کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چپەت لە گوێی جـ جەنازەمدا قەڵەشی ئاوێنەکانی زەوی زیاد دەکا

19:44 - 16 خەزەڵوەر 2718

ئەمڕۆ وەک هەموو ڕۆژەکانیتر کاتژمێر ٦و نیو وەخەبەر هاتم پێش ئەوەی بچم سەبا وەخەبەر بێنم و بەڕێیکەمەوە بۆ قوتابخانە دەستم برد بۆ موبایلەکەم و وەک عادەتی هەمیشەییم خێرا چوومە نێو فایلی یادداشتەکانی ڕۆژانەوە و بێ ئەوەی بیر لە ڕووداو یان شتێکی ناخۆش بکەمەوە ئەم ڕستەیەم یاداشت کرد: « چپەت لە گوێی جـ جەنازەمدا قەڵەشی ئاوێنەکانی زەوی زیاد دەکا « ... هەموو ئەوانە نیو سەعاتی خایاند هاتمەوە سەر موبایلەکەم و یەکەم هەواڵم بینی، تاسام. گریام نەمدەزانی چی بکەم ئەو کاتانەی ژان گوشارم بۆ دێنێ پەنا دەبەم بۆ نووسین ئێش و ئازار تلم دەدا پەنا دەبەم بۆ نووسین تانە و تۆمەت و تەشەر دەمتاسێنێ، پەنا دەبەم بۆ نووسین لای چەپم دەست دەکا بە زریکە پەنا دەبەم بۆ نووسین دڵم دەبێتە بەرد دڵت دەبێتە بەرد دڵمان دەبێتە بەرد پەنا دەبەم بۆ نووسین گریان چارەسەرم ناکا پەنا دەبەم بۆ نووسین فەرمێسکەکانم ویشک دەبن پەنا دەبەم بۆ نووسین تووڕە دەبم تووڕەم دەکەن پەنا دەبەم بۆ نووسین. لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرم پەنا دەبەم بۆ نووسین ئێستا کە بیر دەکەمەوە هەتااااااا هەر پەنامان بردووە بۆ نووسین شک نابەم لەبێکاری و بێتاقەتیدا شێعر و چیرۆکمان نووسیبێ، هەمیشە ڕەنجەکان بێ دەرەتان بوون بەڵام مەخابن ڕۆژێک دێت کە ئیتر تۆ نیت بنووسی قامکەکانت بێدەنگ دەبن سەرت لە لێدان دەکەوێ ڕەنجەکان لە ناختدا دەنێژرێن لای مرۆڤەکان دەبیتە یادەوەری هەستەکانی ئەم وڵاتە دوای تۆ سەبووریی نایا وشە سەبووریی نایا چیرۆک سەبووریی نایا شێعر سەبووریی نایا نووسین سەبووریی نایا ڕۆژێک نەبین وشە بیرمان دەکا چیرۆک بیرمان دەکا شیعر بیرمان دەکا نووسین بیرمان دەکا مەرگ نەبێ کێ دەتوانێ وشەمان لێ بستێنێتەوە و دابڕاومان کا لە نووسین... ها خاتوون؟ ئێمە کە تەنیا کەسمان وشەیە و وشەیە و وشە ئێستا خاتوون گیان ئەوە منم ئەو ژنەی لە مێژ بوو دڵی ببوو بە بەرد لەمێژ بوو پڕ ببوو لە پارادۆکس لەمێژ بوو گەندەڵییەکانی دەسەڵاتداران و کارەساتە بەردەوامەکانی ئەم ڕۆژانە ڕێی خەمگینی بۆ نەهێشتبۆوە غەیری تووڕەیی و ڕقئەستووری نەبێ. ئێستا ئەوە منم دڵم توواوەتەوە و خەریکم دوای کۆچی تۆ بۆ تۆ دەنووسم بۆ هەموو ژنانی ڕووناکبیر و تێکۆشەر وا هەست بە ئازاری مرۆڤ دەکەن وا لە بەرانبەر چەوساوەیی و زوڵمدا بێ هەڵوێست نین و پێنووسیان چەکیانە. کە یادت دەدرەوشێتەوە ئازیز! ١٤/٨/١٣٩٧ * لە فەیسبووکی شاعیر وەرگیراوە