کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلا کەریم دادیلی

19:40 - 16 خەزەڵوەر 2718

شەهید کەریمی دادیلی ناسراو بە «مەلا کەریم» کوڕی مام عەبدوڵڵا، لەدایکبووی ساڵی ١٣١٧ی هەتاوییە. مەلا کەریم لە بنەماڵەیەکی گوندی «نمنجێ» لە دایک بوو. ژیانی منداڵیی مەلا کەریم بە پێچەوانەی ژیانی منداڵانی ئەو سەردەمە بوو. هەلی خوێندن و فێربوونی بۆ ڕەخسا و لە حوجرەی فەقێیاندا هەست و بیری بە چرای عیلم و زانین ڕوون بوونەوە. دێ بە دێ و ناوچە بە ناوچە وەدوای فێربوونی زانستە ئایینییەکان کەوت و ڕادەی زانیاریی خۆی پێ بردە سەرێ. ئەو گەڕان و ئاشنابوونەی بە ژیانی نابەرابەر و پڕ لە چەوسانەوەی گەلەکەی هەستێکی تایبەتی لە ناخی مەلا کەریمدا ورووژاند. دیارە هەروەک زۆر جارانیش باس کراوە، حوجرەی فەقێیان لەو سەردەمدا ئەمینترین و لەبارترین شوێنی تێکۆشانی سیاسی بەدژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پاشایەتی بوو. کەوابوو زۆر ئاسایی بوو لاوێکی خوێنگەرم و تێگەیشتووی وەک مەلا کەریمیش هەستی ئازادیخوازی و گەڕان بەدوای ڕێگای ڕزگاربوون لە ستەمی نەتەوایەتی لە ناخیدا جێگیر ببێ. هەربۆیە لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەرکە ئایینییەکاندا لە ڕوونکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە وەدوانەکەوت و بە نهێنی ڕێگای دژایەتی لەگەڵ ماف پێشێلکەرانی بۆ دەستنیشان دەکردن. ئەو بیروباوڕە پاکە و ئەو هەڵوێستە جوانمێرانەیە، مەلا کەریمیان لە ناوچەکەدا کردبووە سیمایەکی ناسراو و بڕوا و متمانەی خەڵکی ناوچەکەی بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو. هەڵسووڕان و چالاکییەکانی مەلا کەریم لەبەرچاوی ساواک و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی پاشایەتی ون نەبوو، بۆیەش لە ماوەی 10 ساڵاندا چوار جار گیرا و خرایە ژێر ئەشکەنجە و کەوتە بەندیخانەوە، بەڵام بە ئەشکەنجە و نە گرتووخانە چۆکیان پێدا نەدا و هەموو جارێ کە لە زیندان بەردەبوو، شێلگیرتر لە جاران لە کاری سیاسی و چالاکییە حیزبییەکانی تێ هەڵدەچۆوە. بەدوای سەرکەوتنی راپەڕینی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەسەر ڕێژیمی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵەی پاشایەتیدا، مەلا کەریم کە ئەو ڕۆژەی بە ئاوات خواستبوو، بێ ڕاوەستان وەخۆ کەوت و بە ئاشکرا لە چالاکی و تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بەشداری کرد و وەک کادرێکی هەڵسووڕ ئەرک و بەرپرسایەتیی وەئەستۆ گرت. مەلا کەریم کە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەلەکەی لەو ڕێبازەدا بەدی کردبوون. لەخۆڕا نەبوو کە چەکی بەرگریی بۆ لە شان کرد و ئامادیی خۆی بۆ وەئەستۆگرتنی هەر ئەرک و بەرپرسایەتییەک دەربڕی. مەلا کەریم بەهۆی ئەو ئەزموونە بەنرخانەی لە ڕابردوودا پاشەکەوتی کردبوون، زۆر زوو متمانەی هاوسەنگەرانی وەدەست هێنا و گەشەی کرد و گەیشتە پلەی کادری سیاسی. وەک کادرێکی خاراو و لە کڵ دەرهاتوو ئەرکی ڕوونکردنەوی خەڵکی ناوچەکە و گەشەپێدانی تەشکیلاتیی حیزبەکەی وەئەستۆ گرت و ماندوویی نەناسانە شەویشی بە دەم ڕۆژەوە دەدا و لە کارکردن ماندوو نەدەبوو. چ لە باری سیاسی و چ لە بواری نیزامیدا یەکێک لەو کادرانە بوو کە چاوەڕوان دەکرا لە داهاتوویەکی نێزیکدا ئەرکی قورستریش وەئەستۆ بگرێ و خزمەتی زۆرتر بە بزووتنەوەی میللی دێمۆکڕاتیکی گەلەکەمان بکا. بیروباوەڕی پتەو بە ڕێبازەکەی، سەداقەت و ڕاستی و پاکی، ورە و ئیمان و غیرەت و جوانمێری، تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە، لەخۆڕادیوی و باوەڕ بەخۆبوون، هەستی بێخەوشی کوردانە و حیزبییانە، نەزم و دیسپلین و باوەڕ بە سەرکەوتن، لەو تایبەتمەندییانە بوون کە ناوبراویان پێ دەناسرایەوە. لە خۆڕا نەبوو کە هاوسەنگەرانی لەنێو دڵی خۆیاندا جێگایان بۆ تەرخان کردبوو. وەک مامۆستایەکی شارەزا لێیان دەڕوانی و دەرسی کۆڵنەدان و کردەوەی شۆڕشگێڕانەی لێ فێر دەبوون. لە یەک قسەدا یەکێک لەو کادرە پێگەیشتووانە بوو کە هیوای دواڕۆژی حیزب و بزووتنەوە ڕەواکەمان بوو. بەڵام بەداخەوە مەرگی ناوەخت ماوەی نەدا بگاتە ئەو قۆناغە و دەستی تاوان لە گەلی کوردی ستاند. مهلا كهریم دادیلی ڕۆژی 2ی بانەمەڕ و لە پەلاماری هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە قاڕنێ لە نەغەدە سینگی کەوتە بەر گوللەی دوژمن و دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت. بە شەهیدبوونی مەلا کەریم حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کادرێکی بەوەج و خەڵکی ناوچەی پیرانشار گەورە پیاوێکی ناوداریان لە دەست چوو. ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ!