کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلا مەحموود زەنگەنە

17:02 - 1 خەزەڵوەر 2718

مەحموودی مام ئەحمەدی ناسراو بە مەلا زەنگەنە دووهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیەتی. مەلا مەحموود لە بنەماڵەیەکی گوندی نۆبار سەر بە ناوچەی بۆکان چاوی بۆ ژیان کردەوە و، دواتر لە ئاوایی قۆڵغەتەپە، سەر بە ناوچەی مەهاباد نیشتەجێ بوو. مەحموود دوای ئەوەی لە ماڵێ فێری نووسین و خوێندنەوە بوو لە حوجرەی فەقێیاندا وەبەر خوێندنیان نا و پاش ماوەیەک ڕووی کردە خانەقای بورهان ‌و، لە خزمەت مامۆستا شێخ محەممەدی خانەقادا درێژەی بە فێربوونی زانستی ئایینی دا. مەلا مەحموود کە یەکێک لە قوتابییە زیرەک‌ و پیتۆڵەکانی ئەو حوجرەیە بوو، زۆر زوو سەرنجی مامۆستا شێخ محەممەدی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و نازناوی زەنگەنەی پێ بەخشرا. مەلا مەحموود بەدوای وەدستهێنانی بڕوانامەی مامۆستای ئایینیدا ڕووی کردەوە گوندی «قۆڵغەتەپە» و، وەک پێشنوێژ و مامۆستای ئاوایی ئەرکی ڕوونکردنەوە و ئامۆژگاریکردنی خەڵکی گوندەکەی وەئەستۆ گرت. مەلا مەحموود کە لەو ماوەیەدا ژیانی پڕ لە ئازاری گەلەکەی بەوردی دابووە بەر سەرنج، بەڕوونی دەیزانی کە خاوەنی مافێکە و لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە لێی زەوت کراوە. کاتێک بە چاوی خۆی دیتی کە نەتەوەکەی دەچەوسێتەوە و، زمان ‌و کەلەپوور و دابونەریتی بە تاڵان دەبرێ ‌و مێژووی بە لاڕێدا براوە و، تەنیا بە تاوانی کوردبوون بە چاوی سووک سەیر دەکرێ، دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیەی بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانی ‌و، وەدوای ڕێگای ڕزگاربوون لە ستەمی نەتەوایەتی کەوت. دیارە هەروەک زۆر جاران باس کراوە و بە چاوی خۆشمان دیتوومانە، لەو سەردەمەدا حوجرەی فەقێیان ئەمینترین شوێنی تێکۆشانی تەشکیلاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. تەنانەت ئەگەر بڵێین هیچیان لە بنکەیەکی ئەو حیزبە کەمتر نەبوو ڕەنگە زێدەڕۆییمان نەکردبێ. مامۆستا مەلا مەحموود لەو فێرگەیەدا لەگەڵ بەرنامە و ڕێبازی ئەو حیزبە ئاشنا بوو. بە وردی هەڵی‌ سەنگاند و ڕێگای گەیشتن بە خەون ‌و ئاواتەکانی لەوێدا بەدی کرد. پێوەندیی تەشکیلاتی لەگەڵ دامەزراند و، چالاکانە تێکۆشانی سیاسیی دەست پێکرد. مەلا مەحموود وەک مامۆستایەکی خاوەن ئەزموون ‌و شارەزا بە فەرهەنگ‌ و دابونەریتی خەڵکی ناوچەکە تێ کۆشا و، لە پێناوی گەشەپێدان ‌و بووژاندنەوەی زیاتری تەشکیلاتی حیزبەکەیدا لە هەموو توانای خۆی کەڵکی وەرگرت ‌و، لەکارکردندا هەدادان‌ و سرەوتنی بۆ نەبوو. مامۆستا مەلا مەحموود کە لە ناخەوە ستەم ‌و چەوسانەوەی گەلەکەی هەست پێ کردبوو و، لەگەڵ ژان‌ و ئازارە دەروونییەکانی نەتەوە بندەستکراوەکەی دەژیا، دوای ماوەیەک ئەو ئەرکەشی بە کەم زانی ‌و، لەگەڵ ئەوەدا مامۆستای ئاوایی ‌و سەرپەرستی بنەماڵەکەی بوو، خزمەت بە گەل ‌و نیشتمانەکەی لە پێڕاگەیشتن بە ژیانی بنەماڵەکەی بە گرنگتر دانا. بۆیە ماڵ‌ و منداڵی بەجێ هێشت‌ و، چەکی شەرەف ‌و شانازیی کردە شان ‌و، تەواو وەخت و بە کردەوە تێکەڵ بە کۆڕی هاوسەنگەرانی بوو. مەلا مەحموود لەگەڵ ئەوەدا پێشمەرگەیەکی تا بڵێی بەجەرگ ‌و نەترس‌ و بوێر بوو، لە بوارەکانی سیاسی‌ و تەشکیلاتیشدا بە تەواوی شارەزا و سەردەرچوو بوو. خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا و جێی بڕوا و متمانەی خەڵک بوو. بۆیە زۆر زوو گەیشتە پلەی کادری سیاسی‌ و ناو و ناوبانگی هەموو ناوچەکەی تەنییەوە. بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ناوچەی وەستۆ گرت‌ و، لەگەڵ چەند پێشمەرگەی هاوسەنگەری دێ بە دێ لە گەڕان ‌و تێکۆشاندا بوو. سیاسەتی حیزبی بۆ دێنشینەکان شی دەکردەوە و، بە زمانێکی خۆمانە و پاراو لەگەڵیان دەدوا. لاوەکانی بۆ نێو ڕیزی تەشکیلاتی حیزبەکەی هان دەدان‌ و، ڕێگای دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی سەرەڕۆیانە و دژ بە کوردی رێژیمی پاشایەتیی بۆ دەستنیشان ‌و،‌ بۆ سەرکەوتن دڵگەرمی دەکردن. مەلا مەحموود یەکێک لەو کادرە کارامە و شارەزایانە بوو کە لە بوارەکانی سیاسی ‌و ئایینی ‌و فەرهەنگی ‌و کۆمەڵایەتیدا جێی بڕوا و متمانەی خەڵکی ناچەکە بوو. هەمووان وەک مامۆستایەکی خاوەن کەسایەتی لێیان دەڕوانی‌ و، تەنانەت بۆ گیروگرفت ‌و تەنگ ‌و چەڵەمە نێوخۆییەکانیشیان ڕاوێژیان لەگەڵ دەکرد و، لە ئامۆژگاری‌ و ڕێنوێنییەکانی کەڵکیان وەردەگرت. ئەو مرۆڤێکی دڵ نەرم ‌و ئاشتیخواز و، سەوداسەری پێکەوە ژیانی بە ئاشتی ‌و، دێمۆکڕاتێکی پڕ بە مانای وشەکە بوو. بەردەوام خەڵکی بۆ یەکگرتوویی‌ و هاودەنگی هان دەدا و، لە یەک قسەدا وەک سیمایەکی ناوداری ناوچەکە ناسرابوو. سەرکەوتنی مەلا مەحموود لە بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزیدا بەڕادەیەک لە ناوچەکەدا دەنگی دابۆوە کە تۆوی ترس ‌و لەرزی لەنێو دڵی جەندرمەکانی ساواکدا چاندبوو. هەربۆیە کون بە کون لەدووی دەگەڕان‌ و، بۆ لەنێوبردنی پیلانیان دادەڕشت. بەداخەوە دوژمن لەو پیلانەدا سەرکەوت‌ و، ڕۆژی ٢١ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە کاتێکدا مەلا مەحموود لەگەڵ چەند هاوسەنگەری دیکەی لە گەشتی سیاسیدا بوون، لە باخی چۆپانی نزیک گوندی بەیرەمی ناوچەی مەهاباد، کەوتنە نێو کەمین ‌و داوی هێزە دژی گەلییەکان ‌و، پاش شەڕێکی قارەمانانە جەستەی جوامێرانەی کەوتە بەر دەستڕێژی چەکی دژەکوردان ‌و، بە خوێنی پاکی سەنگەری خەباتی نەخشاند. ژاندرمه‌كان ته‌رمی بێ گیانی مه‌لا مه‌حموودی زه‌نگه‌نه‌ له‌ پێشی جیبێكی نیزامی ده‌به‌ستن و به‌ شاره‌كانی مه‌هاباد و نه‌غه‌ده‌ و شنۆ و پیرانشاردا ده‌یگێڕن، بەڵام ڕۆڵەکانی کورد نەک بەوە چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو پتر باوەڕ بە تۆڵەی شەهیدان لە ناخیاندا ڕەگی داکوتا. بەڵێ. دەستی تاوان مەلا مەحموودی لە گەلی کورد ستاند، بەڵام وەجاخی کوێر نەبوو. کاک محەممەدی کوڕی کاتێک لە خۆی ڕادی، سەنگەری باوکی شۆڕشگێڕی پڕ کردەوە و تاوی دایە چەکەکەی و، لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێمۆکڕاتدا پلە نیزامییەکانی تا گەیشتن بە فەرماندەری لکێک لە پێشمەرگەکان بە سەرکەوتنەوە بڕین. سەرەنجام ئەویش ڕۆژی ٢٧ی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٦٢ی‌ هەتاوی، لە عەمەلیاتێکی سەرکەوتووانەدا لەنێو شاری مەهاباد شەهید کرا و، خوێنی پاکی تێکەڵ بە خوێنی شەهیدانی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ بوو. یادی بەڕێز و ڕووحی شاد بێ!