانەی دەوڵەتیی لێ نەبووە و هەر لەوکاتەدا دێیەکە ناوەندێکی ناسراوی زانایانی ئایینی بووە و باوکیشی پیاوێکی دیندار بووە لە تەمەنی منداڵیدا نراوەتە بەر خوێندنی ئایینی و کتێبە سەرەتاییەکانی زانستە عەڕەبییەکانی هەر لە گوندەکەی خۆی خوێندوە و دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن بە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران و عێڕاقدا گەڕاوە تا سەرەنجام ساڵی ١٣٣٥ دەرسەکانی تەواو کردوە و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتوە. لەوکاتەوە هەتا چەند ساڵ پێش وەفاتی، مامۆستا مەلا ڕەحیم لە چەند ئاوایی ناوچەکانی سەردەشت و مەهاباد پێشنوێژ و وتارخوێن و مامۆستای زانستە ئایینیەکان بووە و لە نێو کۆمەڵی کوردەواریدا لە هەر کوێ بووبێ خۆشەویست و جێی ڕێز و متمانەی هاونیشتمانان بووە. لەو بارەیەوە خاوەنی ناوبانگێکی باش بووە کە بێگومان یاد و ناوی لە دڵی هەموو ئەوانەدا کە لە نیزیکەوە ناسیویانە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. بەڵام ڕێز و نەخشی مامۆستا مەلا ڕەحیم لە بوارێکی دیکەدا زیاتر خۆی دەنواند. ئەو لە هەڕەتی لاوەتیدا بوو کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا و لەبەر ئەوە کە سیسێر وەکوو دێ، یەکێک لە بنکە ناسراوەکانی بیری نەتەوەیی و کاری پێشمەرگایەتی بوو زۆر زوو دەگەڵ هەستی کوردایەتی و خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی ئاشنا بوو. مامۆستا مەلا ڕەحیم هەر لەو دەورانەدا شانازیی ئەندامەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی پێ ¬بڕا و دوای ڕووخانی کۆماریش هەر کە تێکۆشانی نهێنیی حیزبی دێموکڕات دەستی پێکردەوە دەگەڵ هاوڕێ و هاودەورەکانی بەتایبەتی لە گوندەکەی خۆیان زۆر بەخێرایی کەوتەوە چالاکیی حیزبی و بڵاوکردنەوەی هەستی کوردایەتی. لەگەڵ بووژانەوەی پتری حیزب کە سەرەنجامەکەی گەیشتە جووڵانەوەی ١٣٤٦و 1347ی کوردستانی ئێران هەوڵ و خەباتی مامۆستا گەشەی کرد و ئەوە بوو کە دەزگای جاسووسیی ساواکی شا بەتەواوی هەستی بە جموجۆڵ و تێکۆشانی ئەو کرد و ئاخرەکەی لەساڵی ١٣٤٧دا لەلایەن ساواکەوە گیرا و هەتا ساڵی ١٣٥١ لە زیندانی جەڵدیانی ناوچەی پیرانشار و زیندانی دەریای ورمێ بەند کرا. ڕێز و خۆشەویستیی مامۆستا لەلای هاونیشتمانییەکانی بەڕادەیەک بوو کە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا خەڵکی گوندی نەڵۆسە کە مامۆستا لەوێ مەلا بوو نەیانهێشت ماڵ و منداڵەکەی لەوێ بڕوا و بەحورمەتەوە خزمەتیان کردن. دەستپێکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی دەرفەتێک بوو بۆ تێکۆشانی مامۆستا و پاش دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەسبەجێ قۆڵی هیممەتی هەڵماڵی و بوو بە پشتیوانێکی ئەمین و قایمی پێشمەرگە و خەباتی نیشتمانی. ساڵی ١٣٦١ کە دەفتەری سیاسی بڕیاری دا بۆ ئیدارەی کاروباری حیزبی دوو بنکەی جیاوازی هەبێ، بنکەیەکیان کە دەبوو لە ناوچەی سەردەشت بێ گوندی نەڵۆسە، شوێنی نیشتەجێی مامۆستای بۆخۆی هەڵبژارد. باسی ناکرێ ئەو مرۆڤە دڵسۆزە چەندە بۆ هەموو کاروبارێکی حیزب و پێشمەرگە کۆمەگ و پشت و پشتیوان بوو. تەنانەت تەنیا ژووری میوانداریی خۆی کردە شوێنی مانەوەی دوو ئەندامی دەفتەری سیاسی و ئەو خزمەت و هاوکارییەش کە خۆی و خانەوادە بەڕێزەکەی کردیان نە لە گێڕانەوە دێ و نە هەرگیز لەبیر دەچێتەوە. کاتێکیش ناوچەکە کەوتەوە دەست هێزەکانی دەوڵەت مامۆستا بە هیچ¬ جۆر ئامادە نەبوو لە هاوڕێکانی داببڕێ و وەک پێشمەرگە چەکی کردە شان و بۆ ماوەیەکی زۆر چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی حیزبەوە گرێ دا، تا سەرەنجام لەبەر هێندێ گیروگرفتی ژیان و لەشساغی بە پێشنیاری حیزب چەکی دانا و چۆوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی. لەبەر ئەمانە و زۆر کار و خەسڵەتی ئینسانیی دیکە مامۆستا مەلا ڕەحیمی شەریفی جێگە و پێگەیەکی تایبەتیی لەلای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەیە و بۆ هەمیشە لە دڵی زۆر لە تێکۆشەران و لە مێژووی حیزبەکەماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە. ڕۆژنامەی "کوردستان"، ئۆرگانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو ئینسانە شەریفەوە پڕبەدڵ سەرەخۆشی لە تەواوی ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکا و بۆ ئەوان ساغی و سڵامەتی و بۆ ڕووحی پاکی مامۆستای نەمر شادی و بەهەشتی بەرین بە ئاوات دەخوازێ.